دوو شێعر لەژێر بارستای یەک خەمدا. تاهیر قاسمی

دوو شێعر لەژێر بارستای یەک خەمدا. تاهیر قاسمی

پێکهاتنی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتر وەڕێخستنی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ (١٩٦٧ – ١٩٦٨)، هومێدی زۆری وەبەر ئازادیخوازن و تێکۆشەرانی نێوخۆی کوردستان و ئێران نا. لەم نێوەدا ڕووناکبیران، ئەدیبان و شاعیرانی کورد، بە تایبەتیتر دڵیان بەو شۆڕشە بەست و هیوایان لە سەر داڕشت. دواتریش کە ئەم شۆڕشە چەکدارییە سەرکوت کرا و بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگە و ڕێبەرانی شەهید کران، خەمێکی قورسی بۆ کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستان بەجێ هێشت. بەشێک لە ئەدەبی بەرگریی کوردی ڕۆژهەڵات لەو سەردەمەدا و لە پشتیوانیی ئەم شۆڕشە یان لە شینی شەهیدەکانیدا لەدایک بوو.

خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧، لە بەهاری ١٣٤٦ی هەتاوی (١٩٨٧)، بە گەڕانەوەی دەستەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت و بانە دەستی پێ کرد. شۆڕشێک کە ئامادەکاریی پێویستی بۆ نەکرابوو. بەشێکی دەرەنجامی ناکۆکیی ناوخۆیی و گوشاری شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور بۆ سەر ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە خوازیاری سەربەخۆیی سیاسی و کردەیی خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات بوون. ئەوان کە لەباری سیاسیشەوە ڕوانگەی چەپ و سوسیالیستییان هەبوو، بە پێکهێنانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هێڵی سیاسیی خۆیان لە ئەحمەد تۆفیق وەک کەسی یەکەمی حیزبەکە و زۆرینەی ڕێبەریی حیزب جودا کردبۆوە. محەممەدئەمینی سیڕاجی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە، سالار حەیدەری، سنار مامەدی، فایق موعینی و عەبدوڵڵا موعینی لە ڕێبەرانی ئەم کۆمیتەیە و لە بەڕێوەبەرانی ئەم تێکۆشانە سیاسی – چەکدارانەیە بوون کە سەرجەم کەمتر لە ١٨ مانگی خایاند. لەو ماوەیەدا زۆربەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ لەشەڕ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتی یان لەلایەن کاربەدەستانی شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور شەهید کران. لەم نێوەشدا شەهیدبوونی سمایلی شەریفزادە داخێکی گرانتری بۆ هاوڕێ ئەدیب و خوێندەوارەکانی بەجێ هێشت.

سمایلی شەریفزادە ناسراو بە سمکۆ، ساڵی ١٩٤٢ لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی بازرگاندا لەدایک بوو. زۆر منداڵ بوو کە باوکی کۆچی دوایی کرد. قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە مەھاباد و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەلبورزی تاران تەواو کرد و دیپلۆمی وەرگرت. لە بەشی ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک لە زانکۆی پیشەیی تاران درێژەی بە خوێندن دا. لە زانستگا لەگەڵ گروپە چەپ و مارکسیستییەکان ئاشنا بوو. وێڕای خوێندکارە کوردەکانی تر دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. ساڵی ١٩٦١ لەلایەن ساواکەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەستبەسەر کرا. ساڵی ١٩٦٤ کە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە کەوتنەوە بەر هێرشی ساواک، شەریفزادە ناچار بوو خۆی پەنا بدا. سەرەنجام لەکاتێکدا کە تەنیا چوار مانگی بۆ کۆتایی خوێندن مابوو، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو. وەک کادیرێکی سیاسی لە ڕیزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانە کرد. لەگەڵ هاوڕێکانی دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری تیشک کرد کە سەرجەم سێ ژمارەی لێ دەرچوو. لەپەنا ئەوەدا کتێبی “بەرگرییەکانی خوسرەوی ڕوزبێهـ”یشی کرد بە کوردی. لە پێشەنگانی پێکهێنانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخەرانی خەباتە چەکدارانەکەی بوو. هەم وەک ڕێبەر و هەم وەک پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی ئەم خەباتە چەکدارییەدا بوو.

شەهید سمایلی شەریفزادە
شەهید سمایلی شەریفزادە

دوای چەندین مانگ خەباتی پێشمەرگانە، شەوی چوارشەممە ، ١ی مانگی مەی ١٩٦٨، شەریفزادە وێڕای چوار پێشمەرگە سەردانی گوندی دارێنە لە ناوچەی بانەیان کرد کە لەوێ لەلایەن جاشێک بە ناوی کوێخا شەریف ڕاپۆرتیان لێ درا. ڕۆژی دواتر، لە شوێنێکی نیزیک گوندی دارێنە مابوونەوە کە کەوتنە بەر هێرش و گەمارۆی هێزێکی زۆری ڕێژیمی داگیرکەری تاران. دوای بەرەنگارییەکی چەند سەعاتە، سەرەنجام سمایلی شەریفزادە و هاوڕێکانی؛ میرزا محەممەدی شادمانی، حوسێنی ڕەحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵ شەهید کران و “ئالیاز” لە حاڵێکدا کە بریندار بوو، توانی خۆی دەرباز بکا. تەرمی ئەو شەهیدانە نەدرانەوە بە بنەماڵەکانیان و بە نهێنی لە گۆڕستانی تایلە لە کوچکەڕەشی سنە نێژران. دە ساڵ دواتر و لەبەرەبەری سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٩٨٧ی ئێران، هونەرمەندانی تێکۆشەری کورد پەیکەرێکی واتاداریان بۆ گڵکۆی ئەو شەهیدانە داڕشت. ئەوەش شاری سنەی زیاتر کرد بە قیبلەگای شۆڕش و کوردایەتی. بەڵام ئەو پەیکەرە هونەرییە تەنیا کاردانەوەی هونەر بەو کارەساتە و بە لەدەستچوونی سمایلی شەریفزادە نەبوو. بەر لەوەش، ڕەنگدانەوەی لە گەلێک شێعر و بابەتی دیکەی ئەدەبی و هونەریدا دانابوو. دیارە بەشێکی زۆری ئەو ڕەنگدانەوانە وەک پەیکەری قارەمانان لە سنە کە لە دۆخی نیوە ئازادی شۆڕشی ١٩٧٩دا خوڵقا، لێبڕاو نەبوون و لە ژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی دیکتاتۆردا، پتر دەربڕینی بە هێما و ڕەمز بوون. لەم نێوەشدا بە تایبەت ناوی هاوار (عەلی حەسەنیانی؛ ١٩٣٩ لە تاران، ئێران – ١٩٩٢ لە کۆپنھاگن، دانمارک) و سوارە (سوارەی ئیلخانی‌ زادە؛ ١٩٣٧ تورجانی سەقز – ١٩٧٦ تاران

لە ڕاستەوە؛ کەسی چوارەم سمایل شەریفزادە، پێنجەم عەلی حەسەنیانی، نۆهەم حەمەدەمین سیڕاجی، کۆڕی خوێندکارانی کوردی زانستگای تاران
لە ڕاستەوە؛ کەسی چوارەم سمایل شەریفزادە، پێنجەم عەلی حەسەنیانی، نۆهەم حەمەدەمین سیڕاجی، کۆڕی خوێندکارانی کوردی زانستگای تاران

( کە هەردوویان بە بناخەدانەرانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێن و هەر دوو هاوتەمەن، هاوڕێ، ڕەنگە لە بەشی مافناسی لە زانستگای تاراندا هاوپۆل و سەرەنجام لە باری سیاسییەوە هاوڕا و هاومەرام بوون، پتر دەدرەوشێتەوە. لەگەڵ ئەوان هەروەها ناوی “چاوە” (فاتیحی شێخولئیسلامی؛ ١٩٤٧ مەریوان – ) بەردەوام بەر گوێ دەکەوێ کە بە یەکەوە سێکوچکەی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێنن. “چاوە” بە پێی تەمەنەکەی، ڕەنگە بڕێک درەنگتر، بەڵام لە گەڵ ئەوان خوێندکاری زانستگای تاران بوو. سمایلی شەریفزادە لە کۆڕی ئەو شاعیرانە و ژمارەیەکی دیکە لە خوێندکاران و قەڵەمبەدەستانی کوردی زانستگای تارانەوە هاتەدەر و چەکی پێشمەرگایەتی لەشان کرد. تا ئاستێک کە دەتوانین بڵێن لەنێو حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی شۆڕشگێڕییەکەی و خەباتە چەکدارانەکەی ساڵانی ٤٦ – ٤٧ دا سمکۆ نوێنەری ئەوان و بە گشتی نوێنەری خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کورد بوو.

