پێناسه‌ی ماڵپه‌ری گیاره‌نگ

گیاره‌نگ ناوی کێوێکی جوان ‌و ڕازاوه‌ی ناوچه‌ی سه‌رده‌شتی سه‌رسه‌وزه، له قه‌دپاڵ ‌و بنار و داوێنی ئه‌و کێوه به‌رزه‌ دا ده‌یان گوند و ئاوایی بچوک و گه‌وره هه‌ن که وه‌ک ملوانکه‌یه‌ک له ده‌وری گیاره‌نگ ئاڵاون. له مێژه گیاره‌نگ و گـــوندو‌ ئاوای‌یه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ست له ملانی یه‌کترن و سروشتێکی جوان‌و رازوه‌یان پێک هێناوه. له وه‌رزی به‌هــاران دا به ده‌یان جــۆره ســه‌وزه و گوڵ‌وگیای ره‌نگاوره‌نگ ئه‌و کێوه به‌رزه ده‌نخشێنن و وه‌ک بووکی ڕازاوه به‌رامبه‌ر به هاواڵـی دێرینی خــۆی لانک ( کێــوێکی نێزیک گیاره‌نگه ) خۆ ده‌نوێنـێ و پێکه‌وه سێبــه‌ر و فێنکای و جــوانــی بۆ ناوچه‌که پێک دێنن.  له‌ وه‌رزه‌کانی دیکه‌ی ساڵیش دا به دائیم دانیشتوانی گونده‌کانی ده‌وری گیاره‌نگــی پڕ له گوڵ، بۆ کاری مه‌ڕداری و وه‌رزێـری و ڕه‌زه‌وانی له بست به بستـــی خاکـــی ده‌وری گیاره‌نگ که‌ڵک وه‌ر ده‌گـرن و به‌شێک له بژیوی ساڵانه‌ی خۆیانی لێ دابین ده‌که‌ن.

گیاره‌نگ به سه‌دان ڕه‌وه‌زه شاخی قائیم و پر له دار و ده‌وه‌نی له باوه‌شی خۆی گرتووه. ئه‌و سروشته جوان و قائیمه‌ش وایکردوه که له هه‌موو کاته‌کانی شۆڕشی رزگاریخوازنه‌ی گه‌لی کورددا، ئه‌و شوێنه بکرێت به مه‌کۆی خۆراگری و سه‌نگه‌ری له‌شکان نه‌هاتووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

ناوی خۆشی گیاره‌نگ‌ و جوانی ‌و ڕازاوه‌یی ئه‌و کێوه به‌رزه‌ و ئه‌مه‌گداری دانیشتوانی گونده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌رحه‌ق به شۆڕشگێرانی دێمۆکرات و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، بوو به هۆی ئه‌وه که له ساڵی ١٣٦٥ی هه‌تاویی دا هێزێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌ ناوی گیاره‌نگ‌وه بکرێ. ئه‌گه‌ر تاکوو ئه‌و کات ناوی گیاره‌نگ ته‌نیا وه‌ک کێوێکی به‌رز و رازاوه له لایه‌ن به‌شێک له خه‌ڵکه‌‌وه ناوی ده‌برا ئه‌وه ئه‌و جار گیاره‌نگ بوو به ناوێکی ره‌مزی و ئاشنا بۆ به‌شی هه‌ره‌ زۆری دانیشتوانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت. ناوی گیاره‌نگ بوو به خۆشه‌ویستی گشت لایه‌ک، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌یان منداڵ دوای له دایک بوونیان ناوی” گیاره‌نگ” ‌یان لێنرا.  ئێستا ئه‌وانیش دڵخــۆش و رازین ‌‌و وه‌ک کێـوی گیاره‌نگـی سه‌ربه‌رز، شانازی به خــۆیان‌و به ناوه‌که‌یانه‌وه ده‌کـه‌ن.

به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ڕەبەت، بانه، پیرانشار و مه‌هاباد و به تایبه‌ت ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و بگره دوورتریش شاهیدی چالاکی‌یه‌کانی هێزی گیاره‌نگ هه‌ن، که چۆن زراوی دوژمنیان تۆقاند بوو و دوژمنیان له‌و ناوچه‌یه به چۆک داهێنا بوو. ئێستاش دوژمن به بیستنی ناوی گیاره‌نگ، زه‌ربه گورچ ‌و بره‌کانی هێــزی گیاره‌نگ و که‌لاکــی زۆر و بــۆری کــوژراوه‌کانــی خــۆی وه‌بیــر دێته‌وه که به ده‌ستــی به تــوانای پێشمــه‌رگه‌کانــی هێــزی گیاره‌نگ ده‌کــه‌وتــه ســه‌ر عــه‌رز و هه‌مــوو ناوچــه‌ی سه‌رده‌شت و ده‌وری گیاره‌نگیـان لێــده‌کــرا به گــۆرستــان.

هێــزی گیاره‌نگ له‌رزه و چه‌ق‌وچۆ‌یان ده‌خسته له‌شی بۆگه‌نی به ناو پارێزه‌رانی ئیسلام و وێرای هێزه‌کانی‌ دیکه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ته‌نگیان به دوژمنی ماڵ‌وێرانکه‌ری جه‌هل و نه‌زانی ئاخوندی ئێران هه‌ڵچنی بوو و به‌هه‌شتی کوردستانیان لێکرد بوون به دۆزه‌خی ئاگرین. هه‌ر بۆیه گیاره‌نگ حه‌قی خۆیه‌تی له جاران زیاتر سه‌ر به‌رز کات و خۆ چــڕوپڕ تر بکات و ئامێــزی خــۆی بــۆ پێشمه‌رگه شۆڕشگێره‌کانی‌ کــوردستان و هێــزی گیاره‌نگــی سه‌ربه‌رز ئاواڵه بکا و جارێکـی تــر دارو ده‌وه‌نه چغــوره‌کانی خـۆی بۆ رزگاری یه‌کجاره‌کی کـوردستان به‌رزتر بکا.

پێم وایه ئه‌و چه‌ند دێره‌ به‌س بێت بۆ وڵامی ئه‌و ئازیزانه‌ی که سه‌ردانی ماڵپه‌ری گیاره‌نگ یان کردووه و بۆیان پرسیار بوو که ماڵپه‌ری گیاره‌نگ چی‌یه و بۆچی ئه‌و ناوه‌ی بۆ هه‌ڵبژێردراوه.

جوانی و سه‌رسه‌وزی گیاره‌نگ و زه‌ربه لێدانی هێزی گیاره‌نگ له دوژمنی داخ له دڵی کورد و چه‌ندین هۆی دیکه بوونه هۆی ئه‌وه که ناوی ماڵپه‌ره‌که‌ بکه‌م به گیاره‌نگ و دوای چەند ڕۆژ تاقیکاری ماڵپەرەکەمان لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕۆژە (ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی) ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە.

ماڵپه‌ری گیاره‌نگ بۆ خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانی کورد و دڵسۆزانی گه‌لی کوردی به‌شخوراو دامه‌زرا و ده‌ستی به‌ کار کرد. گیارەنگ هەوڵ دەدا، شان به شانی ماڵپه‌ره‌ کوردی‌یه‌کانی دیکه بۆ له قاودانی پیلانی دوژمنانی کورد بچێتە پێش و بە پێی ئیمکان له زۆر بواردا هه‌واڵ و بابه‌تی جۆراوجۆری بڵاو بکاتەوە. هاوکات ماڵپه‌رى گياره‌نگ تێدەکۆشێ کە پێنووسە بوێر و چاونەترس و ڕاستگۆکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و ئەو پەنجەرەیە بکاتە دەربتجەیەکی کراوە بەرەو خۆر و ڕووناکی و ڕاستبێژی.

لە کۆتایی دا به پێویستی ده‌زانین سوپاسى هه‌موو ئه‌و که‌سانه بکه‌ین که بابه‌ت و نووسراوه و وێنه و ڕاپۆرت بۆ ماڵپه‌رى گياره‌نگ ئاماده دەکەن و گیارەنگ بە گەورەیی خۆیان دەرازێننەوە. هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌که‌ین که سه‌ردانى ماڵپه‌رى گياره‌نگ‌ دەکەن و بيروبۆچوونى خۆيان له سه‌ر ماڵپه‌رى گياره‌نگ به ئێمێل و نووسراوە و فەیسبووک و تەلەفوون ده‌ردەبرن و به‌شێک له هه‌ڵه و که‌م‌وکورى‌يه‌کانمان بۆ ده‌ست نيشان دەکەن و هاوکات زیاتر هانمان دەدەن که بابه‌ت و نووسراوه‌ی نوێ بخەینە بەردەم خوێنەران و بینەرانی ماڵپەری گیارەنگ. بۆیە گشت لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە وەک بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ هەوڵ دەدەین لە خزمەت هەموو دڵسۆزانی گەلەکەمان دابین و ئەوەندەی بۆمان بکرێ و دەست بدات  کاتی زۆرتر بۆ نوێ کردنەوەی ته‌رخان بکەین.

تێ‌بینی:

ماڵپه‌ری گیاره‌نگ هاوکات له‌ گه‌ڵ ڕۆژی کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌که‌ی بۆردمانی قه‌ڵادزێ دا که‌ له‌ ساڵی 1974 دا به‌ ده‌ستی ڕێژیمی ئه‌فله‌قی سه‌ددام حوسێن وێران کرا، ده‌ستی بە کار و وه‌شانی خۆی کرد. هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو ساڵێک له‌ ساڵیادی دامه‌زرانی ماڵپه‌ری گیاره‌نگ دا به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ر ڕێز و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ خه‌ڵکی دوو جار شه‌هیدی قه‌ڵادزێ ده‌ر ده‌بڕن و یادی ئه‌م کاره‌ساته‌ش ده‌کەنەوه‌.

ستافی بەرێوەبەری گیارەنگ

٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ ی زائینی