كۆچی دوایی وەستا حەمەی حاجی شەخسەی لە شاری سەردەشت

كۆچی دوایی وەستا حەمەی حاجی شەخسەی لە شاری سەردەشت

‎بەداخەوە شەوی ڕابردوو كاك محەممەد مەحموودنژاد كوڕی حاجی شەخسەی سەردەشت ناسراو بە وەستا حەمە بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

‎وەستا حەمە لەگەڵ ئەوەدا باری بیستنی زۆر كز بوو بەڵام ئەم کەمایەسییە، نەبوو بەهۆكار كە خولیاكانی خۆی كەم و زۆر پشت گوێ بخا، بەهۆی وەزعییەتی جەستەیی نەچۆتە سەربازی و هەر لە دەورانی مێرمنداڵی و گەنجییەتی دا بۆ بژیوی ژیان و بە هەوڵ و هیممەتی خۆی لە بەشی میكانیكی ماشێن و ماتۆری بەرقی و تراکتۆر دا لە لای چەند وەستاکارێک وەک شاگرد كاری كردووە و زۆر زوو هونەری دەست ڕەنگینی فێربوونی لە کاری میکانیکی دا وەک وەستاكارێكی باش، نێو و ناوبانگی بۆ وەستایەتی و مكانیكی سنووری سەردەشتی بڕیوە و بۆتە وەستاکارێکی دیاری ناوچەكە.

‎وەستا حەمە مڕۆڤێكی بێ زەڕ و هێدی و لەسەرەخۆ بوو، لە كارەكانی دا كەسێكی سەركەوتوو بوو، خەڵكی خۆشدەویست و خەڵكیش وەستا حەمەیان خۆش دەویست. وەستا حەمە ڕۆژ و شەو كاری دەكرد و زۆر جار ئەو شۆفیرانەی لە ڕێگادا ماشێنەكەیان لێ خەراپ دەبوو ، ئەوە وەستا حەمە وەک فریادڕەس لە فریایان دەکەوت و ماشێن و تراكتۆر و یا هەرچی لێیان خەراپ بایە چاكی دەكردەوە و هاوکاتیش لە وەستایەتی خۆیدا هیچ كات هەوڵی نەدەدا لە وەرگرتنی حەقدەست دا زیادە ڕەوی و یا كەڵكی خەراپ وەر بگرێ و ئەهلی فڕت و فێڵ و گەندەڵی نەبوو.

‎لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دا وەستا حەمە وێرای خەڵكی وەزاڵەهاتووی كوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت بە تایبەتی لە سەر شەقام بوو، كەسێكی چاونەترس و بوێر بوو، خولیای ئازادی گەلەکەی بوو.

لە كاتی دامەزرانی بنكە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات دا هەمیشە لە هاتووچۆی بنكە و مەقەڕەكان دا بوو، ئاشنایەتی لەگەڵ زۆڕێك لە كادر و پێشمەرگە و فەرماندە و ڕێبەرانی حیزب هەبوو، خۆشەویستی پێشمەرگە لەلای وەستا حەمە هێندە بەرز بوو كە دوای ڕۆیشتنی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی شاری سەردەشت ، ئەوە وەستا حەمە بۆ دیدار و بۆ ڕاپەڕاندنی بەشێک لە کارەکانی وەک چاککردنی ماتۆری بەرق و چاک کردنەوەی ماشێنەکانی هێزی پێشمەرگە ڕۆژێک لە بێوران و ڕۆژێک لە واوان و ڕۆژێک لە سەنگەری پێشەوە دا بووە، کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لە لای وەستا حەمە خزمەت کردن بە گەل و نەتەوە و هێزی پێشمەرگە بوو، بۆ سەردانی تایبەت بۆ لای خوشکەزا  پێشمەرگەکانی و خۆشەویستانی ڕێگەی پڕ مەترسی هەڵدەبژارد و لە هاتووچۆی بەردەوام دابووە.

خۆشەویستی هێزی پێشمەرگە وای لێکرد بوو کە لە شەری سێ مانگەدا لە سەر داوای مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی بۆ چاککردنەوەی تەگەرەکانی تۆپی ١٠٥ی حیزب و چەندین ماشێن کە بە هۆی بوردومانی فرۆکە و تۆپخانەی ڕژێم خەراپ ببون، بچێتە شوێنی مەترسیدار، بۆ چاککردنەوەی ماشێنی شەهید حوسێن شەمامی و شەهید عەلی شوانە و پێشمەرگەکانی دیکە گیانی خۆی لە مەترسی بخا، هەر بۆیە هەمیشە وەک بیرەوەری بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی و خەڵکی دیکەی دەگێراوە.

وەستا حەمە باری قسە کردنیشی باش نەبوو، بۆیە هەندێک لە پیت و وشەکانی لە کاتی قسە کردن دا هەر لە خۆی جوان بوو، بۆ نموونە بە دێموکراتی دەگووت: “بژی دێموحرات” بە خورمای دەگووت حورما، هەر بۆیە ئەگەر کەسێک ببایە بە سیخوڕ و جاشی ڕژێم وەستا حەمە بێ ترس و دڵەڕاوکە پێێ دەگووت ” ئەتۆش حورماکەت قووت داوە”، ئەوەی لە دڵی دابوو لە سەر زمانیشی هەبوو، بۆیە بێ ئەوەی لە کەس بترسێ قسەی دڵی خۆی دێنایە سەر زمان و زۆرجاریش لە سەر دەربرینی قسەی دڵی لە لایەن هەندێک کەسی خۆفرۆش و جاشەوە بێ ڕێزی پێکراوە، بەڵام وەستا حەمە هیچ کات نەچۆ ژێرباری هەرەشە و چاو سوورکردنەوەکانی ڕژێم و جاشەکان.

ژیانی وەستا حەمە پڕ بووە لە ئێش و ئازار، دووری بەشێک لە خوشکەزاکانی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون ، ئازاری دەدا و هاوکات شانازی پێوە دەکردن و زۆرجار لە شەقامی نێو شار بە خۆفرۆشانی دەگووت کوڕەکان دێنەوە و چەند جنێوێکی تەر و تازەشی پێ دەدان. ئاشقی گوێگرتن لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو ، بە هۆی ناتەندرووستی گوێیەکانی چەند خانوو دوورتر لە ماڵی وەستا حەمە بە ئاسانی گوێت لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەبوو.

وەستا حەمە تا کاتی ماڵئاوایی یەکجاری بە دڵەوە چاوەڕوانی هاتنەوەی هێزی پێشمەرگە بوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا بە هۆی خزمایەتی بە دەیان جار لە ڕیگەی ئینترنێتەوە سیمای بە ساڵاچوویی وەستا حەمەم دیتووە، دوای هەندێک قسەکردن، دڵی بۆ شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل بە گشتی پڕ دەبوو و دڵی پڕ لە خەمی خۆی بە چەند وشەیەک هەڵدەڕشت، بە تایبەت بۆ خەمی لە دەستدانی شەهیدانی خزمانی بنەماڵەی حەسەن‌پوور، حەکیم‌زادە و حەدداد زۆر جار فرمێسکی هەڵڕشت، لە دوایین گرتە فیلم دا دەڵێ ئارەزووم تەنیا گەڕانەوەی پێشمەرگەیە، تەنانەت بە وردی باس لە خزمەتەکانی مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی دەکا و باسی شەهید عەلی شوانە و چەندین شەهیدی دیکە دەکا و دوای ساڵانێک لە شەهید بوونیان تا کاتی مردنی هەر لە نێو خەم خانەی دڵی دا بە گەرم و گوڕی یادی لێکردوونەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی وەستا حەمە مەحموودنژاد لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی مەحموودنژاد و حەسەن‌پوور، لە خوشک و برا و هاوسەری ژیانی خاتوو فاتیمە و کوڕ و کچەکانی و تێکرای ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە وڵاتانی دەرەوە و لە نیوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمتان دەزانم.

ڕووح و ڕەوانی کاک وەستا حەمە شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

١٢ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٤ی زائینی