هۆنراوەی ڕابوون ڕۆژهەڵات
هۆنراوەی ڕابوون ڕۆژهەڵات
ئەو بەهارە شەرتە کردوومە؛ لەبەر کەم، خاکی خۆم
ببمە باران، ببمە کانی، ببمە لافاو، ببمە چۆم
ئەو بەهارە، وا بەڵێنە؛ سەنگەرێک بم پڕ لە شار
هەڵبدەم ئاڵای بزە، بۆ نیشتمانی سەربەخۆم
وەرزی نوێی خۆر، ببمە مانگ و مانگی نوێی باخ، ببمە دار
هەر گەڵای کاتم، چەکێک و سەنگەرێک بێ هەر چرۆم
دەست لە دەست کیژێک؛ کە رووبارە نیگای، دەریایی بم
شان بە شانی رێگەکان، تا وێستگەی ئازادی بڕۆم
شەرتە جامانە، ببێتە وانەیەک، بیڵێمەوە
پڕ لە دەنگی؛یاوڵات کەم! کووچە کووچە و دەشت و کۆم
مەشغەڵێک ساز کەم، لە دەنگی پەنجەرەی دوو گیانی شار
بچمە ڕیزی شاییەک، پڕ بێ لە ڕەنگی دەنگی خۆم
نیشتمان! ئەی نیشتمان! ئەی نیشتمان! جوابم دەوە
من کە بۆ شەوگاری تاریکت، خەریکە ببمە مۆم