سوارە زیاتر لە ئەوانی تر شاعیری ئەو خەباتە چەکدارییە بوو. هەم شێعرەکانی بەناوبانگترن و هەمیش بەشی بەرچاوی شێعرە بەناوبانگەکانی، لەوانە؛ بانگەوازی پەنجەرە (؟)، خێڵی درۆ (١٣٤٧)، شەنگە سوار (١٣٤٧) و تەنانەت کچی بەیان (١٣٤٧؟) و خەوە بەردینە (١٣٤٩) بە ئیلهام لەو خەباتە چەکدارییە نووسراون. ئەو شێعرانە وێڕای شار (١٣٥٠) و تۆ دەریامی (١٣٥١) لە شێعرە هەرە بەرز و ناسراوەکانی سوارەن.

ریزی پشتەوە لە ڕاستەوە یەکەم سمایل شەریفزادە. دانیشتوو لە ڕاستەوە؛ چوارەم سوارە، پێنجەم چاوە
ریزی پشتەوە لە ڕاستەوە یەکەم سمایل شەریفزادە. دانیشتوو لە ڕاستەوە؛ چوارەم سوارە، پێنجەم چاوە

هاوار ئەگەرچی ژمارەی گشتیی شێعرەکانی لە هی سوارە پترن، بەڵام بە پێچەوانەی سوارە، کەمترین شێعری لەو ساڵانەدا نووسیوە. بەپێی “گوناە” کە کۆکراوەی شێعرەکانییەتی، ئەو شینەی کە بۆ شەهید سمایلی شەریفزادەی نووسیوە و مێژووی ساڵی ١٣٤٧ی بەژێرەوەیە، تاکە شێعری شاعیر لەو ساڵەدا و بە درێژایی ئەو سەرهەڵدانەیە. بەر لەو ساڵە و پێش لە نووسینی ئەو شینگێڕییەش، خەم و ناهومێدی بە سەر زۆربەی شێعرەکانی هاواردا جەڵغەی بەستووە؛ شاری خامۆشان (١٣٤٥)، کیژی خەم (١٣٤٥)، خەمبار (١٣٤٥) و هەموو ڕەنگە (١٩٤٤) شێعرەکانی پێش سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە و پێش نووسینی ئەو شینگێڕییەن کە پڕن لە خەم و ناهومێدی.
سوارە شینگێڕییەکەی لەژێر ناوی “شەنگەسوار”دا نووسیوە و هاوار ناوی گشتی‌تری “گەلی هەژار”ی بۆ شێعرەکەی هەڵبژاردووە. لەبەرامبەردا، لەژێر تیتری شێعرەکەی هاواردا بە ڕوونی نووسراوە کە “بۆ شەهیدی نەمر سمایلی شەریفزادە (سمکۆ)”یە. لێ شەنگەسوارە گلاوەکەی سوارە بەڕواڵەت نادیارە. مرۆڤ تەنیا بە ساڵی نووسینەکەی (١٣٤٧) و ئەوە کە لەو ساڵ و سەردەمەدا “کەوتنە بەر تەڵەزمی غار”ی هیچ سوارێک، ناتوانێ هیندەی شەهیدبوونی سمکۆ، کاری لە سەر هەستی ناسک و شۆڕشگێڕانەی سوارە کردبێ، دەمانگەیەنێتە سەر ئەو بڕوایە کە شەنگەسوار، بێجگەلە شینی شەهیدبوونی سمایلی شەریفزادە نییە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی دوو شێعری بەر باس، هاوار شین بۆ گەلەکەی دەکا و بە “

تەرمی شەریفزادە و هاوڕێکانی؛ محەممەد شادمانی، حوسێن ڕەحمان ڕابی وعەلی عەوڵا کۆڵ
تەرمی شەریفزادە و هاوڕێکانی؛ محەممەد شادمانی، حوسێن ڕەحمان ڕابی وعەلی عەوڵا کۆڵ

گەلی هەژار و خەمینم، لە زوڵمی بێگانە” دەست پێ دەکا بەڵام سوارە بە تایبەتی شین بۆ قارەمانی لەدەستچوو دەگێڕێ. هاوار، وەک باوی ناو خەڵک و وەک هاوارێک لەناو خەڵکەوە، لە دەست ئەم کۆستە سکاڵا بۆ خودا دەبا؛ “خودا چ زوڵمێکە؟!” یان “خودا هەڵینەگری!”. ئەو هەروەها شین بۆ شکانی سەرجەم شۆڕشەکە دەگێڕێ کە پێی وایە “هەوڵێک بوو بۆ نەمری”. بەڵام بەشێک لە هۆکاری شکانەکە بۆ کەمهێزیی شۆڕشگێڕان لە حاند سپای دوژمن دەگەڕێنێتەوە. لەو سۆنگەیەشدا وەک ونبوونی نووری ئەستێرەی بەیانی لە حاند تیشکی بە هێزی خۆر یان بە بەفرێکی سەر چیا و کوێستان کە تاقەتی خۆڕاگری لە بەر گەرمای نییە، دەیشوبهێنێ:
گەلی هەژار و خەمینم، لە زوڵمی بێگانە
لە گوێن سەهۆڵی سەر دوندی لەند و هەوشینان
کە تاقەتی نیە خۆ ڕاگرێ لەبەر گەرما
تواوە تک تک و ڕێی گرتە بەر بەرەو هیچی…

شەنگە سوار لە سەرەتاوە سۆراغی سواری لەدەستچووی دەگرێ. بە پێداهەڵگوتن بە قارەمانەکەی کە پەڕی سەری نیشانەیەکە لە ئازایەتییەکەی، دەرکەوتنی، هەڵاتنی وەبیر خۆر و ڕاپەڕینی وەبیر خەڵک دێنایەوە، وەسفی دەکا:
کوا شەنگە سوار
کە درەوشانەوەی پەڕی سەری ئەسپی
چاوێک بخاتە بیری تلووعێ؟!

پاشانیش بە تووک و نزا لەو سەرزەویەی کە سواری گلاند:
ئەی سەرزەویی پڕوپووچ
ئەی هەر هەناسەیەک
نەفەسی دواییت

سوارە لەخەمی لەدەستچوونی شەنگەسوار و پووکانەوەی ئەو هیوایەی لەسەر هەستانەوەی سواران هەڵیچنیبوو، تەنانەت سووڕان و بەردەوامیی ژیان بە کردەیەکی بەخۆڕایی و پووچ دەزانێ:

تەرمێ ئەچێ
ژنێ ژانی مناڵی پییا دێ
ئاخۆ هەموو ئەمە بوو ئەمبیست؟!
دامێنی ژینی ئادەمیزاد
هەڵناتەکێ لە مناڵ
لە ژیانی کرچ و کاڵ.

شاعیر ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێ کە دەستیان لەسەر دەست دانا و بەهانای شەریفزادە و شۆڕش و شۆڕشگێڕانەوە نەچوون. درێژەی هەمان لۆمە کە پێشتر لە “خێڵی درۆ”دا بەیان کرا. هەست دەکا کۆمەڵگا سەرەڕای زاوزێ، هێشتا وەجاخ کوێرە یان لە کرچی و پێنەگەیشتووییدا ماوەتەوە. ئەم هەستە پڕ لە ناهومێدییەی شاعیر لە کۆپلەکانی دواتری شێعرەکەشدا دووپات دەبێتەوە. لە کۆپلەی دووهەمدا، شاعیر سەرەتا پڕمەی گریانی لاوان بە پڕمەی ئەسپی دوازدە سوارەی مەریوان دەزانێ کە هێمای گەیشتن بە ڕزگاری و ئامانجە، بەڵام کە دەزانێ ئەمە داخی لەدەستچوونی شۆڕش گریان بۆ مەرگی شەنگەسوار لەژێر “تەڵەزمی سماتەی غار”ی داگیرکەردایە، دیمەنێکی لێوڕێژ لە ناهومێدی و بێ هێزی پێشانی خوێنەر دەدا:

گڵکۆی شەریفزادە و هاوڕێکانی لە گۆڕستانی تایلەی کوچکەڕەشی سنە
گڵکۆی شەریفزادە و هاوڕێکانی لە گۆڕستانی تایلەی کوچکەڕەشی سنە

کوا شەنگەسوار؟
وا کەوتە بەر تەڵەزمی سماتەی غار
ئاسمان ئەوەندە خۆڵەمڕە
قاز و قورینگ تەپ و تۆزاوین!
چەخماخەدانی هەوری نەزۆک
ئەستێ و بەرد و پووشوون
بە دەستی پیری لەرزۆک

هاوار ئەم ناهومێدی‌یەی خۆی بە شکستی سروودی “ئەی ڕەقیب” و بێ ئاکامیی دروشمی “نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان” کە بۆ کوردێک نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئاکامیی هیواکانییەتی، دەردەبڕێ:

گەلێ کە دانەیی تۆپی زەمانە نەیدەشکاند،
لە ژێری باری گرانی گوناهی پێشینیان،
وەکوو وەنەوشەی ملکەچ لە ئاستی هێرشی با،
بەبێ ئەوەی کە بپاڕێتەوە و بناڵێنێ،
چەماوە، کۆم بۆوە..
لێرە هاوار سەرکۆنەی دوو لایەن دەکا؛ یەکەمیان پێشینیان و “باری گرانی گوناهیان” کە ڕوون نییە کە ئاخۆ مەبەست لە “پێشینیان” و گوناهەکەیان، هەما واتا باوەکەی باپیرانە کە وەک دوکتور قاسملووی شەهید دەڵێ؛ “ئەگەر پێشینانی ئێمە ئەرکی خۆیان بە درووستی بە جێ گەیاندبا، وەچەی ئێمە ڕەنگە شەهیدی نەدەبوو..” یان ڕووی لەو گوشارانەیە کە شۆڕشی لەپێشتری باشوور خستبوویە سەر خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵات و ئەوانی ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. دووهەمیان سەرکۆنەی ئەوە دەکا کە خۆی وەک “خادمی گەل” لە ریزی تێکۆشەراندا نیشان دەدا بەڵام خیانەتی لێ کردن و بوو بە “دوژمنی گەل. لێرەش دیسان جێگای پرسیارە کە ئاخۆ مەبەست لە “خادمێ” کە “بوو بە “دوژمن”، هەر “کوێخا شەریف”ە کە ئەگەرچی پێشتر لە ڕیزی تێکۆشەراندا بوو بەڵام ڕاپۆرتی لە شەریفزادە و هاوڕێکانی دا و دەستی لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کرد یان نا مەبەست هەمان گوشارەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و دەرکردن و زیندان و کوشتنیان لەسەر داوا و دنەی دەسەڵاتی داگیرکەری پاشایەتی لە تارانە؟ لەو وادەی بەهار و بانەمەڕەدا، گەیشتنی ئەم هەواڵە وەک ئەوەیە کە شنە بە جێی بۆنی گوڵ، بۆنی ژەهر و سەمی بۆ شاعیر و هاوڕێکانی هێنابێ و کوێخا شەریف یان شۆڕشی باشووریش کە دەبوو یار و یارمەتیدەری شەریفزادە و هاوڕێکانی با، خیانەتی لێ کردن و دەستی خستە ناو دەستی دوژمنانی گەلەوە:

شنەی شەماڵی بەیانی کە بۆنی گوڵ دێنێ
لە بۆ مە تینی سەموومە، کە مردنی لە گەڵە
ئەوەی کە خادمی گەل بوو، دەهات و خۆی دەنواند،
لە بەختی ئێمە ئەوێستێ لە دوژمنانی گەلە…
بەڵام سوارە لە شەنگەسواردا لۆمەی خەڵکی دیکە ناکا بەڵکو لە کۆتاییدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی قسە زلی و دەستەوەستانی دەوروبەر و خەڵکی خۆیی دەکا کە دەستیان تا ئاستی پیرەڵۆک بوون بە ئارەقە، خستۆتە بەر پشتێند، دڵیان وەک هەمانەیەکی هەڵمساو پڕە لە هیچ، کەللەیان وەک زڕکەتاڵە بەتاڵە، خوێن بە دەمارەکانیاندا گوزەر ناکا، تەنیا قسە دەکەن و هیچ کردەوەیان نییە؛

ئەمڕۆ هەر شەویلکە لە کارایە!

دەس پیرەڵۆکی ئارەقی بەر پشتێن!
دڵ هەمانەی کەلوانە!
سەر گڕکەتاڵە
دەمار بێ‌خوێن!
سوارە بەشێکی زۆری ساڵانی کۆتایی تەمەنی بە نەخۆشی بردە سەر و دەست بە گۆچان دەڕۆی. بەڵام بەو حاڵەش حەولی دەدا بە کردەوە لە پشت ئەم شۆڕشە بێ و خوێنی تازە بخاتە ناو دەمارەکانی ئەو خەباتە چەکدارییەوە. ئەوەش جگە لە هەست بە بەرپرسایەتیی کردنی سوارە لەحاند شۆڕش، ڕەنگە لەسەر داوا و پێداگریی شەریفزادە خۆی بووبێ. گەرچی بەڵگەیەک لەو پێوەندی و نامەگۆڕینەوەی سمکۆ لەگەڵ سوارە و هاوڕێکانی لە زانکۆ، لەبەردەستدا نییە بەڵام سەرەداوی بۆچوون و داوایەکی ئاوا لە نامەیەکی بۆ دوکتور قاسملوودا بە ڕوونی خۆی نیشان دەدا؛ “ئەمڕۆكە تۆفانێكی بەتەوژم سەرانسەری وڵاتی گرتۆتەوە. هەموو لایەك بە ئۆمێدی بێ‌‎پایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەكەمان و ئەگەر بێت و بەشێوەی عیلمی و دڵسۆزانە ئەم خەباتە بەڕێوە ببرێت، دڵسۆزان و تێگەیشتووان و پێگەیشتووانی سیاسی، ڕوناكبیران و شۆڕشگێڕان بێنە كایەوە و جڵەوی كارەكان بەدەستەوە بگرن، ئەودەم داری هومێدی هەموو لایەک بەر دێت و نەتەوەكەمان بە ئامانجی خۆی دەگات.(١)” بەدوور نییە سمکۆ نامەی هاوشێوەی بۆ سوارە و هاوڕێکانی دیکەشی لە زانکۆ ڕەوانە کردووە و هەمان داوای بەرەوڕوو کردبنەوە. داوایەک کە وێناچێ وڵامی پێویستی وەرگرتبێتەوە. چونکە ئەم سەرکۆنەکردنەی کەسانێ کە هەر قسەی زلی بێ کردەوەیان هەیە، لە شێعری “خێڵی درۆ”شدا ڕەنگی داوەتەوە؛

…ئێوە:
کەی شێری چیان؟
بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن
قاقڕە گیانە هەوای بەرپشتێن
شۆرەکاتێکە کوژەی خەڵفی دەست
زەلکەیە کۆڕەکەتان ئێوە زەلن
هەر بە بایەک ئەگڕێن بێ دەربەست
کام بەیان بەر بوو لە بەندی شەوەزەنگ؟
کام کولەی شۆڕ بە نەفەستان لاچوو؟
مل بە بەرمووری وشەی ڕەنگاوڕەنگ!
کامە پێ کەوتە پیاسەی ڕێتان؟
ئێستە وا گرمە لە کێوان بەرزە
مێش ئەخاتە لەشی گا بوولەرزە
ئێوەن و ئێوەن و لۆکەی گوێتان
بەسیەتی… بەسیەتی
وا هات… وا چوو

ئەوە کە کام یەک لە “شەنگەسوار” و “گەلی هەژار” ئیلهامیان لە ئەویدی وەرگرتووە، ڕوون نییە. ئاشکرایە کە سوارە لە شێعردا لە دوو هاوڕێ شاعیرەکەی (چاوە و هاوار) سەرکەوتووتر بوو و لە نێوان ئەو دوو شێعرەشدا “شەنگە سوار” ناسراوتر و بە نێوبانگترە. بەڵام مەرج نییە پێمان وا بێ حەتمەن شوێنی شەنگەسوار بە سەر “گەلی هەژار”ەوەیە. دەکرێ پێچەوانە بێ. چونکە هەمیشە ئەوە چاکتر نییە کە شوێن لە سەر چاک دادەنێ و حاڵەتی پێچەوانە زیاترە. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە هیچکامیان ڕاستەوخۆ شوێنیان لە سەر ئەویدی دانەنابێ و تەنیا نووسین لە ژێر قورسایی یەک تراژێدیادا (شەهید بوونی کاک سمایلی شەریفزادە و هاوڕێکانی) وای کردبێ کە منی خوێنەر بە خوێندنەوەی یەکیان، زوو ئەویدیکەم وەبیر بێتەوە. بە تایبەت کە شوێنی نووسینی شێعرەکەی هاوار شاری “ئەراک”ە و بەوەش وێناچێ دوو شاعیر لەو سەروبەندەدا لە لای یەک بووبن. گەرچی شەنگەسوار شوێنی نووسینی بەژێرەوە نییە.

بە کورتی ئەوەی ئاست و کێش و مەبەستی شەنگەسوار و گەلی هەژاری لێک گرێ داوە، هاومەرامی، تراژدیای شەهیدبوونی شەریفزادەی هاوڕێ و ڕێبەر و، شکانی شۆڕشە جێی هومێدەکەیانە کە تەنانەت شوێنی لە سەر لێک نیزیکیی کێشی خەماویی هەردوو شێعر داناوە و بارستای خەم تا ئاستی ناهومێدی و چەمانەوە، لەسەر شانی هەردوو شاعیر قورسایی دەکا.


