گیاڕەنگ: دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک ئاسۆ خەبات چالاکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

گیاڕەنگ: دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک ئاسۆ خەبات چالاکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی ئەوە کە کوردانی دیاسپۆرا و دڵسۆزانی کورد لە وڵاتی نۆروێژ بە دژی ژنکوژی و منداڵکوژی و مووشەکبارانی بنەماڵەی شۆڕشگێرانی کورد لە باشووری کوردستان خۆپێشاندانیان دژی ڕژێمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر باڵوێزخانە (هێلانەی جاسووسی) ئێران لە ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ کرد بوو ، پۆلیسی نۆروێژ سەرەتا بەشێکی بەرچاوی لە بەشدارانی خۆپێشاندانەکەی بۆ ماوەیەکی کەم دەست بەسەر کرد و دواتر ئازاد کران.

دەگوترێ جەنابت و چەند کەس لە خۆپێشاندەران دوای زیاتر لە ١٥ مانگ جارێکی‌تر لە حەوتووی یەکەمی مانگی مای دا، سەبارەت بە خۆپێشاندانی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا و لە سەر شکایەتی باڵوێزخانەی ئێران بانگ دەکرێنە دادگا.

گیاڕەنگ: سەرەتا سوپاست دەکەم ئەگەر بە کورتی باسێک لە خۆپێشاندانەکە بکەی و هۆکارتان بۆ خۆپێشاندان چی بوو؟

وەڵام: بۆ باسی خۆپێشاندانەکە دەبێ دۆخی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور و ئێرانمان بێتەوە بیر. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆپێشاندانی بەرینی خەڵکی ڕاپەڕیو لە گۆڕێ بوو و لە دەرەوەش خەڵک ڕۆژانە دەڕژانە شەقام و گۆڕەپانەکان… بەڵام هۆکاری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەی ئێمە ڕۆژهەڵات و ئێران نەبوو، هێرشی مووشەک و دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ، بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوەیکە بە بەرچاوی هەموو دنیاوە بە پێشکەوتوترین چەک لە نێو کەمپ و قوتابخانەکانت بدەن و بنەماڵە و هاوڕێیانت شەهید و بریندار و دەربەدەر ببن و کەس لە سەرت وەجواب نێیە، ژان و ئازارێکە ئەوەی نەیچێشتبێ نازانێ…

ئێمەی بێ‌دەسەڵات و دڵپڕ و بریندار لەو بێ‌کەسییەدا هەر هاوارێکمان هەبوو، هاواری ڕقێکی پەنگ خوارد و هاوارێک بۆ شەهید و بریندارەکانمان. ڕەنگە زۆر کەس کاری باشتر و گەورەتری لە دەست بێت، ئێمە ئەو ڕۆژە هەر ئەوەندەمان لە دەست هات!

گیاڕەنگ: ئایا ئێوە خۆپێشاندەران خۆڕسک کۆببوونەوە یا لە لایەن ڕێکخراوە یا کۆمەڵەیەکی کوردی کۆببوونەوە؟

وەڵام: خۆپێشاندانەکە تەواو خۆڕسک بوو. ئێمە نزیک دوو کاژمێر لەوێ بووین و هیچ ڕووی نەدا… دواتر کەسانێک لە نێو سەفارەتەوە بێ ڕێزیان کرد و خوێیان کردەوە برینمان. ئەوە بوو پۆلێک بەرەو دەرگای سەفارەت ڕۆیشتین و بە درووشمدان و داوای داخستنی لانەی جاسووسی ڕژیم، چووینە حەوشەی سەفارەت و دواتر زۆرینەی خۆپێشاندەران هاتن.

ئەوە دەنگدانەوەی گەورەی لە میدیای نۆروێژدا ساز کرد و زۆرینەی میدیا گەورەکانی نۆروێژ هاتن و دواتریش وتووێژ له گەڵ زۆر چالاکی کورد کرا و لە کۆی گشتی دا هاوارەکەمان تا ڕادەیەک گەیشتە میدیاکان.

دواتر پۆلیس نزیکەی سەد کەسی دەستبەسەر کرد، لە نێو ئەواندا نۆ کەسیان وەک هێرشبەری سەرەکی تۆمەتبار کراون و هەمووی ئەو خەسارەی لە سەفارەت کەوتووە، دەبێ ئەو نۆ کەسە بیبژێرن. هاوکات پۆلیسیش شکایەتی لە چەن کەسێک کردوە کە بۆ وێنەی داوایان لێکراوە بکشێنەوە و بە گوێی پۆلیسیان نەکردوە! یان پێی گووتون لێرە بوەستن و نەوەستاون، کە گوایە ئەوانەش سزایان لە سەرە! بە هەر حاڵ ئێمە ئەو نۆ کەسە ڕۆژی دووی مانگی پێنج بۆ ماوەی چوار ڕۆژ له شاری ئۆسڵۆ دادگایی دەکرێین و جیا لە سزای پێ‌بژاردن، چەن کەسێکمان و یەک لەوان من ئەگەری ئەوەی هەیە بچینە بەندیخانە.

گیاڕەنگ  ئایا ئێوەش شکایەتتان لەوان کردووە و تاکوو ئێستا چیتان بۆ کراوە؟

وەڵام: ئێمە هیچ سکاڵایەکمان لە سەفارەت نەکردوە چوون بەڵگەیەکی ئەوتۆمان پێ نیە لە دژیان.

گیاڕەنگ: دوایین پرسیاریش ئەوەیە لە ڕۆژی دادگایی دا کوردانی دیاسپۆرا لە نۆروێژ ئاگادار کراون کە ئێوە لە پڕۆسەی دادگایی کردن دان؟

وەڵام: وەکوو ئاگاداری بێگومان کۆمیتەی حیزبی دێموکرات دەزانم ئاگادارن، چوونکە بەشی زۆریان ئەندامی حیزبن. حیزبەکانی تر و خەڵکیش لە ڕێی تۆڕە گشتییەکانەوە کەم و زۆر ئاگایان لێیە.

کۆتا قسە، وەک خۆم نە کەس هانی داوم و نە فریوی کەسم خواردوە. من پێشمەرگەی باوەڕەکانی خۆمم. ئەو ڕۆژە هاوڕێیانمان خەریک بوو موشەکباران دەکران، شەهید و بریندارمان هەبوون. دۆخێکی ناخۆش و پڕ لە ئێش بوو و لەو تۆڕەییەدا خۆگرتن و خۆبواردن زۆر دژوار و ئاستەم بوو.

ژین و مردن یەکجارن، بە سەری بەرزەوە بژین و بە ویژدانێکی ئاسودەوە بمرن!

گیاڕەنگ: سوپاس بۆ بەشداری و وەلام دانەوەتان.

ئاسۆ سوپاس کاکە گیان. ماندوو نەبن.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