خەرمانەی خەرمانتان هەروا سوور و پڕ بەرهەم بێ! شلێر حەسەن‌پوور، حەمەڕەسووڵ کەریمی

خەرمانەی خەرمانتان هەروا سوور و پڕ بەرهەم بێ! شلێر حەسەن‌پوور، حەمەڕەسووڵ کەریمی
گیارەنگ بە ئێوە بەرێزانەوە سەربەرزە.
سەرەتا وەک بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیاڕەنگ خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە ئێوەی ئازیز پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەم کارە مێدیایی و ڕاگەیاندنەی گیاڕەنگن، هەر بۆیە سەری ڕێز و خۆشەویستی بۆ یەکەیەکەی ئێوە ئازیزان کە هەمیشە هاندەری سەرەکی ئێمە بوون و هەن دادەنوێنین. دەریای بێ سنووری پشتیوانی و گەوهەرەوشەکانی ئێوە ئازیزان، پێشنیار و تێ‌بینی و دەربڕینی بیرو بۆچوونەکانتان لە سەر ماڵپەری گیاڕەنگ و ستافی بەرێوەبەری گیاڕەنگ، هێندە گەرم و پر لە هەست و سۆز و پڕ ڕێنوێنی و ئامۆژگاری و زۆر بوون، کە بە دڵنیایەوە ئێمەتان وەک جاران و بگرە زیاتریش قەرزداری گەورەیی و دڵسۆزی خۆتان کرد و بە ناردنی نووسراوەکانتان کە بۆ ئێمە هەموویان چەپکە گوڵ و میداڵی شانازی بوون، ڕێگەی بەردەوامیتان بۆ واڵاتر کردین و کێوی قافتان ئەوەندە بۆ نەوی کردین کە لە وێهەڵگەڕانی نەترسین و بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو باوێژین. بەڕێزان! ئێوە ئەم گیاڕەنگە ڕەنگینەی خۆتان بە پاڵپشتی و هاوکاریتان وەک کێوی گیاڕەنگ و هێزی گیاڕەنگ ڕەگئاژۆ و بەهێزتر کرد.
لە ڕۆژی ٢٢ی ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی کە هاوکات بوو لە گەڵ ١٠٥ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، ماڵپەری گیاڕەنگ وەشانەکانی خۆی راستەوخۆ بە دیزاینێکی سادە و ساکار دەست پێکرد. ئەوکات بۆ ناساندنی گیاڕەنگ لە سەر نێت، دەبوو زەحمەتی زۆر بکێشی تا بتوانی بە خوازیارانی ماڵپەری کوردی بناسێنی.
بەخۆشیەوە بە هۆی بوونی هاورێ و دۆست و خۆشەویستەکانمان زۆر زوو گیاڕەنگ سنوورەکانی بەزاند و توانی ببێتە میوانی ماڵەکانی نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بە گشتی و ئۆگرانی ئازادی بە تایبەتی.
ماڵپەری گیاڕەنگ ئەگەر نەڵێین لە ریزی هەرە پێشەوەی ئەو ماڵپەرانەدا بوو کە بە شێوەی شەخسی و بێ پشتیوانی حیزب و لایەنێک بەڕێوە چووە، دەتوانین بە دڵنیایەوە بڵێین کە لە سەفی نزیک بە یەکەمەکان دابوو. ستافێکی دوو کەسی بە ئۆگرییەکی تایبەت بە خوێندنەوە و نووسین و کۆکردنەوەی بابەتەکان بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکمان بە بواری ئەدەبی کوردی و زمانی کوردی کرد بێ. جیا لەوە ماڵپەری گیاڕەنگمان بۆیە دامەزراند کە بۆشایی نێوان تاکەکان و کۆمەڵگا، بۆشایی نێوان پێشمەرگەی شاخ و شار و گوندەکان کەمتر بکەینەوە. گیاڕەنگ لە سەر پرنسیپیێکی ئەخلاقی و خۆشەویستی بە نیشتمان و وەفاداری و ئەمەگ بە خەباتی پێشمەرگانە لە هەموو ڕەهەندەکان دا دامەزرا و بە پشت بەستن بە ئیرادەی گشتی و بە تایبەت نووسەران و ئەدیبان و ئازادیخوازنی کورد، پێشمەرگەئاسا بۆ سەرخستنی ماڵپەری گیاڕەنگ بە هاوکاری گشت لایەک هەنگاومان هەڵینایەوە و بە خۆشیەوە ئێستا بیستەمین ساڵی دامەزرانی بە هیممەتی هەموو لایەک جێژن دەگرین و ئەم دەلاقە سەوز و ڕەنگینەی گیاڕەنگ ئاوەدان‌تر و ڕەنگین‌تر دەکەین.
