بۆ مازیار ئیبراهیمی وتەبێژی حیزبە کارتۆنییەکەی هومایونی

بۆ مازیار ئیبراهیمی وتەبێژی حیزبە کارتۆنییەکەی هومایونی

دوای بڵاو بوونەوەی لۆگۆیەکی لە شێرپێچراوی پەهلەویەکان بە ناوی حزب ایرانیان کرد میهن پرست تەلەفزیۆنی من‌وتو بەرزەوێژی بنەماڵەی ڕووخاو و دۆراوی پەهلەوی لە بەرنامەیەکی کورت دا لەگەڵ کەسێک بە ناوی مازیار ئیبراهیمی وتەبێژی ئەو حیزبە کارتوونییە لە چەند خولەکێک دا ئامانجی حیزبە کارتۆنییەکی پرسیار کرد.

ئامانجی سەرەکی تەلەفزیۆنی من و تو دیار بوو چییە!! چوونکە لە یەکەم پرسیار دا گووتی: چۆن بوو لە ڕۆژێکی مێژوویی وەک ئەمڕۆدا کە ئازەربایجان بە دەستی بە توانای ئارتەشی شاهەنشاهی ڕزگار کرایەوە ئیوە حیزبی خۆتان راگەیاند؟

مازیار ئیبراهیمی نۆکەر سفەت کە پێشتر لە ئێراندا دەیان و سەدان کەسی بە گرت دابوو و دواتر خۆشی کەوتە زیندانی حکوومەتی ئاخوندەکان بە بێ ئەوەی باس لە خەبات بە دژی ئاخوندەکان بکا، ڕاستەوخۆ گووتی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دا دەرکەوت کە هەندێک خائین و تیرۆریست و هەروەها لە دۆڕاوانی سیاسی کە لێرەدا مەبەستی “حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بوو، گووتی: دەیانهەویست وەک ساڵانی ١٣٢٤ی هەتاوی کە کۆماری مەهابادیان دامەزراند ئەو سیناریۆیە دووپات بکەنەوە.

دواتر گووتی: ئێمە بۆ پێشگیری لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو سیناریۆ شکست خواردووە، وەک حزب ایرانیان کرد میهن پرست پشتیوانی خۆمان لە ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنت ڕاگەیاندووە و لە یەکەم دەرفەت دا کۆنگرە دەبەستین و هەر لە ئێستاوە خەریکی ئەندام گیرین. ئەوە پوختەیەک بوو لە بەڕەڵلا کردنی قسەکانی مازیار ئیبراهیمی نۆکەر سفەتی پەهلەوی لە تەلەفزیۆنی من‌وتو.

ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە کە ئێستاش کەسانی نەفس نەزمی دۆڕاوی نێو کۆمەڵگای ئێران ئەوانەی کە هیچ کەس و لایەنێک لە بەر کردەوە قێزەوەنەکانیان وەخۆیان ناگرن، بۆ خۆ دەرخستنیان پەنا بۆ شوێن و کەسگەلی وەک خۆیان دۆڕاو دەبەن.

بۆ مازیار ئیبراهیمی کە هەم ١١ مانگ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زیندان دابووە و هەمیش لە گرتووخانەکانی ئێراندا بە دەیان و سەدان کەسی بە گرت داون و ئێعترافی لە سەر کردوون، دیارە دەبێ پەنا بۆ کوێ بەرێ، مازیار وەک بازەرگانێک بۆ حکوومەتی ئێران کاری دەکرد و کۆمپانیای لە شاری سولێمانی هەبوو، هەڵبەت دوای ئازادبوونی لە زیندانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی هاتە وڵاتی ئاڵمان.

بە گەڕانێک لە ناوی مازیار ئیبراهیمی لە گووگل دا، بۆت دەر دەکەوێ کە ناوبراو پەرێزی چەندە خاوێنە و هەر بۆیە دامەزرانی حیزبێکی کارتونی لە چەشنی حزب ایرانیان کرد میهن پرست نەک جێگەی نیگەرانی نییە بەڵکوو ئەوانە وەک “پووشی بەردەم با” ن و هیچ کات لاقیان لە سەر عەرزی واقیعی کوردستان نابینینەوە.

دەستەی بەرێوەبەری حیزبە کارتۆنییەکەی حزب ایرانیان کرد میهن پرست لەو چەند کەسە پێک هاتوون:
مەجید فەلاح

مازیار ئیبراهیمی

مەتین خالیدی

بەهار بەهاری

تەییب ئازموودە

خەشایار خوداداد

نە تەلەفزیۆنی من‌وتو و نە ئەو حیزبە کارتۆنییە هیچ گرینگی‌یەکی تایبەتیان لە لای من نییە و تەنیا ویستم بزانن کە مازیار ئیبراهیمی کە نیشتەجێی ئاڵمانە و وتەبێژی حیزبی هومایونییە چی لە تێڕ و باران دایە.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٣ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٣ی زائینی