داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو شەڕەی ئێران و ئیسرائیل بەرەو کوێ دەچێ و چ ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆی دا دێنێ؟

داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو شەڕەی ئێران و ئیسرائیل بەرەو کوێ دەچێ و چ ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆی دا دێنێ؟

نووسینی: ڕەحمان حەسەن‌زادە

بە نەزەری من ڕژیمی ئێران کەوتبوو ژێر فشاری ئەفکاری عموومی نێوخۆیی لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی گووتویانە کە ئیسرائیل نابوود دەکەین لە حاڵێکدا ئیسرائیل چەند ساڵە لێیان دەدات و لێیان دەکووژێت.

لە مانگی ڕابردوو عەمەلیاتی ئیسرائیل مووتەمەرکیز ببوو سەر مەنافیعی ئێران لە لووبنان و سووریە و ئەوان مادام لە کونسوولگەریان دا و ئەو فەرماندە گەورانەی پاسدارانیان کووژران دەبوو دژکردەوەیەک نیشان بدەن. ئەوان زۆرتر ترسی ئەوەیان هەبوو کە هاوپەیمان و دەست‌وپێوەندیەکانی خۆشیان لە دەست بدەن. مەسەلەن حەماس بۆی پرسیار بوو کە ئەوە خەریکە نابوود دەبێت بەڵام ئێران هیچ ناکات. حیزبوڵلا ئەوە لە فشار دایە ئێران هیچ هەڵوێستێکی بەکردەوەی لێ بەدی ناکرێت، سووریە و یەمەن‌یش هەر ئاوا. هەربۆیە هەم بۆ ڕاگرتنی دڵی هاوپەیمانانیان و هەم لەبەر ڕای گشتی خۆیان ئەو کارەیان کرد و توانای تێکنۆلۆژیان هەر ئەوەندە بوو کە نیشانیان دا.

جاران شەڕەکە، شەڕی نیابەتی بوو و خەڵکی دیکەی لێ تەحریک دەکرد، ئیستا ئیدی حیلاجی نەماوە و بۆخۆی ڕاستەوخۆ دەشەڕەکەوە گلاوە. هەڵبەتە عەمەلیاتەکەی لە ڕادەبەدەر ناسەرکەوتوو بوو. لە ڕاستیدا شکستێکی گەورە بۆ ئێران و سەرکەوتنێکی بەهێز و پڕدەسکەوت بوو بۆ ئیسرائیل هەم لە بواری نیزامی و هەم لە بواری سیاسی دا.

لە بواری نیزامی ئەوە کە ئێران نەیتوانی هیچ زەربە و زەرەرێک بە ئیسرائیل بگەیەنێ و لە بواری سیاسی، ئیسرائیل ئەو هاوپەیمانانەی کە هەیبوون ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بەکردەوە پشتی ئیسرائیلیان گرت. زۆر گرینگە ڕووبەڕووی شەڕێک بی و فەڕانسە، ئینگلستان، ئەمریکا و وڵاتانی عەڕەبی وەکوو ئۆردۆن لەسەرت وەجواب بێن. یەعنی ئەوە، ئالیانسێکی جیهانی گەورە بوو کە هەمووی ئەوانە وەک سەرکەوتوویی بۆ جامعەی ئیسرائیل و وەک شکست بۆ ئێران دێنە ئەژمار. بەڵام قەزیە ئەوەیە داخوا ئاکامی ئەو شەڕە چی لێ‌دێتەوە و داهاتووی خاوەرمیانە چی بەسەر دێتەوە و بەرەو کوێ دەچێ.

ئایا ئەو شەڕە ئیدامەی دەبێت، درێژە دەکێشێ و چ ئاڵوگۆڕێک پێک دێنێ. ئەوانە جێگەی تێفکرین و لێ‌خووردبوونە‌وەن.

هەروەک دەزانن کابینەی جەنگی ئیسرائیل دوێنێ (١٤ی ئاپریل) بە تەوافوق نەگەیشتن کە چ عەمەلیاتێک لەسەر ئێران بکەن. ئەوڕۆ سەرلەنوێ کۆبوونەوەیان هەبووە و نازانم تا ئێستا نەتیجەی دانیشتنەکەیان بۆتە چی؟ بەڵام قەزیەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئیسرائیل و کابینەی ئیسرائیل پێی وایە کە دەبێ لەگەڵ ئێران شەڕ بکرێ و ئیدامەی بدات. کێشەکە لەسەر ئەوە نیە کە لایەنێک بڵێت ئیسرائیل لەسەر خۆی وەجواب نەهێت یان عەمەلی مووتەقابیل نەکات، کێشەکە لەسەر ئەوەیە کە هەر دووک جەناح حازرن کە ئیسرائیل عەمەلی مووتەقابیل بکاتەوە موونتەها بە چ نەوعێک؟ ئایا عەمەلیاتێکی چوارچێوەدار (محدود) بێت یان عەمەلیاتێکی بەرفراوان بکات کە شەڕەکە بە شێوەیەک بەربڵاو بێتەوە کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات بگرێتەوە و کارێکی وا بکات کە ڕژیمی ئیران ئەوەندە تەزعیف بێت کە بە یەکجاری نەقش و ڕۆڵی لە خاوەرمیانە دا نەمێنێت.

لەسەر نەوعی عەمەلیاتەکە و جۆری بەرخوورد بە ئێران لە گفت‌وگۆ و بیر‌و‌ڕا گۆرینەوە دان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی. من وەک خۆم پێموایە کە ئیسرائیل لە ئاست ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر وڵاتەکەی نەتەنیا بێ‌دەنگ نابێت بەڵکوو دژکردەوەی تووندیشی دەبێت بەڵام ئەوە بەوە بەستراوەتەوە کە ئاخۆ ئەو کابینەیە چ بڕیاڕێک دەدات. عەمەلیاتی دیکە لەسەر ئێران هەر دەکرێت و بەستەگی بەوەیەوە هەیە ئەو کابینە چ بریارێک بدات. دونیای غەرب، فەرانسە، ئاڵمان، ئینگلستان و ئەوانە داویان لە ئیسرائیل کردوە کە هیچ عەکسوعەمەلی دیکە نیشان نەدات چوونکی پێیان وایە لەو هێرشەی کە کراوەتە سەری، بە سەرکەوتن بۆی دێتە ئەژمار و پێیانوایە پێویست ناکات شەڕەکە گەورە بێت بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی مادام ئێران لە هێرشەکەی خۆی هیچی لە دەست نەهات. بەشێک لە بەرپرسانی نیزامی ئیسرائیل ڕێک هەر ئەو نەزەرەیان هەیە و غەرب دەیهەوێت ئەوانە زیاتر تەقوییەت بکات.

بەڵام لایەنێکی دیکەیان ئەوەی کە دەوڵەتە وەکوو نەتەنیاهۆ و بنی‌گانت وەزیری بەرگری و ئەوانە پێیان خۆشە تەکلیفی خۆیان لە گەڵ ئێران روون کەنەوە. چوونکی دەیانهەوێت ئەمنییەتی خۆیان بۆ دایم تەزمین بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش دەفکری ئەوە دان کە ئالیانسی دیکەیان هەبێت و لەگەڵ دونیای عەرەب زیاتر قسە بکەن و هەوڵ بدەن ئورووپا قانع بکەن. لەبەر ئەوەی کە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا لۆبی گەورەیان هەیە بەشێوازێک کەڵک لە لۆبیەکانیان وەرگرن کە وڵاتانی ئورووپا رازی کەن کە بۆ عەمەلیاتێکی ئاوا گەورە بەربەستیان بۆ درووست نەکەن.

