‍پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، بە بۆنەی تاوانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کچە غەیرە فارسێکی تر لە تاران

‍پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، بە بۆنەی تاوانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کچە غەیرە فارسێکی تر لە تاران
جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی تراژدیایەکی دیکەی لە ئێران ئەنجام دا و کچێکی دیکەی لەگەڵ چارەنووسی ژینا بەرەوڕوو کردەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پاراستنی گیان و سەر و ماڵی تاکی هەر کۆمەڵگەیەک، لە ئەستۆی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا گەلانی ئێرانی بەدیل گرتووە و بووەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر گیانی هاونیشتمانییانمان.

لەژێر سێبەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا، بەناوی حیجاب و داپۆشین و پاراستنی کەرامەتی ئیسلامیدا، ڕۆژ نییە کچان و ژنانی وڵاتەکەمان نەبنە قوربانیی ئەم دەسەڵاتە بیرتەسک و دواکەوتووە.

ئارمیتا گەراوەندی تەمەن ١٦ ساڵ، قوربانییەکی دیکەی دەستی غەدری کۆماری ئیسلامییە کە بەهۆی لێدان لەلایەن هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران، کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆشخانەی “فەجر”ی تاران و لەژێر کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتیدا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

وادیارە کە ڕێژیم هاوشێوەی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، هەوڵ دەدات ئەم تاوانە پەردەپۆش بکات و هەر بەو مەبەستەش هێزیکی زۆری ئەمنیی لە نەخۆشخانەی فەجر جێگیر کردووە و ڕێگە بە هیچ چەشنە سەردانکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشیەوە نادرێت. هۆکای ئەو کارە ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیم لە ترسی تووڕەیی و دووبارە هاتنەوەی خەڵکی ناڕازی بۆ سەر شەقامەکان هەوڵی شاردنەوەی ئەم جینایەتە دەدات.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، ئەم کردەوە قێزەونەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی محکووم دەکەین و داوا لە سەرجەم خەڵکی ئیران دەکەین لەهەمبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نەبن تا چیدیکە گوڵی ژیانی ژیناکان و ئارمیتاکان هەڵنەورێن و نەبنە قوربانیی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕ و دژە ئازادییەی زاڵ بەسەر وڵاتەکەماندا.

ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات

١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی