ئاکادیمیستی پارێزەری سنوورە دەستکردەکان. ئازاد مستۆفی

ئاکادیمیستی پارێزەری سنوورە دەستکردەکان. ئازاد مستۆفی

بە درێژایی مێژوو ئاکادیمیست و ڕۆشنبیران ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە داڕشتنی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان و ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییەکان و تیۆرییەکانی ڕزگاریخوازیی بۆ نەتەوە بندەستەکەی. لە فرانتز فانۆنەوە Frantz Fanon هەتا ئێدوارد سەعید، ئاکادیمیست و ڕۆشنبیر بەرهەمهێنەری ئەو دەنگە بوون کە تەحەدای ئیمپراتۆریەت و داگیرکاری دەکەن. بەداخەوە لە نێو کورددا هەن ئەو ئاکادیمیستانەی کە تیۆری داگیرکاریی و لەتبوونی نیشتمان دەکەن و پاساو بۆ کۆیلایەتی دێننەوە و هەوڵ بۆ کیانی کوردی بەگەمژەیی دەزانن. ئەم فیگەرە ئەگەرچی نوقم بووە لە مەعریفە و تیۆرییە سیاسییەکاندا بەڵام بە پێشکەشکردنی پاساوی فیکری بۆ بێدەنگیی و پاسیڤبوون، ئاسانکاری بۆ درێژەی کۆلۆنیالیزم دەکات. نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئینفعالی ئایدیۆلۆژی ئەو ئاکادیمیستانەی دەنگی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەکەیان لە شۆرشی ژیناوە هەتا نەورۆزی خاکیپۆشان پشتگوێ دەخەن بەگومانەوە سەیریان دەکەن. ڕەتکردنەوەی بەشێک لە ئەکادیمیستەکان بۆ خۆڕاگری لە دژی ستەم و داگیرکاری زۆرجار لەسەر ئیدیعای بێلایەنی فیکری وەستاوە. خۆیان وەک چاوەدێرێکی دابڕاو دەنوێنن کە نابێت بابەتییەتی خۆیان بە کردەوەی سیاسی “پیس بکەن” بەڵام خودی ئەم هەڵوێستە بە قووڵی سیاسییە. کاتێک زانایەکی ئەکادیمی سەیری دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەکات کە کۆمەڵگەی وێران کردووە و کولتوورەکان دەسڕێتەوە و توندوتیژیی سیستماتیکی جێبەجێ دەکات -و لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت- ئەوە بێلایەنی نییە بەڵکو پشتڕاسکردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆی داگیرکارییە.
زۆرجار ئەم تاکانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گۆڕان دەبێت هێواش و “شارستانی” بێت و لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە دانوستان بکرێت کە زۆربەیان خۆیان بەرهەم یان ئامرازی ڕژێمە کۆلۆنیالیزمەکانن. لەم چوارچێوەیەدا هەر جۆرە بەرخۆدانێک لەلایەن ستەملێکراوانەوە بە زۆر ڕادیکاڵ یان “احساسی” دادەنرێت. ئەم ئەکادیمییانە لەبری ئەوەی دان بەو توندوتیژییە پێکهاتەییەدا بنێن کە سووتەمەنی بەرەنگارییە، تیشک دەخەنەسەر ناتەواوییەکانی خودی بەرخۆدان، بەمەش سەرنج لە تاوانە ڕەسەن و بەردەوامەکانی ستەمکار لادەدەن.

پاساوەکانی بێ ئیرادەیی
ئەو پاساوانەی کە ئەم جۆرە زانایانە بەکاریان دەهێنن و لە بێ ئیرادەیی و خەباتکار نەبوونیانەوە سەرچاوە دەگرێ، بەشێکی بریتین لە:
ئەلف-قەدەری مێژوویی: ئەوان دەڵێن کۆلۆنیالیزم بەشێکە لە پەرەسەندنی سرووشتی شارستانییەتەکان. ئەم “گوتارە شارستانییە” هەژموونی ئیمپراتۆری وەک ئەرکێکی پەروەردەیی یان مۆدێرنیزاسیۆن لە چوارچێوەیەکدا دادەنێت. ئەکادیمیست دەبێتە داوای لێبوردنکەری کۆلۆنیالیست، کە زمانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی لەبەردایە.

ب-پراگماتیزم بەسەر دادپەروەریدا: ئاکادیمیستی شەرمێونی خەباتی نەتەوەیی زۆرجار بانگەوازی زمانی “ریالیزم” یان “پراگماتیزم” دەکەن. ئەمەش وا پێشان دەدەن کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ داگیرکەر بێهودەیە و خۆگونجاندن ژیرانەترە. بەمکارە، بەرگری لە مافی ڕەوای سەربەخۆیی بە ناعەقڵانی یان منداڵانە پێناسە دەکەن و ملکەچبوون بە سنوورە دەستکردەکان وەک پێگەیشتنێکی شارستانیانە دادەنێن. ئەم پراگماتیزمە ماکیاڤێلییە ترسنۆکی لە ژێر ناوی حیکمەت و زانایی دەشارێتەوە.

ج-رێژەگەرایی کولتووری: هەندێ لە ئاکادیمستەکان بەپێشنیارکردنی ئەوەی کە هەموو لایەنەکان خاڵی دروستیان هەیە و کولتوور هەمیشە سوبژێکتیڤە، بەئاشکرا هەوڵ بۆ سووککردنی خەبات دژی داگیرکاریی دەدەن. ئەم جۆرە ڕێژەگەراییە دەبێتە هۆی هاوتاسازیی نادروست و لەکۆتاییدا خزمەت بە بێ ئێعتبارکردنی ئیدیعاکانی ستەملێکراوان دەکات.

د-نوخبەگەرایی ئەکادیمی: ئاکادیمستی پاساودەری داگیرکاریی پەنا بۆ زمانی تەمومژاوی و ئایدیای ئاڵۆز دەبات و لەکاتی وەڵامدانەوەی ئەخلاقی خۆدەخزێنێتە پشت چەمکگەلی “تخصصی”. ئەوان بە ڕەتکردنەوەی “تقلیل” بیرکردنەوەکانیان بۆ ئاراستەکردنی کردەوە یان گوتاری سیاسی ڕاستەوخۆ، خۆیان لەو کۆمەڵگایانە نامۆ دەکەن کە زۆرجار دیسیپلینەکانیان بانگەشەی پشتگیریکردن لە ئازادییان دەکەن.

نەوەی نوێ ئەم مۆدێلە ڕەتدەکاتەوە
نەوەی نوێ بەتایبەت گەنجەکان، ئەوانەی لە واقیعەکانی دوای کۆلۆنیالیزم یا نیوکۆلۆنیالیزمدا لەدایک بوون، درکی ئەم ژێستە ڕۆشنبیرییە ناکەن. بەپێی نوێترین توێژینەوەی کۆمەڵناسی دەربارەی نەوەی نوێی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (خوێندکار و کاسبکار)، مەودایەکی زۆر دەبینن لە نێوان خۆیان و ئەوانەی هێشتا ڕوویان لە ناوەندە و دڵخۆشن بە نەتەوەکانیتر. نەوەی نوێ بە دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییە جیهانییەکان و ئەزموونی دەستی یەکەمی داگیرکاری و نادادپەروەری، کەمتر ئەو تیۆریانە قبووڵ دەکەن کە زانین لە واقیعی زیندوو جیا دەکەنەوە. نایانەوێت لە کاتێکدا کۆمەڵگەیان بۆردومان دەکرێن، ئاوارە دەکرێن، یان دەسڕدرێنەوە پێیان بڵێن سەبر و لەخۆبۆردوویی بەرامبەر داگیرکەر، دادپەروەری دەهێنێت. ئەوان خەریکی ڕەتکردنەوەی ئارکیتایپی ئەکادیمی پاسیڤن، خیانەتێک لە هەردوو مەعریفە و ئەخلاقدا دەبینن. خوێندکاران و چالاکوانانی گەنجی ئەمڕۆ دەپرسن: مەبەست لە پەروەردە چییە ئەگەر نەتوانێت ڕاستەوخۆ بەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان قسە بکات؟ ئەگەر عیلم و زانست لەخزمەتی پاساوهێنانەوە بۆ ڕەنج و تەحەممولکردنی ستەم بێ، ئەو زانستە ڕزگاریدەر نییە و هاودەستی داگیرکەرە.
جگە لەوەش گەنجانی وەزاڵەهاتووی سەربەخۆخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتادێت دووانەی نێوان ئەکادیمی و چالاکوان ڕەتدەکەنەوە. ئەوان پۆدکاست و سۆشیال میدیا و ئەنجوومەنەکان بۆ بەرخۆدان لە شەقام و خەبات دژی ستەم بەکاردەهێنن و لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ئەو ڕۆشنبیرانەی کە پاساویان بۆ دەهێننەوە، سڵ ناکەنەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا ئیتر هەڵوێستێکی بێلایەن نییە جۆرێکە لە هاوکاریکردنی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ناوەند.

پێویستی بەرپرسیارێتی فیکری
ئەکادیمیبوون لە کاتی داگیرکارییدا هەڵبژاردن نییە لە نێوان بابەتییەت و چالاکی بەڵکو هەڵبژاردنێکە لە نێوان هاودەستی و ویژداندا. دەبێت تاکی ڕۆشنبیر یاخود ئاکادیمیست بپرسێت: ئایا من خزمەت بە هەقیقەتی مێژوویی و ڕیسالەتی خەباتی نەتەوایەتی دەکەم یان خزمەت بە دابەشکاری و داگیرکارییەکانی دەسەڵات؟
کاتی ئەوە هاتووە ئەو پاساوانە ئاشکرا بکرێت کە ڕێگە بە کۆلۆنیالیستەکان دەدەن بەئاسوودەیی بەناو کۆریدۆرەکانی ئەکادیمیادا بڕۆن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو تیۆریانە ڕەتبکرێتەوە کە خەبات بۆ کیانی کورد بەناعەقڵانیبوون ناودەبەن و لەهەمانکاتدا کۆلۆنیالیزم بە ستراتیژی پێناسە دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە، بەبێ دوودڵی، لەگەڵ ستەملێکراو دژی داگیرکەر بوەستین نەک وەکو ڕزگارکەر، بەڵکو وەک هاوپەیمانێک کە ڕەتیدەکاتەوە بێدەنگ بێ و دان بەخواستی دوژمن و زوڵم و کوشتار و قەتڵوعامەکاندا بێنێت.
ئەرکمانە هەموو ئایدیا و فیکرێ لەخزمەت سەربەخۆیی نیشتمانەکەمان دابنێین و وەڵامدەری خواست و ویستی نەوەی وشیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین و بێگومان نەوەی ئەمڕۆ ئەرک و ڕێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و بەبێ گوێدانە ئایەتی نائومێدی خەبات بۆ ڕزگاریی کوردستان دەکات و دەستیداوەتە خۆپەروەردەکردنی نەتەوەییانە، لەقاودانی هاودەستیی، تەحەدای پاسیڤییەت، ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم بە عەقڵ و کردار و ئەو ڕەوتەش درێژەی هەیە و هیچ دەسەڵاتێ ناتوانێ پێشی پێبگرێت.