ڕاگەیاندراوی لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات

ڕاگەیەندراوی کەمپەینی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرایەتی مەجلیسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

لاوانی خاوەن هەڵوێست!

هەموومان ئاگادارین کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی دیکتاتۆریی 40ساڵەی خۆیدا، جگە لە سەرکوت و هەڵاواردن، کوشتن و بڕین و لەنێوبردنی نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموویان نەتەوەی کورد، لە هیچ جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، پارێزی
نەکردووە.

ئەم ڕێژیمە ماوە بە ماوە و لە ڕێگای هەڵبژاردنگەلێکی نمایەشییەوە و هەرجارە و بە پڕۆپاگەندای جۆراوجۆر و هەڵخەلەتاندن، خەڵکی کێشاوەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە مەبەستی سەرەکیی لەم کردەوەیە، بەڕێوەبردنی شانۆیەکە بۆ ڕەواییدان بە سیستەم و دەسەڵاتدارییە ناڕەواکەی.
لەو شانۆیەدا، شاروومەندانی ئێرانی چەشنی بووکەڵەی سەرشانۆ بەکاردەهێندرێن بۆ ڕەواییدان بە ئایدۆلۆژی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیه و پەرە پێدانی کە بە درێژایی دەسەڵاتداری خۆی هیچ هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بەڕێوە نەچوە و هێج بنەمایەکی ئینسانی و دیموکڕاسی تێدا ڕەچاو نەکراوە و بگرە هەموو کاتێکیش دژی وەستاوەنەتەوە.

لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی، کەمپەینێکی ڕێک خستووە، کە داوا لە لاوان و بەگشتی خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی و نووسینەوەی دروشمەکان و هەشتاگەکان لەسەر پلاکارد یان ناردنی ڤیدیۆ بە ناوەرۆکی بایکۆتی هەڵبژاردن دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە ئەو شانۆیەی ڕێژیم دەرببڕن.

یەکدەنگیمان نیشانەی سەرکەوتنمانە

لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات.