بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە. سەید عەلی هاشمی

بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە. سەید عەلی هاشمی
یادێک لە قارەمانە زیندوەکان.
محەممەد میقدادی ناسراو بە ” محەممەدە ڕەشە” خەڵکی ئاوایی دێڵزی لە ناوچەوی پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر گەورە کراوە، لە لایەن مامی “حەمەدی عەلی” ناردراوەتە قوتابخانە، لە تەمەنی لاویدا دەستی لە خوێندن هەڵگرتوە و هاتۆتە ڕێزی پێشمەرگەکانی دێموکڕات، لە ریزی پێشمەرگە وەرگیراوە و لە ژێر فەرنەدەیی شەهیدان مەلا بایزی محەممەدی، قادر لاجانی، محەممەدی محەممەدیان، و حەسەنی بازیاغای و برایم میرزا، چەند فەرمەندیەکی دیکەی نیزامی حیزب پێگەیاندراوە، محەممەدە ڕەشە پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە داوی یەک بڕیوە و تا گەیوەتە فەرمەندەری هێز کە ئاخیر پلەی نیزامیە.
دوو بیرەوەری لە قارەمانێکی ناو کاکڵەی خەباتی حدکا، محەممەدە ڕەشە
لە ناوەڕاستی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا کاتژمێر چواری بەیانی دوژمن حەملەیەکی بەربەرینی بۆ بەرزایەکانی، ” گورگە” پشت شێلمجاڕان”بەردەڕەشان” بەردەسپیان”شێوران” شاخی پشت زینووینجان” گوندەکانی (رکاوێ، گرداشەوان، بەرکەمران، گەنەداری مامەشان، خرێبەرداشان، خەراپە، زینوێنجیان، گردەبن، شێلمجاڕان، قەرەخدر و توژەڵێ) لە یەک کاتدا دەست پێکرد.
کاتژمێر چواری بەیانی لە ١٦ی پووشپەڕی١٣٦٢ی هەتاویدا لە هەموو بەرزایەکان شەڕێکی دەستەو یەخە لە نێوان پاسدار و پێشمەرگەکانی حدکا دەستی پێ کرد، لە زۆر شوێن دەگەڵ دوژمن تێکەڵ بووین، ئەوەندە لێک نزیکبووین دۆست دوژمن لێکنەدەکراوە، رەکباری کەڵاشینکۆفی پێشمەرگە و هاواری یاحوسێنی پاسدار وەک گرمەی بوولەرزە دەنگی دەداوە، هەموو بەرزایەکان، وێنەکەیان وەک یەک بوون، لە بەرزایەکانی پشتی شێلمجاران و قەرەخدر، بە بروسکەی تۆپ و ئارپیجی شاخەکان وەک رۆژی روناکیان لیهاتبوو، دوای چەند کاتژمێرێک و شەڕ، بەشێک لە بەرزایەکان و گوندەکان لە لایەن پێشمەرگە چۆل کران.
لکی ٣ی هێزی ئاوارە کە یەکێک لە لکە بەهێزەکانی ئەو هێزە بوو، بنکەکانیان لە دێەکانی بەرکەمران و دەوروبەری بوون، بنکەی سەرەکی یەکیەتی لاوانی دێموکرات بە سەرپەرستی ئەبوبەکری قەدیکور و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە، لە گوندی خەراپەی بوون، دوژمن بەهێزێکی پۆشتەی نیزامی لە هەموو بەرزایەکان رێگاکانیان لێگرتبوون و گەمارۆ درابوون.
تەنیا چەند ڕۆژێک بوو فەرماندەری لکی٣ شەهید محەممەدی مەلامینە لە گەڵ خودایاری قوڵیزادە شەهید کرابوون، لەو وەخە هەستیارەدا کە هێشتا بە رەسمی فەرماندە بۆ لکی٣ دیاری نەکرابوو،بەڵام لێوەشاوەیی و قارەمانی هەموو پێشمەرگە کان و باقی فەرماندەکانی ئەو لکە بە تایبەت محەممەدە ڕشە کە فەرماندەیەکی بە ئەزموون و بوێر و خاوەن هەڵوێستبوو ، لە نێو سەرجەم فەرمەندە و پێشمەرگەکانی ئەو لکە جێگای باوەڕ بوو، هیچ بێ فەرمەندییان پێوە دیار نەبوو، هێشتا خوێنی شەهید مەلامینە وشک نەببۆوە، بەڵام محەممەدە ڕەشە و چەند فەرمەندەیەکی دیکە کەلێن و شوێنی فەرمەندەی شەهیدیان پڕ کردبۆوە.
بەشێک لە بەرزایەکان گیران، تەشکیلاتی ئێمەو ئەڕکانی هێز کە فەرمەندەری هێز شەهید قادر ئیفتیخاریشمان دەگەڵ بوو، لە بستووی کانێ قوڕاوێ، بە نێو دوژمندا هاتینە دیوی شێلمجاڕان، لکی٣ و یەکیەتی لاوان و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە لە دیوی خەراپەی و ئێمەش لەدیوی شێلمجاڕان، زنجیرە کێوێکی کەمێک بڵند لە نێوانمان بوو، بە نێوی ” شێوران” ئەو باسکەکێوە بێبەردو بێ پەسیو بوو، تەنیا گیای لێشیندەبوو، شەڕەکە زۆر توند و لێک نزیک بوین، چەند هێلیکۆتێریش بەرەگبار ئاوربارانیان دەکردین، بەڵام ئێمە شوێنەکەمان چۆل نەکرد، چونکە زیاتر لە ٨٠ پێشمەرگە گەمارۆ درابوون و کەوتبوونە ناو ئابڵۆقەی دوژمن.
دوای چەند کاتژمێرێک سەرجەم کادر و پێشمەرگەکان هاتنە سەر بستووی شێوران و لە شەرێکی چەند میتری، بە وەپێشکەوتنی چەند پێشمەرگەیەک، وەک مراد کاڕەش، برایم، رەحمان، کاووس، عەبوو،،،،، توانیان ئابڵووقەی دوژمن تێک بشکێنن و رێگای دەربازبوون بکەنەوە و ئەوەی لەسەر ڕێگایان بوون لە ناویان بەرن، هەموو پێشمەرگەکان هاتنە دیوی شێلمجاڕان و یەکمان گرتەوە، شایی و شینمان لێ تێکەڵ بوو، لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی لکی ٣ بە نێوی رەحمان دەوڵەت خەڵکی گوندی گردیمخانێ (١٦/٤/١٣٦٢) شەهید بوو، دوو پێشمەرگەش بە نێوەکانی رەحمان دۆشکە و عەلی مەعرووفیان بریندار بوون.
شانازیەکی دیکەی کۆمیتەی ئێمە دەگەڵ محەممەدە ڕەشە
نامەیەکی تایبەتی لە بەشی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب بۆ کۆمیتەی ئێمە لە ئاوایی میشەدێ هاتبوو، کە دەبوو لە کاتی دیاری کراو بەگاتە خانێ، لە ناو ئەندامانی کۆمیتە من و عومەر ئاریغ بۆ ئەو ئەرکە دیاری کرابوین، منیش نامەیەکم بۆ فەرمەندەری لکی٣ محەممەدە ڕەشە کە بنکەی سەرەکیان لە ئاوایی گەنەدارێ مەنگوڕان بوو نووسی و پاشان چوین بۆ بنکەی لک و تەواوی بابەتەکەمان بۆ باس کرد، محەممەد وتی ئەو شوێنەی داندراوە لە باری نیزامیەوە شوێنیکی زۆر نالەبارە، تەنیا چوار پێنج کیلومیتر لەپیرانشار دوورە، لە بەینی ٣ پایەگایان(لاوێن، شیناوێ، قەڵاتی مووتاوێ) هەڵکەوتوە و لە پایەگای قەڵاتێڕا تفەنگی دەگاتێ، ئەگەر ئاشکرابن یان ئەوکەسەی دێت بۆ بردنی ئەمانەتەکە هەڵەیەک بکات، نەجات بوونتان مەحاڵە و یارمەتیشتان ناگاتێ، نەک خۆتان تێدا دەچن بەڵکو دێەکەش وێران دەبێ.
محەممەدە ڕەشە سەردەستەو سەرپەلەکانی کۆ کردەوە و قسەی بۆکردن و پێانی کوت، هاورێان بۆخۆتان دەزانن سبەینێ عەمەلیاتەو هەموو بەرنامەیەکی بۆ داڕێژراوە، بەڵام کارێکی حیزبی هاتۆتەپێش و دەبێ من خۆم لەگەڵیان بچم ، دەبێ بۆخۆتان ئەو عەمەلیاتە وەک خۆی بەڕێوە بەرن، لە نێو سەردەستەکان ناوی یەکیانی هێناو وتی: تۆ فەرمەندەی ئەو عەمەلیاتەی و لە شوێنی من ئەو ئەرکە بەڕێوە دەبەی تا ئێمە دەگەڕێنەوە.
