شکۆی کچان و ژنانی کوردستان و پیلانی کۆماری ئیسلامی

شکۆی کچان و ژنانی کوردستان و پیلانی کۆماری ئیسلامی

لە ماوەی دوای شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” و درەوشانەوەی ئەستێرەئاسای کچان و ژنانی کوردستان لە نەورۆزدا و داماوی ڕژێم لە ئاست ئەو شۆڕشە مەزنەدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژێم و دەست و پێوەندەکانی سەر بە ڕژێم خەریکی چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بێ متمانەیی و سازکردنی شەڕ و ئاژاوە لە نێو کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت بە تایبەتی دان.

بۆ شکاندنی شکۆی کچان و ژنانی کوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت بە تایبەتی، هەوڵێکی نەزۆک و بێ مایە و دوور لە هەر پێوەرێکی ئەخلاقی لە لایەن ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران لە ئارا دایە. لەو پەیوەندییەدا، بە مەبەستی گۆشەگیرکردن و شکاندنی ژنان و بنەماڵە و کۆمەڵگای کوردستان، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بە ڕژیمی ژنکوژ و منداڵکوژی ئیسلامی ئێرانەوە، کەس یا کەسانێکی نەفس نەزم، هان دراون بە درووست کردنی چەند پەیج و لاپەڕەیەک لە دونیای مەجازی دا، بۆ ناوزڕاندنی ژنان و کچان و هەروەها بۆ سازکردنی نیفاق و دووبەرەکی و بێ متمانەیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

دەست و پێوەندەکانی ڕژێم بۆ ئەوەی شوێنەونکە بکەن و بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕیان پێ بکەن، لە نێو وێنە و ناوەکان دا چەند کەسێکی سەر بە ڕژێم کە ساڵانێکە مۆڕەی سووتاوی دەستی ڕژێم بوون، ناویان هاتووە، بێ‌شک خەڵکی کوردستان چاک و خەراپی کۆمەڵگا دەبینن. قسە و بابەتی ئێمە لە سەر کەسانێکە کە خۆشناو و جێی متمانەی بنەماڵە و خەڵکن و بە ئانقەست لە لایەن ڕژێم و هەندێک کەسی نەفس نەزم، کراونە ئامانج بۆ ئەوەی لە نێو کۆمەڵگا و بنەماڵەدا بشکێندرێن.

بۆ ئەوەی پێش بە پیلانەکانی ڕێژێم و دەست و پێوەندەکانی بگرین، پێویستە کە هەموو لایەکمان دەست بخەینە دەستی یەکتر و بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی خۆمان بە تاک و بە کۆ و بە بنەماڵە، بە گژ هەموو جۆرە پیلانەکانی ڕژێم و دار و دەستە سیخورییەکانیدا بچینەوە و هاوکات متمانەمان بە ئەندامانی بنەماڵە و کۆمەڵگای خۆمان هەبێ.

پاراستنی شکۆی کچ و ژنانی کوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت بە تایبەتی لە گرەوی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی بە شەڕەف و بە ئەمەگی کوردستان دایە، با بە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین کە ئەوانەی ئەمڕۆ بە نووسین و بڵاو کردنەوەی وێنەی شەخسی و بنەماڵەیی، لە هەندێک پەیج و لاپەڕەی دونیای مەجازیدا دەیانهەوێ شکۆی بنەماڵەکان تێک بشکێنن، چیدی نەهێڵین کە بە نووسینە چەوتەکانیان کۆمەڵگای کوردستان ناحەز و ناشیرین بکەن.

هەموومان دەزانین کە ناوزڕاندنی کچ و ژنان و کوڕ و پیاوانی کۆمەڵگا لە لایەن ڕژێم و سیخوڕانی سەر بە ڕژێم شتێکی نوێ نییە. ڕژێم لە ڕاگەیاندنی خۆی دا باس لە سەرووی ٢٠ هەزار سەربازی سایبێری دەکات، ڕژێمێک کە ٢٠ هەزار سەربازی سایبێری و جاسووسی هەبێ و بتوانێ سەدان پەیجی هەواڵنێری جیهانی و دژبەرەکانی فیلتەر بکا،  چۆنە ناتوانێ چەند پەیجێکی کڕچ و کاڵ و پڕ لە بوختان و درۆ بلۆک و یا دابخا؟ ئامانجی ڕژێم زۆر ڕوون و ئاشکرایە و دەیهەوێ لە ڕێگای هەندێک پەیجی سێبەری خۆی دووبەرەکی و بێ‌متمانەیی لە نێو کورد و بنەماڵەکانیان دا درووست بکا.

