ئاگاداری جێژن و یادی ٢ی ڕێبەندان لە شاری ستۆکهۆڵم

جێژن و یادی ٢ی ڕێبەندان لە شاری ستۆکهۆڵم
بە بەشداریتان ئەم یادە پتر لە ساڵانی رابردوو شکۆدار و ڕازاوەتر بکەن.
یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان هەم لە تاراوگە و هەمیش لە کوردستان، یەکێکە لە مەزنترین جێژن و یادەکانی نەتەوەی زوڵم لێکراوی کورد، هەر بۆیە هەموو ساڵێک لە شەختە و سەرمای زستان و مانگی ڕێبەندان دا، ئەویندارانی کۆماری کوردستان بە جل‌وبەرگی ئاڵ و واڵای کوردی‌یەوە، بە دڵێکی پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری‌یەوە، ئەم ڕۆژە و ئەم یادە پیرۆز دەکەن.
هەموو ساڵێک لە لایەن خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان کۆڵان و شەقامەکانی گوند و شارەکانی کوردستان بە ئاڵای کۆمار و بە وێنەی سەرۆک کۆماری کوردستان، شەهید پێشەوا قازی دەڕازێتەوە و پەیامی ٢ی ڕێبەندان بە گوێی نەوەکانی کورد دا دەچرپێنن و بە سروودی ئافەرین قازی محەممەد، دڵی دوژمنانی کورد دادەخورپێنن .
لە دەروەوەی وڵاتیش لە لایەن تێکۆشەران و ئازادیخوازانی گەلەکەمان ساڵۆن و شوێنی جێژنەکان لە گەنج و لاوی خوێن گەرم و درێژەدەرانی ڕێگای قازی پڕ دەبێ و بە وتار و شێعر و پەخشانی تایبەت بە گەورەیی ٢ی ڕێبەندان و دواتر گۆرانی و هەڵپەرکی ئەم یادە پیرۆزە ، زیاتر خۆش و گەشتر دەکەن.
ئەمساڵیش لە وڵاتی سوئێد لە ڕۆژی شەممە ٢٧ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٤ی زائینی ئەم یادە پیرۆز دەکرێ.
بە بەشداریتان ڕێز لە سەروەری کۆماری کوردستان و دامەزرێنەرانی کۆمار بگرن.
تێ‌بینی: بە هۆی بەفر و ساردی و سەرما و سەهۆڵبەندان ، زۆر پێویستە کە هەموو لایەک لە جادە و ڕێگاوبان دا وریایی خۆمان بپارێزین.