بە یادی شەهید عەلی مینایی، ناسراو بە عەلی شوانەی

‎بە یادی شەهید عەلی مینایی، ناسراو بە عەلی شوانەی

‎ئەم شەو ، خیاڵ بەرەو شەقامە كۆنەكانی شاری سەردەشتی سەر سەوز هەڵی گرتم و، لە گۆڕەپانی سەrچاوە خۆش و دڵڕفێنە كۆنەكەی دا، تووشم وە تووشی كوڕە جوان چاک و مێرخاسەكەی شار عەلی مینایی، ناسراو بە عەلی شوانەی كەوتەوە.

‎كە چاوم لێكرد ، دیتم بە پێڵاوە جوان و رەنگینەكانیەوە، بە لیباسە رەشە كوردیەكەیەوە، پیاسە دەكات و دەسحێب بە دەست ، بە شەقامی راستە بازار دا دەرواتە خوارێ، جارجار قاقایەیەك بۆ دڵخۆش بوونی لاوەكانی شار دەكێشێ.

‎بەڵام لە پڕدا كەوتمە دەورانی پێشمەرگایەتی ئەو پارتیزانەو چەك بەدەست كەوتەوە بەر چاوم و دیتم لە لە پادگانی سەردەشت ، نێزە ڕۆ و سێ رێیان و ئەو بەراوبەری چۆمی كەڵوێ و دارساوێن ڕاوڕاوێن بە هێزە داگیركەرەكانی دوژمن دەكات و مێژووی پڕ لەسەروەری بۆ نەتەوە و بنەماڵەكەی تۆمار دەكات، بەخوێنی سووری خۆی ، وانەی فێربوونی خۆڕاگری لە دەفتەری سینەی شەقامەكانی شار دا، بۆ كچ و كوڕانی داهاتووی شارەكەی دەنووسێتەوە.

بەڵێ قارەمانی مەیدان و خەبات، پێشمەرگەی لكی دووی شەهید مینەشەم، كوڕی نەترس، هەڵۆی گردەسووری سەر بەرز و بەبری مەسێسی پڕ سام ، لە شەڕەكانی جادەی سەرددەشت بۆ بانە لە مانگی رەزبەری ١٣٦١ی هەتاوی دا ، لە شەڕێكی حەماسەیی دا ، لە نێوان ماوەڵۆ و هۆرمزاوێ بەسەختی بریندار بوو.

‎دوای بریندار بوونی، بە پەلە بە مەبەستی چارەسەری كردنی زامەكانی، بەرەو نەخۆشخانەی حیزب هەڵكەوتوو لە قالوێ بەڕێ كرا، بەڵام بە داخەوە ، لە بەر سەختی برینەكانی، لە ٣٠ ـ ٠٧ ـ ١٣٦١ی هەتاوی دا، چاوەكانی بۆ هەمیشە لێک ناون و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نیشتمانی خۆشەویستی و هاوسەنگەر و ، ئەندامانی بنەماڵەكەی كرد.

‎رۆڵەی هەڵكەوتووی بنەماڵەی میناییەكان ، شەهید عەلی مینایی، كوڕی كاك عەبدووڵای مینایی، لە بیر لاوانی شۆڕشگێری كوردستان ناچێتەوە و لە دڵی هاوسەنگەرانی دا بە زیندوویی دەمێنتەوە.

‎دوای شەهید بوونی، تەرمی ئەو جوابەمەرگە ، شەهید عەلی، گەڕیندرایەوە بۆ شارۆچكەی نەڵاسی سەر بە شاری سەردەشت و لە مەڵبەندی سەردەشت ، لەو دەڤەرەی كە گیانی بۆ بەخشی ، لە نێو غەم و پەژارەی خەڵكی سەردەشت و رەبەت و هاوسەنگەرانی دا ، بەخاك سپێردرا.

‎رووحی شاد و، جێت بەهەشتی بەرین بێ، ئەی شەهیدی رێی رزگاری نیشتمان ، هیوادارم لە كاتی رزگار بوونی كوردستان دا، لاوەكان لە شاری سەردەشت دا، شەقامێک بە نێوی عەلی شوانە بكەنەوە ، تا قەت یاد و ناوی لە بیر نەچێتەوە

‎ئەحمەد مەكڵاوەیی

٢٥ ـ ٠٩ ـ ١٤٠٢ی هەتاوی