سیاسەتی نابەرپرسانەی تاران بۆتە مایەی سەر ئێشە بۆ گەلانی ئێران!

محەممەد سلێمانی
ئاڵوگۆرە سیاسیە نێودەوڵەتی و ناوچەیەکان بەتەواوی بە زیانی حکوومەتی ئاخوندی شکاوەتەوە و، هەرچەند تاران لە لای خۆیەوە هەڕەشە لە ئەمریکا و نەیارەکانی تری دەکات کە توانای وەشاندنی زللەی گەورەی هەیە و دەتوانێ ڕووبەڕووی دژبەرەکانی بێتەوە و لە سەر ڕێگایان بە هێزی سەربازی لایان بدات.
دیارە ئەو قسانەی کاربەدەستانی تاران زیاتر داماوی و تەریك کەوتنەوەیان لە کۆمەڵگای جیهانی دەخاتە ڕوو و ئەو چەند وڵاتەی کە زۆریان هیوا لە سەر هەڵچنیبوون و بە یار و پشتیووانی گەورەی خۆیان دەزانی لە ئەگەری بارگرژییەکاندا، وەك روسییە و چین ، لە کاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاراندا، زۆر ژیرانە و بە خشکە خۆیان لە ڕێژیمی تاران بەدوور گرت و کاردانەوەیەکیان نەبوو کە دڵی تاران ئاسوودە بکات.
ئەوەی زۆر جار دەگووترا حکوومەتی ئاخوندی لە دوا بەلەقاژەکانی ژیانی خۆیدایە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی مانەوەیان دەدەن، بەتەواوی نێشانەکانی کۆتایی تەمەنیان دەردەخات و زۆر نابات، گۆرانێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی بە سەر ئێراندا دێ و کوردیش وەك نەتەوەیەکی وشیار و بەتەواوی لە مەیداندا، سوودمەندی یەکەمی وەرچەرخانەکان دەبێ و بە سانای کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
کاربەدەستانی ڕێژیم هەریەكە و بە شێوازی خۆی سەبارەت بە گوشارەکانی سەر ئێران دەدوێن و ڕوانینی نامۆ و دژبەیەکیان بەردەوام دەخەنەڕوو و، ئەوەی بەتەواوی کاربەدەستانی ڕێژیمی لەسەر کۆك و لێك گڕیداونەتەوە، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ئەو وڵاتەیە لە ئەمریکا و دژبەرەکانی تری ناوچەی.
ئۆروپا بەتەواوی پشتیووانی هەنگاوە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکانی واشنگتۆن دەکات و لەسەر ئاستی ناوچەیشدا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا زیاتر لە جاران خۆیان بە دژی حکوومەتی ئاخوندی ڕێکخستووە و گوێ ڕایەڵی ئەمریکا دەکەن و بە هاوبەشی هەوڵی تەریك کردنەوە و پەراوێزخستنی تاران دەدەن.
ئەو وڵاتانەی کە تادوێنێ لە سەر ئێران دژایەتی ئەمریکایان دەکرد و دەم بەردووکەیان لەگەڵ واشنگتۆن دەکرد، پاش هەڕەشەکانی خامنەی و روحانی لە وڵاتانی فەڕانسە و ئەڵمان و بریتانیا، سیاسەتی دەرەوەی بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانە لە هەمبەر تاراندا گۆڕا و ئێستا بەو ئاکامەی گەیشتوون کە حکوومەتی ئێران بەتەنیا مەترسی نیە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی، بەڵکوو بە سەرچاوەی هەڕەشە و فینتنەی گەورەی لەسەر ئاستی گێتی دەزانن. هەر لە بەر ئەو هۆکارەشە ئێستا هەوڵدەدەن وێڕایی هێزەکانی ئەمریکا، لەسەر سنوورە ئاویەکانی نزێك لە ئێران چاودەدێرێ و کۆنتڕۆڵی زیاتری جووڵەی ‌تاران بکەن و لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیان دابین بکەن و بەهاوبەشی لە گەڵ دۆستە دیڕین و ستڕاتیژیەکانیان بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن.

ئەگەر تۆزێك بە قووڵی سەیری ڕوودا و پێشهاتەکانی ئەو چەند مانگەی دوایی بکەین، ڕەنگە ئەوکات باشتر لە جەوهەری هەستیاری بەبەتەکانی پەیوەندیدار بە بارگرژییەکانی واشنگتۆن و تاران بگەین. ئەمریکا سەبارەت بە ئێران بە تەواوی سیاسەتی خۆی گۆڕیووە و ئەگەر هێندێك جار نەرمی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بەدی دەکرێت لە پەیوەندی لە گەڵ تاراندا، بێگوومان زیاتر ئەو بابەتە دەچێتە خانەی تاکتیکی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەیی ئەمریکا.
ئەگینا کۆشکی سپی و سیاسیە بەئەزموونەکانی ئەو وڵاتە، بەو نەتیجەیە گەیشتوون کە حکوومەتی تاران بۆتە سەر چاوەی مەترسی و نانەوەی ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکەدا و دەبێت بە هێز بەرگری لە باڵادەستیەکانی بکرێت و هەتا لە سەر ئاستی نێوخۆشدا ڕێگری لە سیاسەتی ستەمکارانەی بکرێت.
بەدوای کوژرانی قاسم سلیمانی فەرمەندەی سپای قوودسی ڕێژیم، بەدڵنیایەوە هاوسەنگی هێز بەتەواوی لە بەرژەوەندی ئەمریکا و دۆستەکانیدا گٶڕانی بەسەردا هاتووە. حکوومەتی ئێران و باڵی سەربازی ڕێژیمی ئاخوندی هەراوهوریایەکی زۆریان نایەوە و لە لای خۆیانەوە کەوتنە هەڕەشەکردن و تۆڵەکردنەوە لە هێزە ئەمریکایەکان. بە تێگرتنی چەند مووشەکێك بە هێزەکانی ئەمریکاجێگر لە عێراق، تەپووتۆزی ڕاگەیاندن و دەنگ بەرزکردنەوەیان بە سەر نەیارەکانیاندا بە تەواوی کۆتایی پێ هات و ئێستاش جار بەجار لە سەر ئەو شێوازە ترسەنۆکانەیان دەڕۆنە بەرەوە، بێ ئەوەی بوێری ئەوەیان هەبێت دەستیان بەرزبکەنەوە.
نیشانەکانی ڕوخانی ڕێژیمی ئاخوندی تادێ باشتر دەردەکەوێ و، زەمینەی شیاوتری داڕمانی بەسەریەکدای بۆدەرەخسێ، بە هۆی گوشارە نێو خۆی و نێودەوڵەتیەکانەوە۰
گەلانی وڵات بەتەواوی کەوتوونەتە دژایەتی ئەو ڕیژیمە و ئازادی و ژیانێكی شایستە و ئابووریەکی ئەو تۆیان دەوێت کە بتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵك بەگشتی و بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی دابین بکات و دەرفەتی ژیانێکی ئاسوودە و سەردەمیانە بۆ گەلانی ئێران برەخسێ و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ببووژێنەوە.
لە یاسیەی حکوومەتی ئاخوندیدا هیچکام لەو خواست و ئارەزوانەی خەڵك بەدی نەهاتووە و بەدوایی خۆپێشاندان و بێزاری دەربڕینی گەلانی وڵات لە سەر شێوەی ئەدای حوکمڕانی دەسەڵاتی ستەمکارانەیان، جەوێکی بەتەواوی ئەمنیەتی و پۆلیسی بەسەر بەشێك لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا فەرزکراوە.

لە وڵاتێکی وەك ئێراندا کە سروشتێکی بە تەواوی سیاسی و نەتەوەیی تایبەتی هەیە، وەختێك ئازادی و مافە دێمۆکراتیك و نەتەوایەتیەکان بەدی دێن، کە حکوومەتی تاران داڕمابێ و دەسەڵاتێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی ویستی فرەنەتەوەیی گەلانی وڵات بێت، لەو وڵاتەدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.
گەلانی پێك هێنەری ئێران ئازادیەکیان دەوێت کە دەرفەتی بەشداری لە حوکمڕانی وڵاتیان بەتەواوی بۆ زامن بکات و مافی نەتەوایەتی گەلان بە گوێرەی دەستووری وڵات بۆ هەموو نەتەوەکان لە بەرچاو بگیرێت و، بۆ جارێکی تر غەدری سیاسی و مێژووی لە نەتەوەکانی وڵات نەکرێتەوە.

لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە بنەماکانی دیاریکردنی مافی نەتەوایەتی گەلانی وڵات لەسەر بنەمای فیدڕاڵێ بێ و بە جۆرێك دەستوور ڕێکبخرێ، هەرکاتێك یەکێك لە نەتەوەکان بڕیاری جیابوونەوەی خۆی بدات، لە گەڵ دژایەتی و توندوتیژی سیاسی و سەربازی نێوخۆی بەرەوڕوو نەبێتەوە.
چوونکی سروستی پێك هاتەی سیاسی و نەتەوایەتی ئێران تایبەت مەندی خۆی هەیە و لە داهاتووی وڵاتدا بەتەواوی دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵە گرینگ و جەوهەریە بکرێت تا لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی هەموو لایەك پارێزراوبێت.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ڕۆڵی گەورەی لە نێو بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورددا لەسەر شانبووە، زۆر ژیرانە لەو پەیوەندییەدا هەڵویستی خۆی دربڕێووە و ئەو مەسەلەیە بەشێکی گرینگی لە بەرنامەی سیاسی حیزب بۆ تەرخانکراوە و سیاسەتی حیزب لە هەمبەر داهاتووی سیاسیدا بەتەواوی ڕوون کراوەتەوە.
وڵاتی ئێران بە تەنیا خاکی فارس یان نەتەوەیەکی تر نیە، بەڵکوو هەموو نەتەوەکان خاوەن خاك و سنووری نەتەوەین و دەکرێ ئەو باسە لە داهاتووی سیاسی و سازانی نیشتیمانی وڵاتدا بەتەواوی ڕەچاو بکرێت.
هەتادێت گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئاخوندی لە سەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا، کاریگەیان لەسەر دەسەڵاتی تاران دەردەکەوێت و ئەگەر رووداوەکان بەو جۆرە درێژەیان هەبێت، بێگوومان حکوومەتی ناوەندی هێزی کۆنتڕاڵکردنی ئەو تۆی نامێنێ و ئەو کات گەلانی بێزار لە حکوومەتی ئاخوندی زیاتر دێنە مەدیدان و دەرفەتی ڕوخانی حکوومەت زەمینەی شیاوتری بۆ پێك دێت لە ئێراندا.
ئەو وڵاتانەی کە پێشینەی دیکتاتۆیان هەبوو لە سەر ئاستی ناوچەیدا و لە زەبروزەنگ و لە نێوبردنی ئازادیخوازانی گەلانی وڵاتەکەیاندابە هیچ جۆرێك شانیان لە شانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران نەداوە و ئەو ڕێژیمە وڵاتی کردۆتە بەندیخانە و کۆمەڵ کوژی بەدژی گەلانی ئێران بەرێووە بردوە. بەشیکیان بە تەواوی تێك ڕووخان و شوێنەوارێك لە حوکمڕانیان نەماوە و، بێگوومان داهاتووی ڕێژیمی تاران هەر بەو جۆرە کۆتایی دێ و ئەو ڕۆژەدێ گەلانی ئێران بە ڕێگای دادگا و یاسا نێودەوڵەتیەکاندا، سزای توندی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بدرێت بە هۆی کردەوەی کۆمەڵکۆژی و زەبروزەنگی لە ڕادەبەدەریان بە رامبەر بە ڕۆڵەکانی گەلانی وڵات.
ڕێژیمی تاران لە ئێستادا بەتەنیا نیگەرانی تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لە سەرئاستی گێتی و ناوچەیدانیە، بگرە مەترسی ئەوەشیان هەیە هێزە چەکدارەکانیان لە سەنگەری خەڵكدا، سێرە لە خۆیان بگرن.
چوونکی لە کاتی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی وڵاتدا، هێزە چەکدارەکانیش لە ژێر هەژموونی حکوومەتدا نامێن و ڕیزی خۆیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێراندا جیا دەکەنەوە و پشتیووانی لە دەنگی ئازادی و دادپەروەری دەکەن.
حکوومەتی ئاخوندی هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵك بۆ حکوومەت بەدەست بێنێتەوە، بەڵام گەلانی ئێران ئەوەندەیان چەرمەسەری و نادادپەروەری سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە سایەی ئەو ڕێژیمەدا بینیووە، هەرگیز بۆ جارێکیتر شوێن قەول و بەڵینیەکانیان ناکەونەووە و زۆر مووکوورن لە شەر ڕوخاندنی و لایەنگری گۆڕانی بنەڕەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا دەکەن.

