مەیدانی ئەسڵی خەبات !وەستا ڕەحمان

لە ڕاستەوە: هاوڕێیان مستەفا مەولوودی ، محەممەد کەسرایی و نەفەری دویی حەسەن خۆشکەلام

مەیدانی ئەسڵی خەبات !وەستا ڕەحمان
لە ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی گەلی کورد دا، بە درێژایی مێژوو پێ بە پێی خەباتی پێشمەرگانە یان خەباتی ئاشکرا ، بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە دەرەتانی خەباتی ئاشکرا یا خەباتی پێشمەرگانەیان بۆ نەدەرەخسا، بەڵام هاوکات لە گەڵ ڕەوتی ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی دا بۆ ئەوەی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆشیان بەرامبەر بە گەڵ و نیشتمان بە جێ گەیاندبێ لە شێوازی جۆراوجۆردا بە نەهێنی، بەڵام پێشمەرگە ئاسا لە نێو شار و گوندەکاندا بۆ پشتیوانی لە شۆرش ئەرک و چالاکی شۆرشگێرانەیان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان بەرێوەبردوه .
ئەو شێوازە لە خەبات و تێکۆشان کە پێی دەڵێن خەباتی نەهێنی یا تەشکیلاتی نەهێنی ناوخۆ، دیارە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشاندا سەرکردایەتی شۆرش زۆر خەمخۆرانە و بە بەرپرسایەتییەوە ئاوڕی لەو توێژەی ناوخۆی وڵات، واتە تێکۆشەرانی تەشکیلاتی نەهێنی داوەتەوە و بە بەرنامەوە بۆ رێکخستن و سازمان دانیان هەنگاوی پێویستی هەڵێناوەتەوە و گرینگی تایبەتی پێ داوە.
حیزبی دێموکرات و کادرەکانی تەسکیلاتی ئەو حیزبە، بە پێی پێویست و بەو شێوەیە خەباتی شار و شاخیان لێک گڕێداوە و بە هاوکاری لە گەڵ یەکتر ڕەوڕەوەی خەباتەکەیان بردۆتە پێش، با ئەوەش بڵێم دیارە تێچوو و مەترسیەکانی تەشکیلاتی نەهێنی لە تێچوو و مەترسیەکانی خەباتی ئاشکرا ئەگەر زیاتر نەبن کەمتر نین و نەبوون.
بۆیە ئەگەر مرۆڤ ئیرادەو ئیمانێکی بە هێزی بۆ ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتمانەکەی نەبێ زەحمەتە بتوانێ شان بداتە ئەو شێوازە سەختەی خەبات کە هەر ئان مەترسی گیران ، مەرگ و بێ سەروشوێن کردن لەبەر دەمتە، لەگەڵ هەموو مەترسییەکاندا ئەندامانی نەهێنی لە شار و گوند و شوێنە گشتییەکان دا بە پێی ئیمکان و هەلومەرج پێ بە پێی کادرەکانی حیزبی دێموکرات زۆر بوێرانە لە هەموو کات و ساتێک دا ئامادەی بەڕێوەبردنی کار و ئەرکی حیزبی بوون و هەنووکەش هەر ئامادەن، دیارە ڕژێم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا کە ئەندامانی حیزب و شانە نەهێنییەکانی حیزب بدۆزێتەوە و پووڵ و پارە و ئیمکاناتی زۆر لە ئێختیاری جاش و سیخووڕەکانی خۆی ناوە بۆ ئەوەی ئەندامانی حیزب بدۆزنەوە، ئەندامانی حیزب لە ژێر ڕێنوێنی و هێژموونی کادرەکان دا زۆر بە شارەزایی و بە چاوکراوەیی کارەکانی خۆیان دەکرد، لە مێژووی نەتەوەکەماندا کەم نین ئەو کیژ و کوڕانەی سەربەرزانە چوونە ژێر پەتی سێدارە و لە ژێر پێیانەوە تفیان لە نێوچاوانی دوژمن دەکرد یا کونجی زیندانیان کردە فێرگەی خۆپێگەیاندن و قوتابخانەی شۆرش .
هەروەک لە بەشەکانی پێشتردا باسم کرد حزوری بەردەوامی تیمە تەشکیلاتیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو جەرگەی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەر گوڕوتینێکی زۆری بەخۆوە گرتبوو ، رژێم زۆر بە بەربڵاوی کاری دەکرد کە بتوانێ پێش بە جموجۆڵ و هەڵسورانی کادرەکانی تیمی شار بگرێ ، بەڵام لێزانی ، شارەزایی ، نەهێنی کاری و هاوکاری بە بەرنامەی کادرەکان لە گەڵ ئەندامانی نەهێنی و هەستە تەشکیلاتیەکانی ناو شار بە تەواوی سەری لە دوژمن شێواند بوو .
رۆژێک لە رۆژەکانی هاوینی ١٣٧١ی هەتاوی بە پەیامێکی تایبەت لە لایەن کاک محەممەد کەسرای‌یەوە ئاگادار کرامەوە کە سبەینێ کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە نێو شاری خۆم بگەیێنمە ماڵی ژمارە بیست و یەک ، بۆیە ڕۆژی دیاریکراو بە بیانوی سەر ئێشە نەچوومەوە سەر کار و لە سەعاتی دیاری کراودا بە هەست و غرورێکی لە رادەبەدەر کوردانە و شایی بەخۆبوونێکی زۆرەوە بەرەو شوینی مەبەست وەرێکەوتم، بە تێپەرین لە شەقام و کۆڵانە تەنگ و باریەکەکانی شاردا هاوکات کە هەستێکی خۆش و پر لە ئێحساس و لەرزێکی تایبەت هەموو لەشی داگرتبووم بۆ کۆنترۆڵ کردنی دەوروبەری خۆم چاوێکم ببوو بە چوار چاو ، سەرەنجام گەیشتمە کۆڵانی ماڵی ژمارە بیست و یەک ، بەو هەستە تایبەتەی کە بە درێژایی رێگاکە دایگرتبووم، ترپە ترپی دڵم گەیبۆ ئەوپەری خۆیی ، گەیشتمە پشت دەرگا و بە چاوخشانێکی خێرا بە دەوروبەردا بێ سێ و دوو لە دەرگام دا ، هەر زوو دەرگا کرایەوە و دایەخانم بە سەرو دەستماڵێکی جوانی کوردانەوە و بە ڕوویێکی گەش و دەم بە پێکەنین وەک ئەوەی کوڕی ماڵەوە بم گوتی بەقوربانت بم وەرە ژوورێ ، خێرا دەرگای پێوەدایەوە ، گوتی رۆڵە گیان بەخێر بێی سەرچاوی دایکی خۆت یاڕەببی خوا بت پارێزێ.
دوایی بە دەست ئیشارەی کرد کە کوڕەکان لەو دیوەن . بۆخۆشم نازانم چۆناوچۆن دەرگام کردەوە لە یەکەم نیگا و دیتنی قەڵافەتی بەرزی پێشمەرگانەیان چ هەستێکی خۆش و شۆرشگێرانە سەرتاپای لەشی داگرتبووم ، لە ئامێز گرتنی قەڵافەتی بەرزی پێشمەرگانە و نەترسانەی کاک مستەفا مەولودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ، کاک محەممەد کەسرایی بەرپرسی تیمی شار ، لەو کات و ساتەدا و لەو شوێنە هەستیارەدا هەستێکی وەهایان پێ بەخشیبووم کە قەڵەمی من بۆ وەسفی ئەو ساتەوەختەی کە لێواو لێو پرە لە ئازایەتی ، چاو نەترسی و فیداکاری لە پێناو گەل و نیشتماندا، لە دەربرینی وشە و رەستەی شیاو و بە پێز کڵۆڵ و دەستەوەستانە .
دوای باسێکی تێروتەسەل لە سەر وەزعی مەوجودی حیزب و هەنگاوەکانی داهاتوومان و وەرگرتنی رێنوینی و راسپاردە تەشکیلاتیەکان ، هەروەها دیاریکردنی ئەرک و وەزیفەی سەرشانم لە ماوەی مانەوەیان لە ناو شاردا ، ئەمن باسی ئەوەم کرد کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سەرمایەی دوا رۆژی رێبەری حیزبە، بۆیە پێویست بەو ریسکە پر مەترسیە لە ناو شاەرەکان ناکات و خۆپاراستنتان لە بەرژەوەندی دوا رۆژی حیزب دایە ، بەڵام کاک مستەفا لە وەڵامدا گوتی حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە ، ئێمە بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان و رزگاری ئەو ئاو و خاکە چەکی پێشمەرگایەتیمان دەست داوەتی و خوینی ئێمە لە خوینی پێشمەرگە رەنگینتر نییە، هەروەها مەسئولیەتی ئەو خەبات و تێکۆشانە زیاتر لە سەر شانی ئەندامانی رێبەری حیزبە، بۆیە ئەرکی سەر شانی رێبەری حیزبە بۆ وشیار کردنەوەی خەڵکەکەمان و لە قاودانی سیاسەتی دژی گەلیانە و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خەڵکی کوردستان، پێویستە هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵ پێشمەرگەکان لە ناو خەڵکی خۆمان دابین، چونکە ئەوەی لەدوا رۆژدا سەرنەویشتی حیزبەکەمان دیاری دەکا ئەوە دەنگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
دیارە لە ماوەی چەندین ڕۆژ مانەوەیان لە ناو جەرگەی شاردا بە پێی بەرنامەیەکی رێک و پێکی تەواو تەشکیلاتی بە لەبەر چاوگرتنی ئەوپەڕی نەهێنی کاری و هەموو ڕێوشوینە ئەمنیەکان و ئامادەکاری بۆ هەر ڕووداوێکی چاوەروان نەکراو، دوابەدوای بەسەر کردنەوەی شانە تەشکیلاتیەکان و بەجێ گەیاندنی ئەرک و مەئموریەتی ئەو سەفەرە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو بە سەلامەتی و سەرکەوتوانە شاریان بە لاوانی پێشمەرگە ئاسای دێموکرات سپارد .
وەستا رەحمان
فینلەند : ١-٦-٢٠٢٥