خۆزگە کورد بوومایە ! توێژەری لوبنانی فادی عاكوم

خۆزگە کورد بوومایە !

توێژەری لوبنانی فادی عاكوم

“ئەگەر كورد بیت”

لەم سەردەمەدا كە لەروی سیاسی و سەربازییە ترسناكە، ئاڵۆزە مرۆڤ بیت، هەروەها ئاڵۆزترە ئەگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیت، لە هەموشی ئاڵۆزتر ئەوەیە كورد بیت، لەبەرئەوەی ناچار دەبیت بەرگری لە خاك و دار و بەرد و مرۆڤ بكەیت، ئەمەش پاش ئەوەی كە گەورەترین خەم پاراستنی ناسنامە و زمان و كلتورە.

ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێ، لە مێژو و بەڵگەنامە نهێنی و ئاشكراكاندا یادی دەكرێتەوە، لەبەرئەوەی جارێكی تر بون و ناسنامەی كورد دەدزرێتەوە، مێژو یادی ئەوە دەكاتەوە كە كورد جارێكی تر لوقمەیەكی هێناوەتەوە نێو پێكهاتەكانی خاكی سوریا بەپێچەوانەی ئەوەی كە لە رابردو پلانی بۆ داڕشتبو.

ئەگەر كورد بیت ئەوا لەسەر هێڵی ئاگر دەبیت و روبەڕوی كەسە ریشن و جل ڕەشەكان دەبیتەوە، هەمیشە ئەزمونی ئەوە دەكەیت بەرگری لەو گەلانە بكەیت كە زامنی بونی خۆیان بەتۆ بەخشیوە بە چەك و پێنوسەكەت مێژو دەنوسیتەوە، ئەگەر كور بیت شەرەفمەندانە توانات ئەبێت بۆ شەڕ دژی ئەو گروپانەی شەرەفیان فرۆشتوە.

ئەگەر كورد بیت ناچار دەبیت بەرگری لە دەسكەوتەكانت بكەیت، دەسكەوتەكانیشت بۆ خۆت نین، بەڵكو بۆ هەموانە بەبێ جیاوازی. ئەگەر كورد بیت ئەوا بەرپرسیارێتیی تۆ پاككردنەوەی مۆڵگەكانی ناوچە ئازادكراوەكانە لە كەروێشكەكانی تیرۆر كە بەترسێكی ئاشكراوە خۆیان شاردوەتەوە.

ئەگەر كورد بیت، ناچار دەبیت ئاڵای ئازادی هەڵبكەیت بۆ هەر كوێ بڕۆیت، ناچار دەبیت قوتابخانەكان بكەیتەوە و نان بۆ ئەوانی دیكە زامن بكەیت بەرلە خۆت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ زستانیان بۆ گەرم دابێنیت و خەندە بخەیتە سەر لێوی منداڵەكانیان.

ئەگەر كورد بیت ئەگەری هەیە رۆژانە روبەڕوی شەپۆلێك لە رەخنە ببیتەوە لەلایەن ئەو كەسانەی هەڵاتون و خۆیان هاویشتوەتە نێو باوەشی سوڵتانە نوێیەكانی عوسمانی و خاكەكەیان فرۆشتوە و خستویانەتە بەردەم سوڵتانی نوێ بۆ ئەوەی ببن بە كویلەی ئەو، تۆش ئەگەر كورد بیت ئەبێ ئەو خەڵكانە و مێشكە پوچەكانیان ئازاد بكەیت.

ئەگەر كورد بیت نابێت گوێ بە تۆمەتە رەگەزپەرستییەكان بدەیت و لەهەمان كاتدا دەبێت تۆمەتە ناڕاستەكانیش وەلا بنێی كە هەمو دەزانین بریندارت دەكەن و رەنگە ببنە هۆی كوشتنت؛ لەبەرئەوەی راستییەكان ئاوەژو دەكەن و وێنەی رون و راستەقینەی خۆت دەشێوێنن.

ئەگەر كورد بیت ئەبێ لێبوردە بیت لەگەڵ ئەو كەسەی دوێنێ روی فیشەكەكانی كردە تۆ، دوای ئەوەی دەستی بەرز كردەوە، باش دەزانێت كە تۆ ئازاری نادەیت، تۆش و ئێمەش و هەمومان دەزانین كە رەنگە ئەو كەسە جارێكی تر و دوان و سیانی دیكە هەمان كردەوە دوبارە بكاتەوە هەركات بەباشی بزانێت، بەڵام ئەگەر كورد بیت ئەخلاقی تۆ رێگەت پێ نادات پەنجە بۆ تاڵە قژێكی بەریت.

ئەگەر كورد بیت، ئامێرێكی وێنەگرتن و پێنوسێك دەگریت بە دەستەوە و كێڵگەكانی مین و دیوارە ئاگرینەكان تێدەپەڕێنیت بۆ ئەوەی وێنەی راستەقینەی ئەوە بگوازیتەوە كە لە جیهان رودەدات، وێنەیەك كە وەك خۆی وایە بەبێ خەوش و بێ جوانكاری.

ئەگەر كورد بیت، ئەوا تۆ شەڕڤانیت

ئەگەر كورد بیت، ئەوا لە خانەدانترین سوارچاكەكانیت

ئەگەر كورد بیت، ئەوا تۆ كۆپیی ئەسڵیی مرۆڤیت

زۆر جوانە تۆ كورد بیت… خۆزگە كورد بومایە

فادی عاكوم