نەسرین (بەشی پانزدە و شازدە). نووسینی: سەلاح پوورئەسەد
ئەو کەسەی برینەکانی ناسری دەرمان دەکرد، بەسیجێکی ئیسفەھانی بوو. بە زاراوەی ئەو ناوچەیە بە ناسری گووت: نازانم ، کورد بۆ ئیمام خومەینی خۆش ناوێ، ئەو
کەسێکە مەزلومەکانی دونیا ڕزگار دەکا.
ئەو قسەیە زۆر لە ئەشکەنجەکان ناخۆشتر بوو. چوونکە خومەینی جەلادی گەلی کورد و دوژمنی مرۆڤایەتی بوو. دژی پێشکەوتن، دژی ژیانی خۆش بوو. جەھل و نەزانی ، ڕق و کینەی بڵاو دەکردەوە. زیندان، لێدان و ئەشکەنجە و ئازار. جنێو و قسەی ناخۆش ببونە بەشێک لە ژیانی.
مرۆڤ ئازاد دێتە سەر ئەو دونیایە. پێویستە ئازاد بژی و ئازادیش بیر بکاتەوە. بەندیخانە ئەو شوێنەیە، جگە لە لەشی مرۆڤ، مێشک و ھەست دڵ و بیریش بەند دەکا. بەندیخانە زنجیرێکی قورسە کە لە لەش و بیری ئینسان دەھاڵی و بڕستی لێ دەبڕێ. چوار دیواری بەرز، ژووری تەنگ و پیس وەک دڵی زیندانەوانەکان.
چەندەھا مرۆڤی بەرز لە ناو ئەو دیوارە بەرزانە دا سەربەرزانە مردن. ناسر و بەندیخانە و ئەشکەنجە لە گەڵ یەکتر ڕاھاتبوون. ناسر و ئیمان، ناسر و بیری کورد بوون و یەکسانی دەستیان ھەر لێک گرێ دراو بوو. کوا زیندان و زیندەانەوان دەتۆانن ناسر لەو بیرە جیا بکەنەوە، بیرێک کە ھەزاران کەس لە ڕێگای دا گیانیان فیدا کرد. نە خواردن، نە ئاوی خاوێن. نە جل و بەرگی باش و نە ڕاخەر و پێخەوی بە کەڵک بەدی ناکرێ. لە بەندیخانە نە ڕوحم و بەزەیی، نە ئینسانیەت مانا نادا. ھیچ یاسایەک جگە لە یاسای کۆنەپەرەستی و تاکەکەسی ئیسلامی پەێڕەو ناکرێ.
بەیانی زوو بە دەنگی ناخۆشی سرودە دواکەوتووەکانی و نەوحە خوێنەکانی ھەزار ساڵ پێش لە خەو ھەڵتدەستێنن. بە زەبری قامچی و مست و زللە، نانی بەیانیت دەدەنێ کە زیاتر وەک سەولە دەچێ. بە زۆر نوێژت پێ دەکەن، بە زۆر دەبێ ڕۆژوو بگرێ و بە زۆر دەبێ کتێبی ئیسلامی بخوێنیەوە. بەندیخانە، جێگای ڕاگرتنی پیاو کوژ و خراپەکارە، لێرە لە وڵات ئێمە باشترین کەسەکانی تێدایە.
نەسرین ماوەتەوە و دەستی گرێ دراو لە ئەژنۆ، نەسرین و خەفەت، نەسرین و گریان، گریان و نەسرین دایم لە گەڵ یەکن. لەو کاتەوە ناسر گیراوە، بۆ ساتێکیش قەڵافەتی ناسر لە بەر چاوی ون نەبووە. شەقام و شار و کۆڵان لە بەر چاوی نەسرین چۆڵە.