هۆی مانع بوون و تەواو مل نەدانی ئەوانە بۆ ئەو شەڕە ئەوەیە کە یەکەم پێی ئەوان دێتە ناو ئەو شەڕە و پێیان خۆش نییە بۆخۆیان ڕاستەوخۆ دەرگیری شەڕ بن. دووهەم، پێیان وایە ئەگەر لە خاوەرمیانە کە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت و گازە شەڕێک هەبێت، لە بواری ئابووری تووشی زیانی زۆر دەبن. مەسەڵەی سێهەم ئەوەیە کە ڕەنگە لە حاڵی حازر دا  ئاڵترناتیوێکی بەهێز شک نەبەن هەربۆیە وا پێدەچێت بەرنامەی سیاسیان بۆ ئێران ئەوە بێت کە جناحێک لە ئێران دا دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت کە تووندئاژۆ نەبێت. ئەوان ئێرانێکیان دەوێت کە دۆستیان بێت واتە لەسەر یەک دونیای غەرب وەزعی مەوجوودی دەوێت. نیشانەکان وا دەریدەخەن کە سیاسەتی ئەوان بەو شێوەیەیە و قازانجی ئەوان ئاوا دەپارێزرێت. لەبەر ئەو شتانەیە دەستیان بە ئێرانەوەیە و دەڵێن با شەڕ گەورە نەبێتەوە.

ئیسرائیل لە بواری پێشکەوتوویی تێکنۆلۆژی، هێزێکی جیهانیە. ئیسرائیل، خاوەنی پێشکەوتووترین تەیارەی جەنگی دونیایە، جیا لەوەی سپێری دیفاعی سێ مەرحەلەی  پەدافەندی مووشەکی هەیە، هەم زیدی پەهباد، هەم زیدی کرووز و هەم زیدی بالیستیک.

هەروەها هێزی دەریایی، هەر ئێستا ئیسرائیل بەبێ نیروی هەوایی مەسەڵەن سێ ژێردەریایی بنێرێتە بەندەر عەبباس، دەریای عەمان لەوێ را بە مووشەک دەتوانێ هەرچی بوونیادی ئەتۆمی ئێرانە نابود و وێران بکات.

لە شەری عێراق و ئەمریکا دا، ئەمریکا مووشەکی لە جەزیرەی دیێگۆ گارسیا ”Diego Garcia”  ڕا دەیهاویشتە بەغدا, واتا ئاوا بەوردی و دەقیقی ئەو شوێنانەی کە مەبەستی بوون دەیپێکان و هەرچی تیکنۆلۆژی ئەمریکایە لە ئیختیاری ئیسرائیلیش دایە.

پاشان ئەوە بەتەنیا شەری ئێران و ئیسرائیل نیە. ئەدی ئەوەنیە فەڕانسە، ئینگلیس و ئەمریکاش. خۆ ئەوانە هەر بەقسە دەخاڵەتیان نەکردوە بەڵکوو تەیارەیان هەڵفراندوە، لە مووشەکی ئێرانیان داون. سێنتکام، ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت زیاتر لە ٧٠ پەهباد و مووشەک ئەمن بەرم داوەتەوە یەعنی لەو شەرە دا بەشدار بووم.

ئۆردۆن دەڵێت هەرچی مووشەکی ئێرانی کە بەسەر خاکی ئێمە داهاتووە بە کۆمەکی نیروی هەوایی فەڕانسە هەموومان بەرداوەتەوە. ئینگلستان دەڵێت تەیارەی ئێمە لە پایگای قیبرێسەوە هەستاوە و لەو شەڕە دا بەشدار بووە و بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئیسرائیل مووشەکی ئێرانی بەرداوەتەوە.

من پێموایە يەک شت گرینگە سەرنجی بدەینێ. ڕۆژی یەکەمی عەمەلیاتیەکەی غەزە (حەوت مانگ بەر لە ئێستا) نەتەنیاهۆ کە قسەی کرد، گووتی: ئێمە تەنبێ‌یان دەکەین و جوغرافی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین.

ئێرانیش بۆخۆی ئێستا لە جاران زیاتر مەترسییەکان هەست پێدەکات. هەرچەندە هەبوونی بارمتەکانی ئیسرائیلی وەک چەکێکی بەهێزی خۆی بەکاری دێنێ بەڵام هیچ وێناچێت ئەو مەسەلەیەش بەدادی بگات لەبەر ئەوەی ئیسرائیل زۆر زیرەکانە پای ئێرانی هێنایە ناو شەڕەکە.