کۆچی دوایی کچی تێکۆشەرێکی دێموکرات

کچی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری حیزبی دێموکڕات ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨هەتاوی ، بەرامبەر بە ٨ی فێورییەی ٢٠٢٠ی زایینی، خاتوو “هێرۆ بەقایی” کچی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و بە ڕابردووی حیزبی دێموکڕات بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو “هێرو بەقایی” کچی پیشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕات “عومەر بەقایی” کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشان بوون، خاتوو هێرۆ لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتدا چاوی بە دنیا هەڵێنا و لەگەڵ سەختی و نەهامەتییەکانی ژیان و لەگەڵ هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان لە نێو بنەماڵەیەکی حیزبی و شۆڕشگێڕ پەروەردە بوو.
عومەر بەقایی پێشمەرگەی ئازاو بە وەفا و یەکێک لە یارو پارێزەرانی ڕێبەرانی شەهید دکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی بوو.
ناوبراو ساڵانێکی زۆر لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوو و پاشان بۆ درێژەدانی ژیان ڕوودەکەنە هەندەران.
شایانی باسە خاتوو هێرۆش کە کچی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرو پەروەردەی نێو شۆڕش بوو، بە دڵێکی پڕ لە هەستی کوردایەتی گەورە بوو، بەڵام بەداخەوە هەر زۆر زوو دووچاری نەخۆشییەکی درێژخایەن دەبێت و دوای ساڵانێک خۆڕاگری و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشیە لە تەمەنی لاویدا ماڵاوایی لە بنەماڵەو دۆست و هاوڕێیانی دەکات.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری هێرۆ بەقایی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.