خەڵک بە گشتی دەزانن کە ڕژێم نەیتوانی پێش بە ڕاپەڕینی ژنانی بوێر گەلەکەمان بگرێ، نەیتوانی لێچکە و مەقنەعە بخاتە سەر کیژانی ڕوو سووری کورد، نەیتوانی پێش بە وریایی و جوانی و ڕەنگاوڕەنگی ژن و کچی کورد لە نەورۆز و بۆنەکانی دیکە دا بگرێ، ڕژێم بۆ قەرەبووی داماوییەکانی خۆی، بۆ دەستەمۆ کردنی ژنان و بۆ ئەوەی ژن و کیژانی کورد لە ماڵێ دا بە بێ تێچوو و زەحمەت زیندانی بکا ، بە بڵاوکردنەوەی ناوی نەشیاو و بوختانی پڕ لە درۆ ، گەرەکیەتی بە دەستی دایک و باوک و براکانیان لە ژێر ناوی پاراستنی شەڕەف دا، کچان و ژنان لە ماڵێ دا گۆشەگیر و زیندانی بکا.

ساڵانێکە خەڵکی کوردستان بە کار و چالاکییە خێرخوازییەکان و کارە هونەرییەکانی خۆیان و خزمەتەکانیان بە ژینگە و کۆمەڵگای کوردستان، بوونە چەقڵی چاوی ڕژێم. هەر بۆیەش ڕژێم هەوڵ دەدا کە بە درووست کردنی قسە و قسەڵۆک، ناویان لە کۆمەڵگا دا خەوشدار و ناحەز بکا، بە تایبەت دوای شەهید کردنی ژینا ئەمینی و شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” و لە سەرپێ بوون و لە مەیدان دا بوونی کچان و ژنان و دایکانی کوردستان. ڕژێم بۆ تۆڵە کردنەوە لەم توێژە گەورەیەی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی چەند پەیجێکی سێبەرەوە، خەریکی شکاندنی کەسایەتی بنەماڵەکان و ئەندامانی خێزانەکانیانە.

بڵاو کردنەوەی وێنەی شەخسی بنەماڵەیی کە لە خۆشی و شادی و زەماوەند و رۆژی لە دایک بوونیان دا گیراوە و تایبەت بە ئاڵبۆمی خۆیانن، ئەوپەڕی بێ ڕەوشتی و بێ ئەخلاقییە. لەوەش بێ ئەخلاقییتر نووسینی نەشیاو و هەڵبەستنی کۆمەڵێک درۆ و بووختان و ناڕەواییە کە لە ژێر وێنەکاندا لە سەریان دەنووسرێ. ئەوانەی ئەو کارە چەوت و نامرۆڤانەیە دەکەن، بێ‌شک لە کۆمەڵگا دا بێزراو و لە هەمان کاتدا بێ‌شک فێرکراوی ئیدارەی ئیتلاعەتی سەر بە ڕژێمن. ئەوانە لە هەر کوێ بن، لە نێوخۆی وڵات و یا لە دەرەوەی وڵات بن، دانەخۆرە و چاو بەرەژێری ڕژێم  و درەنگ یا زوو دەستی یاسا و کۆمەڵگا دەیان گاتێ و بە  سزای کارە چەوتەکانی خۆیان دەگەیێندرێن.

دواتر پێشنیار دەکەم کە ئەو کەسانەی لە ژووری پەیجی قاوەخانە دان و خۆیان مات کردووە و بابەتەکان دەخوێننەوە و متەقیان لێوە نایە، ئەگەر ئەمڕۆ دەنگ نەکەن سبەی بە ناحەق و ناڕەوا باسی کەس و کار و بنەماڵەی ئەوانیش دەکرێ، لە جیاتی مانەوە لە ژوورەکەدا باشترە بێنە دەر و هاوکاتیش بلۆکی بکەن و ڕاپۆرتی لە تێلگرام لێ بدەن بۆ ئەوەی هەم پاکی بکاتەوە و هەمیش ڕێگا نەدات بە موبایل و یا کامپیوتێرەکەی جارێکی دیکەش ژوور بکاتەوە.

لە کۆتایی دا بۆ ئەوەی پێش بە نیفاق و دووبەرەکی و بێ متمانەیی بگرین، باشترین ئەرک و کار ئەوەیە کە منداڵەکانی خۆمان خۆش بوێن و نەکەوینە نێو داوی ڕژێم و بە هێچ شێوەیەک کوڕ و کچەکانمان وەک لە پەیجە درۆیین و سازکراوەکان دا ناویان هاتووە سەیر نەکەین، ئەوانەی ناویان هاتووە قوربانی دەستی ڕژێم و دواکەوتوویی و نەفس نەزمی نامرۆڤانەی چەند کەسێکن و لە دوا ڕۆژدا ئەو کچ و کوڕانەی ناویان هاتووە دایک و باوکی داهاتووی کوردستانن و پێویستە لە ئێستاوە ڕێزیان لێ بگرین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

١٨ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٤ی زائینی