گەلی هەژار

بۆ کاک سمایل شەریفزادە (سمکۆ)

عەلی حەسەنیانی

گەلی هەژار و خەمینم، لە زوڵمی بێگانە

لە گوێن سەهۆڵی سەری دوندی لەند و هەوشینان
کە تاقەتی نیە خۆ ڕاگرێ لەبەر گەرما

تواوە تک تک و ڕێی گرتە بەر بەرەو هیچی

گەلی هەژار و خەمینم

لە کاتی هەوڵی دوایی کە نەمرێ، خۆ بگرێ

وەکوو ستێری بەیانی لە ئاستی تیشکی هەتاو

لەگەڵ هومێدی بەسەرچوونی ڕۆژ و هاتنی شەو

نەما، مەحو بۆوە…

گەلێ کە دانەیی تۆپی زەمانە نەیدەشکاند،

لە ژێری باری گرانی گوناهی پێشینیان،

وەکوو وەنەوشەی ملکەچ لە ئاستی هێرشی با،

بەبێ ئەوەی کە بپاڕێتەوە و بناڵێنێ،

چەماوە، کۆم بۆوە..

خودا! چ زوڵمێکە؟

شنەی شەماڵی بەیانی کە بۆنی گوڵ دێنێ

لە بۆ مە تینی سەموومە، کە مردنی لە گەڵە

ئەوەی کە خادمی گەل بوو، دەهات و خۆی دەنواند،

لە بەختی ئێمە ئەوێستێ لە دوژمنانی گەلە…

خودا! هەڵینەگری،

خەم و ئەوەندە بە کێ هەڵدەگیرێ ئەی هاوار…؟

چلۆن بمێنێ گەلی وا هەژار و ڕەنج بە خەسار…؟

١٩٦٨ ئەراک


شەنگە سوار

سوارە ئیلخانی زادە

کوا شەنگەسوار؟
کە درەوشانەوەی پەڕی سەری ئەسپی
چاوێک بخاتە بیری تلووعێ
ئەی سەر زەوی پڕ و پووچ
ئەی هەر هەناسەیەک:
نەفەسی دواییت
تەرمێ ئەچێ
ژنێ ژانی مناڵی پێیا دێ
ئاخۆ هەموو ئەمە بوو ئەمبیست؟
دامێنی ژینی ئادەمیزاد
هەڵناتەکێ لە مناڵ
لە ژیانی کرچ و کاڵ.

دیتم کە پڕمە دێ
من گەرمی بیر و هیوا بووم
پڕمەی کەحێلی سوارەی مەریوانە
بێچارە خۆم
پڕمەی گرینی گەنجی عەشیرەت بوو.
ئەی سەردەمی هەموو بەرئاوەژوو!
داخێ، مەخابنێ، خەفەتێ
بۆ چاوی شینی تازە بەهار
کوا شەنگەسوار؟
وا کەوتە بەر تەڵەزمی سماتەی غار
ئاسمان ئەوەندە خۆڵەمڕە
قاز و قورینگ تەپوتۆزاوین
چەخماخەدانی هەوری نەزۆک
ئەستێ و بەرد و پووشوون
بەدەستی پیری لەرزۆک.

ڕووخان بەداخەوە بێ قرمە
ڕووخان کۆشکی لە پۆڵا
دیواری چین و پەیکەری بولهەول.
ئاخۆ فرمێسکی ڕوونی دوا باوەڕ
بۆ مەرگی زرێ بڕێژم
یا ڕووباری چووکی بەفیڕۆ چوو.
ئەمڕۆ هەر شەویلکە لە کارایە
دەس پیرەڵۆکی ئارەقی بەرپشتێن
دڵ هەمانەی کەلووانە
سەر گڕکە تاڵە
دەمار بێ خوێن.
١٣٤٧(١٩٦٨)


ژێدەر:

ڤەژینبوکس

گوناە – شێعرەکانی عەلی حەسەنیانی (هاوار) – پێداچوونەوەی محەممەد ئەمینی شاسەنەم – چاپەمەنی مانگ ١٩٩٦

خەوە بەردینە؛ هۆنراوەکانی سوارە، کۆکردنەوەی کەریم دانشیار، فایلی سەر ئینترنێت

نیو سەدە تێکۆشان – عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

ویکی‌پێدیای کوردی (سمایلی شەریفزادە)

١٢ی بانەمەڕ سەلمێنەری پێشەنگایەتیی خەباتی خوێندکاری کورد – شەماڵ تەرغیبی، ماڵپەڕی کوردستان میدیا

بەشێک لە وێنەکان لە وێبڵاگی ڕوانگەی بەڕێز حەسەن قازی وەرگیراون

** هەر لەم پێوەندییەدا موسلیح شێخەلئیسلامی (ڕێبوار)، برای “چاوە” شێعرێکی بە ناوی دارێنە نووسیوە کە تایبەت بەو تراژێدیایە. من شێعرەکەم لە کۆتاییەکانی دەهەی شەستی هەتاوی لە دەسنووسێکدا خوێندەوە کە هاوڕێی بەڕێزم تاهیر بداغی پێشانی دام و هیچم لێی لەبیر نەمابوو کە دوای دیتنی ئەم دێڕانە شاعیری خۆشەویست هێدی (کاک جەعفەر حوسێن پوور) بۆی ناردم:

موسلیحی شێخولئیسلامی(ڕێبوار)
– بۆ سمایلی شەریفزادە(١٩٤٢- ١٩٦٨)
به‌هارێكی ڕوو به‌ خه‌م بوو
ئاسۆ لێڵ و ڕوو به‌ ته‌م بوو
قژی دارێنە‌ خوێناوی
به‌ سه‌ر سمكۆدا دەیڕوانی
سمكۆ ماندووتر له‌ جاران
ڕێگای ده‌بڕی ده‌گه‌ڵ یاران
چه‌كی دانابوو سه‌ر شانی
شۆڕەلاوی موكریانی
دۆڵی دارێنە‌ تە‌نگە‌به‌ر
سمكۆ دلێر و كۆڵنە‌دەر
ئاواتی ئازادیی وڵات
خستبوویه‌ سه‌ر ڕێگای خه‌بات
جار جار به‌ ڕێدا دەیڕوانی
بۆ به‌رزاییی نیشتمانی
دڵی خۆش بوو به‌ وڵاتی
به‌ تێكۆشان و خه‌باتی
كۆشكی خه‌یاڵ و ئاواتی
سه‌ربه‌ستی بوو بۆ وڵاتی
نێوی زوو ده‌ركرد له‌ شاران
ڕووناكبیری زانكۆی تاران
سمكۆ یاری كرێكاران
پشتیوانە‌ بۆ هه‌ژاران
له‌ پڕ “شه‌ریف”ی كوردفرۆش
كوردستانی هێنایە‌ جۆش
زنجیری عه‌دڵی خوای كورد
ڕزا، پسا، كرا ورد ورد
مافی كوردی پێشێل كرا
كوژرا برا به ‌ده‌ست برا
پلاپیتكه‌ی چه‌كێ له‌رزی
ئه‌شكه‌وتی دارێنە‌ له‌رزی
به‌رامبه‌ر به‌ ئاسۆی زه‌ڕین
لاوانی كورد ده ‌خوێن گه‌وزین
هێشتا گیانی له‌به‌ردابوو
خوێنی له‌ پل نه‌وه‌ستابوو
به‌ دوو چاوی ڕوون و جوانی
بۆ‌ ئاسۆی ڕوونی ده‌ڕوانی
ئاسۆی ڕوونه‌ نیشتمانی
وەک به‌هه‌شته‌ كوردستانی
هه‌روا ده‌تكا خوێنی له‌شی
چیا گرتبوویه‌ باوه‌شی
تین و تاوی له‌شی سمكۆ
به‌ گوڕ ده‌كشا داوێنی كۆ
به‌ كۆش گوڵاڵه‌ی خوێناوی
بۆ‌ سمكۆی ئازای ده‌ڕوانی
ده‌یكوت سمكۆ! وا مه‌زانه‌
ته‌نیا تۆی له‌و كوردستانه‌
بۆ گه‌لی هه‌ژار هه‌ستاوی
گیانت ده‌ده‌ی له‌ پێناوی
باب و باپیران تاكوو بوون
هه‌وڵیان دا بۆ ڕزگاری بوون
دڵی زۆر بێنه‌وا له‌رزی
خوێنی زۆر لاو ڕژا عه‌رزی
به‌ڵام هیچ كات له‌ تێكۆشان
كوردی هه‌ژار نه‌یدا وچان
مادام خه‌بات ماوه‌ باوی
سمكۆ نامری، هه‌ر ماوی.
هەروەها شێعرێکی دیکەشی لەم بارەوە هەیە کە ناسری ڕەزازی بە مەقام خوێندوویە و ئەوەی خوارەوە بەشێک لە شێعرەکەیە:

قیبلەکەم شاری سنەی سەربەرزم
خاوەنی شۆڕە جەوانی تەرزم
قیبلەکەم شاری کزی مل بە کوێن
گۆڕی پیرۆزی شەهیدان لە کوێن
با بچم دەستە گۆڵی لێ دانم
دڵی داماوی لە بەر پێ دانم
گڵە بانانی دڵی سمکۆ کەم
گڵە بانانی دڵی پڕسۆ کەم
چەپکە شێعرێکی بڵێم بۆ سمکۆ
تا وەکوو دەردی گران بێتەوە سۆ
قارەمان تاجی سەری شێر پیاوان
ناوی تۆ بووتە سرودی لاوان

نووسەر: تاهیر قاسمی