بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە. سەید عەلی هاشمی

بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە
تێکۆشانی پێشمەرگەیەکی نەهێنی و ئاشکرای حیزب” قادر مەعرووفی”
قادر مەعرووفی ناسراو بەمام قادر کوڕی مام کاکەسەن لە تایفەی بایزی و لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر، لەمانگی خەمگینی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوایدا لە ئاوایی گەنەدارێ مامەشان لە مەڵبەندی پیرانشار لە دایک بوە.
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩) شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و رێژیمی حەمەرەزا شا ڕووخاو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی ئاشکرای خۆی راگەیاند. مام قادر وەک هەزاران لاوی کورد بوو بە ئەندامی حیزب وتێکۆشانی حیزبی بە دڵگەرمیەوە لە گوندەکەی خۆیڕا دەست پێ کرد. پاشان مام قادر بە هۆی دڵسۆزی و کارامەیی بە کادری نهێنیی تەشکیلاتی حیزب لە لایەن تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەی پیرانان داندرا. ناو براو بەو پەڕی بوێری و لێهاتووییەوە ئەرکە تەشکیلاتییەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند. لە لایەن تەشکیلاتەوە کاری زەحمەت و شوێنە پڕمەترسییەکان بۆ ئەو داندرابوو، بەهۆی لێوەشاوەیی وجێگای باوەڕی تەواوی تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچە، ناو براو بە ئورگانەکانی سەرەوەی خۆمان ناسێندرا، وەک شەهیدان سەید رەسووڵی بابی گەورە، ڕەحمانی سۆفیزادە و هەمزە بێهنام و دەیان تێکۆشەری دیکەی حیزبی بۆ ڕاپەڕاندنی کاری حیزب. زۆر جار گیانی خۆی خستۆتە مەترسی بۆ ئەرکی حیزبی، من تەنیا ئاماژە بەچەند نموونەیەکی بچووک دەکەم:

 

شەهید رەحمانی سۆفیزادە بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی نەهێنی ناو شاری پیرانشار بوو، منیش هاوکاری بووم بۆ عەمەلیاتێکی گەورەی ناوشار (لەجۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا) بەرنامەڕێژی کرا. کۆمیتەی نەهێنیی ناو شار دەگەڵ ئێمە نەهێنێکمان دانابوو: پارەیەکی کاغەزمان کردبوو بە دوولەت، لەتێک لای ئەوان و ئەویتریش لای ئێمە بوو. نزیک بە ٢٠٠ پێشمەرگە بۆ چوونە ناو شاری پیرانشار داندرابوون. دوو،سێ رۆژ پێش ئەو عەمەلیاتە کۆمیتەی نەهێنیی ناو شار داوایان کردبوو کەسێک بە نەهێنییەکەوە لەفڵان ڕۆژەدا بنێرن بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ئەندامانی ناوشار هەموو ڕێگاکان بگرن و پێشمەرگە بەرنە ناو شاری پیرانشار. من و کاک رەحمان بڕیارمان دا کە کەسێک شایانی ئەو نەهێنییە گەورەیە بێ وئەو ئەرکەی پێ بسپێردرێ و گیانی ئەندامانی ناوشارو پێشمەرگە بە ئەمانەتەوە بپارێزی مام قادرە: کادری ئەمین و ئەوینداری حیزب مام قادری مەعرووفی هەرچەند ئەورۆژە جگەرگۆشەیەکی سەرلانکێی باوەشی گەرمی دایکی بەجێ هێشتبوو، بەڵام ئەو لەبەر ئەو ئەرکە گەورەیەی حیزب نەچووە سەرقەبران بۆ دواین ماڵئاوایی لە منداڵە شیرەخۆرەکەی.

 

مام قادر لە لایەن کاک رەحمانی سۆفیزادەوە لەتکی پارەکە وەردەگرێ و دەچێتە حەساری شەهید سەید مستەفای حوسێنی یەکێک لەئەندامی کۆمیتەی نەهێنی شار. دوای ماوەیەکی کورت زیاتر لە دە کەسێک بەسەرپەرستیی سەردەستەی تیمی نەهێنیی تەشکیلاتی” شەهید ئەبوبەکری ئازەربەرزین” دەچنە ناو حەسارەکەی ولەتکە پارەکە لە مام قادری وەردگرن.

رێگای گەپڵەسەن بۆ نێو شاری تا مەدرەسەی مەحموود قادری وعەمباری شۆڕش لە نێو شار، هەمووی لەلایەن ئەندامانی نەهێنیی حیزب لەسەر رێگای پێشمەرگە دامەزرابوون و پێشمەرگەیان بە سەلامەتی بردە نێو شار. لەو عەمەلیاتەدا پایەگای بەسیج لە ” زەرگەتەن” تەرتوتنا کرا وجیهادی سازندەگی و دەیان شوێنی دیکەی دەوڵەتی لەناو شاری پیرانشار دەستیان بەسەرداگیرا. دەسکەوتێکی بێژمار بۆ حیزب بوو، بێ ئەوەی شەهید و بریندارمانبێ. تەنیا پێشمەرگەیەک” رەسووڵ سەلیمی” لەسەربانەوە کەوتبووە خوارەوە و لاقی زەربەی دیبوو، شانازی ئەو سەرکەوتنە بۆ مام قادری مەعرووفی و هەموویان ئەو کەسانەی ئەو ئەرکەیان بەجێ هێنا دەگەڕێتەوە.

ئەرکێکی دیکەی تەشکیلاتی
لە هاوینی ١٣٦٩ی هەتاویدا پۆلێک لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزب دەچنە لای مام قادر بۆ ڕێنوێنی و هاوکاری لەکاتی پێویستدا. بەداخەوە، دوای چەند رۆژێک خۆفرۆشێکی خۆماڵی بە ناوی عەزیزی فیرووزمەند ناسراو بە حایزی حاجی رەحمانی سۆزەی هاتنی ئەو کادرانە دەکات و پێشوێنیان هەڵدەگرێ و لە ئاکامدا لە ناوچەی لاجانێ دە داویان دەخا و لەرێکەوتی ١٣٦٩/٤/١٥ دوژمنیان دەباتەسەر. دوای شەڕێکی نابەرانبەر کادری لێهاتوو و پێگەیشتووی حیزب سولەیمان رەسووڵ زادە وکادرو پێشمەرگەی قارەمانی شەڕەکانی دەشتی پیرانان رەحیم بەرشان شەهید بوون. مام قادر کە لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە ئاگادار دەبێ، زوو هەست بەوە دەکا کە دبێ دەستێکی ناپاک و خیانەتێک لە گۆڕێ دا هەبێ. چەند رۆژێک لەسەر هەست دەبێ بۆ ئەوەی بزانێ ئاکامەکەی ئەم رووداوە بە کوێ دەگەن. پێشبینیی ئەوە دەکا کە رۆژێک پاسدارانی رێژیم دێن بۆ گرتنی. بۆیە بە ژن و منداڵەکەی دەڵێ هەر کات شەوێ لەدەرگایان دا و پرسیاری منیان کرد، بڵێن چۆتە سەفەرێ و سبەی دێتەوە. شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٩ی هەتاوی پاسدار بەماڵە مام قادری وەردەبن، بەڵام نایبیننەوە. بۆ بەیانی راست لە یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدبوونی د. قاسملووی نەمر دا مام قادر خوا حافیزی لە ماڵ و مناڵ و شوێنی زێدی خۆی دەکا و لە ماوەی شەوو رۆژێکدا خۆ دەگەیەنیتە بنکەکانی حیزب لە ناوچە سەرسنوورییەکانی قەندیل. لەوە بە دوا تێکۆشانی نهێنی مام قادر کۆتایی دێ و دێتە ریزی تێکۆشەرانی ئاشکرای دێموکڕات.
تێبینی

” بەداخەوە پاش رووداوی تاڵی شەهیدبوونی سولەیمان رەسووڵ زادە و ڕەحیم بەرشان و خیانەتی عەزیزی فیرووزمەند زیاتر لە ٧٠ کەس بەتاوانی ئەندام بوون لە حیزب، لەو ناوچەیە گیران. لەو هێڕشەدا بۆ سەر تەشکیلاتی حزب هەر لە دێی(زەنگیاوێ) ١٢ کەس گیران، ژمارەیەک لە گیراوەکان چەند ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە و چەند کەسیان بە رادەیەک ئەشکەنجە کران کە کەمئەندام بوون و لە نێو ئەواندا هەبووە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. “

مام قادر لە٢٣ی پوشپەری ١٣٦٩ لە شێخ شێرۆ دەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەی بە ئەزموونی گوومرگ ئەو بەشەیان پێ ئەسپێردرا. لەساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا وەک پێشمەرگەی سەر بە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار لە پرسگەی حیزب لە پردەشاڵی خزمەت دەکات.

ناوبراو لەساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا لە لکی یەکی هێزی ئاوارە لە مەڵبەندی سپی سەنگ لە لێوژێ وەک پێشمەرگەی لک لەریزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات درێژەی بە پێشمەرگایەتی دا. لە ساڵی ١٣٧٢ی هاتاویدا لەبنکەی حیزب لە شاری رانیەی باشووری کوردستان وەک پارێزەر ئەرکدار کرا ولەپاییزی ئەو ساڵەشدا لەکەمپی بێخمە درێژەی بەکارەکانی دا. لەبەهاری ١٣٧٣ی هەتاویدا نەقڵ کرا بۆ هێزی پارێزگاری، بۆ پارێزگاری لە بنکەکانی سەربە کۆمیسیۆنەکان و دەفتەری سیاسی حیزب، بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو هێزە ئەرکی پێشمەرگایەتیی بەجێ هێنا. بە هۆی دەسپاکی و جێگای متمانە بوون، بۆ ماوەی ٢ ساڵ وەک پارێزەر لە بەشی ماڵی لە راگواستن و هێنان و بردنی پووڵ و ئەمواڵی حیزبدا دەگەڵ نەمر “مام میرزا” ئەرکی حیزبی بەڕیوە بردوە.

مام قادر لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ تێکۆشانی نەهێنی لە نێو خۆی وڵات و پێشمەرگایەتی ئاشکرا، لە گەڵ بەشێک لە مناڵەکانی رێگای هەندەرانی گرتەبەر. چونکە منداڵەکانیشی وەک ئەو شوێنی نیشتەجێ بوون وجێگای لەدایکبوونیان لێ زەوت کرابوو.

لەو رۆژە پیرۆزەدا سڵاو دەنێرم بۆ خەبات و تێکۆشانی مام قادر و هەموو تێکۆشەرانی دێموکڕات.
سەید عەلی هاشمی

١٤/١٢/٢٠٢٣