بەرز و پیرۆز بێ یادی 121 ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی

ئەمڕۆ 22ی ئاوریل (2ی بانەمەڕ) هاوکاتە لەگەڵ 121 ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ڕۆژنامەی “کوردستان” لە قاهیرەی میسر. ئەوە هەم قەدەر و هەم بگێڕەوەی چارەنووسی کوردە کە ڕۆڵەکانی دەبێ یەکەم ڕۆژنامەی نەتەوەکەیان نەک لەسەر خاکی خۆیان، بەڵکوو لە پێتەختی وڵاتێکی دی و لە تاراوگەدا دەربکەن؛ بەڵام ئەو کارە مەزنەی لەسەر دەستی “میقداد میدحەت بەدرخان” کرا، بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بزاوتی سیاسی و ڕووناکبیریی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا.
گرینگیی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە کاتێکدا بوو کە گەلێکی بێدەوڵەت و کوردستانێکی دابەشکراو لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەش کرابوو و، داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دەیانەویست زمانی کوردی لە کوردستان بسڕنەوە و زمانی خۆیان بکەنە جێگرەوەی ئەم زمانە. بەڵام بڕیاری ئازایانە و بیری نیستمانپەروەرانەی بنەماڵەی بەدرخان بوو بە هۆی ئەوەی کە نووسەران بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە حاست زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی دریژە بەو ڕێچکەیە بدەن و؛ لە قۆناغی دواتردا حیزبە سیاسییەکان بەپەرەپیدان بە ڕۆژنامەنووسیی کورد، ئەم بوارە بکەن بە شوورەیەکی قایم و لەگیراننەهاتوو لەهەمبەر شاڵاوی سڕینەوەی دوژمنانی کورددا؛ ڕەوتێک کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
لە هەموو ئەم مێژووە پڕ کەند و لەندەی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا، ڕۆژنامەنووسیی سەنگەری ڕۆشنگەری و بەگژداچوونەوەی دەسەڵات و داگیرکەرانی ناسنامه‌ی کوردی بووە. ڕۆژنامەنووسیی کورد سەرەڕای هەموو ته‌نگ و چەڵەمەیەک هەموو کاتێک چەکی دەستی ڕووناکبیران و نووسەران بۆ بەرگری لە خەبات و مافەکانی نەتەوە بندەستەکەیان بووە و چالاکانی ئەم بوارە پێشمەرگەئاسا لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتی و کەرامەتی کورددا تێکۆشاون.
مێژووی 121 ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردستان پڕە لە قۆناغی هەڵکشان و داکشان. ئەم قۆناغگەلەی ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی کوردی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیویەتی، تەعبیرێکی واقعبینانەیە لە مێژووی نەتەوەیەکی چەوساوە به‌ڵام مافخواز، خەباتگێر بەڵام ئاشتیخواز. ئەم مێژووە کە پڕاوپڕە لە ئەزموونی ڕۆشنگەری، هاوکات پارێزەری زمان و کولتووری نەتەوایەتیش بووە. ئێستاش کە نەیارانی ئەم نەتەوەیە بە شەڕی نەرم و هەمەلایەنەی خۆیان و بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوە و شوناسی نەتەوەیی کورد شمشیریان لەڕوو بەستووە، ئەوە مەتەرێزپارێزەرانی ڕاگەیاندنن کە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لەهەمبەر ئامانجی ناحەزان وەستاونەتەوە و قوربانیش دەدەن. لە ئیستادا کەم نین ئەم ڕۆژنامەنووسانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەسۆنگەی بڵاوکردنەوەی بیری ئازاد و ڕوونکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و لەقاودانی پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بەدژی بزووتنەوەی کورددا سزای قورسی زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە.
“کوردستان”ی بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات، وەک یادگارێکی بەنرخی کۆماری کوردستان لە مێژووی 73 ساڵەی تەمەنی خۆیدا هەموو کاتێک پاسەوانی زمانی کوردی و پارێزەری شوناسی نەتەوەیی و دەنگی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ئێران و ته‌نانه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پرسی کورد بووە. ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ که له سه‌رجه‌م پانۆڕامای مێژوویی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی هه‌ره پڕشنگدار ده‌دره‌وشێته‌وه، جیا له‌وه که خزمه‌تی گه‌وره‌ی به پاراوی و ستانداردیزه‌کردنی زمانی کوردی کردووه، له نێوه‌رۆکیشدا هه‌ڵگری هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕۆژنامه‌وانییه‌کی ده‌روه‌ست و به‌رپرسیار بووه.
له ١٢١ ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا ناوه‌ندی راگه‌یاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگەی به‌رفراوانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کورد وێڕای ڕێز و قه‌درزانی له خزمه‌ت و ماندووبوونی هه‌موو رێبوارانی ئه‌م ڕێگایه، پیرۆزبایی ئه‌م رۆژه له سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانی ئه‌م بواره‌ ده‌کا و پێشوه‌چوونی هه‌رچی زیاتری رۆژنامه‌وانیی ئازاد و به‌رپرسیار له کۆمه‌ڵگای کوردیدا و کاریگه‌رتر بوونی رۆژنامه‌وانیی کورد چ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی گه‌له‌که‌مان و چ به‌ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی کورددا به ئاوات ده‌خوازێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن
2ی بانەمەڕی 1398 (22ی ئاوریلی 2019)

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت