نەسرین (بەشی حەڤدە و کۆتایی). نووسینی: سەلاح پوورئەسەد

پێش ئەوەی سواری ماشێنی بکەن چاویان بەست و لە ماشێنێکێان ھاویشت. لە ناوڕاست دایان ناو دو پاسدار لەو بەر و ئەو بەری دانیشتن و لە گەڵ دوو ماشێنی دیکە

بەرەو سنە وەڕێ کەوتن. ھەر چەند ھیچ کوێی لێ دیار نەبوو، بەڵام بە ھەست دەیزانی بە چ شەقامێک دا تێپەڕ دەبێ. بە ئارامی لە سەر سەندەڵی ماشێنەکە دانیشتبوو. قورسایی چاوی پاسدارەکانی لە سەر لەشی ھەست پێ دەکرد. ماشێن بە پەلە لە شار دوور کەوتەوە و بەرەو سنە بە ڕێگا پێچاو پێچ و شاخاوییەکان دا ڕێگای دەبڕی.

ماوکە دەبوە بە ٣ ساعەتێک ببڕن و پێش تاریک بوونی ھەوا، بەندی بدرێیە دەست زیندانەوانێکی تازە.

ناسر و خەیاڵات. خەیاڵات وەک مارێک کە لە دار دەھاڵێ ، لە ناسر ھاڵا بوو. ئەو شارێک جێ دەھێڵی، کە لەو دا چاوی کراوەتەوە، لەو دا گەورە بووە، لەو دا فێری خەبات و ھەر لەوێش یەکم و ئاخرین دڵداری دیوتەوە. دەمێک بێ ئیختیار فرمیسکی لە چاو دەھاتە خوار و ئەو پەڕۆیەی چاویان پێ بەست بوو تەڕ دەکرد.

کاتێک بە بزەیەکی سەر لێو فێنکایی دەھاتە ناو دڵی. بە درێژای ڕێگا نەسرینی لە گەڵ بوو. نەسرینی بە خەیاڵ لە گەڵ بوو. دڵی نەسرینی لە تەک بوو. ئێستاش وشەکانی ناو نامەکە لە بەر چاوی سەمایان دەکرد. ئێستاش تامی یەکەم ماچی جێژوان سوکنایی پێ دەبەخشی. چرپە و ھەناسە گەرمەکانی نەسرین، ھەناسەی ژیانیان پێ دەبەخشی. بۆنی نەسرین، وشەکانی نەسرین، خەندە و گریانەکانی نەسرین بۆ کاتیکیش وازیان لێ نەدەھێنا.

ماشێن بێ ڕاوستان ڕێگای دەبڕێ، ناسر و خەیاڵات ، ناسر و بیری داھاتوو. دەبوو خۆی بۆ فەسڵێکی دێکەی ئازار وئەشکەنجە ئامادە بکا. دەیزانی ڕزگار بوون لە دەست داگیرکەر سەختە. پێی خۆش بوو حوکمەکەی مردن بێ تا زیندانی کرانی درێژ ماوە. ئەگەر زوو بمکوژن، نەسرین ڕەنگە ساڵێک ئازار بچێژێ و وەشوێن ژیانی خۆی بکەوێ، بەڵام ئەگەر چەندین ساڵ لە بەند دا بمێنمەوە، ژیانی نەسرینیش تێدا دەچێ.

بە دەنگە، دەنگ زانی کە گەیشتوونەتە سنە. دەمەو ئێوارەیەکی درەنگە. بە دوو نەفەرەکەی تەنیشتی دەستی دەگرن و بە چاو بەستراوی تەحویلی بەرپرسی بەندیخانەی دەدەن. پاش ھێندێک پرسیارە ناردیانە ژورێک کە دوو کەسی دیکەی تێدا بوو. درەنگانی شەو بە دەم خەیاڵەوە خەوی لێکەوت.

بەیانی دیسان بە دەنگە ناخۆشەکەی سرودی بەیانان لە خەو ھەستا. پاش نان خواردنی بەیانی بردیانە ژووری لێکۆڵینەوە. دوو پاسدار و جاشێک لەوێ دانیشتبوون، ھەر یەکەو قەڵم و کاغەزێکی لە پێش بوو. بەرپرسەکەیان بە ناوی سەید حوسین وتی چاوی بکەنەوە. ناسر لە گۆشەیەکی دیوەکە و سێ کەسیش بەرانبەری بوون. سەید حوسین ، بە خوێندنەوەیەکی زۆر خراپ سوڕەیەکی قورئانی دەست پێکرد کە کەس نەیزانی باسی چ دەکا.

برای خۆم، دەزانم فریوی دژی شۆڕشت خواردوە، ئاساییە، ئەو برا کوردە دەبینێ، ماوەیەک لە تەک دژی شۆڕش بوو، ئێستا بە خۆشیەوە نوری ئیمان ڕووی تێکردوە و ھاوکارێکی باشمان دەکا. تۆش دەتوانی بە ھاوکاری کردنی حکومەتی ئیسلامی ھەم گیانی خۆت ڕزگار بکەی و ھەمیش خزمەتی ئیسلام و ئومەتەکەی بکەی.

نێو ساعەت زیاتر لەسەری ڕۆیی. پاشان ڕووی کردە ناسر پێی گووت، پێم بڵێ بزانم نەزەرت چییە؟ ناسر ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشاو و کەمێکی ئاو لە لیوانەکەی بەر دەمی خواردەوە و گوتی: جەنابی حوسین، من ھیچم دژی کۆماری ئیسلامی نەکردوە، کابرایەکی کاسبم. لە زانکۆ دەریانکردم بێ ئەوەی ھیچم کرد بێ. خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆم بووم کە گرتیانم. نە ھیچ کات چەکم پێی بووە و نە تەقەم لە کەس کردوە. ناسر زۆری کوت و ئەوان نەیان ویست بیبیسن.

ئاخر شانستە، ھەرچی بە سەرت ھات بزانە بۆ خۆت ھەڵتبژاردوە. تا کاتی داداگاییەکەت چاوەڕوان بە ، بزانین حوکمی خودا لەسەرت چی دەبێت، حوسین بە تووڕەیی ئەوەی بە ناسری گوت. شەو و ناسر و تەنیایی، دوو نەفەرەکەی ھاوبەندی بە ئارامی خەویان لێکەوتووە. دەنگی پێی نیاگبانان و ھەرا و ھاواری زیندانیانی ژێر ئەشکەنجە تێکەڵ بوون. ناسر سەری لە سەر باڵنجەکەی دانا و کەوتە ناو دەریای خەیاڵ. پێش منیش زۆر کەس ئازار دراون، بە دەم سیگار کێشانەوە لە قەراغ پەنجەرە و ڕوو بە دەرەوە ئاخیان ھەڵکێشاوە.

کەسم نەدیت لە ژیانی خۆی ڕازی بێ. زۆر کەس جنێو بە خۆی و بە زەمین و زەمان دەدا. زۆر کەس بەو داخانەوە مردن و ھەڵنەستانەوە. زۆر ئاشق بە مراد نەگەیشتن و دەستی دەزگیرانیان نەگرت تا جلی بووکی لە بەر بکەن..لێگەڕێ ناسر، بەسە گلەیی و گازندە، سروشت نەگوێی ھەیە ئەمانە ببیسێ و نە ھیچ کاتیش بە ئینسافەوە جووڵاوەتەوە. سروشتی بەد ڕەوشت نە چاوی دیتنی تۆی ھەیە و نە لێت تێدەگا.، کە وابوو خەمی دونیا بە کۆڵ دا مەدە، تا بە ھاسانی بەرەو پیری مەرگ بچی. مەرگێک کە دەبێتە زیندوو بوونەوەیەکی دیکە بۆ نەسلەکانی داھاتوو.

نەسرین ( بەشی کۆتایی)
پاش یەک ساڵ و نیو ناسر یەکەم جار بە ڕەسمی بردرایە بەر دەم دادگا. جگە لە قازی‌یەک کە وەک ھەموو شتێک دەچوو لە قازی نەبێ، پاسدارێکی مەشھەدی وەک داوکاری گشتی و ژومارەیەک لە کەس و کاری کوژراوەکانی ڕێژیم لەو دادگایی کردنە دا بەشدار بوون. ئیزنیان نەدا ناسر پارێزەری ھەبێ و خۆی دەبوو پارێزگاری لە خۆی بکا. قازی مڕچ و مۆن و خوێن تاڵ، ڕیشێکی درێژ و مێزەرێکی ڕەش. عەبایەکی مەلایانە و پانتۆڵ و کراسێکی سەیر. لە پشت سەری وێنەیەکی دێزەی خومەینی و ژومارەیەک مەلای دیکە ھەڵاوسرابوون.

