کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێر و ئەدیبی کورد مامۆستا ئەحمەدی قازی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی مامۆستا ئەحمەد قازی، نووسەر، وەرگێر و زانا و ئەدەیبی کوردمان پێ گەیشت، کاک ئەحمەد قازی بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی ٧٩ ساڵی دا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

بەرێز کاک ئەحمەد قازی ساڵی ١٣١٥ ی هەتاوی لە ساری مەهاباد لە دایک بووە و هەر لەو شارە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە تاران و لە زانکۆی تاران لیسانسی ئینگلیزی وەرگرتووە.
کاک ئەحمەد لە تەمەنی ٢٦ ساڵی و لە ساڵی ١٣٤١ ی هەتاوی دا لە سەر یارمەتی بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەندام بوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەکەوێتە بەندیخانە و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە لایەن حکوومەتی پاشایەتی و بنەماڵەی پەهلەوی‌یەوە لە بەندیخانەدا رادەگیرێ و هەر لە گرتووخانەدا یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی شەوی بێ کۆتایی نووسی.
مامۆستا ئەحمەد قازی وێرای ئەوە کە لە کاری سیاسی دا هاوکارێکی باشی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە، لە هەمانکاتدا کەسێکی دیاری بواری دیپلۆماسی و دیالۆگ بووە، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران یەکێک لەو کەسە دیار و بەرچاوانەی کوردستان بوو کە بۆ دیالۆگ و گفتگۆ لەگەڵ حکوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی ئێران هەوڵی زۆری دا.
مامۆستا ئەحمەد قازی بە بیرو هزر و و قەڵەم دەیان ڕۆمان و کتێب و بە سەدان وتار و بابەتی جۆراوجۆری لە پاش خۆی بە جێ هێشتوون، کۆکردنەوەی شێعرەکانی سەیف و قوزات، باقەبێن، دیوانی سەیر و سەمەرە، دۆن کیشۆت، عصر غولها، گیل گمیش، وەچەی ئەژدیها، کتک و مشک، صدام و بحران خلیج، ژانی گەل و هەروەها کردستان بعد از جنگ خلیج فارس، کورتە مێژووی کوردستان و کوهسار حقیقت لە بەرهەمە دیارەکانی مامۆستا ئەحمەدی قازین، بەرێزیان بە سەدان وتار و بابەتی جۆراوجۆری لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەرە کوردی و فارسی‌یەکان دا بڵاو کردوونەوە، بۆ ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ سەرگۆڤار و سەرپەرەستی گۆڤاری سروە بووە و لە بوارەشدا بە دەیان هاورێی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی ڕاهێناون.
زۆر بەداخەوە مامۆستا ئەحمەد بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و بەو کۆستە گەورەی دڵی هەموو ئەویندارانی، پەشێو و غەمبار کرد، خزمەتەکانی کاک ئەحمەد ئەوەندە زۆرن کە لە ئەژمار نایەن و کتێبخانەی کوردی بە کتێب و نووسین و وەرگێراوەکانی دەوڵەمەندە و یادگاری‌یەکان و کتێبەکانی پشتاوپشت لە کتێبخانە گشتی‌یەکان و کتێبخانەی ماڵەکان دا دەدرەوشێنەوە و بۆ هەمیشە وەک چرایەک ترووسکایان بۆ نەوەی داهاتووی گەلەکەمان دەبێ.
بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی‌یەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی قازی و تێکرای ئەدەب دۆستان و گەلی کورد بە گشتی و خەڵکی شاری مەهاباد بە تایبەتی دەکەم و خۆم بە هاوخەم و هاوسۆزی بنەماڵەکەیان دەزانم، ڕووحی شاد و ڕێگای نووسین و خەباتی هەر بەردەوام و پڕ ڕێبوار بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی