هەستەی ژیوار لە تەشکیلاتی نەهێنی شاری سەردەشت! وەستا رەحمان
هەستەی ژیوار ! وەستا رەحمان
دوای تەواوبوونی هەواڵەکانی رادێۆ دەنگی کوردستانی ئێران چەند پەیامێکی تەشکیلاتی بڵاوکرانەوە، یەکێک لە پەیامەکان بۆ هەستەی ژیوار بوو، خێرا جەدوەلی کۆدی خویێدنەوەی پەیامەکانم دەرهێناو تەماشام کرد، نێوەرۆکی پەیامەکە ئەوە بوو کە لەسەر هەست بن، تا چەند رۆژی دیکە هاورێیانی تیمی شار دەگەنە لاتان.
ئەو سەردەم چەند دەورانێکی خۆش بوو، کە لە گەڵ ئەوەی رۆژانە بە هۆی کاری تاقەت پرووکێنی بەننایی جەستەم ماندوو و شەکەت دەبوو ، بەڵام کە دەمدیت بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشەساندن دایەو رۆڵە بوێرەکانی گەل لە شاخ و لە شار تەنگیان بە دوژمن هەڵچنیوە و یەکپارچە نیشتمانیان لە داگیرکەران کردۆتە ئاگرو ئاسن و هەرکەس بە پێی تواناو هەلومەرجی خۆی هاوکار و پشیوانی شۆرش دەکات.
لەو نێوەدا منیش وێرای بەرێکردنی ژیانی ئاسایی رۆژانەم ئەرکی نەتەوەیی خۆشم بەجێ دەگەیاند و راستەوخۆ بەشداری جووڵانەوەی مافخوازی گەلەکەمان بووم، بۆیە ویژدانم ئاسوودە و غروور و هەستێکی تایبەتم هەبوو و ئیحساسی ئارامی و سەربەرزیم دەکرد و شانازیم بە حیزبەکەمەوە دەکرد کە ئاوا چالاکانە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان دایە و لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادی و سەربەستی بۆ گەلەکەی دا لە هیچ فیداکاری و لەخۆبردوویەک سڵ ناکاتەوە و پۆل پۆل لاوانی نیشتمانپەروەر تێکەڵ بە هێزی لەشکان نەهاتووی پێشمەرگە دەبن و ڕرەوڕرەوەی خەبات بە هیممەتی پێشمەرگانەیان بەرەو پێش دەبەن.
کادرەکانی تیمی شار لە دەستەیەکی چوار کەسی دا کە بریتی بوون لە هاوڕێیان محەممەد کەسرایی ، حەسەن خۆشکەلام ، حوسێن سەردەشتی ، شەهید قاسم کاژەیی وەک جەولەکانی پێشوو زۆر بە وریایی و لێزانانە بە هاوکاری ئەندامانی نەهێنی خۆیان گەیاند بۆ ناو شاری سەردەشت و لە یەکێک لە ماڵە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی ئەو شارەدا خۆیان بۆ دیداری ئەندامانی نەهێنی لە نێو شارر ئامادە کرد بوو، ئەوان بە مایە دانان لە گیانی خۆیان هاتبوون ورە و ئیمان و ئیرادەی زیاتر بە ئەندامان و بە خەڵکی تامەزرۆی ئازادی ببەخشن.
لە کاناڵی تایبەتی خۆمانەوە رۆژانە بۆ ئاڵوگۆری زانیاری و هەروەها باس و خەبەری ناو خەڵک و جموجۆڵەکانی هێزەکانی رژێم لە شاردا لە گەڵ بەرپرسی تیمی شار لە پێوەندی دابووم، دوای ماوەیەک کار و چالاکی کادرەکان بۆ بەسەرکردنەوەی شانە نەهێنیەکانی شار پەیامیان پێدام کە بەیانی زوو خۆمان دەگەینینە ماڵی ژمارە یازدە و بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو لەوێ دەمێنینەوە. هاورێیانی شانەی ژیوار ئاگادار کرانەوە کە یەک یەک و لە کاتی جیاوازدا و بە وریایی خۆیان بگەیێنە شوێنی دیاریکراو، شانەی ژیوار یەکێک لە هەستە چالاک و ئەکتی و بە دەستەوەکانی ناو شاری سەردەشتی سەرسەوز بوو کە لە کۆمەلێک ژن و پیاوی هەڵسوور و ماندوویینەناس پێکهاتبوو کە بە هۆی ئەرک و بەرپرسیاریەتیان لە ئۆرگانەکانی دەوڵەتیدا بۆ کارەکان دەستیان ئاوەڵەتر و پارێزراوتر بوو .
