گیارەنگ و ١٧ ساڵ خزمەت بە ڕۆژنامەگەری کوردی

لە ١٧ ساڵەی دامەزرانی ماڵپەری گیارەنگ و ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەستیان لە دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی دا هەبووە، قەڵەمەکانیان بۆ ڕاستی و پاکی بەکار هێنا و بوێرانە بەگژ ناراستی‌ و ناپاکی‌یەکان دا چوونەوە، لەو ڕۆژەدا ڕازاوەترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خوازیارانی نووسین و وەرگێران و هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە بۆ وەرگرتنی زانیاری و دەوڵەمەند کردنی لاپەرەکانی گیارەنگ چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە.

کاری ڕۆژنامەگەری و بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامە کارێکی گرووهی و کاری کەسانی شارەزایە کە بە پرۆژە کار بۆ دەرکردنی ڕۆژنامە دەکەن و هەوڵ دەدەن کە لەو پەیوەندی‌یەدا هەموو ئەو کەل‌وپەل و شتانەی کە پێویستن بۆ دەرچوونی ڕۆژنامە دابین بکەن. کاتێک ماڵپەری گیارەنگ دەستی بەکاری خۆی کرد ئەو کەل و پەلانەی کە پێویست بوون تا رادەیەک دابین کران و ئەوجار دەبوو بۆ درێژەدان و ناساندنی ماڵپەرەکە هەوڵ بدەین کە بابەتگەلی خەڵک پەسەندانە لە هەموو بوارەکان دا بڵاو بکەینەوە و نزاکەت و ئەخلاق بکەینە میتۆدی کاری ماڵپەری گیارەنگ، بە ئۆگری‌یەک کە بۆ خوێندنەوە هەم بوو هەوڵم دا لاپەرەکانی بە شێعر و نووسینی شاعیران و بە نووسینەوەی ڕۆژە مێژووی‌یەکان و ڕووداو و بەسەرهاتەکان لاپەرەکان برازێنمەوە و بە گشتی لە ماوەیەکی کورتدا گیارەنگ توانی ببێتە سەکۆیەک بۆ بە یەک گەیشتنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە دوای ویستەکانی خۆیاندا دەگەڕان.

ماڵپەری گیارەنگ بۆ ئەوەی لە دونیای نوێی ڕۆژنامەگەری ئێلکترۆنی دوا نەکەوێ و بۆ ئەوەی خزمەت بە نەتەوەکەمان بکات، لە ئەزموونی کەسە شارەزاکان کەڵکی وەرگرت و لەو پەیوەندی‌یەدا کەم نەبوون ئەوانەی کە بە دڵەوە ئەزموونەکانی خۆیان لەگەڵ بەش کردین ، لە سەریەک بە ساوایی دەستمان بە درووست کردنی گیارەنگ کرد و دوای چەند جار ڕەنگ گۆڕین و دیزاین داڕشتن و تاقیکردنەوەی لە چەند شوێن، گیارەنگ لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانە شوومەکەی قەلادزێ کە لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە.

لە ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دا و لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە چەپکە گوڵی وەفا و ڕێز لە بەرۆکی هەموو ئەو کەسانەی دەدەین کە خەمیان لە کاری ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری خواردوە و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین و سڵاو دەنێرین بۆ ئەو خۆشەویستانەی لەم ڕێگایەدا و تا کۆتایی ژیانیان خەمیان و خزمەتیان تەنیا بۆ دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی بووە و بە شەو و شەونخۆنی خۆیان خزمەتیان بە گەل و نیشتمان کردووە.

دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک نوورێک لە تاریکستانی ئەو سەردەم دا درەوشایەوە، ئەوە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵگیرسانی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان لە باشوور و گەرمێنی کوردستان، هەر بۆیە بە چاوی ڕێزەوە دەروانینە ئەم دوو ڕۆژە پڕ لە مێژووەیەی گەلەکەمان.

لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.

سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەرێزان کاک ئیبراهیم عەزیزی، کاک فاروق قوبادی و کاک مەریوان نستانی دەکەین کە بەردەوام و بە دڵ فراوانی‌یەوە هاوکاریان کردووین و کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان بە هیممەتی خۆیان چارەسەر کردووە.

بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٩

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت