ئاگاداریی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

ئاگاداریی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ماوەیەکە چەند کاناڵی تێلێگرامی و چەند پەیجێک لە ئینستاگرام کراونەتەوە و کەسانێکی نەناسراوی گێڕەشێوەن وێنەی خەڵک، بە تایبەتی کچان و ژنانی کوردستان دادەنێن و بە بێ‌ڕێزی و بوختان‌هەڵبەستن هەوڵێ لکەدارکردنی کەسایەتیی ژنانی کوردستان و ئاژاوەنانەوە لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگەی کوردستان‌ دەدەن.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون؛ دەزگا ئەمنییەتی و ئیتڵاعاتییەکانی ڕێژیم لە پشت ئەم پەیجانەن و وەک دەرکەوتوە هێندێک کەسی سیخوڕ و ساویلکەی نەفس‌نزم بە مەبەستی بێ‌ڕێزی و ئاژاوەنانەوە وێنە و زانیاریی کچان و ژنانیان بۆ دەنێرن و لەو پەیج و کاناڵانەدا بڵاویان دەکەنەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵ حوکمڕانیی خۆیدا بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی خەڵکی کوردستانی کردوە و هەر جارە بە شێوەیەک و لە ڕێگایەکی جۆراوجۆری قیزەون و بە دوور لە ئەخلاق، ویستوویەتی کێشە و دوژمنایەتی بخاتە نێو کۆمەڵگەی کوردستان. لەم پێوەندییەدا خەڵکی کوردستان هەمیشە بە وشیاریی خۆیان پیلانە دزێوەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردۆتەوە و بە یەکڕیزی و تەبایی، پشت و پشتیوانی یەکتر بوون و نەیانهێشتووە پیلانەکانی سەر بگرن.
لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژیناوە تا ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە وێڕای سەرکوتێکی زۆری سیستماتیک نەیتوانی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێ، بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە تۆڵە لە ژنانی کوردستان و ئێران بکاتەوە. بۆیە هاوکات لەگەڵ ‌هێڕشی سەرلەنوێی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ژنان لە سەر شەقامەکانی ئێران، لە ڕێگای چەند کاناڵ و پەیجێکیشەوە هێرش بۆ سەر ژنانی کوردستانیش دەستی پێ کردوە و لە ڕێگای بێ‌ڕێزی و بوختان پێکردن، هەوڵی خەوشدارکردنی کەسایەتیی ژنان و ئاژاوەنانەوە لە بنەماڵەکان دەدەن.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئاگادارکردنەوەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەم پیلانەی ڕێژیم و سەرکۆنەکردنی تەواوی ئەو کانال و پەیجانەی هەوڵی خەوشدارکردنی کەسایەتیی ژنان و کچانی نیشتمانەکەمان دەدەن، ڕادەگەیەنێ کە هەر کەسێک هاوکاریی ئەو جۆرە کاناڵ و پەیجە دزێوانە بکات، وەک بەشێک لەم پیلانگێڕییە سەیری دەکرێ و خەڵکی کوردستان لێیان خۆش نابن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
خاکەلێوەی ١٤٠٣