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو دا ڕووداوگەلی جۆراوجۆر لە کوردستان و ئێران و جیهاندا ڕوویان داوە، لە ڕووداوە مێژووییەکان دا، لە کارەساتە دڵتەزێن و ناخهەژێنەکاندا، لە قۆناخە خۆش و ناخۆشەکان دا، لە بەشی هەرە زۆری ئەم ڕووداوگەل و کارەسات و قۆناخانە دا ماڵپەری گیاڕەنگ بە قەدەر جێگە و پێگەی خۆی و تەنانەت زۆرتریش لە سەر خەت بووە و لە ساز کردنی هەواڵ و بابەت و ڕووماڵ کردنیان دا کەم و زۆر لە ڕاپەراندنی ئەرکە مێدیایەکانی خۆی دا بە یارمەتی کەسانی خەمخۆر و دڵسۆز و کوردپەروەر بەجێ نەماوە و بە پێی توانا زانیاری گەیاندۆتە دەست بینەر و خوێنەر و دڵسۆزانی ماڵپەرەکەمان بە تایبەتی و گەلەکەمان بە گشتی.
هەر لەم پەیوەندییە دا و لە ڕاپەرین و شۆڕشی ژینا دا یەکەم ماڵپەر بووین بۆ ئەوەی بتوانین جیا لە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم ڕاپەرینە، هاوکات بە کۆکردنەوەی وێنەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و درووست کردنی ماڵپەرێکی تایبەت بە ژیاننامەی شەهیدانی ئەم قۆناخە توانیمان کە لە ڕووماڵکردنی بەشێکی بەرچاو لە خۆپێشاندانەکان و لە هاتنە سەر شەقام و ڕاپەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لە سەر هێڵ بین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ شۆڕشی ژینا و درووشمی ژن ژیان ئازادی بچینە پێش و هاوکات بە درووست کردنی پۆستێری تایبەت بە شەهیدان ڕووپەرێکی نوێمان وەک ڕاگەیاندن و ماڵپەری گیارەنگ بە ڕووی دەرەوەدا و بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات بۆ خۆپێشاندانەکان هەبووە کە ئەوە بۆ ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتمانی دیاری کراو بووە و ئێستاش هەروا وەک پشتیوانی ئەم شۆڕشە کار و خزمەتەکانمان درێژە دەدەین.
ماڵپەری گیاڕەنگ ئەرکی ڕاگەیاندن و بڵاو کردنەوەی زانیاری لە هەموو بوارەکاندا بە ئەرکی خۆی زانیوە، لە کارە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دا هەردەم بە پێی توانای خۆی پێشەنگایەتی کردووە. گەلێک جاران نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان بە ئیمکاناتی زۆری ماددی و بە بوونی هێزێکی زۆری سایبێری لە ئێران، لە ڕێگەی هاککەرانی تورک و عەجەم کەوتۆتە بەر هێرشی هاککردن و ویستوویانە بێدەنگی کەن و پێش بە وەشانی بگرن، ڕەنگ بێ بۆ یەک دوو ڕۆژ توانیبێتیان کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم وەشانی گیاڕەنگ و یا ئارشیوی بابەتەکانی لێ بفەوتێنن، بەڵام هەموو جارێک گیاڕەنگ بە ئیرادەیەکی پێشمەرگانە، بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و بەلێنیەکانی و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزمونەکان وەشانی خۆی دەست پێکردۆتەوە و مستێکی تووند و پۆڵائینی لە لمبۆزی نەفس نەزم و سیخوران و هاککەرانی سەر بە رژێمی جەهل و نەزانی و حکوومەتی پەت و سێدارەی ئێران داوە و باشتر لە پێشوو بە دیزاینی نوێتر و قائیمتر لە جاران دەستی بەکار کردۆتەوە و ئێستاش بە خۆشیەوە لە دارەدارە دەرچووە و ڕێگەی بۆ کاری داهاتووی خۆی تەخت کردووە و هەروا ئەسپی خۆی لە بوارای ڕاگەیاندن دا لە تەنیشت شۆرەسوارانی وەک ئێوە تاو داوە و بۆتە چەقڵی چاوی دوژمنانی کورد.
لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و کەسایەتی تایبەت ، بۆ چرکەساتێک لە گیاڕەنگ دوور نەکەتوونەوە و بە ناردنی بابەتە هەمەڕەنگەکانیان هەم گیاڕەنگیان پڕ نێوەرۆک کردووە و هەمیش وەک یارێکی بەوەفای گیاڕەنگ، ئێمە و خوێنەرانی گیاڕەنگیان لەبیر نەکردووە و هەنووکەش بەردەوام هاریکار و یارمەتیدەری ئێمەن. پۆلێک لە هاورێیانی گیاڕەنگ بە سپۆنسەر کردنی گیاڕەنگ، بۆ بەردەوامی وەشانەکانی بۆ ماوەی ٤ ساڵ ماڵپەری گیاڕەنگیان لە باری ماددییەوە بێ‌نیاز کرد، چەند هاورێی دیکەمان هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوەی گیاڕەنگ بە بەرگی نوێ و تازەوە ببێتە میوانی ماڵەکان، لە باری دیزاین و دارشتنەوەی دا وەک کۆڵەکەی مانەوەی گیاڕەنگ لە تەنیشت گیاڕەنگ بوون و هەنووکەش هەروا بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان، پۆلێک لە تێکۆشەرانی ریزەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان چ وەک بنەماڵەی شەهید و زیندانی سیاسی، چ وەک پێشمەرگە و هەڵسووراو و چالاکی سیاسی نێو سەنگەری خەبات و تێکۆشان لە شاخەکانی کوردستان و قەڵای دێموکرات، بە ناردنی وێنە و بیرەوەری و زانیاری بەخشین بە خوێنەرانی گیاڕەنگ بناغەی ئەم هەوارە ڕەنگینەیان بە ئەستۆندۆکی خۆیان قائیم ڕاگرتووە.
ماوەتەوە کە ئەوە بڵێین، بۆ بەردەوامی ماڵپەری گیاڕەنگ، پشتیوانی ئێوە دڵسۆزان و بەڕێزان، گرینگترین خاڵی یارمەتیدەرە.
خۆشەویستان! کار وئەرک و پێ ڕاگەیشتنی بەشە تکنیکی و ئیداریەکانی لە سەر ئێمە ستافی بەرێوەبەری گیاڕەنگ و نووسین و ناردنی وتار و هەواڵ و بابەتی سوودبەخش لە ئێوە ئازیزانی گیاڕەنگ چاوەڕێ دەکەین. بەو شێوەیە بە یەکەوە دەتوانین لە خزمەتی گەلەکەماندا بین و یارمەتیدەری گەشە پێدانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بین و بە گەیاندنی زانیاری بە وەخت و بابەتی بە سوود هەموومان بە یەوەکە لە سەنگەری خزمەت بە گەل و نیشتماندا بچینە پێشێ.
ئێمە لەم دەرفەتەش کەڵک وەر دەگرین کە سوپاسی خۆمان بۆ گشت لایەک و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە بۆ یادی دامەزرانی بیست ساڵەی گیاڕەنگ خۆیان ماندوو کرد و بە ناردنی بابەت و شەن و کەون کردنی گیاڕەنگ لە هەموو بوارەکاندا گیاڕەنگیان هەڵسەنگاند. لەم بەشەدا چ وەک نەقد و چ وەک وەسف و چ وەک تیشک خستنە سەر گۆشە و لاپەرە و دیزاین و کارەکانی ڕابردووی گیاڕەنگ و لەوەش گرینگتر چ وەک ناردنی پێشنیار و تێ‌بینی بۆ دەوڵەمەندتر کردنی گیاڕەنگ هەموویان لە ناخی دڵمان دا بۆ هەمیشە بە گەورەیی و ڕووناکی دەمێنێتەوە.
ئێمەش وەک بەرێوەبەرانی گیاڕەنگ، شلێر حەسەن‌پوور و حەمەڕەسووڵ کەریمی پابەند بە درێژەدانی ئەم ماڵپەرە دەبین و هەوڵ دەدەین کە لە ئاست چاوەروانییەکانی بینەران و خوێنەران و ئێوە ئازیزاندا بین. بە دڵنیاییەوە بە بەردەوامیمان، سەنگەری خەبات و تێکۆشانمان لە گیارەنگ دا بە دژی رژێمی تیرۆریستپەروەری ئیسلامی ئێران پتەوتر و قائیم‌تر بکەین.

لەگەڵ ڕێز و حورمەت
شلێر حەسەن‌پوور و حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٣ ی زائینی


سڵاو لە شەهیدانی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی شاری قەڵادزێی دوو جار شەهید کە لەم ڕێکەوتە دا بە دەستی حکوومەتی بەعسی عێراق بوردوومان و ناپاڵم باران کرا و سەدان کەس شەهید و بریندار بوون و بەشێکی زۆر لەم شارە وێران بوو.