کورتە بیرەوەریەک بە زمانێکی سادە و ساکار ! نووسینی: وەستا رەحمان
کورتە بیرەوەریەک بە زمانێکی سادە و ساکار !
سەر و بەندی مانگی گەلاوێژی ١٣٧٤هەتاوی بوو، لە گەرمای تاقەت پرووکێنی هاوینانی لای خۆمان وەک پێشەی هەمیشەیی خۆم هاوینان سەرم بە کاری بەننایەتیەوە قاڵ بوو ، ئێوارێ دوای تەواو بوونی کار وەکو زۆربەی ئێوارە هاوینانی خۆم کە دەگەرامەوە ماڵ دوای دەست و چاو شوشتن و ئاوێک بە لاقان داکردن بۆ حەسانەوە و دەرکردنی ماندویی و شەکەتی رۆژەکارەکەم لەبەر دەرکی ماڵی کە بەسەر دۆڵ و رەز و باغەکانی نێزەرۆیەدا دەیروانی دانیشتبووم و چام دەخواردەوە ، چاوم لێ بوو پیاوێک لە جادەی لایداو هەڵگەرا بەرەو لای ماڵی ئێمە کە لێم نیزیک بۆوە دیتم کاک حاجی پیاوە مەشرف خۆش و پێشمەرگە ئاساکەی کە جار جارە نامە نەهێنیەکانی حیزبی بۆ دێنام ، دوای چاک و چۆنی لە تەنیشت من دانیشت ، هەر بەدەم قسەکردن و چا خواردنەوەدا دەستی لەبەر پشتێندێ ناو نامەیەکی پێچراوی حیزبی دایە دەستم .
نامەکە لە لایەن کاک مستەفا مەولودیەوە بوو کە نێوەرۆکەکەی بەو جۆرە بوو کەسێک بە ناوی (x) مامۆستا لە دانیشگای پەیامی نور دێتە سەردەشت ، ئێوە هاوکاری بکەن و بیگەیەننە لای ئێمە ، بەڵێ رۆژی دیاری کراو ئەو کەسە هاتە سەردەشت و بە پێی نیشانەکان یەکترمان دیتەوە و هەمان رۆژ لای نیوەرۆیە بە هاورێیەتی چەکۆ بارانی هاورێم وەرێ کەوتین و لە رێگای گوندی کونەمشکێ و کویستانەکانی شاخی سپی و دۆڵی هەڵشۆووە خۆمان گەیاندە شاری قەڵادزێ ، هاورێکانم لە قەراغ شاری قەڵادزی لە شوێنێک دانا و خۆم بەرەو مەقەری حیزب لە قەلادزێ وەرێ کەوتم ، ئەوکات کاک عەلی حاجی بەرپرسی مەقەر بوو ، دیارە پێشتر کاک عەلی حاجی لە لایەن کاک مستەفا مەولودیەوە ئاگادار کرابۆوە بۆیە هەر زوو تەرتیبی سەفەر بۆ کۆیەی ئامادە کرد و خۆشی لە گەڵمان بوو بە هاوسەفەر بۆ مەڵبەندی تێکۆشەرانی دێموکرات لە دەشتی کاکی بە کاکی کۆیە ، بەهەرحاڵ دوای بانگی شێوانێکی درەنگ گەیشتینە قەڵای میران و لەبەر دەرکی ماڵی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن زادە دابەزین ، کە گەیشتینە حەوشە بە رەحمەت بێ و هەزارجار یادی بەخێر بێت نەمر کاک مستەفا حەکیم زادە حەکیمەکەی خۆمان لە حاڵی نیگابانی دا بوو هەر کە چاوی بە من کەوت گوتی هەتیوی دەروێشی ئەوە ئەتۆی ماچی کردین و ئێمە وەژوور کەوتین.

مامۆستا و کاک مستەفا مەولودی چاوەرێمان بوون ، دوای چاک و چۆنی و ماوەیک قسەکردن هەموومان پێکەوە نانی شەومان خوارد و دوای نان خواردن کاک عەلی حاجی هەر ئەو شەوە گەرایەوە بۆ قەلادزی ، پاشان بەدەم چا خواردنەوە مامۆستا دەستی کرد بە قسەکردن بۆمان ، یەکەم قسەی ئەوە بوو گوتی ئەورۆ کە ئێوە گەیشتوونە ئیرە بەسەر خەبەرێکی ناخۆش دا هاتوون ، بەداخەوە هەر ئەورۆ رادیۆکەمان داخراوە و فریا نەکەوتووین بەر لە داخرانی راگەیندراوێک بۆ ڕای گشتی خەڵک بڵاو کەینەوە ، مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا کە زۆرتر رووی قسەکانی بۆ ئەو مامۆستایەی دانیشگای پەیامی نور بوو گوتی لە ئێستادا دەبوو دەیان کەسی پێگەیشتوی دانیشگاهی وەک بەرێزتان لە رێبەری ئەو حیزبە دابان و بەرێوەتان بردباو ئەرکی سەرشانی خۆتان بۆ جوڵانەوەی مافخوازی گەلی کورد بەجێ گەیاندبا ، بەڵام ئێستا کە ئەمن سکرتێری حیزبی دێموکراتم لە هەموو تەمەنم دا بۆ ساتێکیش لە سەر مێزی زانست لە مەدرەسە و دانیشگا دانەنیشووم ، ئەوی لە زانست و عیلمیش فێری بووم هەمووی لە عوجرەی فەقێیان و ئەشکەوت و چیا و دوڵەکانی کوردستاندا فێری بووم و گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی ئەورۆ کە ئەو ئەرکە قورس و گرانە بەڵام ئەرکێکی پیرۆز کەوتۆتە سەر شانم .
تێبینی : ئەو کورتە بیرەوەریەم بۆیە نوسیی کە بڵێم خویندن بە تەنیا بەس نییە بۆ گەورەیی مرۆڤەکان .وێنەکە : مامۆستا فەلسەفی ، مامۆستا حەسەن زادە .
وەستا رەحمان
فینلاند : ٦-٥-٢٠٢٥