ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی: کۆچی دوایی کاک هاشم کەریمی

ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی: کۆچی دوایی کاک هاشم کەریمی
کاک هاشم کەریمی، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی (٥ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە شاری لەندەن پێتەختی بریتانیا ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە مەرگی کاک هاشم کەریمی حیزبی دێموکرات و خەباتی میللی-دێموکراتیکی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان تێکۆشەرێکی زۆر بەوەج و دڵسۆزی خۆیان لەدەست دا.

کاک هاشم کەریمی ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری بانە لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری بانە تەواوکرد و ساڵی ١٣٣٥ بۆ دیتنی دەورەی پێگەیاندنی مامۆستا چووە شاری سنە و پاش تەواوکردنی ئەو دەورەیە لە ناوچەی بانە وەک مامۆستای قوتابخانە دامەزرا. ئەو کە لە بنەماڵەیەکی خەباتگێڕدا گەورە ببوو لە هەڕەتی لاوەتیدا لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا دەستی بە کاروچالاکیی سیاسی کرد. زوڵم و ستەمی ڕێژیمی پاشایەتی و چەوسانەوەی نەتەوەیی، بیری شۆڕشگێڕی و خەبات دژی ڕێژیمی حەمەڕەزاشای پەهلەویی لە کاک هاشم کەریمیدا بەهێزتر کرد و چالاکانە قۆڵی لە ڕوونکردنەوەی سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم بۆ خەڵک هەڵماڵی. هەر لەسۆنگەی چالاکییەکانیەوە، ناوەندی ئەمنییەتیی ساواک سەرەتا بەرەو گوندی چەمپاراو لە بانە و دواتریش بۆ شاری نەهاوەند دووری خستەوە.

کاک هاشم کەریمی لە قۆناغێکی دیکەی ژیانیدا بۆ درێژەدانی خوێندن چووە تاران و ساڵی ١٣٥٠ لە زانستگەی تاران لیسانسی زانستە سیاسییەکانی وەرگرت و لەو ماوەیەدا بە ناسیاوییەکی زیاتر لە سەر کۆمەڵگە و گرفتەکانی وەک چەپێکی نەتەوەیی کە لەگەڵ بیرکردنەوە لە ڕزگاریی نەتەوەیی بیر لە ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی چینایەتییش دەکاتەوە، درێژەی بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی دا. کاک هاشم کە بەرپرسی کومیتەی خوێندکارانی حیزبی دێموکرات لە تاران بوو، نەورۆزی ١٣٥٢ بە دەداوکەوتنی تیمی تەشکیلاتیی حیزب و شەهیدبوونی نەمر قادری ویردی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەدیل¬گیرانی هاوڕێ محەممەد سدیق کە ئەڵقەی پەیوەندیی کاک هاشم لەگەڵ ڕێبەریی حیزب بوون کەوتە بەر مەترسیی گیران و ناچار بوو پەنا بۆ باشووری کوردستان بەرێ و بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەو بەشەی کوردستان مایەوە و لەوێوە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی خۆی دژی ڕێژیمی پاشایەتی درێژە پێ دا. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە هاوڕێ محەممەد سدیقیش پاش چەند مانگ ئازار و جەزرەبە لە زیندانی سنە لەگەڵ تێکۆشەر عەزیز مستەفازادە هەر لەو شارە ئیعدام کران.

کاک هاشم ساڵی ١٣٥٢لە کونگرەی سێهەمی حیزبدا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و چەند مانگ پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٣٥٧ی هەتاویدا بەنهێنی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لە شاری سنە نیشتەجێ بوو. بەڕێزیان لە قۆناغی نوێی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا لە کۆنگرەکانی چوار، پێنج، شەش و حەوتی حیزبی دێموکراتدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەکانی شەش و حەوتدا بە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب هەڵبژێردرا و لە کۆنگرەکانی ٩ و ١٠ی حیزبی دێموکرات-ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و درێژەی بە ئەرکی خەباتگێڕانەی خۆی دا.

کاک هاشم کەریمی دوای کۆنگرەی ١١ی حیزب چووە دەرەوەی وڵات و لە بریتانیا لە شاری لەندەن نیشتەجێ بوو، بەڵام هەتا دواساتەکانی ژیان و تەمەنی کۆڵی لە تێکۆشانی سیاسی بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی لە بندەستی نەدا و هەموو بیر و توانای بۆ پێشخستنی خەباتی نەتەوەکەی دانابوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەر هاشم کەریمی سەرەخۆشی لە هاوسەر و کچ و کوڕەکانی و تێکڕای ئەندامانی بنەماڵەی خۆشناو و خەباتکاری کەریمی‌یەکان لە بانە و هەموو هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات و لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا. ڕووحی شاد و ڕێگای خەباتی پڕڕێبوار بێ.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی