پەیامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ٨١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان

پەیامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ٨١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان
لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کورد!

ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان!

ئەمساڵ لە خاکەلێوەیەکی جیاوازدا یادی نەورۆز و سەری ساڵ و ٨١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی لاوانی کورد دەکەینەوە. ڕێکخراوێک کە دامەزرانی لە جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانی‌دا یەکەمین وێستگەی خەباتی ڕێکخراوەیی لاوانی کورد بوو.

٨١ ساڵ لەمەوبەر دامەرزاندنی سازمانی جەوانانی کورد بە هەوڵ و تێکۆشانی پۆلێک لاوی ژیر و دڵسۆز لە مەهاباد، سەلمێنەری ئاستی بەرزی شعووری سازمانی و دەرکی تێکۆشانی لاوان لە بواری نەتەوەیی بوو. لەسەردەمێکدا کە دەسەڵاتی داگیرکەر لە تاران‌ڕا خەریکی جێبەجێکردنی پیلانی یەکدەست کردنی وڵات و تواندنەوەی نەتەوەکان بوو لە دەفری ئێرانییەت‌دا، ئەوە لاوانی کورد بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی لەبەرابەر نەتەوەکەیاندا خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی دەست پێدەکەن و بە ڕێکخستنی لاوان و دەرکردنی گۆڤار و بەڕێوەبردنی شانۆ، شەپۆلێکی بەرینی هوشیاری نەتەوەیی لە کۆمەڵگایەکی فەقیر و نەخوێندەواردا وەگەڕ دەخەن و پێگەیەکی بەرزی جەماوەری بۆخۆیان دەستەبەر دەکەن، بە چەشنێک کە ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژێ کاف و شەخسی پێشەوا قازی‌ش بە چاوی ڕێزەوە سەیری تێکۆشانی لاوان و ڕێکخراوەکەیان دەکەن.

خەباتی نەتەوەیی کۆمەڵەی ژێ کاف وەها سەرنجی سازمانی جەوانانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشی کە بوو بە ساباتێک بۆ تێکۆشانی لاوان و پاشان بە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، سازمانی جەوانان ناوی بۆ یەکیەتیی لاوانی دێموکرات گۆڕا و دەرفەتی تێکۆشانی بەربڵاوی لە شار و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بۆ ڕەخسا. پاشان بە بڕیاری پێشەوا قازی لاوان بۆ پەروەردەی سیاسی و زانستی ڕەوانەی باکۆ کران و لە ئیدارەی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان ئەرکیان پێ ئەسپێردرا. بەم شێوەیە بە دیرایەتی پێشەوا قازی پەروەردەی سیستماتیکی جیلێکی نوێ بۆ ئیدارەی وڵات و حیزب دەستی پێکرد کە پاش نسکۆی کۆماری کوردستان و شەهیدکرانی ڕێبەرانی کۆمار و حیزبی دێموکرات، ئەوە ئەو لاوانە بوون کە سەرلەنوێ دەستیان بە بووژاندنەوەی حیزبی دێموکرات کرد و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەییان درێژە پێدا.

لاوانی شۆڕشگێڕ و شوناسخوازی کورد!

بۆ یەکیەتیی لاوانی دێموکرات شانازییەکی گەورەیە کە وێستگەی یەکەمی خەبات و پەروەردەی سیاسی بەشێکی زۆر لە کادر و ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و یەک لەوان شەهید دوکتور قاسملوو بووە. یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەسەردەمە جۆراوەجۆرەکاندا لە سەنگەری خەباتی نەتەوەییدا تێکۆشاوە و لە ڕەوتی خەباتی پێشمەرگانەدا شەهیدی داوە و بۆ بەروپێشبردنی پرسی کورد هەردەم خۆی بە پشتیوانی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات زانیوە،

یەکیەتیی لاوان بەو پاشخانە مێژووییە پڕشنگدارەی، ئێستاش ئاڵاهەڵگری سەربەستی و سەربەخۆییە و لەو پێناوەشدا دژی هەرچەشنە پاشکۆییەک و ملکەچییەک وەستاوەتەوە کە دەیانویست لەژێر ناوی کورد هاوپەیمانییەتی تاکڕەوانە و خۆسەپێن و کورت خایەن و کورت‌بین و کوردنەبین پێک بهێنن و خوێنی لاوان بەفیڕۆ بدەن.

لاوانی وزە بەخشی کوردایەتی!

هەنووکە بزووتنەوەی مەدەنیی کورد لە ڕۆژهەڵات سەبارەت بە نرخاندنی پرسی شوناس، هەڵگری نوێگەری و داهێنانە و ئەمەش واتای لەسەرهەست بوونی لاوانی تازە پێگەیشتوویە لەسەر ناسنامەی کوردبوون.

بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادی جودا لەوەیکە کۆمەڵێک پەیامی نەتەوەیی و ئینسانی بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان لەخۆگرتبوو، بەفەرمی دەسپێکی هاتنە کایەی جیلێکی نوێی خەباتکاری نەتەوەیی و یەکسانیخوازی بۆ مەیدانی تێکۆشان ڕاگەیاند.

بزووتنەوەی “نا” گوتن بە پڕۆسەی نادێموکراتیک و داگیرکەر تەوەرانەی ڕێژیم لەژێر ناوی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دی هەڵگری پەیامی نەتەوەیی بوو کە کۆمەڵگای کوردی بە بایکۆتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم نوێنەرایەتی خەباتی نەتەوەیەکی خاک داگیرکراویان کرد و سەرلەبەری پڕۆسەکەیان ڕەد کردەوە.

بەشداری لاوان و ژنان و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە هێما و نیشانە نەتەوەییەکان لە بزووتنەوەی نەورۆزدا درێژەدان بە بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادی بوو لە پێناو پڕۆژە گەورەکە، کە بزووتنەوەی شوناسخوازانە و ڕزگاریخوازانەی کوردە.

پێشوازیی بەرفراوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خاوەنداریەتییان لە هێما و سیمبولە نەتەوەییەکان، بە هەموو شێوەیەک سوڵتەی داگیرکەری ڕەدکردەوە و لاوانی کورد بە هەڵکردنی مەشخەڵانی نەورۆزی ڕزگاری، لاپەڕەیەکی نوێیان لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان تۆمار کرد و لە دەی خاکەلێوەدا بە ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کۆماری کوردستان و سەرقافڵەی شەهیدان پێشەوا قازی بزماریان لە تابووتی بیری شۆڤێنی داکوتا و سەلماندیان کە میراتگرێکی بە حەقی ڕێبازی کوردایەتین و ئەمەش ڕیشەی لە کۆمەڵەی ژێ کاف و کۆماری کوردستان و خەباتی بێ پسانەوەی لاواندابوو کە پێویستە ئەم دەسکەوتە نەتەوەییە بە هەموومان بپارێزن.

لاوانی ڕزگاریخوازی کورد!

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو گەیاندنی پەیامی خەباتی لاوانی ڕۆژهەڵات بە لاوانی نەتەوەکانی دیکەی جیهان بەردەوام تێکۆشاوە و بەرهەمی ئەو تێکۆشانە، بە پەسەند گەیاندنی بڕیارنامەکانی تایبەت بە بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادی و هەروەها ناساندنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردان بووە لە کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست.

لاوانی ڕۆژهەڵات!

گرێدراویی خەباتی لاوانی کورد لەگەڵ حیزبی دێموکرات مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و ڕیشەی لە ئیرادەی ئەو حیزبە لە بە دەوڵەتکردنی نەتەوەی کورددایە. لەسەروبەندی کۆتاییەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم ئەوە حیزبی دێموکرات و پێشەوای ئەو حیزبە بوون کە یەکەمین قەوارەی سیاسی کوردییان دامەزراند.

هەربۆیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانازییەکی گەورەیە کە سەرجەم سیمبولە نەتەوەییەکان لەهەناوی حیزبی دێموکرات و خاکی ڕۆژهەڵاتدا لەدایکبوون و ئێستا کوردستانی گەورە شانازییان پێوە دەکات و بوونە هەوێن و چاوگی خەباتی نەتەوەیەکی پەنجا میلیۆنی.

ئێمە دڵنیاین کە نەتەوەکەمان تا خاوەنی لاوانی شۆڕشگێڕ و نێشتمانپەروەری وەک ئێوە بێت و پێشەنگی خەباتمان بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بن، هەر سەردەکەوین و کوردستان ڕزگار دەکەین.

شەهیدان سەرچاوەی هێز و باوەڕمانن و بنەماڵەکانیان ڕێبەرن

سەروەری بۆ شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان

سەرکەوتن بۆ کوردستان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی