کۆچی دوایی ئەستێرەیەکی دیاری کوردایەتی و ئەدەبیاتی کوردی پۆڵا نانەوازادە

کۆچی دوایی ئەستێرەیەکی دیاری کوردایەتی و ئەدەبیاتی کوردی پۆڵا نانەوازادە

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٢٥ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٤ی زائینی کاک پۆڵا نانەوازادەگان دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک پۆڵا نانەوازادە کوڕی کەسایەتی دیاری شاری مەهاباد، حاجی هاشم نانەوازادەگان لە ساڵی ١٩٥٥ی زائینی لە دایک بوو، کاک پۆڵا وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆی نێردراوەتە قوتابخانە و خوێندکارێکی زیرەک بووە و دواتر لە ڕشته‌ی سه‌نایعی شیمیایی(شووشه‌ سازی) دا لە شاری تاران درێژەی بە خوێندن داوە و لە هەمان کاتدا چالاکی بوارەکانی وەرزشی و هونەری بووە.

کاک پۆڵا کاریگەری زۆری باوکی بە سەرەوە بووە، حاجی هاشم نانەوازادەگان باوکی کاک پۆڵا، کەسێکی دیاری شاری مەهاباد و دەوروبەری بوو، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بوو، بەرێزیان لە ژێر هێژموونی دەورانی کۆماری کوردستان دا گەلێک ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەسەریەک نابوون و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچە بوو و هەر لە سەردەمی کۆمار دا کاک هاشم و پۆلێک لە لاوانی دیکە لە لایەن شەهید پێشەوا و کۆماری کوردستانەوە بۆ خوێندن نێردرابوونە باکۆ. باوکی کاک پۆڵا شاعیرێکی بە توانا و ئاهەنگساز بووە و بەشێکی بەرچاو لە گۆرانی‌یەکانی هونەرمەندی نەمر کاک محەممەدی ماملێ، شێعر و ئاوازەکانی ئی حاجی هاشم نانەوازادە بوون، کاک پۆڵا لە ژێر کاریگەری هەڵس و کەوتی کوردانە و نیشتمانپەروەرانەی باوکی دا گەورە ببوو، هەر لە هەڕەتی لاوەتییەوە، لەگەڵ کەسە دیارەکانی مەهاباد هەستان و دانیشتنی هەبووە.

ئاشقی هونەر و گۆرانی و شێعر و جل‌وبەرگی کوردی بووە، بۆیە زۆربەی کاتەکان لەگەڵ هونەرمەندانی سەردەمی خۆی لە هاتووچۆ دابووە و باخەکانی دەوروبەری شار جێگەی دیدار و کارە هونەری‌یەکانی بووە.

فیدام کرد هەرچی خۆشی بوو لە ژیانملە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم پەشیمانیش نەبووم تا دوا هەناسەم ئەوەی کردم بە شانازی دەزانم
فیدام کرد هەرچی خۆشی بوو لە ژیانم لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم پەشیمانیش نەبووم تا دوا هەناسەم ئەوەی کردم بە شانازی دەزانم

لە یەکەم خۆپێشاندانی دژ بە شای ئێران و لە کاتی بە خاکسپاردنی گەورە تێکۆشەری کورد نەمر کاک عەزیز یوسفی دا، کاک پۆڵا نانەوازادە وەک کەسێکی دیاری نێو ئەو خۆپێشاندانە بەرینە دژی ڕژێمی شا لەگەڵ پۆلێک لە لاوان و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەم دەگیرێ و شەش مانگ لە زیندان دا ڕادەگیرێ، لە یەکەم لێپرسینی دادگا فەرمایشییەکانی ڕژێم دا کاک پۆڵا و چەندین کەسی دیکە بە ئێعدام مەحکووم دەکرێن، بەڵام دواتر بە هەوڵ و هیممەتی کەسانی دیاری وەک نەمر شێخ عێزەدین حوسێنی و چەندین کەسایەتی دیکە حوکمی ئێعدامیان لە سەر وەلا دەبن و دوای شەش مانگ لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی دا هەر ١٦ کەسی گیراو ئازاد دەبن.

کاک پۆڵا لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان دا یەکێک لەو لاوە خوێن گەرم و ڕاپەریوانە بوو کە بە کەڵاشینکۆفی شانی و بە هاوڕێیەتی پۆلێک گەنجی دڵ پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری، توانیان دەست بە سەر بنکەی شارەبانی، کەلانتەری و هەنگی ژاندارمەری و دواتر پاسگای گوێچکەدەرێ دا بگرن و لە هەمووانیش دا کاک پۆڵا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی گێڕا بوو.

کاک پۆڵا وەک پێشمەرگەیەکی دیار و خۆشناو لە زۆربەی شوێنە هەستیارەکان و بەرەکانی شەڕی دەوروبەری شاری مەهاباد و نێو شاردا دیار بووە، لەگەڵ هێرشەکانی ڕژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی دا وێرای هەزاران پێشمەرگەی دیکە ڕوو لە چیا دەکەن و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا خزمەت دەکەن.

کاک پۆڵا نانەوازادە چوار ساڵ وەک پێشمەرگە و کادر و وێژەری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە ئاستەم‌ترین کاتەکان دا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و جێ پەنجەی بە یەکەم ڕادیۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ لە باری نووسینی کوردی و فارسی و چ لە باری خوێندنەوە و وێژەری دا دیار بووە و لە دژوارەتین کاتەکانی پێشمەرگایەتی دا لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوکارەکانی لە ڕاگوێزتن و دامەزراندنی ڕادیۆ و ئارشیوی ڕادیۆ دا ڕۆڵ و نەخشی سەرەکیان گێڕاوە.

کاک پۆڵا لە ساڵی ١٩٨٥ی هەتاوی دا بە ناچار ڕوو لە هەندەران و وڵاتی سوئێد دەکا. قۆناخی ژیانی لە وڵاتی سوئێد بەرز و نزمی جۆراوجۆری تێدا بووە، بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و بە هۆی کۆمەڵایەتی بوونی کوردانی دیاسپۆرای لە هەر چوار بەشی کوردستان دەناسین و دۆستایەتی و هاورێیەتی زۆری لەگەڵ هەمووان هەبووە، مرۆڤێکی خەمخۆر، دڵسۆز و کوردێکی تا سەر ئێسقان نیشتمانپەروەر و سەخی و بەخشەندە بوو، لە ڕۆژە مێژووییەکانی گەلەکەی دا ، لە ڕۆژ و کارەساتە ناخۆشەکان دا هەمیشە پێشەنگی کارە هەرەوەزییەکانی دەکرد، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپێشاندان و سمینارەکان دا کەسێکی دیار بوو، ساحەب هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو، خەمی گەلەکەی لە کۆڵ نابوو، بەردەوام خەباتی بۆ ڕزگاری گەلەکەی دەکرد و درووشمی سەربەخۆیخوازی لە لای کاک پۆڵا لە گرینگترین درووشمەکان بوو، هەوڵێکی زۆری بۆ یەکڕیزی و تەبایی دەدا و ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەر کوردانی دانیشتووی سوئێد و بە تایبەت شاری ستۆکهۆڵم هەبوو.

قۆناخێکی دیکەی کاری نەمر کاک پۆڵا بەشداری کردنی لە کۆڕی ئەدیبان و هونەرمەندان دابوو، وەک هەمیشە لەگەڵ هاوسەری ژیانی خاتوو مریەم ماڵەکەیان ماڵی هەمووان بوو، لە کاتی کۆبوونەوەی هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی دا لە ڕیزی پێشەوەی کۆبوونەوەکان دا بوو، بۆ خۆی ساحەب هەستێکی ناسک و جوان بوو، شێعر و هۆنراوەکانی، نووسین و بابەتەکانی، گێرانەوەی بیرەوەری و بە سەرهاتی ژیانی هەموویان لە جوانییەکانی کاک پۆڵا بوون، جیا لە نووسینی شێعر و پەخشان، لە بواری نیگارکێشی دا کەسێکی دەست ڕەنگین بوو و دەیان تابلۆی جوانی لەگەڵ نووسین و کتێبەکانی وەک یادگاری بەجێ هێشتوون، شێعرەکانی ئاوێنەی باڵا نوێنی پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کوردن، جیا لەوانە لە پێکهێنانی شەوی کوردی، بۆ هونەرمەندەکان ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو.

بەداخ و پەژارەوە ماوەی چەندین ساڵ بوو ، بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەیناڵاند، لەگەڵ ئەوەدا شێرپەنجە بە لەشی دا بڵاو ببۆوە، بەڵام هەر وەک جاران بە ورە و ئیرادە بوو، بە پێی توانا بەشداری لە خۆشی و ناخۆشی دۆست و هاورێیانی و بە گشتی ڕەوەندی کوردی دا دەکرد.

خزمەتەکانی دەورانی پێشمەرگایەتی و نووسین و کتێب و پەرتووکەکانی کاک پۆڵا وەک دیارییەکی بە نرخ بۆ هەمیشە دەمێننەوە، لەوە دڵنیاین کە یاد و ناوی هەردەم بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی و ناوەختی کاک پۆڵا نانەوازادە لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی خاتوو مریەم و کوڕ و کچ ، خوشک و براکانی ، کەس و کاری و خەڵکی کوردستان و گشت هونەرمەند و ئەدیبانی کوردستان دەکەین و هیوادارین کە نموونەی لە چەشنی کاک پۆڵا نانەوازادە لە نێو گەلەکەمان دا هەر لە زیادبوون دابێ.

ڕووح و ڕەوانی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

٢٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٤ی زائینی

فیدام کرد هەرچی خۆشی بوو لە ژیانم

لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم

پەشیمانیش نەبووم تا دوا هەناسەم

ئەوەی کردم بە شانازی دەزانم