٤٥مین هەڵبژاردنی فیدراڵی لە کەنەدا. محەمەد خادمیانی

٤٥مین هەڵبژاردنی فیدراڵی لە کەنەدا

ترامپ مەترسێک بۆ سەروەری کەنەدا و دەرفەتێک بۆ حیزبی لیبراڵ

٤٥مین هەڵبژاردنی پارلمانی فیدراڵی کەنەدا رۆژی دووشەمە، ٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥ لە  ٦٥ هەزار ناوەندی دەنگدان و لە ٣٤٣ ناوچەی هەڵبژاردن بەرێوەچوو.هەرەشەی بەردەوامی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر سەروەری کەنەدا ئاڵوگۆری مێژوویی و گەورەی لە ژینگەی سیاسی کەنەدا بە دوای خۆیدا هێنا.

بە پێی ریپۆرتی ناوەندی هەڵبژاردنی کەنەدا ١٩٥٨٣٠١٦ کەنەدی، نزیکەی رێژەی ٦٨.٦٥%  بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و حیزبی لیبراڵ بۆ جاری چوارەم دەسەڵاتی سیاسی مسوەگەر کرد.

دەرەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ و بەشێک لە هۆکارە سەرکییەکانی:

ئەنجامەکانی هەڵبژاردن

حیزبی لیبراڵ:  بە سەرۆکایەتی مارک کارنی، لیبراڵەکان ١٦٩ کورسی و نێزیک بە ٤٤ %ی دەنگی خەڵکیان بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١، لیبراڵەکان ١٥٤ کورسیان لە پارلمان هەبوو.

حیزبی کەنسرڤەتیڤ یا پارێزگاران: بە رێبەری پیێر پۆیلیڤر، حیزبی پارێزگاران باشترین ئەنجامی خۆیان لە ساڵی 2011وە بەدەستهێنا و 144 کورسی و 41%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. کەنسرڤەتیڤەکان١٢٨ کورسیان لە هەڵبژاردنی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ هەبوو.

بلۆکی کێبێک: حیزبی بلوکی کێبێک بە رێبەری ئیڤ-فرانسوا بلانچ،  ٢٢ کورسیان بەدەستهێنا و پێگەی خۆیان وەک هێزێکی بەرچاو لە پارێزگای کیبێک پاراست. ساڵی ٢٠٢١، ئەو حیزبە ٣٥ کورسی بوو و لەم هەڵبژاردنە ١٢ کورسیان لەدەست دا: لیبراڵەکان ١٠ کورسی و کەنسرڤەتیڤەکان ٢ کورسیان بۆ خۆیان مسوەگەر کرد.

حیزبی دێموکراتی نوێ:  جەگمیت سینگ و حیزبەکەی تووشی لاوازی ودابەزین ولە راستیدا دارمانێکی بەرچاو بوو، تەنها 7 کورسی لە ٢٤ کورسی کە لە پارلمانی پێشوو بوویان، توانیان رایبگرن.

حیزبی سەوز: حیزبی سەوز بە رێبەری دوو هاوسەرۆکی ئەم حیزبە ئەلیزابێت مەی و جانتان پێدنۆڵت توانین تەنیا ١ کورسی رابگرن و لە هەڵبژاردنی٢٠٢١، سەوزەکان ٢ کورسیان هەبوو.

بەشێک لە هۆکارە سەرەکیەکان:

هەرەشەی دۆناڵد ترامپ و بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم

‌ هەرەشەی بەردەوامی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر سەروەری کەنەدا و سەپاندنی باجێکی بەرچاو لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لەسەر کەل و پەلی کەنەدا و لێدوانە نابەرپرسەکانی، لەوانەش پێشنیارکردنی ئەوەی کە کەنەدا ببێتە ٥١هەمین ویلایەتی ئەمریکا، بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی میژوویی هەستێکی ناسیۆنالیستی بەرفراوان لەنێو کەنەدایەکاندا. ئەم هەڵکشانە لە ناسیۆنالیزمدا پێگە و پشتگیرییەکانی حیزبی لیبراڵی بە رێبەری مارک کارنی کە خۆی وەک بەرگریکاری لە سەروەری کەنەدا ناساندبوو، بەهێزتر کرد.

دەنگدانی ستراتیژی و داڕمانی حیزبە  بچووکەکان

حیزبە سیاسییە بچووکەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی نوێ (NDP) و حیزبی سەوز دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنی  ٢٠٢٥ بوون. زۆرێک لە دەنگدەران لە ترسی ئەگەری سەرکەوتن و وەدەستهێنانی زۆرینەی حیزبی کەنسەرڤەتیڤ و پێیر پۆیلیڤر، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتگیریان لە حیزبی لیبراڵ کرد. ئەم گۆڕانکارییە بوو بە هۆی ئەوەی حیزبی لیبراڵ ١٢ کورسی لە حیزبی دێموکراتی نوێ و ١١ کورسی لە حیزبی بلوکی کیبێک بەدەستبهێنێت.

گۆڕانی رێبەری و ڕێکخستنەوەی حیزب

ئەنجامی هەڵبژاردنەکە گۆڕانکاری بەرچاوی لە سەرکردایەتی و رێبەری حیزبەکاندا وەدیهێنا.

بوومەلەرزەیەکی سیاسی ئەم هەڵبژاردنەوە ئەوە بوو کە ٣ لە ٥ رێبەری حیزبی سیاسی لە ناوچەی هەڵبژاردنی خۆیان، دەنگیان نەهێنایەوە.

پیێر پۆیلیڤر رێبەری حیزبی کەنسرڤەتیڤ، وەک پێشتردیمانەی ئەوە کرابوو کە بۆ خۆی دەنگ ناهێنێتەوە، لە ناوچەی هەڵبژاردنی خۆی لە ئۆتاوا دەنگی متمانەی پێنەدرا.

جاگمیت سینگ، رێبەری حیزبی دیموکراتی نوێ، دوای ئەوەی حیزبەکەی تووشی لەدەستدانی کورسییەکی بەرچاو بوو وخۆشی لە شاری برنابی دەنگی نەهێنایەوە و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک رێبەری ئەم حیزبە ڕاگەیاند.

هەروەها جانتان پێدنۆڵت، هاوسەرۆکی حیزبی سەوز، دوای لەدەستدانی کورسییەکی خۆی و دەنگنەهێنانەوەی، وەک هاوسەرۆکی حیزبی سەوز دەستی لەکارکێشایەوە.

ئەم گۆڕانکاریانەی رێبەرایەتی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی سیاسی فراوانترە لە کەنەدا، کە دەنگدەران لە وەڵامی فشارە دەرەکییەکان و داینامیکی ناوخۆیی حیزبەکاندا، لە دەوری دوو حیزبە گەورەکە کۆبوونەوە.

پیێرپۆیلیڤر تا ٣ مانگ لەمەوەبەر بە پێی رایانگەیاندنی ناوەندەکانی راپرسی، ٢٧٪ لە پێش لیبراڵەکان بوو و ئەگەری ئەوە هەبوو کە دەتوانێ زۆرینەی دەنگ بەدەست بێنێت بەڵام نەیتوانی خۆی دەگەڵ دۆخی نوێی رێبەری تازەی حیزبی لیبراڵ ومەترسی سەر سەروەری وڵات بگۆنجێنێت. پیێر ستراتژی و سیاسەت و زمانی زبر و رخنەگرانە و روخێنەری خۆی، رێک بە شێوازی ترامپ، دوای بردنەوە وهاتنەسەرکاری مارک کارنی نەگۆری. خەڵك گەیشتنە ئەو باوەرە کە مارک کارنی کەسایەتێکی گۆنجاو بۆ دۆخێکی هەستیار و نەخوازراو بۆسەر نیشتمانەکەیانە.هەرچی زیاتر پێیر پۆیلیڤر هەرشە و گۆرەشەی دەکرد، ماک کارنی بە زمانێکی بەهێزتر، باوەربەخۆترو هێمن تر، متمانەی دوارۆژێکی سەقامگیرتری بە خەڵک دەدا.

مارک کارنی توانی مەترسی و هەرشەی دۆناڵد ترامپ بکاتە دەرفەتێکی دوبارە  بۆ حیزبی لیبراڵ وئەو متمانە و دڵنیایە بداتەوە بە خەڵکی کەنەدا کە ئەو دەتوانێت لە بەرابەر زۆرداری ترامپ بوەستێت و لەسەر مێزی ووتووێژ دەگەڵ ترامپ، پارێزەری بەهێزی ماف و داخواز وسەروەری و خاکی خەڵکی کەنەدا بێت.

محەمەد خادمیانی

٢ی مەی ٢٠٢٥