رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران. وەستا رەحمان

رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران. وەستا رەحمان
ماوەیەک دوای ئازادبوونم لە زیندان کە پەیوەندیم بە تەشکیلاتی نەهێنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران گرتەوە ، لێبراوتر لە پێشوو بۆ رزگاری گەل و نیشتیمانەکەم قۆلم لە خەبات و تێکۆشانی نەهێنی لە نێو شار و دەوروبەری هەڵماڵیەوە .
لەو سەردەمیدا هەموو ساڵێ بەدوای تەواو بوونی وەرزی سارد و سەرماو و سۆڵدا و هاتنی بەهار و بوژانەوە و شینبونەوەی دار و دەوەنەکان ، وێرای نوێ بونەوە و سەرهەڵدان ، پێشمەرگەش تێکەڵ بە چیا و دۆڵ و پێدەشتەکانی نێشتیمان دەبوونەوە.

هەموو ناوچەکانی کوردستانی خۆرهەڵات هەر لە باشورەوە تا دەگەیشتە مەڵبەندی دلێرانی هێزی ئاگری هەر جمەی دەهات لە مێرخاسانی دێموکرات و هەڵسووڕان و جوڵانی هێزی بە هێزی پێشمەرگە لە نێووخۆی وڵات گوڕ و تین و هیوا زۆری دەخستە نێو دڵی خەڵکی کوردستان و شاخ و کێو و پێدەستەکانی کورردستانی ئاوەدان دەکردەوە. حزوری پێشمەرگە بە هەیبەتەکانی دێموکرات لەسەر چیا و دەشت و لە ناو لێرەوارەکانی کوردستان دیمەنێکی وەها جوانی بە سروشتی دڵرفێنی کوردستان دەبەخشی کە هەزاران تابڵۆی جوان و بێ وێنەیان دەخوڵقاند ، کە گوزارشت لە بوونی نەتەوەیێکی زیندووی وەک کورد دەکرد کە بۆ بەدەست هێنانی مافی ڕەوای ئینسانی خۆی رۆڵە بە ئەمەگەکانی ئاوا خاکیپۆشانە دەستەملانی جوانیەکانی سروشت و خاکی خۆی بووە .
ئەو ساڵانە کە بە ساڵەکانی خەباتی بەرگری پێشمەرگانە بەناو بانگە ، پێشمەرگە بە دەست و بردەکانی دێموکرات بە عەمەلیاتی پارتیزانانە و سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانیان ئاگریان لە سەر پشتی داگیرکەرانی کوردستان دەکردەوەو دوژمنیان زلیل و داماو کردبوو، هێزی پێشمەرگە لە هەموو شوێنێک هەبوون و لە هیچ شوێنێکیش نیشتەجێ نەبوون و دائیم لە حاڵی گۆڕینی جێگەی خۆیان بوون و بە سەردان لە گوند و مووچە و مەزرا و شارەکان زیاتر هەیبەتی خۆیان نیشان دەدا .
رادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران لەو سەردەمەدا تاقانە ئامرازی پەیوەندی خەڵک و خەباتەکەی بوو، بێژەرە دەنگ دلێرەکانی ڕادیۆ و بە تایبەت کاک ئەحمەد شێربەگی بە بڵاو کردنەوەی بەردەوامی هەواڵی سەرکەوتنەکان و چالاکیەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە «سەرنج بدەن سرنج بدەن» سەمای ئازادیان لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەگێرا و وێرای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاوێتەی شۆرش و غرروری پێشمەرگەکان لە سەر چیا و دۆڵ و لە ناو شار و گوندەکانی کوردستان دەبون ، کە قەڵەم و زمانی من لە گێرانەوەی ئەو سەردەمە پر لە حەماسە و زیرینەدا كڵۆڵ و دەستە وەستانە .
ئەو سەروبەندانە کە شۆرشی کوردستان لەوپەری گەرمی و چالاکی خۆیدا بوو ، رادیۆ دەنگی کوردستانیش ببوو بە ئەمرێکی واقیع لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا ، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە رێگای دەنگی کوردستانەوە ئاگاداری هەواڵ و هەموو جموجۆڵەکانی بزوتنەوە مافخوازیەکەیان دەبوون .
بەهۆی تابەتمەندیەکانی کاری ڕۆژانەم کە کاری بەننایی بوو،، رۆژانە دەبوو کاتژمێر پێنجی بەیانیان لە ماڵ وەدەر کەوم و ئێواران کاتی خۆرئاوا بوون بگەڕێمەوە ، بۆیە لەو کاتانەی رادیۆ دەنگی کوردستان بڵاو دەبۆوە ئەمن لە ماڵ نەدەبووم ، جا لەبەر ئەوەی ئەندامی نەهێنی حیزبیش بووم و ئەو سەردەمیش زۆربەی پەیامە تەشکیلاتیەکان لە رێگای رادێۆ دەنگی کوردستانەوە بە ئەندامانی ناوخۆی وەڵات دەگەیشت ، بۆیە بۆ گوێ گرتن لە رادیۆ و ئاگادار بوون لە دەنگ و باسی شۆرش و هەڵوێستەکانی حیزب و هەروەها پەیامە تەشکیلاتیەکان ، پێویست بوو بۆ چارەسەری گرفتی ئاگادار بوون لە بەرنامەکانی رادیۆ دەبوو فکرێکی ئەساسی بکەمەوە ، ئەو بابەتەم لە گەڵ شەرافەتی هاوبەشی ژیانم باس کرد و ساغ بوینەوە کە رۆژانە بەرنامەکانی رادیۆ دەنگی کوردستان زەبت کەین ، بەخۆشیەوە شەرافەت بە دڵ ئاوالاویەوە ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرت و لەمەو بەدوا بە هۆی ئەوەی بەیانیان رادیۆ دەنگی کوردستان زۆر سافتر و بێ پاڕازیت بوو لە کاتەکانی دیکە ، هەموو رۆژی شەرافەت بە رادیۆزەبتێکی ئایوا بەرنامەکانی دەنگی کوردستانی بۆ زەبت دەکردم ، بەو شێوەیە گرفتەکەمان چارەسەر کرد و هەموو رۆژێ ئێواران دوای کارێ کە دەگەرامەوە ماڵێ هاوسەری ژیانم زەبتە ئایوایەکەی لە تەنیشتم دادەنا و بەدەم چا خواردنەوە لە گەڵ ئەوەی ماندوو بوون و شەکەتی کرێکاریم لە لەش دەردەکرد ، هەر کە زەبتەکەم هەڵدەکرد و دەیگوت (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە) حاڵ و هەوایەکی وەها خۆشی پێ دەبخشیم و بە تەواوی دەحەسامەوە و بۆ کار و خەباتی سبەینێم کە نان و ئازادی بوو شاڕژ دەبومەوە و «شا»م بە سەپانی خۆم نەدەزانی .

وەستا رەحمان
فینلەند : ١٨-٥-٢٠٢٥