ماموستای بەند و بەیت و گۆرانی چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانا. نووسینی: سەید ئەحمەد حوسێنی
ئامادەبووانی بەرێز
وێرای بەخێرهاتن سەرەخوشیتان لێدەکەم.
ماموستای بەند و بەیت و گۆرانی چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانا و کوردستانی بەپەرۆش کرد. لەوماوەیەدا کاردانەوە و هاوخەمی خەلکی کوردستان و وەسف و بۆچوونی گۆمەلگامان لەسەر ماموستا سەیدعەلی بینی.
من دەمەوەێ لە گۆشەنیگایەکیتر لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی خزمایەتی لە سەرکەسایەتی و رۆلی بەرێزیان لە قۆناغەکانی جیاوازدا بە کورتی بدوێم.
سێ رۆژ پیش مالئاوایی یەکجاری، لە لای بووم. لە بیدەنگیدا دەمانروانیە یەکیتر و سەربردە و حکایەتی زیاتر لە نیوسەدەی نێوانمان بە نیگا بۆ یەکتر دەگێرایەوە. هەناسەکانی سواربوون و دەستی دەلەرزی بەلام بێئەوەی بناڵێت خۆراگر دانیشتبوو. دیار بوو سوور بوو کە هەر بەپێوە بێت و تەسلیمی رەشەبای ژان نەبێت و نەچەمێتەوە. ئەو کە بە سالان داوەتی چەند رۆژەی دەگێرا و لەبەند و شێعر وشە کەمی نەدەهێنا، ئێستا هیزی وتنی دوو رستەی ساکاری نەبوو و تەنیا بە نیگا لەگەلم دەدوا. چاوەکانی پربوون لە وتن، لە گێرانەوە، لە لەپەیام لە رەمز و رازی نۆ دەیە تەمەن، عومرێک ژیان لە ناوژینگەی شار و دێی گەرمێن و کوێستانی کوردستان، ژیان لە هەلاتهەڵات و ئاوارەیی و ئارامیدا.
من تەنیا مامم لەو چرکەساتەدا نەدەدیت. ئەوم لە تەواویەتی خۆیدا، لە دوینێوە تا ئەورۆ سەرلەنوێ دەخوێندەوە.
من گەرابوومەوە بۆئەو کاتەی کە لە سەردانەکانی بەردەوامی بنەمالەیماندا، ئەو مرۆڤێکی میهرەبان بۆ ئێمەی مندال و راویژخۆش و هاوکار بۆ گەورەکان بوو. و ئیتر نازانم نیگای مەند و پڕ لە مانای هەیکەلی بێهێزی ئەو ئاوێنەی کام بەسەرهات بوو و لە کام ویستگەی ژیاندیا پیاسەی دەکرد.
هەرچی دەکەم ناتوانم ماموستا لەو وەزعەدا قەبوول کەم بۆیە خۆ لە ئێستا دەدزمەوە و دەگەرێمەوە دواوە وبە خێراییەکی سەرسوورهێنەر تابلۆیەکی جوانی سەردەشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و وەفا و سەفای خەلک لە زەماوەند و بووکگواستنەوەی کەشی ئەوکات دێنمە بەرچاو. بە شەقامە ساکارە بە چەند دووکانی هەمەرەنگ پەرژینکراوەکەی سەردەشتدا دێمەخوار. ژاوەژاوی بازار و بۆن و بەرامە و عەتری میوەی بەردووکانان هەست پێدەکەم و جارێکیتر دەگەل مندالیم و بیرەوەرییە تۆراوەکانم ئاشت دەبمەوە. شار لە ناو نەریت و ریسای خۆی لە باوەشی سرووشتێکی سرنجڕاکێشی تێکەل بە نۆرم و بەهای بەرزی بەیەکەوە بوون و مرۆڤبوون، رۆژگار تێپەر دەکات. کۆڵانەکان دەپیوم. خانوەکان بالا کورت زۆر سادە و ساکارن و خویندەواری و تێکنۆلۆژیا و شارەستانیەتی پێشکەوتوو دەگمەن و نامۆن.
لە مالێکی گەرەکیکی شاردا بووک گواستنەوەیە. کۆشێک منداڵی سیپاڵشر، بێئەوەی لە مالی زاواوە لیمانگێردرابێتەوە گوێچکەی سوێبانمان گرتوە دەروانینە رەشبەلەکی کیژولاوی دلخۆش کە بە دەنگی سەید عەلی گەرم داهاتوون و خەمی نان و ماندوویی ژیانیان لە مالەوە جێهێشتوە. کاکی سەرچۆپیکیش بە پێهەڵاکوتنی بەندێکی سەید عەلی، خەنی دەبیت و دەروانێتە نازدار حەیرانێ و هەست بە غروورێکی بێکوتایی دەکات. یەکیتر لەولا لەقەفی دیلاندا، خۆی لەگوڵێ داوە و بە توندی دەستی دۆیەکەی دەکوشی و چاوەروانە نۆرەی بێت و سەید عەلی بە بەندێک بیخوێنیتەوە. ئەوە تابڵۆیەکی پر لە جوانی پەیوەندی کۆمەلایەتی ودیمەنی کاریگەر و رۆلی ماموستا سەید عەلێیە کە بێپسانەوە لە گەرمین و کویستانی کوردستان بەتایبەت مەلبەندی موکریان بەسالان دووپات دەبێتەوە.
سەید عەلی پیاوێکی باریکەلەی بالابەرزی جوانپۆش، راوێژ شیرین و گوفت و زمان پاراو و بە ئەدەبە. وەختی خۆی لە ناوچەی مەنگورایەتی مەهاباد فەقێ بووە ویستوویەتی رێچکەی خزمانی سادات و مەلازادان بگرێتە پێش. بەلام شەوێک خەون دەبینی شارە مێرووی لە گەرووی هاتوتەدەر. دەست لە فەقێیەتی هەلدەگرێ و زێدی جێدێلێت و سنووری دەستکرد تێپەر دەکات وەدوای گۆرانی و بەند دەکەوێت. لە هاتووچۆی گەرمین و کوێستاندا، دیمەنی دڵرفێن و هەوای سازگاری سەردەشت و جوانیی شەنگەبێرییەکی باساوەیی گرفتاری دەکەن و سەرئەنجام لە سەردەشت نیشتەجێ دەبێت و نازناوی سەردەشتیی پێدەدرێت و هەمووکات شانازی بەو نازناوەوە دەکات.
ماموستا دەبێتە سەفیری شادی و شایی وهەرچەند خویندەوارییەکی زۆری نابیت بەلام لە بیری تیژ و تەبعی ناسک و هەستی بەهێزی شیعری خۆی بە باشی کەلک وەردەگرێت. بەرێزیان زمان دەکار دەکات تا لە وشەکان پەیامێک لە قالبی بەند بە کاناڵی مۆسیقا و ئاوازدا بە گوێی خەلکدا بچرێت و وێرای بەخشینی شادی بە جەماوەر بە گژ سیاسەتی سرینەوە و تواندنەوەی نەتەوەکەیدا بچێتەوە. ئەو بە دووپاتکردنەوە و لە گورانیدا گونجاندنی وشەی کوردی، واژەکان لە فەوتان و مەترسی لەناوچوون رزگار دەکات. بەناو کولتوور و نەریت و رەسەنایەتی کوردەواریدا رۆدەچێت و گورانی و بەند وپەند و بەیت، داهێنەرانە دەکاتە ئامرازێک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆی روحی نیوان مرۆڤەکان.
ماموستا سەید عەلی هارمۆنی نۆت و ریتم و واژە و مانا، دەکاتە پردێک لە نێوان دەنگ و زەین و گورانیەکانی دەکاتە مەرهەم، پەیام، گیرانەوە و هاوار و دیالۆگ تا زانیاری بەردەنگەکانی لە بەستێنی تاک و کۆدا، زیاتر و سترێسی رۆژانەیەان کەمکاتەوە و ئارامی و خۆشیان پێ ببخشێت. ئەو بە بەشداری لە ئاهەنگەکانی شار و گوندە جیاوازەکان، پەیامی جوانی و وەفا و جوانناسی و خۆشەویستی بەگەرووی دەنگدا تێکەل بە موسیقا دەکات و گوێگر دەباتە دونیایەکی ئەفسووناوی ئارام و پر چێژ.
ماموستا لە تەمەنی هونەریی خۆیدا ئەوەندە ئاشقی جوانی نیشتمانە بەردەوام لە ناو سێکوچکەی* زمان – جوانی – سروشت دا*، لە پەنجەرەی خەرمانەی کڵۆ بەفرەکانەوە دەخوشێتە باوەشی ئەشکەوتی تاڤگە و بەرەو بەهاری سەردەشت هەنگاو دەنێ و تا بەدەم وتنی گورانی* هەی لە گوڵی لای سەردەشتێ* بە ناو شکۆفەی داراندا بچێتە جێژوانی * کچەجیران*ی خەیالی و * خەون*ەکەی بۆ وەگێرێت. بە ساڵان شێعر دەلێت و گورانی دەچرێت و وەسفی کۆمەلناسی شارو دێ و نەریت و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە بێگەرد و جوانەکانی گرووپ و پێکهاتەکانی ناوچە دەکات لە کاتی پێویستدا بە گژ ناحەزییەکانیشدا دەچێتەوە وبە باشی کولتوور و فولکلۆر لە فەرهەنگی زارەکی و گورانیدا ئەبەدی دەکات.
کاک سەیدعەلی جگە لەوانەش ناوی گوند و کوێستان و گوڵ و گیای کوردستان لەبەندەکاندا وەستایانە دەهۆنێتەوە و لە ونبوون و فەرامۆشی رزگاریان دەکات وبەمجۆرە خزمەت بە جوغرافیای کوردستان دەکات و ناراستەوخۆ دەبێتە ماموستای زمانی کوردی و وانەبێژی جوغرافیای نیشتمان.
بەریزیان بە تۆمار کردنی سەدان گورانی و هۆنینەوەی هەزاران شیعر دەبێتە رێچکە و قوتابخانەیەکی بەندبێژی وگورانیی کوردی و ئێستا دەیان گورانیبێژیتر وەک قوتابی، رێبازەکەی ئەو درێژە دەدەن و گورانیەکانی دەڵێنەوە. هەرچەند بەشێکیان لە ئاست ماموستادا بێوەفان و لە تیکست و ئاوازەکانی کەلک وەردەگرن و ناویشی ناهێنن.
خالی زۆر جێگای سرنج لە تەمەنی هونەری ئەودا، قورسایی و سەنگینی و مەتانەتی هونەری گورانیبێژی ئەوە کە لە چوارچێوەی مورال و نەریتی گشتی و بەها پەسەندەکانی کۆمەلگادا ڕەچاوی کردوون و ئەو رەفتارە جوان و شایستەیەش، ئەوی هاوکات لە ماموستایەکی هونەر و شێعرەوە، کردۆتە کەسایەتییەکی کۆمەلایەتی خاون رێز و ئیعتبار.
سالەکانی کۆتایی چریکەی دەنگی لێیتۆرا بوو و هەناسەی چیتر یارمەتی نادات تا بە بەندان مەجلیس و داوەتان شادیپرژێن بکات. بە هەیکەل کز و لاوازە بەلام ورە و رەفتار و ئاکاری هەر بەرز و بە ویقار و پرینسیپ بوو. کەم دەدوا و لە خەلوەتی خۆیدا بە قۆناغە پرشنگدارەکانی تەمەنیدا دەچۆوە. مۆتەکەی فەرامۆشیی وردە وردە سواری خانەکانی سەنتەری زەینی ببوون بەلام سەردەشت و خۆشەویستی خەلکی ناوچەکە، بەردەوام سەرتۆپی یادەوەریەکانی بوون و بە ناوی سەردەشت دەگەشایەوە و کەیفی ساز دەبوو و چەند دێر لە یەکیك لە شێعری گورانیەکانی دیکلەمە دەکرد.
دەمبزواند و دیرێکی گورانییەکی خۆیم بۆ دەوت تا بۆم باسی رابردوو بکات. بزەیەکی شیرن دەهاتە سەر لێوانی و من بە حوکمی ناسینی کۆنم زمانی جەستەی ئەو تیدەگەیشتم. دەیفەرموو ئەوە بۆ دیار نی؟ لیرە وەک لای خۆمان نیە بەوشارەدا دەرۆی نە کەس دەناسی و نەکەس سلاوت لیدەکا. دەلیم مامە گیان باسی سەردەشتم بۆ بکە زۆر ئارەزووی دەکەم.
دەلێت:
وەختی خۆی خەلکی سەردەشت بێگرێ و سادە و راست بوون. من سوپاسیان دەکەم. لەناویان بووم قەدریان گرتووم، خوشیان ویستووم و رێزیان لێناوم.
بێدەنگ دەبێت و بە شابالی خەیاڵ دەفرێت . رەنگە بۆ دیتنی * جوانە جەواهێر* سەردانی سەرشێرەی گەرەکی یاری کردبێت یان بۆتەوە عەلیئاغای * ئاسوس*ی و بە حەوت ئاشەکانی رادەگات. دووریش نیە لە یەکیک لە گوندەکانی سویسنایەتی” بانگی شێوان” داوەت بگێرێ و تێیچریکاندوە * لادە لادە بۆ مالی ئێمە* تا شازادەی شیعری، * حوری مەرگە و بیتوێنێ* میوانی بیت و بەژنی جوان و رێکوپێکی لە سەر تەخت دانیت و نەهێلێت مانگیکی بروات.
کاک سەید عەلی پاش تەمەنێکی درێژ خزمەتی گۆرانی و هونەری کوردی و شەوق و زەوق و جوانناسی و توغیانی وەفا و خوشەویستی لە ناو دلی نیشتمان، سەرئەنجام دەگاتە ناو ئەزمەی بێوەفایی و فانیبوونی دونیا و ژانی دووری و غوربەت و لێکەوتەکانی هەڵکشانی تەمەن و کورتهێنانی توانا بۆ چرێنی چریکە وتا رادەیەک فەرامۆشی بە دێمەنەوە دیارە و بێدەنگ لە ناوخۆیدا سەرقالی مۆنۆلۆگێکی پڕلە راز دەبێت و سەفەرێکی ویستگەکانی ژیانی رابردووی دەکاتەوە زوربەی کات بێدەنگە. گەر هات و کەوتە گۆ، زۆر جار ئەم شیعرەی خۆی دووپاتدەکاتەوە؛
دونیا چیە دەبرێتەوە – بای نێیە دەکووژێتەوە
گوڵێک دەروا یەک دێتەوە – جێگای ئێمە دەگرێتەوە – خۆی ماندوو ناکا پێتەوە.
تا بوو و توانای هەبوو، ترپەی دڵ، جووڵەی سروشت و ناسکی هەستی لە جیژوانی وشەدا کۆکردەوە و لەسەر بناغەیەکی خەملیو، رەشبەلەکی ئاواز و گورانیی کوردی لە ئاستیکی ماقووڵ و دەللاوێندا خولقاند و مرۆڤی شادیپرژێن کرد.
ماموستا بە جیی هیشتین. کوردستانی حەز و ئاواتی نەدیتەوە بەهەزاران کەس بۆی بەپەرۆش بوون. ئەگەر کۆتاییەکانی تەمەنی لە گەرمی باوەشی بە کردەوەی لایەنگرانی و هەوای سازگاری کوردستان دوور بوو بەلام بۆ یەک چرکەش لە خۆشەویستی و دلۆڤانی براژنە زارا و کاک سەید حسن و نەوەکانی بێبەش نەبوو ولە کانوونیکی ئارامدا، نازی کیشرا و قەدری گیرا و بەحورمەتەوە خزمەتی کرا.
سۆپاس بۆ ئامادەبوونتان.
روحی ماموستا ئارام و کوردستان ئاوەدان و ئێوە و خەلکی کوردستان سەرساغ بن
١٧/٠٤/٢٠٢٥