دەقی پەیامی موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی بۆ ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ

دەقی پەیامی موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی بۆ ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ

سەرۆکایەتیی بەڕێزی پەرلەمانی ئەورووپا

نوێنەرانی زیاتر لە ٦٥٠ میلیۆن کەس لە خەڵکی جیهان

خوشکان و برایان!

مایەی شانازییە بۆ من کە ئەم بەختەوەرییەم پێ بڕاوە وەک پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی پەیامی دایکی ژیناتان لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپادا بۆ بخوێنمەوە کە لە هەمان‌کاتدا پەیامی بنەماڵەکەشیەتی. ئاواتەخواز بووم خاتوو موژگان ئەمینی، دایکی ژینا یا هەر خاتوونێکی دیکە ئەم پەیامەی خوێندباوە، لەبەر ئەوەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا و لەو ڕۆژەوە کە ژینا (مەهسا) دەستبەسەر کرا، لەلایەن ژنانەوە دەستی پێ کرد و ڕێبەرایەتی کرا و پیاوانیش هاوڕێیەتیی ژنانیان کرد و دەرئەنجامەکەشی بوو بەو شتەی ئێوە دیتتان و لە سەرانسەری جیهان دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە داهێنانی خەڵکی کوردستان بوو، و لە هەموو جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت ئێراندا گشتگیر بوو.

ئەمن لە لایەن دایکێکی داخدارەوە ئەم پەیامە دەخوێنمەوە کە سەرەتا بە پێ بە هەست و خۆشەویستی و دڵبەستەیی دایکێک بۆ کچەکەی نووسراوە کە بەگوتەی خۆی و وەک خاتوو مەک سولا باسی کرد، ژنێکی جوان و بەڕێز بوو کە ویستی زۆر بەرزی بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی هەبوو، ئەویش لە ڕێگای کاری پزیشکییەوە. هەربۆیەش واز لە پێشەکی دەهێنم و لەوەی کە بەشێک لە پەیامەکەی خاتوو موژگان ئەمینی بە زمانی کوردییە بەڵام ئەم پەرلەمانە وەرگیڕی کوردیی لێ نییە زۆر بەداخم و هیوادارم زمانی کوردییش وەک زمانەکانی دیکە، جێگە و پێگەی خۆی پێ بدرێ.

***

من لەو دڵەما، شوێن و مەکان گشتی ئەوە

یا لەو لەشە خوێن و ڕەگ و گیان گشتی ئەوە

ئیمان و کفر لێرە چلۆن پێکەوە بن؟

هۆکاری گەرەک نییە ژیان گشتی ئەوە

“بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ

بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیای بەدەستی با بە گوڵ چناوی لێوە دێ

بۆنی سەرسەکۆی بە کاگڵی، بە ئاوپژاوی لێوە دێ

خۆشەویستەکەم

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە

چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە

لە حەنجەرەی زەمانەوە

گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە”

خوشکان و برایان!

حەزم دەکرد لە کۆری بەنرخی ئێوەدا بەشدار بووبام تا لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتیی لە هەموو خەڵکی وڵاتەکەم سپاسی ئێوە پێشکەشکارانی خەڵاتی بەنرخی ساخارۆڤ، خەڵاتی هێمای ئازادیی پەرلەمانی ئەورووپا، بکەم. بەداخەوە بەپێچەوانەی هەموو ڕێسا یاسایی و مرۆڤییەکان ئەم دەرفەتەمان لێ زەوت کرا. پارێزەری ئێمە بەڕێز ساڵح نیکبەخت لەگەڵ خاتوو دوکتور سوهەیلا قادری بە نوێنەرایەتیی ئێمە لە کۆبوونەوەکەی ئێوەدا بەشدار دەبن بۆ ئەوەی پەیامی من بە ئێوە بگەیەنن.

ئێمە لێرەین ، ئێمە لێرەین تا لە زێدی ژاندارک، یادی ژینا بەرز ڕابگرین. چ جوان و پڕواتایە پێک گەیشتنی ئەم دوو کچە. ئەم کیژە ئیلهام‌بەخشانەی مێژوو لە پشت چاخەکان و سەدەکانەوە. ئەوانەی بە مەرگی خۆیان سنوورەکانی وڵاتانیان بڕی و گیانێکی نوێیان بە ئیرادەی ڕەهایی و ئازادیی مرۆڤەکان بەخشی. ژینا، دەرکەوتنی ژین و ژیانە، هەر ئەوەیە کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خولیای ئازادیی لە زێدی خۆی، لە کوردستانەوە بە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا بڵاو کردەوە و میلیۆنان ژن و پیاوی ستەملێکراوی بە هیوای فڕین بەسەر ئاسۆی بێ‌کۆتاییی ڕزگاریدا، وەجووڵە خست. زۆر بە ناحەقی گیانیان ئەستاند و بە خەیاڵی خۆیان پێیان وا بوو بە ئەستاندنی گیانی لە جەستەی، لە بوون و هەبوون دەیگەڕێننەوە. وەکوو چۆن ستەمکاران وایان دەزانی بە سووتاندنی جەستەی ژاندارک، خولیاکانیشی دەبێتە دووکەڵ و بە ئاسماندا دەچێت.

وەک مرۆڤێکی گەورە وتوویەتی ئەوان نەیاندەزانی و ئێستاش نازانن کە لە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژینا، قەقنەس‌ئاسا ڕۆحێک لە دایک دەبێ کە ملکەچبوونی بۆ نییە و ئیلهام‌بەخشی ڕۆحی سەردەمە. ئەم ڕۆحانەی سەردەم لە پاش چەندین سەدە ئێستا یەکیان گرتوە تا مژدەی ڕزگاریی هەمیشەیی بۆ ئێمە خەڵکانی ئەم سەردەمە بە دیاری بهێنن. ئەوان مزگێنیدەری وەدیهاتنی بایەخە بەرزەکانی مرۆڤایەتین کە ئێستا لە دروشمی پێشکەوتنخوازانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو بایەخانەی سنووریان بۆ نییە و لە ئەوپەڕی کات و شوێنەوەن بۆ دادپەروەری و ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرابەریی هەموو مرۆڤەکان.

خوشکان و برایان!

داخی ژینا بۆ من ئەبەدییە و بۆ هەموو خەڵکی جیهانیش هەمیشەیی. دڵنیام کە ناوی ئەو لەگەڵ ناوی ژاندارک وەک هێمای ئازادی دەمێنێتەوە. ئێستا لە زێدی ژینای هەمیشە زیندووەوە، پێزانین و سپاسی بێ‌کۆتاییی خۆم و بنەماڵەکەم پێشکەشی ئێوە دەکەم و هیوادارم لەم هەڵبژاردنە مەزنەدا هەر وا مانا و سەربڵیند بمێننەوە. بەو ئاواتەی لە هەموو جیهاندا، هیچ دەنگێک لە دەربڕینی ئازادی نەترسێ.

موژگان ئیفتخاری

دایکی شەهید ژینا ئەمینی

لە شاری سەقزی کوردستانی ئیران