پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێزان کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان!
خەباتی لاوان لە جیهان و لاوانی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی لە خۆڕاگری و بەربەرەکانی لە بەرامبەر زوڵم و نایەکسانی و نادادپەروەریدا تۆمار کردوە. بەخۆشیەوە وشیاری و لەسەرهەستبوونی لاوانی نەتەوەی ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، وای کرد کە لاوانی کورد لە کاروانی کاری ڕێکخراوەیی وەدوا نەکەون و ٨٢ ساڵ لەمەوبەر بە دامەزراندنی “سازمانی جەوانانی کورد” خەباتی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی خۆیان دەست پێکرد و توانییان بەشێک لە لاوان لە ناوچەی مەهاباد بە دەوری ئامانجە نەتەوەییەکانی ڕێکخراوەکەیان و کۆمەڵەی ژێ کاف کۆ بکەنەوە.
بەڕێزان!
خاکەلێوەی ئەمساڵ بۆ هەموو لایەک جیاوازییەکی زۆری هەبوو. لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لاوانی کورد لە ڕێفراندۆمێکی واتاداری نەورۆزیدا، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و دەکارکردنی هەموو مۆتێم و سیمبولە نەتەوەییەکانی وەک هەوری و جامانە لە کارناڤاڵەکاندا، پێداگرییان لەسەر ئەو ئامانجانە کردەوە کە ڕێکخراوەکەی ئێوە و حیزبی دێموکرات بۆی دامەزراون و خەباتی بۆ دەکەن.
دیارە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خۆ سازماندەر و لاوانی پڕ لە وزە و ئەوینی کوردایەتی، ئەرکی سەرشانی ئێوە وەک یەکیەتیی لاوان و ئێمەش وەک حیزبەکانیان لە جاران قورستر کردوە. قەبووڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانی تەبا و هەروەها سەربەستیی نەتەوەکەمان ئەو پەیامانە بوون کە لە هەناوی نەورۆزی خاکیپۆشانەوە بە هەموو لایەک گەیشت، هەر لەو سۆنگەیەوە ئێوە لە یەکیەتیی لاوان وەک پردی پێوەندی نێوان لاوان و حیزبی دێموکرات، پێویستە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە لە پێشەوەی پلان و پڕۆژە کارییەکانتاندا بێت.
لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران میراتگری بیری کۆمەڵەی ژێ کاف و ڕێبەرانی شەهیدە و هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئێستا پشتیوان و داکۆکیکاری لاوانی کوردستان بووە و بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی لاوانی کۆمەڵگە درێغی نەکردوە، تەنانەت ڕێبەری دیاری نەتەوەکەمان شەهید دوکتور قاسملووش خەباتی سیاسی و حیزبیی خۆی لە ڕێکخراوی لاوانەوە دەست پێکرد. هەنووکەش لە ڕیزی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی پێشووی یەکیەتیی لاوان دەبینرێن کە بەرهەمی پەروەردە و پێگەیاندنی سازمانیی ئەو ڕێکخراوە و حیزبی دێموکراتن، هەر بۆیە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بۆ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد سەرچاوەیەکی گرینگی دابینکردنی هێزی مرۆیی و کادری سیاسی و شۆڕشگێڕ بووە و دەبێت.
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی داهێنەرانە و پێشەنگانەی لاوان لە ڕۆژهەڵات و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، پشتیوانی خۆی لە یەكیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپات دەکاتەوە و پیرۆزبایی ٢٢ی خاکەلێوە لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراو و لاوانی کورد دەکات و هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو دڵنیاییە بە لاوانی کورد دەدات کە قوربانیدانی نەتەوەکەمان بەفیڕۆ ناچێت و بە بەشداریی هەموو لایەکمان لە خەبات، ڕزگاری مسۆگەر دەبێت.
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٠ی خاكەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی