وتووێژ لەگەل مستەفا مەلوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

دیمانە: عەلی بداغی
مستەفا مەولوودی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەزانی کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی نادەروەستە و گۆڕان لە ڕەفتار و سیاسەتەکانیدا ئەستەمە.
ئەمریکا لە گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە. وڵاتانی ئورووپایی هاوبەشی ئێرانیش لە بەرجامدا ئەگەر چی دەستی هیوایان لە ڕێژیم بەرداوە، بەڵام هەوڵ دەدەن ئەوەندەی دەکری خۆیان لە هەڵوێستی توند لەدژی ئێران بەدوور بگرن. لەنێوخۆی وڵاتیشدا ڕێژیم دەیەوێ بە بەشدارییەکی لایەنی‌زۆر لەلایەن خەڵکەوە ڕەواییەت بۆخۆی دەستەبەر بکا و پشت‌ئەستوور بەوە لە گەمە سیاسییەکانی بەردەوام بێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندە دەتوانێ لە مەوداکانی نێوان ئورووپا و ئەمریکا بە قازانجی خۆی کەلک وەرگرێ؟ هەڵبژاردنەکان لە ئێران بەرەو کوێ دەڕۆن و بزووتنەوەی سیاسیی کورد چ دەورێکی کە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. «کوردستان» ئەم بابەتانە و چەند مژارێکی دیکەی لەگەڵ مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان تاوتوێ کردوە.

با سەرەتا باسێک لە «سەودای سەدە» بکەین. ئایا ئەم جۆرە تەرح و پڕۆژانە دەتوانن سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاشتیی نێوان نەتەوە ناکۆکەکاندا دابین بکەن؟
بە بڕوای من نا، ناتوانێ. تەنیا پرۆژە و گەڵاڵەیەک دەتوانێ سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێ بکەوێتە و، ئاشتیی نێوان گەڵان دابین بکا کە بۆ ماف و ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچەیە گەڕابێتەوە و؛ لەسەر ئەساسی داننان و پاراستنی مافی گەڵان و پێکهاتەکانی ناوچەکە داڕێژرابێ. ئەم پڕۆژانەش دەبێ گشتگیر و فرەپەسند بن، بەو مانایەی دوو لایەن یان چەند لایەنی خاوەن ماف و خاوەن بەرژەوەندی لەسەری ڕێک کەوتبن. لە ڕوانگەی منەوە تەنیا شتی پۆزتیڤی ئەو پرۆژەیە هاندانی دوو لایەنە هەتا بە دیالۆگ و وتووێژ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. دەنا لە تەواوەتیی خۆیدا پێموایە ئەو پرۆژەیە ناتوانێ سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدی بهێنێ هیچ؛ بەڵکوو ڕەوشەکە زۆر سەخت و دژوارتر دەکا و ئەگەری ئەوە هەیە ناوچەکە تووشی زۆر سینارۆی ناروونی دیکە بکاتەوە و کێشەکان لە باتی چارەسەری ئالۆزتر ببن.

لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی ئێران خرایە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێرانەوە، ئەوەش لە درێژەی ئەم گوشارانەوە دێ کە بە «گوشاری لانی‌زۆر» دەناسرێ. پێتان وایە ئەم گوشارانە تا ئێستا چ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە؟
ئەوەی کە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێران لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە دەخرێتە لیستی ڕەشی سزاکانەوە، ئەم بڕیارە چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری ئابوورییەوە دەتوانێ شوێنەواری زۆر نیگەتیڤی لەسەر حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا چەت بخاتە نێوان پێوەندیی ئۆرگانیکی ئەو ڕێکخراوەیە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئەوەش دەتوانێ بۆ ڕێژیمی ئێران کارەساتبار بێ و، تەنانەت زیانی قەرەبوونەکراویش بە رێککەتنی بەرجام بگەیەنێ کە لانی کەم لە ئێستادا ئەگەر کارایی خۆیشی لەدەستدا بێ؛ بە شێوەی فۆڕم لە ڕوانگەی ئێران و لایەنەی ئورووپاییەوە لەجێی خۆیەتی. بۆیە بە ئەگەری زۆر حکومەتی ئێران لە باری سیاسی و ئیعتباری نێودەوڵەتی و ئابوورییەوە تووشی چالشی گەورەتر دەبی و دەکرێ بڵێم زیاتر ئەم ڕێژیمە ئیزۆلە و پەراوێز دەخا. هەر چەند لە حاڵەتی لەو چەشنەدا جۆری مودیرییەتی کاربەدەستانی ئێران بە جۆرێکە کە دووکەڵی ئەو جۆرە قەیران و کێشەگەلە زۆرتر بچێتە چاوی خەڵك، کە بەداخەوە خەڵكی ئێران هەتا ئێستاش لەو سۆنگەیەوە تێچووی زۆریان داوە و، گوشارەکان لەسەریان چەند قات زۆرتر دەبێ.

گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر ئابووری و ژیانی خەڵکی وڵاتیش داناوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆنگرەی ئەمریکا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران کرد و داوای لە وڵاتەکەی کردوە کە بابەتی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران لە شوورای ئەمنیەیدا بخاتە دەستووری کارەوە؛ ئێوە ڕوانگەتان بۆ سیاسەتی سزادانی ئێران و هەروەها سیاسەتی پشتیوانیی مەعنەوی و سیاسیی کۆمەڵگەی جیهانی لە خەڵکی ئێران چییە؟
غەدرێکی گەورەیە لە خەڵكی ئێران بەو مێژووە پڕشنگدارە لە خەباتیان دژی سەرەڕۆیی و بە تایبەتمەندییە پڕبایەخەکانیان کە رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی حوکمیان بکا و، لە سۆنگەی سیاسەت و دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەوە بکەونە ئەم بارودۆخەوە. مێژووی ژیانی سیاسی خەڵكی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانی ئەوە بەروونی نیشان دەدا، هەر بۆیە خەڵكی ئێران کە بە ئیرادەوە لە بەرانبەر ئەو ستەم و جەورەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی پێی ڕەوا دیون خۆیان ڕاگرتوە و، لێبرانە هەول دەدەن بە هەوڵ و هیممەتی خۆیان ئەم رێژیمە سیاسییە سەرکوتگەرە بە رێژیمێکی دێموکراتیک و خەڵكی بگۆڕن. بەڵام بەپێی ئەو پێوەندییە سیاسی، ئابووری و نێونەتەوەیی کە لەو سەردەمەدا گەڵان و وڵاتان بەیەکەوە هەیانە، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان کارتێکەرییان لەسەر یەکتر هەیە.
سروشتییە گوشاری حکومەتی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆسەر رێژیمی ئێران و پشتیوانیی مەعنەوی لە خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی مافی کۆمەڵایەتی و ئازادیەکانیان لە ئێران، دەتوانێ بۆ ڕێژیم شوێنەواری سەلبی و بۆ خەڵكی وڵاتی ئێران بەگشتی شوێنەواری ئیجابیی هەبێ و دەتوانێ زۆرتر هاندەڕی خەڵك بێ بۆ بەردەوام بوونیان لە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەری ئازادی و گەیشتن بە مافەکانیان.

وەدواخستنی چالاککردنی «میکانیزمی ماشە» لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی دیسان ئەو گریمانەیە بەهێز دەکاتەوە کە هیوا و تەما ماوە بۆوە ئێران ڕەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی کەوێ و گرژی و ئاڵۆزییەکان ئەوەندەی دەکرێ ڕێیان لێ بگیرێ. ئایا ئێران دەبێتە ئەو تەیرە مەعقوولە کە لە کۆمەلگەی جیهانیدا جێی بێتەوە؟ ئایا ئەوە کات‌کڕینی زیاتر بۆ ڕێژیم و کات‌سووتاندنی پتر بۆ خەڵکی ئێران نییە؟
بە سەرنجدان بە مێژووی چل ساڵەی حکومەت و ڕەفتاری ئەم رێژیمە چ دەرحەق بە خەڵکی وڵات لە نێوخۆ و چ بەنیسبەت نابەرپرسیار بوونی دەسەڵات بەنیسبەت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئۆمێد بەوە زۆر کەمە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گۆڕان ی بەسەردا بێ و بیەوێ ڕەفتار و هەڵسەوکەت و سیاسەتەکانی بگۆرێ. بەڵام وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی زانیاریی باشیان لەسەر رێژیمی ئێران هەیە و بەباشی نابەرپرسیارەتیی ڕێژیمەیان بۆ دەرکەوتوە. هەڵبەت ئەوان بەهۆی ڕەوشی هەستیاری ئێستای ناوچە و ژئێۆپۆلیتیک و هەڵکەوتەی جۆغرافیایی ئێران زۆربەی هەوڵەکانیان بەو ئاراستەیەدایە کە ڕێژیمی ئێران رەفتارەکانی بگۆڕێ. کۆماری ئیسلامی هاوکات ئەم گوشارەشی لەسەرە کە ئەگەر ڕەفتارەکانی لە زۆر بوار و ئاستەکاندا نەگۆڕێ، دەتوانێ ناوچەکە تووشی کارەساتی چاوەرواننەکراو بکا کە دیارە زەرەرمەندی یەکەم لە پێشدا خەڵكی ئێران و دواجار خودی ڕێژیمە. بۆیە لە باتی ئەوە دەست لەسەر دەست دابنێن و چاوەڕوانی ڕووداوی چاوەڕوانکراو بن، کار دەکەن بەڵكوو ئەوەندەی دەتوانن بەرپرسایەتی لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا دروست بکەن، کارێک کە ئوروپاییەکان ئێستا پێیەوە سەرقاڵن، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەمە دەتوانێ چارەسەری کێشەکان بێ؟ لە روانگەی منەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەی خۆی و سیاسەتەکانی سەبەب و هۆکاری بنەڕەتیی کێشە و قەیرانەکانن، نەخێر شانسی ئەمە زۆر کەمە.

هەتا ناڕەزایەتییەکان لە ئێران زیاتر و ماوەی ڕوودانیان کەمتر دەبێتەوە، گوشار و توندیی سەرکوتەکەش لەلایەن رێژیمەوە زیاتر بووە. خەڵکی ئێران جیا لە بەردەوامیی ناڕەزایەتی کام چەک و کام ڕێکاری دیکە هەیە بیگرنە بەر بۆ داواکردنی مافەکانیان و بەردەوامیی خەباتیان؟
ناڕەزایەتییەکان لە ئێران وکوردستان ڕیشە و بنەچەی بۆ شێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، ئەم گوشار و سیاسەتە چەوتانەی دەیان قەیرانیان بەرەوڕووی کۆمەڵگەی ئێران کردۆتەوە و بوونەتە هۆی نەهامەتیی خەڵک.
کەڵەکەبوونی داواکان و شێلگیریی خەڵک و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان خەڵكی ئێرانی سیاسیتر و مافویستتر کردوە. چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستا مکوڕتر لە هەر کاتێک تێدەکۆشن مافی لەدەستچوویان بۆ بگەڕێتەوە. بەتایبەتی ئەگەر سەرنجی دروشمەکان لە شەپۆلی نوێی نارەزایەتییەکانی ئەم دوایاینە بە دوای خستنە خوارەوەی فرۆکەی ئۆکراینییەکە بدەین کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە ئامانج؛ دەبینین خۆپێشاندەران رێژیمیان لە تەواوەتی خۆیدا بە ئامانج گرتبوو؛ ئەمەش دەربڕی ئەوەیە کە خەڵك بێزار و لێبڕاو بوون بۆ گۆڕانی وەزعی مەوجوود و ئەوە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر دروستکردنی جەسارەتی زیاتری خەڵک هەبێ؛ هەروەها ترس و نیگەرانی زۆرتریش لەنێو کاربەدەستانی رێژیمدا دروست بکا. سروشتییە فشاری لە ڕادەبەری ڕێژیم بۆ سەر خەڵك، بەتایبەت خەڵکی هەژار و کەم داهاتی وڵات دەبێتە هۆی ئەوە خەڵکی وڵاتان و تەنانەت دەوڵەتانیش پشتگیری مەعنەویی خەڵكی ئێران بکەن. بەڵام بە گشتی لە روانگەی منەوە خەڵک دەبێ بە یەکگرتوویی خۆیان لە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و هاوکات ناڕەزایەتییەکان بۆ فازی مانگرتنی گشتی بگوازنەوە.

ناوەندی هاوکاری هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی بایکۆت کردوە، ئەم هەڵوێستە چەندە لەجێی خۆیدایە؟ پێتان وایە خەڵکی کوردستان چۆن بەرەو هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەچن؟
لەسەر ئەساسی ئەو شناخت و زانیارییەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر نێوەرۆک و کردەوەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی هەیانە و، ئەزموونێک کە خەڵکی کوردستان لە بەشدارییەکان لە هەڵبژاردنەکان هەیانە، ئەمن لام وایە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی دەورەی ١١ی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بڕیارێکە تەواو لەجێی خۆیدایە.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەبوا بایکۆت کرابا، یەکەم لەبەر ئەوەی خەڵكی کوردستانی ئێران خۆیان بەباشی لە هەموو بوار و ئاستەکاندا نیزامی کۆماری ئیسلامییان ناسیوە و هەموو نەهامەتییەکانی خۆیان لە چاوی ئەو رێژیمەدا دەبینن، بۆیە ناچنە پشتی. دووهەم جیا لەوەش بە کردەوە بۆیان دەرکەوتوە نوێنەران لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە تاک لە حەوزەی هەڵبژاردنی خۆیاندا و بە کۆش لە مەجلیسی شورای ئیسلامیدا نەخش و دەورێکی زۆر سنوورداریان هەیە و، نەیانتوانیوە بەشێکی هەرە بچووکیش لە خواستەکانی خەڵك دابین بکەن و کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر دانانی یاساکان لە مەجلیس لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە. جیا لەوەش خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابراو و نامۆ نین لە هێزە سیاسییەکان، ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەگشتی یەک هەڵویست بن، تەجرووبە نیشانی داوە خەڵك بە دەنگیانەوە هاتوون؛ بۆیە من پێموانییە کە خەڵك هەر ناچنە سەر سەندووقی دەنگدان و حەوزەی هەڵبژاردن بێ نوێنەر دەبێ، بەڵام بڕوام وایە لە هەڵبژاردنی ئەو جارەدا خەڵك بەنیسبەت هەڵبژاردنەکانی رابردوو زۆر کەمتر دەچنە سەر سەندووقی دەنگدان کە ئەوە دەتوانێ پەیامێکی سیاسیی شوێندانەر بێ و شیوەیەکی موناسب و کاریگەریی خەباتە بە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی.

وەک دەبینین ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە بەردەم گۆڕانکاریی زۆر خێرا دایە، بەشێک لەم گۆڕانکارییانەش لەو ماوەیەدا ڕوویان دا. کوردی ئێران لە کوێی ئەم گۆڕانکارییانەدایە؟
هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ناوچە بەتایبەت لە پێتەختی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدایە و بەشێکی کوردستانە، شوێنەواری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەلكی کوردستان دەبێ. بۆیە لە ئێستاشدا هەر چەندە سیناریۆکان زۆر ڕوون نین و ڕەهەندی جۆراوجۆر بەخۆیانەوە دەگرن؛ بەڵام بە دڵنیایی کاریگەرییان لەسەر کوردستان دەبێ. بە خۆشییەوە خەڵكی کوردستانیش ئەزموون و لێزانی ئەوەیان هەیە کە لەو هەلومەرج و دەرفەتانەی لە سۆنگەی گۆڕانکارییەکاندا دێنە پێشێ بەباشی کەڵکیان لێ وەربگرن، و دەرفەتەکە بقۆزنەوە.
ڕووداوەکانی چەند ساڵی رابردوو لە ناوچە بەتایبەت سەرهەڵدانی داعش و ڕۆڵی کورد لە شکاندنی ئەم هێزە تێرۆریستییەدا و ئەو خەبات و تێکۆشانەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا بۆ ئازادی و دێموکراسیی بوویانە، هەموو ئەوانە لەسەر یەک پێمان دەڵێن کورد لە ئێستادا فاکتەرێکی بەهێزە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەدا.

زەروورەتەکانی بەردەم جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ئێران لە بارودۆخی ئێستادا چین و چمان بۆی کردوە؟
ئەوە حەقیقەتێکی تاڵ و مێژووییشە کە کورد لە پێناو وەدەستهێنانی مافەکانی تا ئێستا لە خەباتێکی زۆریان کردوە و تێچووی زۆریشیان بۆ داوە، بەڵام دەسەوتەکانی بارتەقای ئەم هەمووە قوربانیدانە نەبووە کە دیارە ناچینە سەر باسی هۆکارەکانی. بەڵام بە گشتی ڕەوتی مێژوو و جووڵانەوەی کورد وایکردوە بزوتنەوەی سیاسیی خەلكی کوردستان بزوتنەوەیەکی لەسەر هەست و زیندوو بێ. ڕوونە کە بەپێی ئەزموونێک کە لە ماوەی خەبات و تێکۆشانیدا دەستی خستوە، بەنیسبەت گەڵان و بەشەکانی ئێران ئامادەیی زۆرتری و ئەزموونی پتری لە هەموو ئاستەکاندا هەیە. بۆیە پێویستە کە لە حاڵی ئێستادا یەکڕیز و یەکگرتووتر و خاوەن پلان و بەرنامە بێ و، خۆ بۆ هەموو حاڵەت و ئەگەرەکان لە ئاڵۆگۆڕەکانی داهاتوودا ئامادە بکا. من پێم وایە خەلكی کوردستان و هێزە سیاسییە خاوەن کاریگەرییەکان ئەم توانا و هێزەیان هەیە کە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی زیاترەوە بەرەو گۆڕانکارییەکان بچن.

زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەم دیمانەیە دانا
ئێوەش ماندوو نەبن