ئەحمەد بازگر؛ شاعیری ژیان، بەرخودان و مرۆڤایەتی. نووسینی: سەلیم حەقیقی

ئەحمەد بازگر؛ شاعیری ژیان، بەرخودان و مرۆڤایەتی
لە مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردیدا، ئەو دەنگە شێعرییانەی کە لە ناو هەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە هەڵقوڵاون، پێگەیەکی تایبەت و زیندوویان لە یادەوەریی گشتیی نەتەوەیی دا هەیە. ئەحمەد بازگر (لەدایکبووی ١٩٦١ لە گوندی شندڕەی سەر بە شاری سەردەشت)، یەکێکە لەو شاعیرە دیارانەیە کە شێعر لای ئەو ئامرازێکە بۆ تۆمارکردنی مێژووی خەبات و ژیان، بەرخودان و خەونە مرۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. کاک ئەحمەد، وەک کەسایەتییەکی چەپ، پێشمەرگەیەکی دەروەست و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان، توانیویەتی هاوسەنگییەکی مەنتقی لە نێوان پابەندبوونی سیاسی-کۆمەڵایەتی و هونەرییەتی دەق، دروست بکات. ئەگەر بە پشتبەستن بە میتۆدە زانستییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، لە چوارچێوە باوەکانی شێوازگەری، ڕەخنەی فێمینیستی و ڕیالیزمی تراژیدی، خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەند بۆ دەقە دیارەکانی ئەم شاعیرە بکەین، جیهانبینییەکی بەربڵاومان بۆ دەردەکەوێ کە لە چوارچێوەی هۆنراوە ناسراو و هەرمانەکانی وەک “گۆمەشین، مەیلی بێستان، زولفا، بە پیرۆز بێ و ئەی سنەی سەربەرز و سوورم” دا، دەبیندرێت.
لە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسیی ئەدەبیدا، وەک لای “لۆسیان گۆڵدمان” و “جۆرج لۆکاچ” دەبینرێت، دەقی ئەدەبی بەرهەمی وشیاریی بەکۆمەڵی چینێک یان کۆمەڵگەیەک لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو دایە. ئەحمەد بازگر، لە ساڵی ١٩٨٦دا هۆنراوەی مەیلی بێستان دەهۆنیتەوە کە دواتر دەبێتە یەکێک لە سروودە هەرە کاریگەرەکانی سەردەمی شۆڕش و خەبات. شاعیر لە دەستپێکی ئەم دەقەدا پەیامێکی هزری و مرۆیی بایەخدار و گرینگ دەخولقێنیت کە سنووری ناسیۆنالیزمی تەسک و بەرچاوتەنگ تێدەپەڕێنێ و دەچێتە بازنەی مەزنی مرۆڤبوون، کاتێک دەڵێ:
نامەوێ وەک دیل بژیم من، ژینی ئینسانم دەوێ
پەیکەرەی وشکی ژیانم بانگ دەکا، گیانم دەوێ
لێرەدا دوو دوانەی دژبەیەک بنەمای واتایی دەقەکە دادەڕێژن کە بریتین لە؛ دیلێتی بەرامبەر ژینی ئینسانی و پەیکەرەی وشک بەرامبەر گیان و ڕوح. بازگر لێرەدا پێناسەی ئازادی لەچوارچێوەی گۆڕینی دەسەڵات بە تەنیا ناکات، بەڵکوو وەک گەڕاندنەوەی کەرامەت و ڕۆح بۆ جەستەیەکی مردوو کە ستەم و ژێردەستەیی وشکی کردووە، پەیڤەکان دەهۆنێتەوە. لە بەشێکی تری هەمان هۆنراوەدا، شاعیر وێنەی ئەو ژیانە مرۆڤانەیە وێنا دەکات کە خەونی پێوە دەبینێ و دەڵێ:
نامەوێ چی تر ببینم ڕەنگی زەردی کۆرپەکان
ڕەنگی سوور و لێوی بەبزە و چاوی شادانم دەوێ
لەم دێڕانەدا توخمی چینایەتی و کۆمەڵایەتی زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت، چونکە ڕەنگی زەردی کۆرپەکان هێمای هەژاری، برسیەتی و نەهامەتیی شەڕ و چەوساندنەوەیە کە شاعیر خۆی پێشمەرگەی ئەو سەنگەرە بووە و لێزانانە شارەزای چەوساندنەوەی چینایەتی و تەنانەت نەتەوەیش بووە. هەروەها ڕەنگی سوور و لێوی بەبزە، هێمای تەندروستی، ڕابواردن و ژیانێکی پڕ لە هیوایە. لە کۆتایی دەقەکەشدا شاعیر بە بەکارهێنانی سیمبۆلی سروشتی، فەلسەفەی تێکۆشان و قوربانیدان دەگەیەنێتە لووتکە و دەنووسێت:
دڕک و داڵی دەوری بێستان، تێپەڕێنم من دەبێ
نەک لە خۆشی دڕک و داڵ، مەیلی بێستانم دەوێ
لە ڕووی نیشانەناسییەوە، بێستان، هێمای نیشتمانی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرە و دڕک و داڵ، هێمای ئاستەنگ، داگیرکەر و سەختییەکانی ڕێگای خەباتە، کە تێیدا شاعیر جەخت لەوە دەکاتەوە شۆڕشگێڕ عاشقی شەڕ و مەرگ نییە، بەڵکوو سەختییەکان پردێکن بۆ گەیشتن بە ژیان و ئاشتی، ئەمەش لووتکەی مرۆڤدۆستییە لە ئەدەبیاتی بەرخوداندا.
هەر لەو هۆنراوەیەدا ئەگە هەڵوێستەیەک بکەین و لەگەڵ، فرمێسکی ڕنووی نەمر مامۆستا هێمن دا بەراوردێک بکەین دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە؛ مامۆستا هێمن و کاک ئەحمەد لێرەدا یەک دەغدەغەی هابەشیان هەبووە، لە بەشێک لە هۆنراوەکەی فرمێسکی ڕنوو دا دەڵێ:
نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە لاپاڵی چیام
قاسپەقاسپی خاسەکەو بێ گرمەیی مینم دەوێ؟
ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بەئازادی بژی
چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟
نامەوێ خوێن بڕژێ یا بۆنی کەلاکی کۆن بکەم
ڕەنگی مێلاقە و گوڵاڵە و بۆنی نەسرینم دەوێ
هەڵپەڕین و پێکەنین دەبزێوی هەستی ناسکم
کوا دڵی پڕ ئێش و ئۆف و جەرگی بەبرینم دەوێ؟
کاک ئەحمەدیش لە هۆنراوەی مەیلی بێستان دا دەڵێ:
کوا دەڵێم شەو خۆشە باران لێت بدا و ڕێ دەرنەکەی
گۆشت و ئێسقانە لەشی من، شەو هەدادانم دەوێ
دەست بدا بۆم هەڵبمژم بۆنی گوڵکی سەر گوڵفک
بۆ گەنی باڕووت و گولـلە و هەڵپڕووزانم دەوێ؟
دەنگی مۆسیقایەکی مەند لایەلایەم بۆ بکا
نەک گرمەی تۆپ و خومپارە و دەنگی ناڵانم دەوێ
دڕک و داڵی دەوری بێستان، تێپەڕێنم من دەبێ
نەک لە خۆشی دڕک و داڵ، مەیلی بێستانم دەوێ.
بەراوردکردنی ئەم دوو دەقە شێعرییەی مامۆستا هێمن و کاک ئەحمەد بازگر، یەکێکە لە جوانترین نموونەکانی درێژەپێدانی قوتابخانە ڕیالیزمە مرۆڤدۆستییەکەی ئەدەبی کوردی، کە تێیدا هەردوو شاعیر لەسەر یەک کێشی بڕگەیی و بە سەروایەکی هاوئاهەنگی پەیامێکی هاوبەش دەگەیەنن. هەردوو شاعیر لە ناو جەرگەی خەبات و پێشمەرگایەتیدا، مانیفێست و فەلسەفەی ئاشتیخوازیی شۆڕشگێڕی کورد بە ڕووی جیهاندا پاتە دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە ئەوان شەڕخواز نین و چێژ لە بۆنی خوێن و بارووت وەرناگرن، بەڵکوو زوڵم و زۆری و چەوساندنەوە ناچاری کردوون دەست بدەنە چەک؛ کاتێک هێمن لە داوێنی چیادا بە حەسرەتەوە دەڵێت قاسپەی کەوی دەوێت نەک گرمەی مین، ئەحمەد بازگریش بە هەمان کەڵکەڵەوە خەون بە لایەلایەی مۆسیقایەکی مەندەوە دەبینێت نەک گرمەی تۆپ و خومپارە و دەنگی ناڵان، بەمەش هەردووکیان هونەر و سروشت دەکەنە بەها بەرزەکانی ژیان بەرامبەر دڕندەیی شەڕ و ماڵوێرانی کە دوژمنان بەسەریان دا سەپاندوون. هەروەها لە بواری وێنەسازیی شیعری و هێماگەرییەوە، هەردوو شاعیر بە شێوازێکی زۆر ئەدەبی و هونەرمەندانە دوانەی دژبەیەکی وەک (ژیان و مەرگ) و (جوانی و دزێوی) دەخەنە ململانێوە تا قووڵایی مرۆڤدۆستیی خۆیان بسەلمێنن. هێمن لە نێوان بۆنی کەلاکی کۆن و بۆنی نەسریندا، گوڵ و ئازادیی هەموو مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرێت، بازگریش بە وێنەی بێستان و دڕک و داڵ، ئەم فەلسەفەیە دەگەیەنێتە لووتکە و ڕوونی دەکاتەوە کە تێپەڕاندنی دڕک و داڵی سەختی و مەرگ، تەنیا بۆ گەیشتنە بە گوڵزار و بێستانی ئازادی و ژیانێکی مرۆڤانە، نەک لە خۆشەویستیی خودی دڕک و داڵەکە؛ واتە بازگر بە زمانێکی سەردەمیانەتر، هەمان ئەو پەیامە مرۆیی و نەتەوەییەی هێمن زیندوو دەکاتەوە و وەک پردێکی ئەدەبی نەوەکانی خەبات و شێعر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی شێعری ئەحمەد بازگر، توانای گۆڕینی ڕووداوە ڕاستەقینەکان بۆ ئەفسانە و شاکاری هونەرییە، کە ئەمەش لە چوارچێوەی ڕیالیزمی تراژیدیدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. هۆنراوەی “گۆمەشین” (کە مامۆستا ناسر ڕەزازی ئاوازی بۆ داناوە و چڕیویەتی)، لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینە نووسراوە؛ ئەویش خنکانی پێشمەرگەیەکی هاوڕێی شاعیرە لە گۆمێکی قووڵی نزیک دەڤەری سەردەشت. لە ڕوانگەی شێوازگەری و ڕەوانبێژییەوە، بازگر لەم دەقەدا بە شێوەیەکی لێزانانە تەکنیکی بەمرۆڤ کردن بەکاردەهێنێت؛ ئەو سروشت وەک تابلۆیەکی بێ گیان نابینێ، بەڵکو ڕووبار و گۆمەکە دەکاتە کارەکتەرێکی زیندوو و لووتبەرز و دەکەوێتە وتووێژ و ململانێ لەگەڵیدا و دەڵێ:
پێت ناخنکێندرێم گۆمەشین
لەخۆبایی ئەی گۆمەشین
ڕەنگە بەوەی شەپۆلەکانت بە گرمە و لرفە و هاوار و هەڕەشەن
گێژ دەخۆن و خۆ بە دیواری هەڕۆڵی شاخا دەدەن
بایی بووبی و ڕفاندبێتت ئەو هاوڕێی هاوسەنگەر
ئەو ڕۆڵەی شیرین…
لەم کۆپلەیەدا دووبارەبوونەوەی دەنگە توندەکانی وەک؛ ش، گ، ڕ، خ، و وشەکانی؛ گرمە، لرفە، هاوار، هەڕەشە، گێژ، هاڕمۆنیایەکی دەنگیی وا دروست دەکەن کە خوێنەر ڕاستەوخۆ گوێی لە هاژەی شەپۆلە تووڕەکانی ڕووبارێکی سەرشێت دەبێت. هەروەها لێرەدا گواستنەوەیەکی سۆزداریی قووڵ ڕوودەدات؛ دەقەکە بە خەمێکی قووڵ و ماتەمینی بۆ لەدەستدانی هاوڕێیەک دەست پێدەکات، بەڵام شاعیر ناهێڵێ ئەم تراژیدیایە ببێتە هۆی ڕووخان و چۆک دادان چوونکە ئەمە سفەتی پیشمەرگەیەکی کۆڵنەدەر نییە، بەڵکو ڕستەی “پێت ناخنکێندرێم گۆمەشین” دەبێتە تەحەددایەکی فەلسەفی بەو مانایەی کە ڕووبار توانیویەتی جەستەی هاوڕێکەی ببات، بەڵام ناتوانێت ئیرادە، بیرەوەری و ڕێبازەکەی بخنکێنێت. هەربۆیە ئەم ڕستەیە لە سەرەتاوە هاتووە و خۆی یەکلایی کردووەتەوە. هاوشێوەی ئەم ڕیالیزمە تراژیدییە لە هۆنراوەی “ئەی سنەی سەربەرز و سوورم”ـیشدا دەبینرێت؛ لەوێشدا شاعیر ئازاری شارێک دەکاتە هەوێنی هاوسۆزییەکی نەتەوەیی و مرۆیی.
کاتێک دەقەکانی ئەحمەد بازگر لە ڕوانگەی ڕەخنەی فێمینیستییەوە دەخوێنینەوە، دەبینین ئەم شاعیرە بەرانبەرخوازە سەرنجی تەنیا لەسەر داگیرکەر نییە، بەڵکو ڕەخنەیەکی توند و بوێرانە ئاراستەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوخۆی کوردەواری و نەریتە دواکەوتووەکان دەکات. قەسیدەی “زولفا” نموونەیەکی بەرز و پڕشکۆی شیعری گێڕانەوەییە لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا، کە تێیدا شاعیر بە ڕوانگەیەکی مەندیی مرۆییەوە تراژیدیای کچێکی لادێیی دەگێڕێتەوە؛ کچێک کە هێشتا لە نێو لانکەدایە و بێ ئاگایە لە دنیای دەورپشتی خۆی، چارەنووسی بە پیاوێکەوە دەبەستنەوە کە نایناسیت. بەڵام کاتێک زولفا گەورە دەبێ، وشیار دەبێتەوە، بیر و فکری دێتەوە بەرخۆی و وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆی دەکات، بە جورئەتێکی بێوێنەوە ئەو هاوسەرگیرییە زۆرەملێیە ڕەت دەکاتەوە. ئەم هەڵوێستە بوێرانە و ئازادیخوازانەی زولفا لە بەرامبەر دابونەریتی دواکەوتوو و چەقبەستوودا، دەبێتە هۆی ئەوەی لە پاییزێکی تووش و سارددا، بە دەستی ئەو پیاوە بکوژرێت. ئەحمەد بازگر بە زمانێکی زیندوو، پڕ لە سۆز و تووڕەییەکی پیرۆز، دیمەنی خوێناویی تاوانەکە بەم شێوەیە وێنا دەکات:
کاتێک پەنجەی ڕەشی تاوان لەسەر پیتکەی چەک ترازا و
گلا ئاڵای باڵای زولفا
یەکەم کەس دایک و باوکی بوون دەرگایان خستە سەر پشت و
چوونە سەر جەستەی نیوەگیان!
دایک لە باوک، باوک لە دایک زیاتر
هەردوو وەک یەک حەبەسا بوون
نەیانزانی بە کام تەقەڵی هەنگاوە
گەیشتنە ئەو گۆمی خوێنەی
ڕۆڵە جگەرگۆشەکەیان ئارام تێیدا ئۆقرەی گرتبوو
لە برینەکانی زولفاوە وەک پلووسکی کانییە بەر ماڵان خوێن هەڵدەچوو
بەڵام هێشتا ڕەشێنکی چاوە گەشەکەی دەترووسکان
لە چاوی دایک و باوکدا فرمێسکەکان قەتیس مابوون…
لەم دەقەدا بازگر بە هونەرێکی بەرزی وێنەسازییەوە، باڵای زولفا بە ئاڵا دەشوبهێنیت کە گلاوە؛ ئەمە بەرزکردنەوەی بەهای ژنە لە قوربانییەکی ئاساییەوە بۆ هێمایەکی نیشتمانی و مرۆیی شکۆمەند کە کەوتووەتە بەر پەلاماری نەریتی پیاوسالاری. هاوکات، شاعیر بە وریاییەکی ڕەخنەگرانەوە تەنیا پەنجەی تاوان بۆ بکوژەکە ڕاناکێشێت، بەڵکوو بە وردی پەردە لەسەر ڕۆڵی خێزان و کۆمەڵگە هەڵدەداتەوە؛ ئەو دەرگایەی کە دایک و باوک دوای تەقە و مەرگ دەیخەنە سەر پشت، هێمایە بۆ ئەو دەرگا داخراوەی کۆمەڵگە کە لە کاتی زیندووبوون و هاواری زولفادا بە ڕووی مافەکانیدا داخرابوو، بەمەش نەریت و چەمکی شەرەف دەکاتە هاوبەشی سەرەکیی تاوانەکە. ئەمە دیمەنێکی تراژیدی و زیندووە کە دوای دەیان ساڵ، هەر ئەم ڕۆژانە بە لەونێکی دیکەی دڵتەزێن لە کرماشان دووبارە دەبێتەوە و “سەوگەند”ی ١٦ ساڵان دوای ئەوەی لە قوتابخانە هاواری فریاکەوتنی بە ناو دیوارە داخراوەکاندا دەخنکێت، بە دەستی باوکی دەکوژرێت؛ کەچی لە لوتکەی پارادۆکس و بێدەنگیی کۆمەڵایەتیدا، هەر ئەو باوکە بکوژە نوێژی مردووی لەسەر دەکات و ناوەکەشی وەک “باوک” بە زەقی لەسەر ڕاگەیاندنی پرسەکە دەدرەوشێتەوە، کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە قەسیدەی زولفا ئاوێنەی برینێکی بەردەوامی کۆمەڵگەیە کە هێشتا ساڕێژ نەبووتەوە.
جگە لەوەش، شاعیر لە ڕووی دەروونی و ستاتیکییەوە، دژبەیەکییەکی قووڵ لە نێوان جووڵەی خوێن و وەستانی فرمێسکدا دروست دەکات تاکو قەبارەی کارەساتەکە نیشان بدات. کاتێک خوێنی گەرمی زولفا “وەک پلووسکی کانییە بەر ماڵان” هەڵدەقوڵێت، سروشت و پاکێتیی زولفا تێکەڵ بە خاک دەبن، بەڵام “ترووسکانەوەی ڕەشێنکی چاوە گەشەکەی” لە دوا ساتەکانی مەرگدا، نیشانەی زیندوومانەوەی پرسیار و یاخیبوونە لە نیگایدا؛ وەک ئەوەی چاوەکانی بە بێدەنگی دادگایی بکوژان و بێدەنگبووان بکەن. لە بەرامبەردا، “قەتیسمانی فرمێسک” لە چاوی دایک و باوکدا، نیشانەی شۆکێکی قووڵ و پەشیمانییەکی درەنگوەختە کە چیتر فریای گەڕاندنەوەی ژیانی ڕۆڵەکەیان ناکەوێت، بەمەش قەسیدەکە دەبێتە هاوارێکی نەمر بۆ ئازادیی ژن و هەڵوەشاندنەوەی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان.
بۆ ئەوەی وێنەی شاعیریی ئەحمەد بازگر بە تەواوی ببینین، نابێ تەنیا لە گۆشەی خەبات و تراژیدیاوە سەیری بکەین، بەڵکوو دەبێت ئاوڕ لە دەوڵەمەندی و هەستی ناسکی مرۆڤانەی بدەینەوە. هۆنراوەی “بە پیرۆز بێ” (کە ئەویش بە دەنگی مامۆستا ناسر ڕەزازی بووەتە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکان)، نیشاندەری ڕووی خۆشەویستی، پەسنی ژیان و ڕێزگرتن لە بوونی مرۆڤە، کاتێک دەڵێت:
بە پیرۆز، بە پیرۆز بێ جێژنی لەدایکبوونت
دنیا بە تۆوە خۆشە کە مانای هەیە بوونت
ژین بزەی کەوتە سەر لێو کە تۆی بەخۆوە بینی
شنەی ئەوین هەڵیگرت پیرۆزترین ئەوینی…
لە ڕووی زانستی شێوازگەرییەوە، ئەم هۆنراوەیە پڕە لە وێنەی جووڵاو و زیندوو؛ ژیان وەک مرۆڤێک پێدەکەنێت و شنەی با ئەوین هەڵدەگرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ئەم هۆنراوەیە لە زۆربەی ماڵەکانی نیشتمان دا بۆ ڕۆژی لەدایکبوون دەوترێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سادەییی زمان، هەستی بێگەرد و ڕیتمە مۆسیقییە ڕێکخراوەکەی. هەروەها لە ڕووی دەروونناسیی ئەدەبییەوە، توانای شاعیر لە گواستنەوەی نێوان تۆنی حەماسی و تۆنی غەنایی ناسکدا، نیشانەی فرەچەشنیی ئەزموونی هونەری و قووڵیی هەستی مرۆڤدۆستیی ئەوە. بەجۆرێکی دیکەش دەتوانین بڵێین؛ لە ڕاستیدا، وەک چۆن لە نێو هەموو نەتەوەیەکی جیهاندا مۆسیقا، شێعر و گۆرانییەکی ناسراو تایبەت کراوە بە جێژنی لەدایکبوون—وەک «Happy Birthday» لە جیهاندا یان لەناو فارسەکان دا “مبارک مبارک تولدت مبارک”—ئەم بەرهەمەی کاک ئەحمەد بە دەنگە خۆشەکەی کاک ناسر ڕەزازیش لە نێو کورددا بووەتە هێما و پێشەنگی ڕەسەنی ئەم ڕۆژە، بە جۆرێک کە پێگەیەکی کولتووریی چەسپاوی وەرگرتووە و لە بۆنەکانی لەدایکبووندا وەک سروودێکی نیشتمانی تایبەت بە شادی و ژیان لە سەرتاسەری کوردستاندا دەوترێتەوە.
ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بنەمای هونەریی شیعرەکانی بازگر بکەین، دەبینین هۆکاری ئەوەی زۆربەی شیعرەکانی لەلایەن گەورە هونەرمەندانی کوردەوە کراون بە گۆرانی، ئەوەیە کە شاعیر خاوەنی گوێیەکی مۆسیقیی بەرزە و تەنانەت لەو شیعرانەشدا کە لەسەر کێشی بڕگەیی یان شیعری نوێی ئازاد نووسراون، هاوسەنگییەکی دەنگی و سەروایەکی ناوەکیی وا هەیە کە دەقەکە ئامادە دەکات بۆ ئاوازدانان. بازگر باوەڕی بەوە هەیە کە شیعر دەبێ پەیامێکی هەبێ و بگاتە خەڵک، بۆیە خۆی لە زمانێکی بوغزاوی و داخراو دەپارێزێت، بەڵام سادەیی لای ئەو بە مانای سادەوێژی و ڕوواڵەتی نییە، بەڵکو سادەییەکی قووڵە (السهل الممتنع) کە هەم خوێنەری ئاسایی چێژی لێ وەردەگرێت و هەم ڕەخنەگر دەتوانێت لە بواری فیکری و هونەرییەوە شیکردنەوەی بۆ بکات. جگە لەوەش، لە هەموو دەقەکانیدا تێکەڵبوونێکی ئۆرگانیکی لە نێوان منی تاک و ئێمەی گشتیدا هەیە؛ کاتێک بازگر دەڵێت: نامەوێ وەک دیل بژیم من، یان “پێت ناخنکێندرێم گۆمەشین”، ئەو منە لێرەدا تەنیا خودی شاعیر نییە، بەڵکو منێکی گشتگیرە کە نوێنەرایەتیی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و ستەملێکراو دەکات.
لە کۆتاییدا؛ کاک ئەحمەد بازگر، یەکێکە لەو شاعیرانەی کە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ئەدەبیاتی بەرخودان لە دروشمبازی بپارێزێت و بیگەیەنێتە ئاستی هونەرێکی بەرز و مەزن و نەمر. شێعرەکانی ئەو بەڵگەنامەیەکی زیندووی مێژوویی و کۆمەڵایەتین؛ لە لایەکەوە وێنەی ئیرادەی مرۆڤی کورد بەرامبەر زوڵم و تەنانەت بەرامبەر تووڕەیی سروشتیش نیشان دەدەن، لە لایەکی ترەوە بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن دژی نەریتە چەقبەستووەکان و لە هەمان کاتیشدا پڕن لە سۆز و خۆشەویستی بۆ ژیان و مرۆڤ. هەر ئەم فرەڕەهەندییە وای کردووە کە دەقەکانی بازگر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نەک هەر کاڵ نەبنەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و هونەریی کورد بمێننەوە و ببنە کەرەستەیەکی دەوڵەمەند بۆ توێژینەوە زانستی و ڕەخنەییەکانی داهاتووش.
سەلیم حەقیقی

سەرچاوە: فەیسبووکی سەلیم حەقیقی