دەسپێکردنەوەی خەبات ! نووسینی: وەستا ڕەحمان

دەسپێکردنەوەی خەبات ! نووسینی: وەستا ڕەحمان
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە وەک مێرمنداڵ و گەنجێکی بێ ئەزموون لە نێو دەریای پڕ شەپۆلی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە دەیەی شەستی هەتاوی دا لە حاڵی هاتووچۆ و هەڵسووڕان دابووم، سەردەمی ئەو کات هەموو کەس بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوێتەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ببوون. ئێمەش وەک گەنج خولیای بوونە پێشمەرگە و بەشداری لە شۆڕشمان لە مێشک و بیر و هوشمان دا بوو و هەر بۆیە زۆر زوو، لە ڕێگەی ناسیاوانی شار ، خۆمان لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا دیتەوە و بە باوەڕەوە ئەو ڕێگا پڕ لە شانازییەمان هەڵبژارد و هەنووکەش هەروا درێژەی دەدەین.

دوای ماوەیەک کار و تێکۆشانی سیاسی وەک ئەندامی حیزبی دێموکرات بە هۆی ئاشکرابوونی کارەکانمان و لە ژێر چاوەدێری جاش و سیخورەکان دا وەک ئەندامی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارن لە شاری سەردەشت گیرایین و ڕەوانەی بەندیخانە کرایین. وەک بەندکراو و زیندانی سیاسیی لەگەڵ چەند کەس لە هاوڕێیان، گەلێک نەهامەتی و سەختی و دژواری و ئەشکەنجە و ئازارمان بە دەستی جەلادەکانی سەردەم و ڕژێمی پڕ لە زوڵم و ستەمی ئیسلامی ئێران چێشت و لە زیندان دا پۆلێک لە باشترین ڕۆڵەکانی گەلی کورد و هەروەها خەڵکی شاری سەردەشت بە ناحەق لە دادگا، بێ دادگاکانی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی لاوانی کورد بە ئێعدام مەحکووم کران و دواتر بە دڕندانەترین شێوە گوللەباران و ئێعدام کران.

ئەوەندە پێشەکییەی سەرەوەم تەنیا بۆ ئەوەیە کە باس لە دوای ئازادبوونم و تێهەڵچوونەوەم بۆ کار و ئەرکی حیزبی نووسیبێ، ئەگینا سەربوردەی نێو گرتووخانە و زیندان بە دەیان کتێب نانووسرێتەوە و هیوادارم کە لە داهاتوو دا بتوانم وەک بەشێک لە بیرەوەری خۆم بینووسمەوە بۆ ئەوە توانیبێتم هەم بەرچاو ڕوونیم بە گەلەکەمان دابێ و هەمیش پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران لە ئاست مافی مرۆڤ و بە تایبەت گەلی کورد لە قاو بدەم و منیش خەرمانەیێک لە جینایەتەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بخەمە سەر خەرمانی پڕ لە شوورەیی ئەو ڕژێمە نگریسە.

چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە دوای ئازادبوونم لە گرتووخانە تەڤڵی شۆڕش و خەبات لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوومەوە؟

خاڵ حەمە ناسراو بە حەمە گەورە مرۆڤێک لە چەشنی فریشتە، کە وەک وەڵاغدارێکی لێهاتوو و قەدیمی و بە ئەزموون، نیزیک بە هەموو تەمەنی خۆی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵی لە نێوان گەرمێن و کوێستاندا لە هاتوچۆ دابوو، مرۆڤێکی بوێر و شارەزا و لە هەمانکاتدا خۆشەویستی گشت لایەک بوو، لە ڕێگەی وەڵاغداری و هاتووچۆوە، نێو و نێوبانگێکی زۆری لە هەر دوو دیوی سنوری دەستکرد پەیدا کردبوو ، ببوو بە کەسایەتیەکی جێی متمانە و باوەر پێکراو و ئەمینداری هەموو خەڵکی ناوچەکە ، بەتایبەتی بۆ شۆرشگێران و تێکۆشەرانی دێموکرات لە هەر دوو دەورانی رژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا گەوهەرێک بوو هەر مەپرسە، کەلێنی هەموو ئەو ئامرازە پێوەندیدارانەی سەردەمی تێکنۆلێژیای ئێستای بۆ پر کردبوونەوە.

چەند مانگێک بوو لە زیندان و گرتووخانەی ڕژێمی نەگریسی ئیسلامی ئێران ئازاد ببووم و هەروا نێوە نێوە دۆست و خزم و ناسیاوانی شار بۆ دیدار و بەخێرهاتنەوەم سەردانی ماڵییان دەکردین. پاش نیوەرۆیەک، خاڵ حەمەش هاتە ماڵێ ، دوای قەدەرێک دانیشتن لە کاتی ماڵئاوایی کردن لە حەوشەی ماڵێ بە گوێدا چرپاندم کە سبەینێ لای بانگی عەسری لە کانیە شێخ شەرەفان چاوەرێت دەکەم. ئەو سەردەم دەورو بەری ماڵی ئێمە لە نێزەرۆیە هەمووی ڕەز و باخ و کانیاوی سارد و سووک بوون و سروشتێکی جوان و دڵرفێنی هەبوو. خەڵکی شار بۆ سەیران و کات بەسەر بردن روویان تێدەکرد ، لەبەر ئەوەی دەوربەری کانیەکە لەوەڕ و شیناوردی باشی لێ بوو خاڵ حەمە رۆژانە بارگینەکەی لەوێ دەبەستەوە.

دوای ڕۆیشتنی خاڵ حەمە، لە بیر و فکرەوە ڕاچووم و دەیان بیر و فکرم بە خەیاڵ دا هات، کە دەبێ خاڵ حەمە چ کارێکی بە من بێ و بۆچی دەبێ لە کانی شێخ شەرەفیان بیبینم، هەر چۆنێک بوو ئەو ڕۆژەم تێپەڕ کرد و رۆژی دواتر لە کاتی دیاری کراودا چوومە شوێنی مەبەست.

سڵاو و ماندوو نەبوونیم لە خاڵ حەمە کرد، بەڵام خاڵ حەمە بەدەم وەڵامدانەوە هەر خەریکی کورتانی بارگینەکەی بوو ، وەک ئەوەی لە شتێک بگەرێ ، کەمێکی پێچوو.

گووتی: خۆ وەمزانی لێم ونبووە منیش گووتم خاڵ حەمە چیت لێ ونبووە ، وەڵامی دایەوە و گووتی نا شوکر بۆ خوا دیمەوە ، هات لە لام دانیشتوو و نامەیەکی چکۆڵەی پێچراوی دایە دەستم.

گووتم ئەوە چییە؟ خاڵ حەمە لە گەڵ ئەوەی هیچ کەسیشمان لە دەوروبەر نەبوو بە هێواشی و بە دەنگێکی نزم گووتی ئەوە محەممەد کەسرایی بۆی ناردوی .
بەڵێ سیی و نۆ ساڵ لەمەوبەر دوای ئازاد بوونم لە زیندان ئەوە یەکەم نامە و پەیوەندی حیزبیم بوو کە لە رێگای خاڵ حەمەی رەحمەتیەوە دامەزرایەوە ، لەوسا بەدواوە بۆ جارێکیتر لە ژیاندا چوومەوە قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشانی نەهێنی و پر مەترسی ئەمنییەتی، بەڵام پر لە شانازی. بێ دوو دڵی قۆڵم لێ هەڵماڵی ئەو رێگا سەخت و پڕ هەڵەمووتەی خەبات بەڵام پر لە ئازایەتی و شەهامەت لە پێناو گەل و نیشتیماندا هەڵبژاردەوە کە تا ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر هەرا درێژەی هەیە.
حزور و بوونی فیزیکی تیمە تەشکیلاتیەکانی حیزبی دێموکرات لە نێو جەرگەی شاری سەردەست و گوندەکانی ناوچە گوڕ و تینێکی زۆری بەخۆوە دیتبوو، ڕژێم زۆر بە بەربڵاوی کاری دەکرد کە بتوانێ پێش بەو جموجۆڵ و هەڵسووڕانە پڕ لە سەروەرییەی کادرەکانی شار بگرێ. ئەوکات هاوڕێ کاک محەممەد کسرایی سەرپەرەستی تیمی تەشکیلاتی شار دەکرد، زۆر شارەزایانە بە نەهێنی و بەرنامە بۆ دارێژراو کار و تێکۆشانی تەشکیلاتی ناو شاری سەردەشت و دەوروبەری بە هیممەتی پۆلێک لە ئازاترین ئەندامانی حیزب بەرێوە دەبرد. بە هۆی هەڵسووڕان و کاری بەردەوام دوژمن بە تەواوی زەبوون و دەستەوەستان مابۆوە.

بە هەوڵ و هیممەت و تێکۆشانێکی زۆری کەسرایی و کادرەکان و بە لەخۆبردوویی و ئامادەگی زۆری ئەندامانی نەهێنی حیزب لە ماوەی کەمتر لە چەند ساڵاندا رێژەیەکی بەرچاو و دیار لە لاوانی بە هەست و نیشتمان پەروەی ناو شاری سەردەشت بە دەوری حیزبی دێموکراتدا کۆ ببوونەوە و تۆرێکی بەرینی تەشکیلاتی نەهێنی لێ دروست ببوو کە بۆ حیزب زۆر جێی هیوا و متمانە بوو تەنانەت وەک پردێکی جێی باوەڕ ئەمینی پەرینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەش لە لایەن ڕێبەری حیزبەوە حیسابی جیددی لەسەر دەکرا ، ماندوویی نەناسی ، ئەزموون و باوەر بەخۆ بوون ، خۆشناویی و ناسیاویی کادرەکانی تیمی شار لە ناو خەڵکدا و هەروەها پێشینەی دەورانی خویندکاری و تێكەڵ بوون و نیزیکایەتیان لە تیمە وەرزشیەکانی شاردا هۆکار و کاریگەری ئەسڵی بوون لە بونیادنانی وەها تەشکیلاتێکی گەورە و بەهێزەدا  و لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە پێی ئیمکان لە تەنیشت لاوان و خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو،

وەستا رەحمان
فینلاند : ۱۲-٥-٢٠٢٥