بایکۆت! هاشم ڕۆستەمی

بایکۆت! هاشم ڕۆستەمی
لە نیزامێکدا کە سەرجەم دەستەڵاتە سیاسی، ئابووری، نیزامی و کۆمەڵایەتیەکان لە دەست کەسێکدا لە ژێر ناوی وەلی فەقی دا کۆ کراونەتەوە و ناوەندە ئەمنیەتی و دەست نیشان کراوەکان، دەستەڵاتی ڕەهای بێ لێ پرسینەوەیان هەیە، هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نادات جگە لە چەواشەکاریی بیر و ڕای گشتی و گەلانی ئێران. هەر بۆیە، با بە بایکۆت کردنی سندوقەکانی دەنگ دانی ئەمجارە، ئەو پیلانەی رێژیمی منداڵکوژ بکەیەنە بڵقی سەر ئاو و جارێکی دیکەش هەر وەک سەرەتاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وێکڕا بە کۆمەڵگای جیهانیی بڵێین کە کۆماری ئیسلامی-مان بە سەرجەم دەم و دەزگاکانیەوە ناوێت.
بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ئەم دەورەیەی مەجلیسی ئاخووندیدا و، دەنگ دان بە هەر کاندیدێک، دەنگ دانە بە خودی کۆماری ئیسلامی. دەنگ دانە بە قاتڵەکانی سەرجەم شەهیدانی ٤٥ ساڵی ڕابردوو، دەنگ دانە بە قاتڵەکانی شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. دەنگ دان لەم دەورەیەدا دەنگ دانە بە ڕازی بوون بە مانەوە لە ژێر دەستی و قبوڵ کردنی ئەوەی کە دوژمن بە سەرت دێنێ. بە دەنگ دان لەم دەورەیەی هەڵبژاردندا، دەنگ دانە بە قاتڵەکانی هەموو ئەو کۆڵبەرانەی کە لە پێناو پەیدا کردنی پاروە نانیك بۆ منداڵەکانیان و بنەماڵەکەیان، ناچار بوون کۆڵبەری بکەن، کەچی کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێکی خوێن ڕێژ و دژی گەلی ئەوەشی پێ ڕەوا نەبینین و دڵڕەشانە شەهیدی کردن.
دەنگ دانی ئەمجارە، دەنگ دانە بە قبوڵ کردنی کۆیلایەتی، قبوڵ کردنی ژێر دەستی، ڕازی بوونە بە ژێر چەپۆکی، مل ڕاکێشانە بۆ چەقۆی دوژمن، تەسلیم بوونە لە بەرامبەر ئەو هەموو جەنایەت و تەجاوەزەی لە زیندانەکاندا دەرحەق بە رۆڵەکانمان دەکرێت. دەنگ دانی ئەمجارە بە مانای ڕازی بوونە بە هەموو ئیعدامەی کە رۆژانە لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە ئەنجام دەدرێت.
بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانیە. بایکۆتی ئەمجارە بەشێکی گرینگە لە بەردەوامیی شۆڕشێ ژن ژیان ئازادی. بە نەچوونمان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگ دان، جارێکی دیکەش پر بە گەروومان هاوار دەکەین و دەڵێن کە ئیتر بەسە و چێتر کۆماری ئیسلامیمان ناوێ.
لەم هەڵبژاردنەی بە ناو مەجلیسدا، دەبێ هەموو لایەکمان وریا بین و فریوی پیلان و فرت و فێڵەکانی خامنەیی و بە کرێ گیراوەکانی نەخۆین. چوونکە ئەوان هەوڵ دەدەن کە بە هەر شێویەک بێ کەسانێک لە دەوری سندوقەکانی دەنگ دان کۆبکەنەوە تا بە بیروڕای نێونەتەوەیی بڵێن کە تا ئێستاش ئەو رێژیمە لە نێو خۆدا پشتیوان و لایەنگری هەن.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ئەوەی کە بۆ هاندانی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان, لە سەدان کاناڵی سەرتاسەریی کەڵک وەردەگرن، بە شێوەیی ناوچەیی و لۆکاڵییش دەیان و سەدان پیلانیان داڕشتوون تا بەڵکو بتوانن بازاری شانۆسازی هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەمە قەرەباڵغ بکەن. لەم پێوەندیەدا لە هێندێک شوێن چ بە هەڕەشە وچ بە تەماع وەبەرنان ژمارەیەک مامۆستای ئایینیان هان داون تا لە مزگەوتەکاندا بانگەشە بکەن تا خەڵک بەشداری بکەن لە شانۆی هەڵبژاردندا. جگە لەوەش هەر بەو شێوەیە گوشاریان خستۆتە سەر چالاکوانانی دونیای مەجازی تا لە لاپەڕە و کاناڵەکانیاندا بە قازانجی کاندیدەکان و هاندانی خەڵک، تەبلیغ بکەن.
لێرەدا روو دەکەینە ئەو بەشە لە مامۆستایانی ئایینی و داوایان لێ دەکەین کە بە هیچ جۆر نەکەونە نێو ئەو داوەی دوژمن و، خۆیان شەرمەزاری گەل و نیشتمان نەکەن. چوونکە ئەمجارە هەرجۆرە تەبلیغێک کە بە قازانجی ڕێژیم بێت، ڕاستەخۆ دەبێتە دژایەتی لەگەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
هەر لەم بوارەدا ئەو خاوەن پەیج و کاناڵانەش وشیار دەکەینەوە کە بە هیچ جۆر فریوی پیلانەکانی دام و دەزگاکانی رێژیم نەخۆن و بە قازانجی هیچ کاندیدێک تەبلیغ نەکەن، چوونکە ئەمجارە هیچ کام لە کاندیدەکان نوێنەری خەڵک نین و نابن. ئەو بە ناو نوێنەرانە لە ڕابردووشدا سەلماندوویانە کە لە ئالقە لەگوێیەک زیاتر هیچی دیکە نین.
یەکێکی دیکە لە پیلانەکانی ڕێژیم بۆ فریو دان و هاندانی خەڵکی ساویلکە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگ دان، ساز کردنی جەوی رەقابەت لە نێو کاندیدەکاندایە. لەو شوێنانە کە هەستی عەشاییری بەرچاوە، رێژیم لەو هەست و سۆزە عەشایریە کەڵک وەر دەگرێ و دەی هەوێ رەقیبەکان لە دژی یەک هان بدات. لەو شوێنانەش کە بە دوو یا سێ شار نوێنەرێکیان هەیە، دەیهەوێ رەقابەت لە نێو شارەکاندا ساز بکات و بە کەڵک وەر گرتن لە هەستی ناوچە گەرایی و شار شارێن، تەندووری هەڵبژاردنەکان گەرم دابێنێت. هەر بۆیە داوا لە خەڵکی نیشتیمان پەروەر و پێگەیشتووی شار و گوندەکان دەکەین کە بە هیچ جۆر نەکەونە نێو ئەو داوە و یەک گرتوانە بە گژ ئەو پیلانە چەپەڵانەدا بچنەوە و یەک گرتوانە بایکۆتی ئەو شانۆ سازیەی ١١ی ڕەشەمە بکەن.
هاشم ڕۆستەمی