لەقادانی پیلانێکی قڕێژی کۆماری پەتو سێدارە. ئەحمەد شێربەگی

لەقادانی پیلانێکی قڕێژی کۆماری پەتو سێدارە. ئەحمەد شێربەگی
ماوەیەکە چەند کاناڵی تێلێگرامی و چەند پەیجێکی ئینستاگرامی لە پیلانێکی کۆنترۆڵکراوی سەر بە دەزگای راگەیاندنی ڕێژیمی ئیرانی دا خەریکی بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان وکچانی کوردن و لەم ڕێگایەوە دەیانهەوێ شۆڕشی ژینا کە لەژێر باندۆڕی ژن، ژیان ئازادیی دا بناخەکانی ڕێژیمی دژی ئازادیی پەت وسێدارەی لەرزاند، زەبر لەم شۆڕشە و لەدەسکەوتەکانی بدەن . لەڕێگای ئەم کەناڵ و پەیجانەوە، لە لایەک کەڕامەتی ژنان و بنەمالەکانی کوردی ڕۆژهەڵات خەوشدار بکەن و لە لایەکی دیکەشەوە کێشەی کۆمەلایەتی لە ناو خەڵک دا پەرە پێ بدەن و هەروەها ببنە هۆی گۆشاری دەروونی سەر ئەو ژنانە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن پەنا بۆکردەوەی خۆکۆژی بەرن.
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە پشت ئەم کاناڵ و پەیجانەوەن ، لەم پێیەش دا ژمارەیەک بەگرێگیراو بەناردنی وێنەی کچان وژنانی کورد هاوکاریان دەکەن.
ڕێژیمی ڕىاکارو بێ ئابڕووی ئێران سەرەرای گێڕانی سەتان پیلانی جۆراوجۆری، نەیتوانییوە ئیرادەی کوردی ڕۆژهەڵات تێکبشکێنێ، بۆیە ئەمجار دەیهەوێ لە ڕێگای گێڕانی ئەم پیلانە هەمووپێوەرەکانی ئەخلاقی ببەزێنێ و بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات. دڵنیام ئەم پیلانەشی بە هۆی شعورو تێگەیشتنی سیاسی خەڵکی کوردستان کە لە نەورۆزی مەشغەڵانی ڕزگاریی ئەمسالداگەیاندیانە چڵەپۆپە تێکدەشکێ.
بە بایکۆتکردن و دێپۆرت کردنی ئەم پەیجانە و هەروەها رێگا نەدان بە دووپات بوونەوەیان مستێکی تووندی دیکە لە دەمی ڕێژیم دەدرێ و ئەو سیخور ومۆرە بەکرێگیراوانەش کە هاوکاری ئەوپەیجانە دەکەن دەکەونە بەر ڕق ونەفرەتی ئەم خەڵکە کۆڵنەدەرە و دەستی تۆڵەی گەڵ بەسزایان دەگەیەنێ.
ئێرەدەنگی کوردستانە بە کاتی ڕۆژهەڵات.