هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرایل

هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرایل

حەماس لە ٧/١٠/٢٠٢٣ ی زاینی هێرشی بۆ سەر ئیسرایل کرد. لەو هێرشەدا زۆر کەسی مەدنی کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیشیان بە دیل گرت. ‌هێندێک لە دیلەکان ئازاد کراون. بەو هۆی ئەو هێرشە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆز بوو. دوایی ئیسرایل هیرشی کردە سەر کەرتی غەززە، سوریا و لوبنان. هیزی ئاسمانی ئیسرایل بنکە و بارگاکانی سەر بە ئێرانی لە لوبنان و سوریا بوباران کرد.

هەروەها ئیسرایل لە رێکەوتی ١/٤/٢٠٢٤ هێڕشی ئاسمانی کردە سەر کونسولخانەی ئێران لە شاری دەمێشق لە وڵاتی سوریا. ئێران گوتی تەنیا ئەوە کونسولخانەیەکی دیپلۆماسیە و کاری دیپلپماسی تێدا دەکرێ. بەڵام بە گوێرەی زۆر لە سەر چاوەکان ئەو کونسولخانەیە وەک بنکەی سوپای پاسدارانی قودس بە کار هاتووە. کوشتنی حەوت لە سەرکردەی پاسدارانی سەر بە بنکەی قودس ئەو هەواڵا پشتراست دەکاتەوە. یەکێک لە سەر کردەکانی باڵای سوپای پاسدارانی قودس کە لەو هێرشەدا کوژرا، محەممەد رەزا زاهیدی بوو. کونسولخانەکە بە تەواوی وێران بوو. رژێمی ئێران هەڵویستی توندی لە بەرابەر ئەو هێرشە نواند و بڕیاری تۆلە کردنەوەی دا. ماوەی ١٢ رۆژ خۆیان بۆ هێڕش کردنە سەر ئیسرایل ئامادە کرد. دەسەڵاتدارانی ئێران مێدایای خۆیان چالاکانە بە دژی ئەو هێرشە بە کار هێنا. هێندێک لە لایەنگرانی رژێم بە دژی هێرشی ئیسرایل لە شەقامەکان خۆپێشاندانیان بەرێوە برد.

سوپای پاسدارانی ئێڕان لە رێکەوتی ١٢/٤/٢٠٢٤ هێرشی ئاسمانی کردە سەر خاکی ئیسرایل. زیاتر لە ٣٠٠ موشەک و درۆنی رەوانەی سەر خاکی ئیسرایل کرد. سوپای پاسداران گوتی ئەو هێرشە، وڵامدانەوە و تۆڵە کردنەوەی ئێمەیە لە ئیسرایل، لە بەرانبەر ‌هێرش کردنە سەر کونسولخانەی ئێران لە دەمێشق. ئەوە یەکەم جارە کە رژێمی ئێران راستە و خۆ هێڕش بکاتە سەر خاکی ئیسرایل. ئێران هەر ئەو لایەنگر و چەکدارانەی شیعەی وڵاتانی تری بۆ هێرش بە دژی ئیسرایل بە کار هێناون. ئەو گروپە چەکدارانەی شیعە کە ئێران بۆ ئامانجەکانی خۆی بە کار دێنیت، حەماسە لە فەلەستین، حیزبوڵڵایە لە لوبنان، حوسیەکانن لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە ئێراق و چەکدارنی شیعە لە سوریا. ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە رژێمی ئێران لە سەرەتایی هەڵگریسانی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرایل، چەندین جار بە فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر پاپۆر و بنکە سەربازیەکانی ئیسرایل و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ئۆروپا لە ناوچەدا.

سوپای ئیسرایل بەرگری ئاسمانی باش و بە هێزی هەیە. سوپا سالاری ئیسرایل دەڵێ ٩٩٪ لە موشەک و درۆنەکانی ئێرانی پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکێنن خراونە خوارەوە. هەروەها ئەمریکا و ئۆردۆن و بریتانیا لە تەقاندوەی موشک و درۆنی ئێرانی هاوکاری ئیسرایلیان کردووە.

گەلانی ئێران لە رژێم بێزارن و چاوەراونی هەلێکن بۆ گۆرینی. لە ئێران رێژەی بێکاری و هەژاری زۆر چۆتە سەرێ. نرخی کەل و پەلی پێداویستی رۆژانە گەلێک بەرزە و لە کرین نایەت. هەروەها نرخی دراوی ئێرانی (تمەن) زۆر چۆتە خوارێ. یەک دۆلاری ئەمریکی ئەمرۆ ٦٤٧٠٠ تەمەنی ئێرانێیە. گەندەڵیش لە ناو دام و دەستگاکانی حکومەتدا زۆر، زۆرە. لە گەڵ ئەو هەموو کێشانەش حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران رژیمێکی دیکتاتۆرە. مافی کەمە نەتەوەکانی وەک کورد، بلوچ، ئازەری و عەرەب هتد، پێشێل کردووە و بە کەیفی خۆی دەیان چەوسێنیتەوە. مێدیا لە ئێران ئازاد نیە و دەبێ لە چوار چێوەی یاسا و رێسای رژێم کار بکەن. رژێمی ئێران بە هێرش کردنە سەر ئیسرایل دەیهەوێت کە سەرنجی گەلانی ئێران لە سەر کێشەکانی ناو خۆ لابات و بیاگوێزیتەوە دەرەوەی سنورەکانی. رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت بە شەڕ کردن لە گەڵ ئیسرایل، ئیسلام وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە کار بێنێ و خەلکی موسڵمانی پێفریو دات. بەڵام زۆربەی خەڵک لە پلان و دیکاتۆری ئێران گەیشتووە و فریو ناخۆن. حکومەتی ئێران بە ملیارد دۆلار خەرج دەکات بۆ شەڕ کردن. وا باشە کە ئەو بودجە زۆرە بۆ نەهێشتنی بێکاری و هەژاری ناو خۆی بە کار بێنیت. ‌هەروەها بەو درواە زۆرە چاکسازی و ئاوەدان کردنەوەی وڵات بکات.

ئەنجومەنی شەڕی ئیسرایل بریاری داوە کە بە توندی وڵامی هێرشی ئاسمانی ئێران بداتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئێمەش ئامادەین بۆ وڵام دانەوەی هێرشی ئیسرایل. شەڕی نێوان ئێران و ئێسرایل تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگرێتەوە وڵاتانی دەورو بەر تێوە دەگلێن.

عوسمان کەوکەبی‌شاد

ژمارەی تەلەفون: ٠٠٤٧٩١١٩٠٣٥٨

شاری هامار وڵاتی نۆرویژ

رێکەوتی ١٦/٤/٢٠٢٤ ی زاینی