پاش خوێندنەوەی ھێندێک شتی عەڕەبی کە نە مەلا لێی حاڵی دەبوو و نە ناسر، داواکاری گشتی بەو جۆرە دەستی پێ کرد: ناسر، بە تاوانی ھاوکاری و ئەندام بوون لە تەک گروپ گەلی دژی شۆڕش، بەشداری کە کوشتنی برایان پاسدار و پێشمەرگەی موسڵمان و دژایەتی لە گەڵ حکومەتی خوا، داوای سەختترین سزای بۆ دەکەم کە ببێتە دەرس بۆ ھەموو لاینگرانی دژی شۆڕش.

مەلای قازی سەرێکی بە نیشانەی ڕازی بوون لەقاند و ڕووی لە ناسر کرد: تۆش قسەی خۆت بکە و ئەگەر تۆبەش بکەی ڕەنگە جورمەکەت سووکتر بێ. ناسر ھەستایە سەر پێ و بە ئاسپایی دەستی بە قسە کرد. جەنابی حاکمی شەرع، من لە ھیچ شەڕ و تەقە کردنێک دا بەشدار نەبووم. بۆشتان نە سەلمێندراوە کە من سەر بە چ حیزبێک بم. ئەوەی من کردوومە تەنیا کوشت و کوشتاری ئێوەم لە قاو داوە کە ئەوش ناچێتە خانەی ھیچ جورمێکەوە.

مەلا قسەکەی پێ بڕی و گوتی : بەسە تێگەیشتم ، جەنابی داواکار باشی بۆە چووە. تۆ دژی شۆڕش و کافری. لە خێلی بنەماڵەی پاسدارە کوژراوەکانی پرسی، بەڕای ئێوە چی لێبکەین. تێکرا گوتیان ئێعدام. مەلای قازی و داواکار سرت و خورتێکیان کرد و مەلا حوکمەکە بە ٢٠ ساڵ زیندان بۆ بڕیەوە.

پێی گووت ئەگەر تۆبەت کردبایە ، خاترمان دەگرتی. دوو پاسدار قۆڵیان گرت بۆ ژووری زیندان بردیانەوە. بەندیخانە، ناخۆشترین شوێنی سەر زەوی.

ناسر نیگران و شێواو. زیاتر خەمی نەسرینی بوو تا خۆی. چەند جارێک خەبەری بۆ نەسرین نارد کە وازی لێی بێنێت و شوێن ژیانی خۆی بکەوێ، بەڵام نەسرین ھەر لێبڕاو لە سەر بەڵێنیەکانی سوور بوو. پاش ماوەیەک ناسریان گوێیتەوە بۆ بەندیخانەکانی تاران.

ساڵی ١٣٦٧ بە فەرمانی خومەینی ھەموو ئەو کەسانەی کە تۆبەیان نەکرد بوو لە لێکۆڵینەوەیەکی چەند دەقیقەیی دا دوبارە دادگایی کرانەوە و حوکمی ئێعدامیان بە سەر دا سەپا. ناسریش لە گەڵ ھەزاران بەندی دیکە لە بەرەبەیانێکی ڕۆژێکی گەرمی ھاوین دا گوللە باران کرا و لە گۆڕستانە بە ناو بانگەکەی خاوەران لە تاران بێ ئەوەی ھیچ قەبرێکی ھەبێ لە ناو گۆڕی بە کۆمەڵ ژێر خاک کران .

چەند ڕۆژ پاشتر بە تەلەفونێکی دەزگای ئیتلاعات بنەماڵەی ناسر ئاگادار کران کە کوڕەکەیان ئێعدام کراوە و بۆ وەرگرتنەوەی کەرەستەکانی بچنە زیندانی ئەوین لە تاران. دایک و باوکی ناسر لە تارانەوە، جانتایەکی ناسریان ھێنایەوە و دوای دەرھێنان و پشکنینی جانتاکە، دوو نامەی بچووکیان دۆزیەوە. یەک لەو نامانە بۆ نەسرین بوو.

پێشیان گوتبوون نابێ بە ھیچ شێوەیەک تازیەی بۆ دابنێن و خەڵک کۆ بێتەوە. ھەر گورج دایک و باوکی ناسر چوونە ماڵی نەسرین. نەسرین و دایکی لە ماڵ دانیشتبوون. پاش نێوەڕۆیەکی گەرمی ھاوین بوو. لە دەرگایان دا و نەسرین و دایکی بەرەو پیریان چوون. نەسرین زوو زانی دەبێ شتێکی خراپ ڕووی دابێ کە وا بێ ئاگاداری ھاتوون.

بووکی ناز لێشێواوم. بووکی بە مراد نەگەیشتووم. وەرە باوەشم. وەرە با بۆنت پێوە کەم. ناسر ڕۆێی و تۆ مایەوە و من. گریان و ھاوار ئەو ناوەی پڕ کرد. دەر و جیران ھاتنە دەر و لەو شێن گێرانە دا بەشدار بوون. چەند سەختە لە دەست چوونی ئازیزان. چەند بەژانە ناڵەی دایک و خۆشەویستان.

ھاوار و گریان و ڕۆ ڕۆ تێکەڵ ببوون، ھێندێک کەس مردووی خۆیان وەبیر ھاتبووە و بۆی دەگریان. نەسرین جۆرێکی دیکە بوو، ھەستی ئەو جیا لە ھەستەکانت دیکە بوو. دڵی ھەڵقەندرا بوو. کۆشکی ئاواتەکانی داڕمابوو. ژیان تاریک، ڕۆژ تاریک و شەویش لای نەسرین تاریک بوو. جگە لە لەشی کوون کوون کراوی ناسر ھیچی تری بە خەیاڵ و مێشکی دا نەدەھات.

نەسرین ماوەتەوە و شەو. گەڕەک بێدەنگ، شەقام بێدەنگ و شار بێدەنگ لە باوەشی شەو دان. شەو و تاریکی ئێستا زۆر جوانن بە یەکەوە. نەسرین پێی خۆشە کات بوەستێت. چەند جوانە ئەو شۆ . خەفەت و تاریکی، شەو و بێدەنگی نەسرین دەبەنەوە ئەو کاتانەی کە چەندین ساعەت لە باوەشی شەو دا بیری لە ناسر و ئەشەقەکەی دەکردەوە. ھەر لێرە لەو شارە دەستی ئەشقی گرت و لە گەڵی گەورە بوو. ھەر لێرەش ژیان و ھیواکانی لە دەست چوو. تا ئەو درەنگانە لە بیری نەبوو نامەکە بخوێنێتەوە. خێرا ھەستاو نامەکەی دەرھێنا و دەستی بە خوێندنەوەی کرد.
ئازیزترین و خۆشەویستترین مرۆڤی ژیانم. دەزانم بە ھەواڵی مەرگی من خەفتبار و شپرزە دەبی.
دەزانم ژیانت تاڵ و پڕ زام دەبێ. بەڵام من خۆشحاڵم کە ڕوو سور لەو دونیایە بێ تامە و درۆزنە دەڕۆم. خۆشحاڵم کە پشتم لە ئامانجی گەلەکەم و خۆشەویستی تۆ نەکرد. پێم خۆش بوو زیاتر مابایەم، بەڵام ئاوا خۆشترە، تۆش ڕزگار دەبی و وەشوێن ژیانێکی نوێ دەکەوی. ئیتر لە ئازار و ئەشکەنجە و جنێو ڕزگارم بوو. تکایە بە نەمانی من پەیمانی ئەوینەکەمان بە ھەڵوشاوە ببینە. ئەوڤینەکەمان ھەڵوەشایەوە ، چوونکە عیشق دوو لایە و ئێستا لایەکی نەماوە. بە ھیوام ژیانێکی خۆش بەریتە سەر. ھەر چەند دەزانم ئاسان نییە. بەڵام یاسای سروشتە، ژیان دەبێ بەر دەوام بێ.