ماموستای پێشمەرگە. نووسینی: ئەحمەد حوسێنی

ماموستای پێشمەرگە. نووسینی: ئەحمەد حوسێنی
هاتە پێش لە ماڵی دۆستێکی ژیکەڵە و بەوەفای هاوبەشمان یەکترمان گرتەوە. لە ناو گەرمایی دڵ‌لاوێنی میواندارەیەتی خانەخوێدا، دەستمان بە گفتوگۆ کرد کە پڕ بوو لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو و خۆزگە و بریا و تێڕامان. بەدەم وەرددانەوەی قۆناغەکانەوە، سووکە ئاوڕێکیشمان لە رۆژانی پێشمەرگایەتی هاوبەشمان لە جەنگەی خۆڕاگریی ڕەوای نەتەوەکەمان دایەوە.
ئەو و خانەخوێ و من و میوانەکانیتر، لەو نەسڵە بووین کە پاش شۆرشی ئێران و دەسپێکی بزووتنەوەی خۆڕاگریی کوردستان، بە گەنجی بووینە پێشمەرگە.
بەر لە شۆڕشی ئێران و ڕمانی سیستەمی زاڵمی پاشایەتی، لە دوورەوە دەمناسی. لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی سەردەشت پەروەردە ببوو و ناوی ” ڕەحیم شیوەیی” بوو و ڕەحیمی مەلا هەمزەشیان پێدکوت و لە گەڕەکی بیمارستان دەژیا و مامۆستای قوتابخانە بوو.
پاش شەری سێ‌ مانگەی ڕژیم لە دژی خەڵکی کوردستان، ئەو لە کومیتەی حیزب و من لە یەکیەتی لاوان چالاک بووین و ئەوەش سەرەتای هاوکاری سیاسی و پێشمەرگانە و دۆستایەتیی تا ئێستامان بوو.
کاک ڕەحیم گەنجێکی شایی‌بەخۆ و خاوەن ئێنیرژی و پڕ جووڵە بوو و لە پێشمەرگایەتیشدا دڵسۆز و ڕاستگۆیانە بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان و ئازادی تێدەکۆشا.
کاتێک شەڕ جارێکیتر بەرۆکی کوردستانی گرتەوە، لە درەنگە ئێوارەیەکی هاویندا بڕیارماندا شار چۆڵ کەین. شەو داهات و ئێمە کۆمەڵێک لاوی خولیای ئازادی بە لای مارەغانیدا لە شار هاتینەدەر. لە ژێر ڕووناکی نورئەفکەنی فانتۆمەکانی تاران، رێگەمان دەبڕی تا ژیانی بگۆرین و هاوکات فانتۆمەکانیش لە هەوڵی ئەوەدا بوون جووڵە و ژیان قڕ کەن.
کاروانی ڕێچکەگرتووی ئێمە، لەژێر چەتری شەودا، ڕژد و شیو و دۆڵی دەپێوا و بەناو داڵانی چنار و دار بەڕوەکانا، بەرەو داهاتوو ڕێگەی دەبری. کەسمان نەماندەزانی لە دڵی ئەویتردا چ هەیە و کام خەون و ئاوات بزوێنەری ئەو سەفەرەیانە. تەنیا بەرنامەیەکی هاوبەش لێکی‌گرێدا بووین.
هەڵکشانی تەمەن بە ڕووخساری هەموانمانەوە دیاربوو، بەڵام کاک ڕەحیم بزەکانی هەر وەک جارانن و هەروا چوست و لە گوڕە. لە پەنجەرەی ژوورەکەوە کە لە نۆهومی حەوتی بینایەکی بەرزدا بوو، بەسەر ستۆکهۆلمدا دەمان روانی و سەیری ئاوی” مێلارێن”مان دەکرد کە سەردەمانێک تەنیا لەنگەرگەی گەمییەکان بووە بۆ هێنان و ئاڵوگۆری کەلوپەلی ژیان.
چاومان دە دووڕگە بچووک و بێ‌ئەژمارەکانی شار بڕیوە. بیناکانی بەرز لە هەناوی دار سنەوبەرەکاندا باڵایان کردوە. شارستانیەت و سروشت و پیشەسازی ئاوێتەی یەک بوون و تەعبیر لە مێژوویەکی سەدان ساڵەی گەشەسەندنی هەمەلایەنەی ئەو دەڤەرە دەکەن.
ڕەحیم قوڵ دەیڕوانی و نیگاکانی تەم و نم و خەمی تێڕا دیاربوو. دوور نیە خەیاڵ بردبێتیەوە تافی لاوەتی خۆی و ڕەخت و فیشەکدانی لە خۆ بەستبێتەوە و لە بنکەی “واوان”ەوە جەولەیەکی بەناو گوندەکانی ناوچەی سەردەشتدا دەستپێکردبێت. دوور نیە سەفەرێکی بۆ ڕابردوو کردبێت و دیسانەوە بووبێتەوە کادرە چالاکەکەی جاران و لە دەمچۆمەوە تا باژار و باسکی کۆڵەسە و بێوران و ناوچەی بنەوخەڵێفی پێوابێ و بانگی ئازادی تێدا لێدابێت. یان ڕەنگە شەو دەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگە، بەبەری کەنەکاندا چووبێتەوە ناو شار و سەردانێکی خانوە قوڕێنەکانی بەژن کورتی گەڕەکی خۆیانی کردبێت.
هەودای خەیاڵی چڕا، ڕووی تێکردم و وتی:
دەزانی ئەم وڵاتە دوو سەت ساڵە شەڕی تێدا نەبووە. لێرە لە جیاتی وێرانی و خاپوور‌بوون، خەڵک و دەسەڵات و سیستەم بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تێکۆشاون. وڵاتێکیان درووستکردوە نەک هەر خۆیان تێیدا حەساونەوە بەڵکوو هەزاران ئاوارە و لێقەوماویشیان پەنا داوە. وتی:
ئێرەش کاتی خۆی شەری تێدابوە، لێرەش نەخۆشی و تاعون و برسیەتی بەڕۆکی خەڵکەکەی گرتوە. بۆ وێنە ئەو سەردەمەی کوردستان لە شەری چاڵدران دابەشکرا، ئێرەش لە لایەن شانشینی دانمارکەوە داگیرکراوە و داگیرکەران لە مەیدانی گەورەی شار، مەزنە مرۆڤ و پیاو ماقووڵانی گرینگی شاریان بە کۆمەڵ کوشتوە و ئەو کۆمەڵکوژییە وەک ” کوشتاری ستۆکهۆلم” لە مێژوودا تۆمار کراوە.
بزەی نەرم و نیگای گەرمی خانەخوێ تێکەڵ بە هەناسە و ڕووح دەبوو. یاد و یادەوەرییەکان دەگەڵ کات لە ململانێ دابوون و چرکەکانی ئەم دیدارە بەرگەی رێژنەی بیرەوەرییەکانی نەدەگرت.
هێدی و بێ‌هەست بە کاناڵی زەیندا، گەڕامەوە هەناوی سەفەری بەهاری ساڵی 59 مان بۆ یارمەتی شاری بانە.
رۆژێکی خۆشی بەهاری بوو و خەبەر هات ڕژیم شاری بانەی بە خەستی خستۆتە بەر پەلاماری تۆپ و بۆمب و خۆمپارە.
دەگەڵ کاک ڕەحیم و چەند هاورێیتر بۆ یارمەتی خەڵکی بانە کەوتینە رێ. دارساوێن و کۆخان و هەژدەدۆڵانمان تێپەر کرد و هیلیکوپتەر و فانتۆمە بومب‌هاوێژەکان بەردەوام شاریان بۆمباران دەکرد. هەموو جوڵەیەک بۆ ئەوان کورد و بەرگریی و مان بوو و دەیانکوتا. بۆیە لە شیو و دۆڵەکانی کەوپێچ خومان نەدیوکرد تا لە دەرفەتێکدا بچینە ناوشار.
هیلیکۆپتەرەکان دەگەڵ یەکەم شەپۆلەکانی تاریکی شەو ونبوون مەرگ و وێرانیان لەپاش خۆیان بەجێ هێشت و ئێمەش چووینە ناوشار. شار لە ئامێزی ئاربابادا دەسووتا و خەڵکەکە لە ناو ماڵەکانیاندا وێرای خۆحەشاردان، بە بریندارەکان ڕادەگەیشتن. خۆمپارەکان ساتێک بێدەنگ نەدەبوون. بەجێگەیاندنی فەرمان و فیتوای تاران و سەپاندنی زۆرملی دەسەڵات، بۆ لشکری ئیسلام فەرز بوو.
ئەمە جاری یەکەم نەبوو بانە دەسووتا. مێژووی سەردەشت و بانە زۆر قوناغی وێکچووی هەیە و ئەو دوو شارە زۆر جاران کەوتوونە بەر هێرشی دوژمنان و سووتاون و تاڵانکراون.
دەگێرنەوە خالیدی کوڕی وەلێد لە لەشکرکیشی خۆیدا بۆ سەر بانە، تووشی خەسارەتی زۆر بووە و لە تۆڵەی خۆڕاگریی خەڵک، پاش داگیرکردنی شار، کۆمەڵ کۆمەڵ لاو و پیاوی ئازا و دەستەوەکەری بانە بە شەمشێری غەزا دەکوژێت بەڵام ئەو کوشتاره و کوشتارەکانیتری دوژمنانمان لە ئێران و عێراق، وەک کارەساتی کوشتاری ستۆکهۆلم لە مێژوودا تۆمارکراوە هەرچەند هەوڵی سرینەوەی دەدەن.
تاوێک بێدەنگ بووین و من چێژم لەۆ کۆڕە و نیگا گەرمەکانی خانەخوێ دەبینی. لە کاتێکدا وەرددانەوەی بیرەوەریەکانی ڕۆژانی خەبات، روحمی بە شەونەمی ریحان ئاوپرژێن دەکرد، کاک رەحیمم لە کاتی پێشمەرگایەتی وەک فیلمێک هاتەوە بەرچاو. قاتێکی ئامال شینی دەبەردابوو و کڵاوێکی دەستچنی تایبەت بە شاری سەردەشتی لەسەربوو. چاڵاک لە جووڵەدا، بێگەرد لە تێکۆشاندا، سەریع لە پەیامدا، هیوادار و نەسرەوتوو بوو.
بەتەوێڵی پەنجەرەی ژوورەکەدا کە دوو پەردەی ناسک وەک بسکی کێژۆڵەیەکی بێوران بە گۆنایدا شۆر ببوونەوە، چاوم لە گومبەز و خاچی کەنیسە دیار و لەمێژینەکانی شار کرد. دیمەنەکان شاهیدی پێشوەچوون و گەشەی مێژووی ستۆکهۆڵم بوون. روخساریان تێکەڵاوێک لە میعماریی” رۆمی” و “رێنسانسی فەرانسی” بوو کە بەسەر سینگی ئاو و سەوزەڵانی شار و ئۆپێرای شاهانەی “گوستاڤی سێهەم” و باقی کۆشک و تەڵارەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدەی زایینییاندا دەیانروانی. ئەو کۆشک و تەڵار و بینایانەی شار کە تام و چێژ و شێوازی بیناسازی “ویەن و بێرلین” و سانگت‌پیترزبورگ‌یان هەیە و نوێنەرایەتی سەردەمی پرۆسەی گەشەی پیشەسازی ستۆکهۆڵم دەکەن.
ڕەحیم سەری هەڵێنا و ڕووی تێکردم وتی:
زۆرمان دیت و کەمیشمان نەکرد بەڵام ئێستا لەو دورە وڵاتیەدا، لە خۆم دەپرسم ئاخۆ ئەگەر رۆژێک غوربەت کۆتایی بێت و بگەرێنەوە، بلێی خەڵکی سەردەشت بمانناسنەوە؟!
ئەو پرسیارە جەوهەریە کە هەڵگری مانایەکی قووڵە و پێویستی بە تێرامانێکی شیکاریانەیە، هەمووانی بۆ ناو بێدەنگیەکی پڕ لەبیرکردنەوە ڕکێش کرد. نازانم فەلسەفەی تەرحی ئەو پرسیارە چی بوو و کاک ڕەحیم لەرێگەی کام هەوداوە دەیویست بەبناوانی حەقیقەت بگات. نازانم کام سەخەڵەت بوون و یان کام تارمایی پشت کام بستوی ڕوانین، ئەو پرسیارەی لە زەینیدا گەڵاڵە کردبوو.
بەڵام من لەبەردابووم وشە بێدەنگەکانی بێدەنگی کۆڕەکە بخوێنمەوە و هەورازی کووڕی ئەزموون و شرۆڤە بپێوم تا سەرچاوەی بورکان ئاسای ئەو پرسیارە بدۆزمەوە.
گەڕان بە دوای ونبوو و نەدیو و نادیارەکاندا، پانتایی زەینی مەجلیسی داگرتبوو. یەک پرسیار بوو و دەیان وڵامی هەبوو و بۆ دۆزینەوەی پرسیارەکان دەبوایە لانیکەم نیوسەدە مێژوو بێ دەمارگرژیی هەڵسەنگێندێت.
داخوا ئێمە لە خوڵقاندنی گوتار و گەیاندنی پەیامدا سەرکەوتوو بووین؟ ئاخۆ پەیامی ئێمە جەزابیەتی ئەوەی هەیە بەسەر تایبەتمەندی بەرژەوەندیخوازانەی تاکەکاندا زاڵ بێت و ببێت بە ویستی هەمووان و گشتگیڕ بێت؟
ئایا توانیومانە درزو بۆشایی نێوان نەسڵەکان پر کەینەوە تا لێک نامۆ نەبین و لێک تێبگەین و ئەوان بتوانن ئاڵای خەبات ئێمە شەکاوە ڕاگرن!؟
هەموو بێدەنگ لە ناو خۆمان دابووین. بە شوێن خۆمان، بە شوێن ڕابردوو و بە شوێن بیرەوەریەکانماندا دەگەڕاین و هەوڵماندەدا خۆمان و وڵامی دەیان پرسیاری بێ‌وڵام بدۆزینەوە.

ئەحمەد حوسێنی