ئێمە هەر ئەو شەوە چووینە دێی جەڕان و بێئەوەی هیچ کەس هەستمان پێبکات. خانە خوێەکەن لە سەر رێبازی دێموکرات لە ئێمە بەئیمان تر بوو. پێشنیوەڕۆ کارێ ئێمە تەواو بوو، لە دوای نیوەڕۆ شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی لکی ٣ و پاسدارانی دژی گەلی لەسەر جادەی پیرانشار ــ سەردەشت، لە نێوان پایەگای قەڵاتێ مووتاوێ و پایەگای گەورەی چیانە دەستی پێکرد. دوای ماوەیەک خانەخوێکەمان هاتەژوور کوتی: کوڕینە پێشمەرگەکان پاشەکشەیان کرد، پاسدارەکان هێرشێکی گەورەیان دەست پێ کردوە، بڕیاری ئێوە چیە؟ خەمی منو نەبێ، هەرچی دبێ باببێ، هەر ئەوکات بڕیارماندا لە شوێنی خۆ حەشاردانەکەمان بێنەدەرێ، تەواوی خەڵکی دێی سەیری شەڕەکەیان دەکرد، لە تاوی پێشمەرگەکان ئارامیان لێهەڵگیرابوو، کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو کە پێشمەرگە لە نێو دێی جەڕانێە، ئەو چەند کەسە لە دێی وەدەرکەوتین و نەفەرێکیش بە نیوی محەممەد وەدومان کەوت، بەبێ چەک، تەنیا چەکی ئیمان و بیرو باوەڕی حیزبی بوو، زۆر حەولدرا کەبگەڕێتەوە، بەڵام سوودی نەبوو.
فەرمەندەری لکی٣ محەممەدە ڕەشە، وەپێش کەوت بەرەو ڕووی پایەگای قەڵاتێ مووتاوێ کە تەنیا چەند سەد میترێک دوور بوو ، لە تەنیشت پایەگایڕا پشتیان لە دوژمن ئەستاند و بۆ سەرجادەی بەینی دوو پایەگای چیانە و قەڵاتێ، دوژمن سەری لێشێوا و نەیاندەزانی چی ڕوویداوە، هێزی دوژمن شکا، پاسداری مۆڵگەی قەڵاتێ مووتاوێ نەیانتوانی بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە و مەجبوور بوون بەرەو پایەگای دێی چیانە هەڵێن، محەممەدە ڕەشە، قارەمانی شەڕەکانی گردی مەرقەدی، زێدان، دێڵزێ، بادیناوێ، بەریـمێرگان, کونەمشکێ، تازەقەڵاو گوڵفەت، ئاڵوەتان، بگرە زۆر شوێنی دیکەی مەڵبەندی پیرانشار، لەو شەرەدا دەگەڵ ئەو چەند پێشمەرگەیە زیاتر سەری حیزبی دێموکڕاتیان بەرز کردەوە.
من مێژوونووس نیم، بەڵام شاهیدی ناو جەرگەی شەڕی ئەو ڕۆژەم، خۆزگە توانیبام ئاستی ورە و بوێری ئەو چەند پێشمەرگەیە بەتایبەت پلان و بڕیاری فەرمەندەی لکی٣ محەممەدە ڕەشە لەو کاتە هەستیار و بەپەلەدا، بێ ئەوەی کات بەفیرۆبدا و بخەجڵێ بۆ یارمەتی و بە هاناوەچوونی هاوسەنگەرانی بەرێوەی برد، وەک خۆی بنووسمەوە ، چونکە، یەکەم توانیان شادی بخەنە نێودڵی خەڵکی ناوچەی پیرانان کە بەشێک بەچاوی خۆیان شاهیدی ئەو عەمەلیاتە سەرکەوتوانە بوون، دووهەم چۆن ورەی پاسداری دوو پایەگایان تێکڕووخاند و ڕەپێچەکدران، سێهەم ورەی ئەو لکە پێشمەرگەیان هێنایەوە سەر شوێنی خۆی کە لەکاتی برینداربوونی فەرمەندەی عەمەلیاتەکە، لەلایەن فەرمەندەکانی دیکە بڕیاری پاشەکشەیان دابوو، هەروەها بە دوژمن نیشاندرا کە تەنیا چەند پێشمەرگەیەک بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و هاوسەنگەرانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن و هیچ ترس و باکیان لەمەرگ نیە. بەرز و پیرۆزبێ یادی رۆژی پێشمەرگە
سەید عەلی هاشمی

١٤/١٢/٢٠٢٣