ئاخوند قەدەمی بڕیاردەری ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد ! وەستا ڕەحمان

ئاخوند قەدەمی بڕیاردەری ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد ! وەستا ڕەحمان
١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویی چل و سێ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا لە شاری مەهاباد کانگای بیری کوردایەتی پەنجاو نۆ لاوی کورد بە شێوەیەکی زۆر درندانە کە جەنایەتێکی وەها سامناک تەنیا لە ئاخوندەکانی کۆماری پەت و سێداری ئیسلامی ئێران دەوەشێتەوە بەرەو جووخەکانی ئیعدام رەوانە کران و بە کۆمەڵ لە سێدارە دران، لەو سەردەمەدا تەمەنم تازە شازدە ساڵی تێپەڕ کردبوو، کە تا ئەو کات نیزیک بە نۆ مانگ بوو بە تەمەنێکی مێرمنداڵانەوە لە زیندانەکانی سەردەشت و بانە لەژێر لێکۆڵینەوە و ئازار و ئەشکەنجەی تاقەت‌پرووکێنی پاسدارە بازجووە بێ رووحم و سادیسمیەکانی کۆماری ئیسلامی دابووم، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی جۆزردان بەپێی ڕەواڵی ڕۆژانی ڕابردوو لە زیندانی خانەی موعەلیمانی سەردەشت چاوەرێی مۆڵەتی چەند خولەکێک هەواخۆریمان دەکرد بەڵام دەرگای بەندەکان لەکاتی دیاریکراودا بەڕووماندا نەکرانەوە ، بۆیە زیندانیەکان تووشی دوودڵی و نیگەرانی بوون کە ئاخۆ بڵێی چی ڕوویدابێ یان چ ڕوو دەدا؟!

دەوروبەری کاتژمێر ١٠ی بەیانی زیندانبانەکان و چەند بەرپرس و فەرماندەی سوپا لێمان وەژوور کەوتن و یەکراست دەستیان بە خویندنەوەی ناوی زیندانییەکان کرد و ئەوانەی ناویان خوێندرایەوە، دەبوو کەل و پەلی تایبەتیی خۆتان هەڵگرن و لە حەوشەی زیندان چاوەڕێ بن، حەوشەی زیندانیش وەک رۆژانی رابردوو ئاسایی نەبوو، دەوراندەوری بە چەکدارێکی زۆر تەنرابوو، زیاتر لە ٣٠ کەس لەوێ کۆ کراینەوە و یەک بە دوای یەک چاوبەستیان لە چاو کردین و بە ڕیز لە پشت سەری یەکتر رایانگرتین ، یەک-یەک بەرەو دەرەوەی زیندان دەستیان راکێشاین و لەبەر دەرگای زیندان سواری مینیبووسیان کردین ، بیست دەقیقەیەک دەبوو وەڕێکەوت بووین کە دەنگێکی بەرز بێدەنگی ژووری مینی‌بووسەکەی شکاند و پاسدارێک بە دەنگی بەرز هەڕەشەی دەکرد کە تا دەگەینە شوێنی مەبەست کەس لە جێی خۆی نەبزوێ و هەرکەس قسە یان جووڵەیەک لە خۆی نیشان بدا بە توندترین شیوە سزا دەدرێ ، دەمانزانی بۆ شاری بانەمان دەبەن ، ئەوەشمان بەوەڕا دەزانی کە لەو سەردەمەدا رێگاکانی سەردەشت – مەهاباد و سەردەشت – پیرانشار هەروا ناوچەی ئازاد و لە دەست پێشمەرگەدا بوون و تەنیا رێگای سەردەشت بۆ بانە لەلایەن ڕێژیمەوە داگیر کرابۆوە ، دوای نیزیک بە دوو سەعات رێگا رۆیشتن ماشێنەکان رایانگرت ، ماوەیەک چاوەڕوان بووین تا لە ماشێنەکان دایانبەزاندین و بە شێوەی قەتاری دەستیان پێ لە سەر شانی یەکتر داناین و دوای راکێشانمان بە چەند دەرگا و ڕێگای بە پێچاو پێچدا ئیزنیان داین چاوبەستەکانمان بکەینەوە ، کە چاوم کردەوە دیتم لە حەوشەی بینایەکی زۆر گەورە داین.

دواتر زانیمان کە ئەوە زیندانی بانەیە ، هەر ئەو رۆژە لە بۆکانیش را زیندانیەکی زۆریان بۆ ئەو زیندانەی بانە هینابوون ، هەر حەوت-هەشت کەس بەیەکەوە لەنێو بەندێکیان دەکردین ، رۆژی دواتر لە ساڵۆنی زیندان کۆیان کردینەوە و مەسئولی زیندان ڕایگەیاند کە ئێستا حاجیاغا دێ قسەتان بۆ دەکا، دوای تاوێک چاوەڕوانی ئاخوندێک بە عەبا و عەممامەی سپێەوە وەژوور کەوت ، دوای خویندنەوەی چەند ئایەتی قورئان و لە قەڵەمدانی ئێمە بە موشریک و گوناهبار، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی جا لە ئێستاوە دادگایی کردنی ئێوە دەست پێ دەکا، داواشی لێ کردین کە کارێک نەکەین “بەڵای مەهاباد”مان بەسەر بێنێ! ئەو قسەیە بۆ ئێمە جێی پرسیار و سەرسوڕمان بوو چونکە هیچ خەبەرمان لە دەرەوەی زیندان نەبوو و نەماندەزانی لەمەهاباد چ قەوماوە و ئەو ئاخوندە چ بەڵایەکی بەسەر ئەو شارەدا هێناوە، تا چەند ساڵ دواتر کە زانیم هەر ئەو ئاخوندە جنایەتکار و دڵرەشەی ئێمەی دادگایی کرد هەمان ئاخوند بووە کە حەوتوویەک بەر لە دادگایی کردنی ئێمە ، لە دادگایەکی فەرمایشیدا ئەو بەڵا سامناکەی بە سەر لاوانی بە هەست و بوێری شاری مەهابادی کانگای خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا هێنابوو، هەر ئەو ئاخوند قەدەمیە سزای ئیعدامی بەسەر من و زۆرێک لەو بەندکراوانەشدا سەپاند کە ئەو رۆژە بەناو دادگایی کراین کە چیڕۆکی شکان و نەجات بوون لە حوکمی ئیعدامەکەم باسێکی دوورودرێژتر هەڵدەگرێ کە لە داهاتوودا لە تێی بابەتێکدا بڵاوی دەکەمەوە . .
بەڵێ ئاخوند جلیل محقق ناسراو بە قەدەمی لە دایکبووی شارۆچکەی دیباجی سەر بە شاری دامۆغان لە پارێزگای سیمنانە کە لە دوای ئینقلاب وەک حاکمی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرا و ڕۆڵێکی چەپەڵ و جەنایەت کارانەی لە کوشتنی لاوانی کورددا گێڕا و ئێعدامی پەنجاو نۆ لاوی مەهابادیش لەسەر دەستی ئەو ئاخوندە دڵرشەی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران بەرێوە چوو.
لە ساڵیادی ئێعدامی بە کۆمەڵی ٥٩ لاوەی مەهابادی سەری رێز و نەوازیش بۆ گیانی پاکیان دادەنوێنم و پەیمان نوێ دەکەمەوە کە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانیان درێژەدەری رێبازی پر لە سەروەریان دەبم .
تێبینی ، ئەو بابەتە چەند ساڵ لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە ، ئەمرۆ بە کەمێک دەست کاریەوە بە بۆنەی ١٢ی جۆزدان ساڵرۆژی شەهیدانی ٥٩ لاوی مەهابادی بڵاوی دەکرێتەوە .
وەستا رەحمان
فینلاند : ٢-٦-٢٠٢٥