ئاگاداری خاتوو شەهین زادئەحمەد بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند

ئاگاداری خاتوو شەهین زادئەحمەد بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند

من شەهێن زاد ئەحمەد، لە دایک بووی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو شارەدا قۆناغەکانی خوێندنم یەک بەدوای یەک تا بروانامەی دیپلۆم سەرکەوتوانە تێپەراند. هەر لە سەرەتای مێرمنداڵی و لاوەتیم دا لە گرووپ و تیمە ورزشیەکان دا چالاکیم نواندووە ، ساڵی ١٣٧٦ بۆ یەکەم جار لە رێگەی ئەندامێکی نهێنی لە گەل بەرنامە و سیاسەت و ، ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات ئاشنا بووم، دوای ساڵێک لە‌ یەکێک لە هەستەکانی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکرات لەناو شاری شنۆ سازماندەیی کرام. ساڵی ١٣٧٩ لە ‌پەیوەندی راستەوخۆ لە کەمپی ئازادی بووم بە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، ساڵی ٢٠٠٤ وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی فینلاند وەرگیراین ، لەو ماوەیەدا درێژەم بە خوێندن داوە ، سێ بروانامەی “موتەرجیمی ، مێرکۆنۆمی ، جوانکاری”م وەدەست هێناوە. ئێستاش لە بەشی کۆمەڵناسی خوێندکارم.

زیاتر لە پازدەساڵە لە بواری کۆمەڵایەتیدا لە دوو بەشی سیاسی و مەدەنی چالاکی دەکەم ، لە رێکخراوەکانی ژنانی دێموکرات ، فیدراسیونی ژنانی دیاسپۆرا ، فینکورد ، ناوەندی بەرنامەدارێژی کوردانی رۆژهەڵات ، ئەنجومەنی شارەوانی شاری رایسیۆ ، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦وە رەسمەن شانازی ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانم پیدراوە و لە وڵاتی فینلەندیش ئەندامی سۆسیال دێموکراتم، بە شانازیەوە کەم‌تاکورتێک ئەزموونی سازمانی و رێکخراوەییم هەیە کە بتوانم لەو خاڵانەی دەست نیشانم کردوون چالاکتر بم و کاریگەرێم هەبێت.

بەلەبەرچاوگرتنی یاسای ولاتی فینلاند کە لە سەر بنەمای عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و، یەکسانی و دادپەروەری دامەزراوە، من پێم وایە دەکرێت لە زۆر بواردا کەمایەسیەکان گیر و گرفتەکان چارەسەر بکرێت بەتایبەت شاری تۆرکۆ شارێکی فرە چەشن و فرە نەتەوەیە ، هەست پێدەکەم پەنابەران بە هۆکاری کێشەی زمان و ئاخاوتن ، نەیانتوانیوە تێکەڵاوی کولتوری کار و بەهرەمەندیەکانی مافی کۆمەڵایەتی بن، بۆیە لە پەراوێز دا دەمێننەوە یان لە زۆر بواری شوێنی کاری ، شوێنی حاوانەوە ، شوێنی پەروەردە ، شوێنی ئیداری ، شوێنی فێرکاری ، شوێنی تەندرووستی و زۆر شوێنی خزمەتگوزاری ، بەرخورداری ئەو مافانە نابن ، کە دەبێت بەگشتی و بێ جیاواز لێی بەهرەمەند بن. هەوڵ دەدەم بەهەر شێوەیەکی یاسایی کە لە توانامدا بێ ئەم بەربەستانە کە بۆتە مایەی دواکەوتوویی و گەشە نەکردنی دارایی بنەماڵەیی و پیشەیی تاکەکان ، پێنەدانی کاری گونجاو و بێکارمانەوە، بۆ کەمینەکانی ئەم شارە بە تایبەت کوردەکان ، کاریگەری ئەرێنیم هەبێت بۆ رێگا چارەی باشتر بۆ ئەم گرفتەی کە زۆربەی پەنابەران تێی دا ماونەتەوە.

بەخۆشیەوە لە وڵاتێکی دێموکراتیک دەژین دڵنیام بە پشتیوانی هەمەلایەنە ، ئەم پرسە بە بەرنامە رادەستی بەشە پەیوەندیدارەکان بکەین ، سیستم گرنگی زۆر دەدا‌ بەو پلان و بەرنامانەی کە هۆکاری گەشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە ، بەڵێن دەدەم بەهاوکاری ئێوە بەرێزان کاری جیددی لە سەر ئەم گرفتانە بەرمە پێش ، هەروەها لەو سۆنگەیەدا هاوکاری هەر پلانێکی پێشکەوتوخوازانە دەبم کە دەبێتە مایەی ئاسودەیی لەو شارە بۆ هەموولایەک وەک یەک ، ئەگەر شایانی متمانەتان بووم تکایە ژمارەی ٢٠١ لەبیر مەکەن دۆستان و ناسیاوانی خۆتانیی لێ ئاگادار بکەنەوە .

لە کۆتایی دا سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەش دەکەم کە بانگەشەم بۆ دەکەن و متمانەیان بە خۆم و بە کار و ئەرکەکانم هەیە.

لەگەڵ ڕیز و حورمەت

شەهین زادئەحمەد

٢٦ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٥ی زائینی