بۆ سوێندخۆرەکەی کۆمەڵەی (ژ ـ کاف) بۆ مام حەسەن حەکیم‌زادە

بۆ سوێندخۆرەکەی کۆمەڵەی (ژ ـ کاف) بۆ مام حەسەن حەکیم‌زادە

پیرۆز بێ ڕۆژی ئاڵای کوردستان و بەرزە ناوی پێشمەرگەی کوردستان

لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا چەند ڕۆژی مێژوویی هەن کە بەشێکیان تراژیدیان و بەشێکیان پڕن لە دەسکەوتی بەرزی مەعنەوی، ئەو ڕۆژانەی کە بۆ گەلەکەمان بوونە ژان و ئازار، پێویستە ئەزموونیان لێ وەر بگرین، بۆی ئەوەی دووپات نەبنەوە، لە هەمان کاتدا ئەو ڕۆژانەی کە وەک رۆژی خۆشی و شادی بە ئەژمار دێن، پێویستە وەک ڕۆژی یادکردنەوە، وانەکانیان بکەین بە پێژەی سەرکەوتنی زیاتر.

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی ڕۆژێکی دیارە لە خەباتی گەلەکەمان دا، لەم ڕۆژەدا دواین پێگەی ڕژێمی پەهلەوی لە مەهاباد بە دەستی بە توانای خەڵکی وەزاڵەهاتوو و شۆڕشگێری گەلەکەمان تێکەوەپێچرا و ئاڵای کوردستان لە سەر بانی شارەبانی هەڵدرا و بوو بە ڕۆژی خۆشی و شادی.

هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای ڕێزگرتن لەم ڕۆژە کە ئاڵای کوردستانی تێدا هەڵدراوە، لە هەمانکاتدا بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و تێکۆشان و فیداکاری پێشمەرگەی کوردستان ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کردووە و ساڵانە بە پێی باردۆخ و هەل‌ومەرج لەم ڕۆژەدا وێرای ڕێزگرتن بە سەدان چالاکی جۆراجۆری پێشمەرگانە، لە هەموو بوارەکاندا بەرێوە دەچن.

کە باس لە پێشمەرگە دەکرێ، پێم باشە کە، وەک نموونەی وەفا و ئەمەگ باس لە گەورە پیاوێکی شۆڕشگێری خۆنەویستی بە ئەمەگ بکەم کە تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی گەلەکەمان دا لە ژ ـ کافەوە تا کاتی ماڵئاوایی بێ دابڕان خزمەتی پێشمەرگانەی کرد و بە دەیان و سەدان کەسی ئاوێتەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی کرد.

مام حەسەن حەکیم‌زادە پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان
مام حەسەن حەکیم‌زادە پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان

مام حەسەن حەکیم‌زادە

مام حەسەن حەکیم‌زادە کوڕی ساڵحی وەستا مینەی بوو، بە پێی نووسینی سجیل و ناسنامەکەی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە دایک ببوو، قۆناخەکانی منداڵی هەر لە شاری سەردەشت و لە تەنیشت سەرچاوەی شار لەگەڵ بنەماڵەکەی و خزمانی تێپەڕ کرد بوو، بەداخەوە بە هۆی شەڕ و ماڵوێرانی ئەو سەردەم مام حەسەن نەنێردرابوو قوتابخانە.

نەچوونە قوتابخانە نەبوو بە هۆکارێک کە مام حەسەن نەتوانێ بە سەر تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی دا سەربکەوێ، بەڵکوو مام حەسەن توانیبووی بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە لە ژیانی دا، لە تەنیشت بنەماڵەی خۆیان فێری وانەی چۆنیەتی هەڵس‌وکەوتی ژیان لەگەڵ کۆمەڵگا و دەوروبەری ببێ. بە هۆی ئەوە بنەماڵەکەیان دەستی حەکیمانەیان هەبووە مام حەسەن هەر بە گەنجی هەوڵی داوە کە ئەوە بەشەش بۆ خزمەت بە کۆمەلگا فێر ببێ.

کەس و کار و بنەماڵەی مام حەسەن پێشنەی ئازادیخوازی و دژایەتی کردنیان لەگەڵ کاربەدەستانی میری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، بنەماڵەکەیان لە هیچ قۆناخێک دا پشتیان لە گەلەکەیان نەکردووە و بە پێچەوانە هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی گەلەکەیان بوون، هەر بۆیە لەگەڵ ئاشکرابوون و دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژـ کاف) مام حەسەن و چەند کەس لە خزمانیان دەبنە سوێندخۆری کۆمەڵە و تا دوا هەناسەی ژیانیان وەفادار بەم ڕێبازە دەمێننەوە.

وەک بۆ خۆی باسی دەکرد وێرای ئەوەی کە نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی لە ئاست خاک و نەتەوەدا بۆ بەرین‌کردنەوەی قەوارەی “ژ ـ کاف” ، نووسراوە و بڵاوکراوەکانی وەک گۆڤاری “نیشتمان” و دەست نووسەکانی ئەو سەردەمی گەیاندۆتە ئۆگران و ئازادیخوازان و بە تایبەت توێژی خوێندەوار کە ئەو کات مەلا و فەقێ و چەند میرزا و خوێندەوارێک بوون و هاوکات زۆرجاریش لە ڕێگەی ناسیاوانی را بۆ باشووری کوردستانی ڕەوانە کردوون.

ئەم قۆناخە لە ژیانی مام حەسەن پڕ بووە لە دیدار و چاوپێکەوتنی گەورەپیاوان و دەست ڕۆیشتووانی سەردەم. بە هۆی کەش‌وهەوای ئازادی ئەو کات مام حەسەن توانیوویەتی وەک کەسێکی جێگەی متمانە هەم لە نێو ژـ کاف دا جێی خۆی بکاتەوە و هەمیش ببێتە باوەڕ پێکراوی خەڵک و کۆمەڵگا، هەر بۆیە کاتێک کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد جێی خۆیدا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان، مام حەسەن و کۆمەڵێک لە هاوتەمەن و مەزنەپیاوانی سەردەشت و گوندەکانی دەوربەری خۆ دەگەیێننە مەهاباد و دەبنە پێشمەرگەی گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕۆژێک دواتر لە دەستی موبارەکی پێشەوا چەند بڕنۆ و پێنج‌ تیر وەردەگرن و دوای ئەوە دەستە و پەلیان بۆ درووست دەکەن دەگەرێنەوە شاری سەردەشت و دەوربەری.

مام حەسەن پێشمەرگەیەکی بە توانا، هەڵسوور و نەترس بوو، وێرای ئازایەتی هاوکات کەسێکی شارەزای ناوچەکەش بووە، هەر بۆیە هەمیشە پێشەنگایەتی هەموو ئەرکەکانی وەر دەگرت و بەردەوامیش لە هاتووچۆ و گەڕان و جەولەی پێشمەرگانە دابووە. لە شەڕە بەناوبانگەکەی پشت جاتراوێ لە دارساوێن لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی دا، کە ڕژێم کوژراو و بریندارێکی زۆری دا، مام حەسەن شەڕێکی سەنگەر بە سەنگەر و بوێرانە دەکا و هەر لەم شەڕەش دا باسکی زۆر بە تووندی بریندار دەبێ و تا دوایین کاتەکان لەگەڵ هاورێیانی پێشمەرگەی هەروا بەرگری و هێرشی پێچەوانە دەکەن و ئەرتەشی پەهلەوی بەرە گوندی هەورازە ڕاو دەنێن.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان

مخابن حکوومەتی کۆماری کوردستان دوای ١١ مانگ دەروخێ، مام حەسەن بە برینداری ساڵانێک تا سارێژبوونەوەی زامەکانی لە گوندەکانی گۆڵێ، گەنمان و سیسێر و نستان بە دوور لە چاوی ڕژێمی شاهەنشاهی بە خۆی و هاوسەری ژیانی پوور مریەم و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەممەد و مستەفا حەکیم‌زادە ژیان تێپەڕ دەکەن و دوای ساڵانێک مام حەسەن دەگەرێتەوە شاری سەردەشت.

مام حەسەن وەک زۆربەی ئەو کەسانەی کە سوێندخۆری تا سەری ژ ـ کاف بوون، هەروا وەفادارانە بە ڕێباز و بیری کوردایەتی ژیانی لە سەردەشت بە کار و کاسبی بەرێ دەکرد و هەمیشە هەوڵی دەدا لە گەڵ کەسە دڵسۆزەکان یەکتر ببینن و نەهێڵن بیر و هزری شۆڕش و کوردایەتی لە کزی بدات، هەمیشە تێدەکۆشا کە کەش و هەوایێکی لەبار درووست بکا بۆ ئەوە یارمەتیدەری ئەو هاورێیانە بێ کە لە سەر حیزبی دێموکرات لە ڕژێمی پەهەلەوی قاچاغ ببوون و لە باشووری کوردستان را بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان دەدا.

وەک لە نووسینە کورت و پوختەکەی شەهید حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور یاری غاری شەهید مەلا ئاوارە دا هاتبوو، مام حەسەن لە بزووتنەوە و جووڵانەوە چەکداری‌یەکەی ساڵانی” ١٣٤٦– ١٣٤٧ “ی هەتاوی دا، یەکێک لە هەستە نەهێنی‌یەکانی نێو شاری سەردەشت بوو کە زۆر بوێرانە و چالاکانە بە دەنگ هەموو داوکاری و داخوازییەکانی ئەو پۆلە تێکۆشەرەوە دەچوو و تەنانەت لە مووچە و مەزرای خۆیان لە شوێنێک بە ناوی “قاغە” شەهید عەبدوڵلا موعینی کە لەگەڵ شەهید مینەشەم لە شەڕێکدا بریندار دەبێ دەحاوێنێتەوە و چەند ڕۆژان دەرمانی دەکا و لەوێش لە ئەزموونی حەکیمی بنەماڵەکەیان کەڵک وەر دەگرێ.

لەو کات و سەردەمەدا مام حەسەن وەک کەسێکی جێگەی باوەڕی ئەو جەنگاوەرە تێکۆشەرانەی ساڵەکانی ” ١٣٤٦– ١٣٤٧ ”  تا ڕاپەرینی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دەیان جار لە لایەن ساواک و ئەمنیە و ژاندارمەری لێپێچینەوە و هەڕەشەی لێکراوە، بەڵام هیچ کات کۆڵی نەداوە. لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران مام حەسەن لە سازماندان و ڕێکخستنی خەڵک بۆ خۆپێشاندان لە شاری سەردەشت پشکی شێری پێدەبڕێ و بە خۆی و بە کوڕەکانیەوە دەبنە بەشێکی دیاری ئەو ڕاپەرینە بە شکۆیەی شاری سەردەشت بە دژی حکوومەتی پەهلەوی.

قۆناخی پێشمەرگەیاتی

دوای ڕووخانی ڕژێم مام حەسەن لە یەکەم کەسەکان دەبێ کە بە خۆی و بە کوڕەکانیەوە چەکی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا لە شان دەکەن و دەبنە بەشێکی دانەبراو لە هێزی پێشمەرگە و شۆڕش و بەڕەنگاری بە دژی ڕژێمی نگریسی ئاخوندە جەللادەکانی ئێران، مام حەسەن بە خۆی و پوور مریەم دەبنە پشت و پەنای هەموو لایەک و دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆیان لە سەنگەری پڕ سەروەری پێشمەرگەدا بە سەربەرزی تێپەڕ دەکەن، کوڕەکانی و چەند نەوەیەکی هەنووکەش هەروا لە سەر ڕێگە و ڕێبازی مام حەسەن درێژە بە کار و تێکۆشانی ئەو مەزنە پیاوە دەدەن. شەهید مستەفا حەکیم زادە کە نموونەی وەفا و ئەمەگ و سەروەری و شکۆی پێشمەرگە بوو، زیاتر لە ٤٠ ساڵ بێ پسانەوە پێشمەرگە و فەرماندەی حیزبی دێموکرات بوو، یەکێک لە نەوەکانی بە ناوی شەهید کاوە حەکیم‌زادە بە دەستی تیرۆریستانی ئێران بە دڕندانەترین شێوە شەهید کرا، لە بنەماڵەکەیان دا چەندین شەهیدی پایەبەرز دەبیندرێن شەهیدان (حەمەساڵح حەسەن‌پوور، حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور، محەممەد حەسەن‌پوور، نەسرین حەدداد) نەمران کەریم حەدداد، حاجی حوسێن حەدداد و چەندین خزمی دیکەیان لە پێناو ڕزگاری گەلەکەیان دا شەهید و قوربانی دان و ماڵ و سەروەت و سامانیان هەمووی بە قوربانی شۆڕش و ڕزگاری گەلی کورد کرد.

دواتر مام حەسەن بە هۆی پیری و بە ساڵاچوویی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و دوایین ساتەکانی ژیانی بە دوور لە هەموو کوڕ و کچ و نەوە و خۆشەویستانی دیکەی بە نەخۆشی تێپەڕ کرد و بەداخەوە دوای ٨١ ساڵ تەمەن لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بە کۆچی دوایی خۆی هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسی خەفەت بار کرد، مخابن مام حەسەن و پوور مریەم بە ئاواتی خۆیان کە ڕزگاری و ئازادی گەلەکەیان بوو نەگەیشتن، بەڵام ئەو نەمامانەی کە مام حەسەن بە دەستی خۆی ناشتوونی، ئێستا بە خۆشیەوە بەرەبەرە بوونە داری ڕیشەدار و خەڵک و شۆڕشی کورد و پێشمەرگە کە خۆشەویستی مام حەسەن بوون، هەروا بۆ وەدەستهینانی مافە رەواکانیان تێدەکۆشن و خەبات و شۆڕش هەروا بەردەوامە.

لە کۆتایی دا سەری ڕێز و خەبات بۆ گەورەیی مام حەسەن حەکیم‌زادە و پوور مریەم و هەموو شەهیدانی ئەم شۆڕشە مەزنە دادەنوێنم و خۆم بە قەرزداری گەورەییەکانی مام حەسەنی دلۆڤان و مێهرەبان، خەباتکار و شۆڕشگێر دەزانم و بەڵێن دەدەم وەک هەمیشە لە سەر ڕێگەی نیشتمانپەروەری مام حەسەن کە پڕ بوو لە وانەی فیداکاری و جوانی و خەمخۆری هەنگاو بنێم، وانەکانی مام حەسەن ئێستا لە فێرگە و خولەکانی پێشمەرگایەتی دا دەگوترێنەوە، وانەی خۆراگری، وەفاداری و ئەمەگ و ئەخلاق کە میراتی گەورەی کۆماری کوردستان و مام حەسەن بوون، ئەمڕۆ وەک ملوانکەیێکی هەمەڕەنگ لە گەردنی کوڕ و كچانی کوردستان دا لە سەر شەقام و شۆڕشی ژینا و شاخەکانی کوردستان دەبریسکێنەوە.

لە درێژبوونەوەی بابەتەکەم داوای لێبوردنم هەیە، دیسان ئەوە بەشێکی زۆر کەمە لە ژیان و بە سەر هاتی ئەو مەزنە پیاوە و ئەو بنەماڵە شۆڕشگێرەی گەلەکەمان.

شایانی باسە ئەم کورتە ژیاننامەیە بۆ سەد ساڵەی لە دایکبوونی مام حەسەن حەکیم‌زادە نووسرا بوو.

نووسینی: حه‌مه‌ڕه‌سووڵ کەریمی

٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی

١٥ی دیسامبری ٢٠٢٣ی زائینی