ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی دیکەی ڕێژیم

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی دیکەی ڕێژیم
ژنانی ماف ویستی کوردستان!

کچان و لاوانی دەروەستی رۆژهەڵات!

جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مانەوەی خۆی پەلەقاژەیەتی و ئەم جارە پیلانگێڕییەکەی ڕوو لە کورد و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

کۆماری ئیسلامی دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دڵنیا بۆتەوە کە ئەمجارە دەبێ بەربەرەکانێ لەگەڵ ژنان و کچانی ئازادیخوازی کوردستان بکات کە مەیدانداری سەرەکیی شۆڕشێکی نۆێ و سەردەمیانەن کە نەتەنیا سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی بڕی، بگرە سنوورەکانی جیهانی تەنێ و دەری خست کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆر بەناوەرۆکتر و سەردەمیانەترە لە تەنانەت شۆڕشی گەورەی فەڕانسە (١٧٩٩-١٧٨٩) کە بە دروشمی “ئازادی، یەکسانی، برایەتی” ئالووگۆڕێکی قووڵی لە وڵاتی فەڕانسەدا پێک هێنا و دەسەڵاتی پاشایەتی گۆڕی بۆ کۆمارێکی دێموکراتیک لە فەرانسە و هەر ئەوەش بوو بە بنەمای دێموکراتیزە بوونی تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

دایکانی نیشتیمان!

خەڵکی بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

کۆماری ئیسلامی لەم چەند ساڵانەی دواییدا و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە هاوکاری بەکرێگیراوە نێوخۆییەکان، بەردەوام هەوڵی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتییە دیار و ئازادیخوازەکانی نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە. بەڵام لەو پێوەندییەدا سەرکەوتوو نەبووە. چوونکە لەلایەک ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و ڕابردووی پڕ لە خوێن و فیداکاری حیزبەکان ڕێگر بوون لە سەرگرتنی پیلانەکانی ڕێژیم، و لەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبانبەر بە حیزبەکانییان ئەوەندە بەهێز بووە کە پیلانەکانی ڕێژیم و بەکرێگیراوەکانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.

ئەم جارەش و لە نوێترین هەوڵی خۆیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەوی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە هاوکاری بەکرێگیراوەکانی خۆی و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێیج و ئەکاونتی ساختەوە، لەو ژنان و بنەماڵانە بدات کە لە کۆمەڵگادا دیارن و بەرچاون. چون ئەوە ژنانی کوردن بوون کە پێشەنگایەتی شۆڕشی ژینایان کرد و هەروەها لە بۆنە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لەو ساڵانەی ڕابردوو ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا.

ئەو پیلانەی ڕێژیم لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان هەستی پێ کراوە، بەڵام لە چەند شارێکی وەکوو سەردەشت و پیرانشار بە زەقی خۆی دەرخست و سەلماندی کە ڕێژیم بەتەمایە ئەمجارە بە دوور لە هەموو بنەما ئەخلاقی و مرۆڤییەکان و بە شکاندنی شکۆی ژن و بنەماڵە لە ڕۆژهەڵات، بەستێنێکی گونجاو بۆ چاندنی تۆی دووبەرەکی لە کوردستان ساز بکات. چوونکە یەکگرتوویی کورد لە شۆڕشی ژینا و تەنانەت نەورۆزی ئەمساڵ، بوو بە مۆتەکەی ڕێژیم و ئەو یەکگرتووییەش وای کردووە کە ڕێژیم لە دژکردەوە نیشاندا دەستەوەستان و دۆشداماو بێت.

ژنانی پێشەنگی شۆڕش و خەبات!

هەر وەک لە رابردووشدا کراوە، بۆ ئەوەی بتوانین پیلانەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە کۆمەڵگە و تاکی کورد پووچەڵ بکەینەوە و شکۆ و سەقافەتی کورد و کوردستان وەک خۆی بپارێزین، ئەرکی سەر شانی هەموومانە کەدەستی یەکتر بەرنەدەین و ڕێگە نەدەین ڕێژیم درز بخاتە نێوانمان بە تایبەتی ژنان و پیاوان کە هەمووکات جیاوازتر لە کۆمەڵگەکانی دیکە خەباتیان کردووە و پێکەوە هەڵوێستی دوژمن بەزێنیان نواندووە. چوونکە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕێژێمی پاشایەتیش نەیتوانی گەلی کورد دەستەمۆ بکات، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەکەمان بووە لە قۆناغە ئەستەمەکاندا.

ئەمجارەش و لەم قۆناغەشدا هەموومان بەیەکەوە ڕێگە نادەین بوختان و ناوزڕاندنەکانی ڕژیم جێ بگرن و شکۆی دایکان و ژنان و کچانی نیشتمانمان دەپارێزین و بە پاراستنی یەکڕیزی کوردستان، ئەو پیلانەش دەکەین بە دەرفەت و ئەوەندەی دیکە دەهۆڵی ریسوایی ڕێژیم لە کوردستان، دەکوتین.

سەرکەوێ خەباتی ژنانی نەترسی رۆژهەڵات

یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی

١/٢/٢٧٢٤

٢٠/٤/٢٠٢٤