شەوی یەکەم لە کاتی کۆبوونەوە لە سەر کار و ئەرکە تەشکیلاتیەکان لە کاتژمێر دوازدەی شەو لە ناکاو بە هۆی دەنگە دەنگ لە دەوروبەری شوێنەکە ئاڵۆزیەکمان لە نێودا پەیدا بوو، هەموومان بیرمان بۆ وەی چوو کە رەنگبێ هەموومان ئاشکرا بووبین و دەورەمان گیرا بێت، هەر زوو کادرەکان خۆیان سازمان داو و رێنوینی بەشدارنی کۆبوونەوەکەیان کرد و هەریەک لە کادرەکان بە دەمانچە و نارنجۆک لە گۆشە و قوژبن و شوێنە گرینگەکان جێگیر بوون، دوای کۆنترۆل کردنی دەوروبەر بەخۆشیەو بە هۆی روداوێکەوە کە لەو کۆڵانە روویدا بوو دەنگە دەنگی بەرزی دەر و جیرانان ئەو وەزعەی خوڵقاند، دواتر هەر زوو دۆخەکە ئاسایی بۆوە و درێژەمان بە کار و کۆبوونەوەی خۆمان دا، با ئەوەش زیاد بکەم ، دواتر کە قسەمان بۆ یەکتر دەگێرانەوە هەموومان لەو کات و ساتەدا چۆنیەتی خۆیندنەوەی هەواڵی لە داوکەوتنی تیمێکی تەشکیلاتی لە ناو شاری سەردەشتمان لە رادیۆ دەنگی کوردستان بە زەین و بیرماندا تێپەڕ ببوو .
دیارە لە ماوەی مانەوەی کادرەکان لە ماڵی ژمارە یازدە وێرای هەل رەخساندن بۆ چاو پێکەوتنی کەسانی جێی باوەر بە شێوەی تاکە کەسی و هەروەها دەرفەتی دیداری چەند کەسایەتییەکی دیار و خۆشناوی شاریش پێک هێندرا.
کار و تێکۆشانی ئەو جەولەیەی تێمی شار بە هۆی درێژی مەودای مانەوەیان لە ناو شاردا و هەروەها دەرفەتی زۆرترین دیدار و کۆبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بۆیە دەنگ دانەوە و کاردانەوەی زۆر بەرچاو و کاریگەری لە ناو خەڵکدا و بە تایبەت ڕژێم دا لێکەوتەوە .
شایانی باسە کە ڕۆڵ و کاریگەری هەر یەک لە کادرەکانی حیزب گرینگی تایبەت بە خۆی هەبوو، ناسیاوی خەڵک و شاررەزایی بە سەر جوغرافیای دەورروبەری شار و نێو شار و پاراستنی ئەمنییەت و وریایی لە گرینگترین خاڵەکانی هاتووچۆی کادرەکان بوو، بەشێک لە کادرەکان قاڵبووی سەنگەری بەرگری و کاری تەشکیلاتی و نەهێنیکاری بوون و بەشێکیان هاوکات شارەزایی هەموو کۆڵان و شەقام و ماڵەکانی شار بوون و بەشێکیان ناسیاوی تەواویان لە سەر دام و دەزگا جاسووسییەکانی ڕژێم هەبوو، بە هەمووانیان و بە کۆکردنەوەی زانیاری ئەندامانی نێوخۆ لە سەر باردۆخی شار و باردۆخی جاش و سیخووڕ و دامودەزگاکانی ڕژێم و هاوکاری بێ سنووری خەڵک لەگەڵ پێشمەرگە هەلومەرجێکی تا رادەیەک لەبار بۆ کادرەکان و هێزی پێشمەرگە ڕەخسا بوو، ئەو جەولەیەش یەکێک لە درێژترین و باشترین جەولەکانی کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو بۆ نێو شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری شار.
مەخابن پێشمەرگەی ئازاو فیداکار و کادر گەنج و لاوی خۆشناو، کاک قاسم کاژەیی کە لە مەئموریەتی جەولەی شاردا رۆڵێکی گرینگی لە پاراستن و چاوەدێری کۆر و کۆبوونەوەکاندا گێرا هەر ئەو ساڵە واتە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی دا لە جەولەیەکی دیکەی هێزی گیارەنگ دا لە ناوچەی سەردەشت شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی پر سەروەری شەهیدانی حیرب و گەڵ دەبێت .
وەستا رەحمان
فینلاند : ٥-٦-٢٠٢٥