ئەمریکا بە زمانێك پشتیووانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکات و لە لایەکی دیکەش هەوڵەکانی زیاتر چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی گوشاری توندتری سیاسی و سەبازی و ئاووری بخاتە سەر تاران و لە ژێر کاریگەری ئەو پاڵەپەشتۆیەیەدا، شادەمارەکانی بەتەواوی بەرەو لاوازی و لەکارکەوتن بەرێت.
جگە لە فشارەکانی کە لەسەرەوە ناوبراون ، کۆدەنگیەکی کاریگەرتری ناوچەی بەدژی پێگەی ڕێژیمی تاران دەبینرێ و بێگوومان ئەو بابەتەش دەتوانێ کاریگەری لەسەر لاق خرکردنەوەی تاران هەبێت.

حکوومەتی ئێران بەتەواوی لە گەڵ قەیرانە جۆر بە جۆرەکان بەرەوڕووبۆتەوە و شوعاری خەڵك ئەوەیە کە دەسەڵاتداران وازلەکاری سیاسی بێن و وڵات بەجێ بێڵن. ڕێژیمی تاران هەوڵی زۆریدا کوژرانی قاسم سلیمانی وەك بەدەست هێنانەوەی متمانە و پشتیووانی گەلانی وڵات بەکار بێنێ. هەر بەو دەلیلەش شار بە شار تەرمەکەیان گەڕاند و هەروەك بینیمان خۆپێشاندەران ئەوەندە لەو ڕێژیمە و کردارەکانی بێزران، تەنانەت وێنەکانی ئەو گەورە تیرۆریستەشیان لە دارودیوارەکان کردەووە.

گەلانی وڵات ڕوخانی ڕێژیمیان کردۆتە شوعاری ڕۆژیان و بە پێچەوانەی حکوومەتی ئاخوندی، خەڵك و گەلانی ئێران جگە لە ڕێز و خۆشەویستی بۆ ئەمریکایان نیە. دەرکەوت کە ئەوەی شوعاری بمرێ ئەمریکا دەڵێن، شوێن کەوتووانی دەسەڵاتی ئاخوندین و” گەلانی وڵات لەو دژایەتیە بە تەواوی بێبەرین” .
بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی کاربەدەستانی وڵات بەتەواوی کەوتۆتە ژێر گوشار و هەست بە دوو بەرەکی زۆر دەکرێت لە نێو کاربەدەستانی نیزامی حاکم بەسەر چارەنووسی سیاسی و نەتەوەی گەلانی وڵاتدا.
ئێران هەوڵی زۆر دەدات تۆزێك شانیان لە ژێر گوشاری ئالۆزییە ناوچەی و نێو دەوڵەتیانکاندا ڕاست بکاتەوە، کەچی بەو دوایانە پێکانی فرۆکە ئوکڕاینیەکەی هاتە سەر و رووداوی پێکانی ئەو فرۆکەیە لە لایەن سپای پاستدارانی ڕێژیمی تاران، هێندەی تری شەقامی وڵاتی لە خۆی دەهری کردەووە.
حکوومەتی ئێران دەسەڵاتێکی چاوچنۆك و مرۆڤ کوژە و، دژی ئازادیەکان دەوەستێ و ئەوەی ئێستا بە سەریاندێ، بەدڵنیایەوە هۆی خراپ جووڵانەوەی خۆیان بووە لە ماوەی تەمەنی حوکمڕانیان بەسەر گەلانی وڵاتدا.
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لازمە سەبارەت بە داهاتووی وڵات و پاش ڕوخانی ڕێژیمی تاران، بەجۆرێك ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردیان گەڵاڵە و ڕێکخست بێت کە کورد وەك گەلێکی دیاری نێو بزووتنەوەی سیاسی ئێران و کوردستان بەتەواوی بەمافەکانی بگات.
چوونکی ئەگەر لە ئێستاوە ئەوە نەکرێ، بەدڵنیایەوە لە کاتی ڕوودانی بارگرژی و تێكچوونی هاوسەنگی سیاسی و سەربازیدا، کورد بە کۆی دەسکەوتەکانی ناگات و ئەگەری ئەوەهەیە بە ڕێگای کایە و گەمی نوێی سیاسی و نێودەوڵەتیدا کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن ببرێنەوە و پینە بەشڕەی بکەن.

محەممەد سلێمانی
05.02.2020