ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل لەو دانووستانە دا لەگەڵ ڕژیمی ئێران یەک سیاسەت و یەکدەنگن؟ ڕەحمان حەسەنزادە
ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل لەو دانووستانە دا لەگەڵ ڕژیمی ئێران یەک سیاسەت و یەکدەنگن؟
ڕەحمان حەسەنزادە
پاش سێ دەوری وتووێژی نێوان ئەمریکا و ئێران پێدەچێت زیاتر هەر لەسەر مەسەلەی ناوکی (ئەتۆمی) قسە کرابێت و تا ئێستاش ئاکامێکی ڕوون دەرنەکەوتووە.
لەو ماوەیە دا واتە هاووەخت و لە ڕەوەندی دانووستانەکان دا چەند ڕووداو هاتوونە پێش کە سەرنجدان و لێوردبوونەوەیان و هاوکات وەختکووشی بەتایبەت لە لایەن ئێرانەوە زۆر پرسیار بۆ هەمووی ئێمەمانان واتە ئەوانەی کە ڕۆژانە هەواڵ و پێشهاتەکان مووتابعە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن دێنێتە پێش.
یەکەم، ئەوە کە ئیسرائیل مەسەلەی مووشەکیی ئیران بە مەترسی دەزانێ و وای شیمانە بۆ دەکرێ کە ئەو تەقینەوەی لە بەندەر عەباس ڕووی دا دەبێ دەستی ئیسرائیلی لە پشت بێت بەتایبەت کە دانووستانەکان تەنیا مەسەلەی ئەتۆمی لەخۆ گرتوە. هەربۆیە وەک وەبیر هێنانەوە یان ئاگادار کردنەوەش بێت بۆخۆی واریدی عەمەل بووە.
دووهەم، ئەوەی کە لە ڕەوتی بەردەوامبوونی دانووستانەکان دا، حوسییەکان دەستیان لەکاری تەخریبی هەڵنەگرتوە و چەندین پێهبادی ئەمریکایان بەرداوەتەوە و هەروەها کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەمریکایان بە چەند پێهباد پێکاوە و تووشی مەترسی نووقم بوونی کردوە. هەر بۆیەش وەزیری بەرگری ئەمریکا هەڕەشەی کرد و ئەو دانووستانەیان ڕاگرتوە و واپێدەچێت بەهۆی ئەو قەزیانەوە بێت.
وای لێدەخوێندرێتەوە کە ئەوە فشاری ئیسرائیل و دەوڵەتەکانی دیکەی هاوپەیمانیان بێت بۆ سەر ئەمریکا کە مەسەلەی مووشەکیی و هێزە نیابەتیەکانیش لە دانیشتنەکان لەگەڵ ئێران دا ببێتە خاڵی جێی باس.
ئیسرائیل دوو مەبەستی هەیە:
یەکەم- ئەوەی ئێران ئەتۆمی نەبێت بۆئەوەی نەگاتە ئەو دەسەڵاتەی کە ببێتە مەترسی بۆ سەر مەوجوودیەت و ئاسایشی نیشتمانی ئەوان.
دووهەم- ئەوەیە کە ئێران دەبێ دەخاڵەت و دەستێوەردانی ناوچەیی خۆی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو هێزە نیابەتیانە لە دژی ئیسرائیل دروست نەکات.
قسەکەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانووستانەکە بۆ کاتێکی دیکە ڕاگیراوە بێئەوەی ئیشارە بە کات و ڕێکەوتێکی دیاریکراو بکات. لەسەریەک زۆر بە ناڕوونی لێدوان دەدەن و وێکنەچوون لە هەڵویست و ڕایان دا دەخوێندرێتەوە و مەوزووعەکان ئەو شەفافیەتەی کە دەبوو ڕوو بە دەرەوە هەیانبێت تا ئێستا وەک پێویست ڕەنگدانەوەیان نەبووە.
لە سەرەتا گریمانەی ئەوە دەکرا کە هۆی درێژخایەنی ڕەوتی وتووێژەکان لە ڕاستای قەناعەت پێهێنانی ئیسرائیل لە هێرش نەکردن بۆ سەر ئێران بێت. ترامپ مەیلی بە پێوەندیەکی درێژخایەنی بەینی ئێران و ئەمریکا هەیە. سیاسەتی ئەمریکا زۆرتر ئەوەیە کە ئێران لە ڕووسیە دوور کاتەوە و بیخاتە داوێنی خۆیەوە هەر بۆیەش لەو وتووێژە تەنانەت ئورووپاشی بەشدار نەکردوە.
بەڵام درێژخایەنی وتووێژەکان بەشێوەی ناڕاستاوخۆ قازانجیشی بۆ ئیسرائیل هەبووە لە بردنەپێشی بەرنامەکانی خۆی لە غەزە، لووبنان و سووریەش.
ئەگەر مەسەلەی قوودرەت و هێز نەبێت لەجێی خۆیدا نیە کە ئەمریکا بە تەنیا دانیشتن بکات. جیا لەوەی کە ئەمریکا دەتوانێ خۆی وەک دەوڵەتێک بە تەنیا دابنیشێت بەڵام ئەگەر بیهەوێت هاوکاری نێونەتەوەیی بکات دەبێ وڵاتانی دیکە و هەر نەبێت ئەندامانی ناتۆ بەشدار بکات بەتایبەت کە پەیمانی دیفاعی ناتۆی هەیە. بەو پێیە حەق وایە ئەو وڵاتانە بێنێتەوە ناو قەزیەکەوە و بەشداریان بکات و لە سیاسەتی جیهانی دا لە پەڕاوێزیان نەخات.
هەموو نیشانەکان ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە کە ئەمریکا زۆرتر لەبیری بەرژەوەندی و بازاری خۆی دا بێت.
هەروەک گووترا، مەبەستیەتی کە ئێران لە ڕووسیە دوور بخاتەوە و بیهێنیتە داوێنی خۆی تەنانەت نەک هی ئوڕووپا و وڵاتانی دیکەوە. واتە هاوکات لەگەڵ ئەو وتووێژانە، ڕەقابەت لەگەڵ ئورووپا و وڵاتانی دیکەش دەکات.
خاڵێکی دیکەش کە لێرە دەکرێت ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە هەم چین و هەم ڕووسیە سیاسەتی خۆیان ڕاگەیاندوە و دەڵێن ئێمە موافیقی ئەو وتووێژە هەین و لە ژێر زەخت و فشارەکانی ئەمریکا پشتگیری لە ئێران دەکەین بەڵام باسی پشتیوانی نیزامی ناکەن.
تەنانەت پێش وتووێژەکەش ڕووسیە ڕایگەیاند لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا، ڕووسیە دەخاڵەتی نیزامی ناکات.
هاوکات لەگەڵ ئەوە دا هەم بیبیسی و هەم ڕادیۆ فەرانسە ئەوەیان باس کرد. کاتێکیش کە وەزیری دەروەی ئێران لە چین بوو، لەوێ چین ڕایگەیاند کە لە حاڵەتی شەڕ و دەرگیری لەگەڵ ئێران، پشتیوانی مەعنەویی لە ئێران دەکەن.
ڕۆژ بە ڕۆژ و دوای ڕووداو و پێشهاتەکان هێندێک شت زیاتر دەردەکەون، وا پێدەچێت لە ناو دەستگای ئیداری ترامپ دا جیاوازی بۆچوون هەبێت. وادیارە مشاویری ئەمنییەتی و زۆرێک سیاسەتمەداری دیکەیان لەگەڵ خەتی بنیامین نەتەنیاهۆن و ئەوان پێیان وایە دەبێ ئێران خەلعیی سیلاح بکرێت و ئەو پرۆژەی ئەتۆمی لەبەین بچن.
هەر لەو دواییانە دا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا مایک واڵتز (Mike Waltz) و هەروەها جێگرەکەی ئەلێکس ڤۆنگ (Alex Wong) لە کارەکانیان دوور خرانەوە.
بەشێوەی عام جەماعەتی ئەمنییەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوانە دەڵێن مەترسی ئێران تەنیا مەترسی ئەتۆمی نیە بەڵکوو مەترسی مووشەکییشە. هەروەها پێیان وایە ئوسوولەن دەلیلێکیش نیە کە ئێران مووشەکی بالستیکی چەند هەزار کیلۆمیتری دروست بکات. بەو پێیە ئەوان موافیقی ئەوەن کە بەجۆرێک دەبێ مەسەلەی تەسلیحاتی مووشەکی بخرێتە ناو باس و خواسی دانووستانەکانی بەینی ئێران و ئەمریکا کە وێناچێت تا ئێستا باس کرابێت.
پێداگری و سووربوونی ئیسرائیل لەسەر شێوازی هەڵسووکەوت لە ئاست هێزە نیابەتییەکان لەوەڕا سەرچاوە دەگرێت کە لەو ماوەیەوە دا حەماس داوای لە فەلەستینیەکان کرد کە، ماڵ، لێڕەوار و دارستانەکان ئاور تێبەردەن. هەر ئێستاکە چەندین شوێن لە ئیسرائیل تووشی ئاور تێبەربوون و سووتان بوون.
تەوژمی ئەو ئاور تێبەربوونە بەڕادەیەک بەهێزە کە ئیسرائیل داوای هاوکاری لە یونان، بولغارستان، قیبرس و ئیتالیا کردوە کە بۆ کووژاندنەوەی ئاورەکە یاریدەدەری بن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا یەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەڕەشەی کرد و گوتی: مادام حوسییەکان ئاوا دەکەن و بە ئاشکرا دەبینین ئێران تەجهیزیان دەکات، ئێران دەبێ تاوانی ئەو شتە بدات. بۆیە واپێدەچێت ئەو شتانە سەبەب بن بۆئەوەی دانووستانەکان ڕابگیرێن و وەدوا بخرێن و فشارێکی زیاتر بۆ سەر ئێران بێنن کە بیانهەوێت مەرج و مەتالیبی زیاتر بێننە سەر مێزی وتووێژ.
بەپێی هەڵکەوتی باری جووغرافیایی یەمەن و چاوەدێری دەریای سوور و “باب المندب” لە لایەن حوسییەکانەوە کە بە ئاسانی دەتوانن کێشە بۆ بازرگانی دروست بکەن هەروەکوو چۆن لەو ماوەیەدا گەلێک کەشتی کەوتوونە بەر هێرشی مووشەکی و پێهبادی (فرۆکەی بێفرۆکەوان) ئەوان.
هەر چەند دانیشتنەکان هەتا ئەو دواییانە بەردەوام بوون بەڵام گرژی و ئاڵۆزیەکان هەر درێژەیان هەیە. لەو ڕوانگەوە دەتوانین جارێکی دیکەش بڕوانینەوە سیاسەتەکانی ئێران و بە ئەو ئاکامە بگەین کە تاکوو ئێستاش قسەی کۆتایی بۆ هەموو شتەکان هەر ڕێبەری مەزهەبی ئێران دەیکات و هیچکام لە کاربەدەستانی دەوڵەتی نەیانتوانیوە و ناتوانن کۆتا بڕیار بدەن.
لە ئەساسدا سیستمی حکوومەتی ئێران وا دامەزراوە کە بۆ گەیشتن بە مەبەستە سەرەکیەکانی خۆیان تەنیا خەریکی کاتکڕین بن لە کاتی وتووێژەکان دا.
بەڵام وێناچێ ئەو جارە لەو پلانەیان دا سەرکەوتوو بن.