کێ بێتوو ھەواڵی شار بۆ پێشمەرگە بنێرێ. کێ بێتوو، لەوە بە دواوە نامە و ڕاسپاردەکان بگەیەنێتە دەست ئەندامەکانی حیزب و ڕێکیان خا و بەرنامە داڕێژێ. نەسرین ھەم لە خەمی ناسر دابوو و ھەمیش دڵگران لە بەڕێوە نەچوونی کارە سیاسیەکان. شەش مانگ ئازار، شەش مانگ ئەشکەنجە نەیان توانی وشەیەک بە ناسر بدرکێنن کە چ کاریە و چی کردوە، ئەو بێدەنگیە دەزگای جاسوسی ڕێژیمی ھارتر کرد بوو. بڕیاریان دا بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕەوانەی سنەی بکەن تا بەشکم بتۆانن شتێکی لێ وەدەست بخەن و خەڵکێکی دیکەش بگرن.
بەیانێکی ساردی زستانی لە حاڵێک دا ناسر خۆی وەک گوڵۆڵە لە ناو پەتوە چڵکن و ڕەشەکە دا وێک ھێنا بوو ، بە دەنگی کرانەوەی دەرگای ژورەکە لە خەو ڕاپەڕی. پاسداری زیندانەوان پێی گوت کە شڕە و بڕەکەی کۆ کاتەوە بۆ چاو پێکەوتنی دایک و باوکی و ڕاگۆێزتن بۆ گرتوو خانەیەکی دیکە. تا ئەو کاتەش کەس لە ئەندامانی بنەماڵە چاوی پێی نەکەوتبوو. ناسر ھەم خۆشحاڵ بوو ، ھەم ناڕەحەت، خۆشحاڵ بەوەی کە جارێکی تر ئازیزانی دەبینێتەوە، ناڕەحەت لەوە کە لە سەقز شوینی ژیان و شوێنی بوونی نەسرین دووری دەخەنەوە.
بە یادی نەسرین و بۆ نەسرین پێی خۆش بوو ھەر لەو شارەش بمرێ. کاتی چاو پێکەوتن ھات و ناسریان بردە شوێنی چاوپێکەوتن، شەش چاو و سێ لەش لەیەکتری دا ون بوون. باوەشی گەرمی دایک و باوک، گریانی نەرم و لە سەرەخۆی باوک و کوڵانی دڵی دایک، ناسری دەتۆاندەوە. ڕوو بە ڕوو، دایک و باوک کوڕ، دەیان داستانی نەوتراو لە چاویان دا دەخوێندرایەوە. نیو ساعەت کات و سەدان داستان، کات بە خێرایی دەڕۆیشت، فرمێسک و شادی لە یەکتر دیتنەوەیەکی تر، زمان بە باشی ئەرکی خۆی بە جێ نەدەگەیاند، چاو ئەو دەورەی دەگێڕا.
پاسدارێک بە دایم لە دەورو بەریان دەخولایەوە. دەزانم ئەو ڕۆ دەتبەنە سنە تا بەیەک گەیشتنەوەیەکی دیکە داوای خۆڕاگریت لێ دەکەم. دەزانم سەرم ھەر بەرز ڕادەگری، باوکی بە دەنگێکی بێ ترس پێی گوت. دایک لە بەر گریان وشەکان لە دەمی دا مەیی بوون. بە زەحمەت ناوی نەسرینی ھێنا و تێیگەیاند کە نوسراوەیەکی ئەوی پێیە. لە کاتی ماڵ ئاوایی کردن دا لە کاتێک دا دایکی توند لە باوەشی گرتبوو بۆ ماڵ ئاوایی، نامەیەكی بچووكی لە دەستی ناسر ھاوێشت و بەرەو دەرگای دەرەوە بردران.
ناسر مایەوە و کێویک خەفت. ناسر و تەنیایی چارە نووسی نادیار، تا دوو ساعەتی دیکە دەبوو سەقز کانگای ئاواتەکانی بە جێ بێڵێ. دڵی لە ناو ئەو نامەیە دا گوڵۆڵە ببوو کە توند لە مستی دا شارد بویەوە. بە پەلە خۆی لە ژوورە تاکە کەسیەکەی ھاویشتەوە و دەستی بە خوێندنەوەی نامەی نەسرین کرد کە لای ئەو پیرۆزترین نوسراوە بوو.
نەسرین (بەشی١٦)
سڵاو ئازیزە خۆشەویستەکەم!
شەش مانگە لێم ونی. دەزانی ئەو شەش مانگە بۆ من شەش ساڵە. زۆرت بیر دەکەم. دایم لە خەیاڵم دای. ھەر وێنەی تۆم لە بەر چاوە. لە ماڵ بم یان لە دەرەوە، شەو بێ یان ڕۆژ، تەنھا یادی تۆ لە مێشکم دا دەجوڵێ. دەزانم لەشی جوانت بە قامچی و شەق و مست پچڕ پچڕ بوە.
دەزانم بۆنی چڵک و خوێن تێکەڵ بوون. دەیان برینی گەورە و بچووک لەشت ئازار دەدەن. تۆ وەک کۆترێکی باڵ شکاوی بێ لانە و دانە لە دەستی جەلادانی داگیر کەر دای. جەلادێک کە بنەمای فکرەکەی کۆنەپەرەستی ڕەشی ئایینیە. خۆشەویستە ئازار دراوەکەم، بیرەوەرییەکانت، نامە و قسەکانت ھەر لە گوێم دا دەزرینگێتەوە. خۆشحاڵم نھێنیەکانت پاراستوە و ڕازی خەباتت نەدرکاندوە.
ئەو کات پێم گوتی کە ئەو کەسانەی بە ناو ھاوڕێ نوێ دینە لات، نھێنییەکان بشارەوە. و بۆ ئەو دوژمنە کۆنانەی کە جارێکی دیکە بناغەی دۆستایەتیت لە گەڵ دادەڕێژن، چەکەکەت بشارەوە. چوونکە دەستەی یەکەم سیلە لە بیر و باوەڕت دەگرن و دەستەی دوھەم لە دڵت. لە ڕابردوویان ببورە، چونکە ئەوان وەک پێڵاوەکانی مناڵیت بە پێت بچوکن و پێشی ھاویشتنی ھەنگاوی باشتر دەگرن. ھیچ کات بیر لە کۆتایی مەکەوە. بیر کردنەوە لە دواڕۆژی ڕەش پێشی رووناکی داھاتوومان دەگرن. ئیزن بدە، کۆتایی لە نەکاو ڕووت تێ بکا ، ھەر وەک ئەو کاتەی لە دایک بووی.
خۆشەویستیت لە دڵم دا ، لە ناخ و مێشک و ھەستم دا دایم لە جووڵە دایە. تا ئەو کاتەی خوێن لە دمارەکانی لەشم دا ھاتووچوێ دەکا، تۆ لە ناو ھەموو دەمارە گەورە و بچووکەکانم دای. دەیان ساڵی دیکەش لەو بەندیخانە ڕەشە دا ژیان بە سەر بەری ، دڵی من جێگای ھەمیشەیتە. چەند سەختە ژیان بێ تۆ. بەڵام داھاتووی ڕوون لە چاوە گەشەکانت دا دەبینم. نازانم سروشت بۆ وا خراپ ڕەفتاری لە گەڵ کردین، دەزانم لەو دونیایە دا بەشی ھەرە زۆری خەڵک بە ئاواتەکانیان ناگەن، ڕەنگە ئێمەش بەشێک لەو خەڵکە بین کە بە ئاواتەکانمان نەگەین و سەر بنێینەوە. داوکارم وەک ھەمیشە خۆڕاگر بی و سەربەرز
ئەو کەسەی ھەمیشە بە یادی تۆوە دەژی
نەسرین.
ناسر چەند جارێک نامەکەی خوێندەوە و لە دەریای خەیاڵات نوقم ببوو کە دەنگی دەرگا وەھۆش خۆی ھێنایەوە. پاسداری نیگابان بوو کە ھاتبوو بیباتە دەرەوە بۆ بەڕێ کردنی بۆ سنە. نامەکە لە دەستی دا شاردەوە و داوای کرد ئیزنی بدەن دەستی بشۆات و بە پەلە نامەکەی ورد کرد و لە ناو ئاوەکەی کرد و بە فرمێسکەکانی دوا ماڵ ئاوایی لە وشە شێوێندراوەکان کرد و گەڕایەوە بۆ لای پاسدارەکە و ئامادە بۆ ڕۆیشتن، سیپاڵەکانی ھەڵگرت.
(درێژەی ھەیە)