ئەگەر ئێران و ئەمریکا ڕێکبکەون، لێکەوتەکانی ڕەنگە ناوچەکە بگۆڕن. مێرۆ عەلیار

ئەگەر ئێران و ئەمریکا ڕێکبکەون، لێکەوتەکانی ڕەنگە ناوچەکە بگۆڕن
ڕەوتی ڕووداو و وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەری دەخا کە کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ژێر فشارێکی قورس و ترسی ڕێنیشتووە کە لەژێر ئەو فشارە دا خۆی نەگرێ و بڕووخێ. بۆیە نابێ ئەگەری “ڕێککەوتن” بەکەم بگیرێ و ئەو ڕێککەوتنە حوکم نیە بەزیانی گەلانی ئێران دا بشکێتەوە، بەمەرجێک پلان و ستراتێژیی تۆکمە و هاوبەشی لەپشت بێت.
دژکردەوەکانی ئیسرایل بە دوای هێرشی ٧ی ئوکتوبری ٢٠٢٣ حەماس دا، کۆماری ئیسلامیان وەها تووشی تەنگەژە و پاشەکشە کردووە و هێزە نیابەتییەکانی وەها لێ لاواز و داماو کراوە کە وێناچی تازە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات هەستێتەوە و لەو زەبرە قورسانەی لێیکەوتووە بحەسێتەوە، تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی دوناڵد ترامپ پێکیش بێن.
لە ڕێککەوتنی دوولایەن لە هەلوومەرجی نابەرابەرە دا، ئاشکرایە هەر دوو لایەنەکە وەک یەک براوەی مامەڵەکە نابن و لایەنی لاواز بەقەت لایەنی بالادەست خێری لێ نابینێ!
بۆیە، ماهییەتی ڕێککەتنەکە، بە لەبەرچاوگرتنی دەوری نەرێنی و ڕووخێنەری کۆماری ئیسلانی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو دا هاوکات لەگەڵ داڕمانی مەشڕووعییەتی ڕێژیم لە نێوخۆ لەلایەک و ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئوکتوبری ٢٠٢٣ لە لایەکی دیکەوە، بەدڵنیاییەوە مانای خۆی دەبێ و ئاکام و لێکەوتەی قووڵی بۆ نێوخۆی ئێران و بارودۆخی ناوچەکە بەدوادا دێ.
• ئەوەی دەیبینین دەرخەری هەرەسهێنان و داڕمانی ئیدئولوژی کۆماری ئیسلامی و پڕۆژەکانی “صدور انقلاب” و “محور مقامت”ە. ئەگەری سەرهەڵدانەوەی “محور مقاومت” و گەڕانەوەی پێگە و دەوری ڕێژیم بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر، گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی، ئەگەر نەڵەین نامومکینە.
• ئەوە بەو مانایە نیە کە کۆماری ئیسلامی واز لە سیاسەتەکانی خۆی دێنێ، بەتایبەتی هەتا عەلی خامنەیی وەک ڕێبەر بمێنێ و سوپای پاسداران ئێشی پێنەگا، ڕێژیم هەوڵەکانی خۆی بەمەبەستی ئاژاوەگێڕیی درێژە پێ دەدا . بۆیە، لێرە دایە کە ئەو ئەگەرە دوور لە زیهن نیە خامنەیی ناچار بکرێ بکشێتەوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر تووشی شکست و خەسار نەبێ و ڕێگە بۆ هێندێک ئاڵووگۆڕ ڕواڵەتی بکرێتەوە.
• پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی بەگشتی. ڕێککەوتنەکە بە مانای کاڵبوونەوە و هەرسهێنانی گوتاری شۆڕشگێریی ئیدئولوژیک وەک ڕێگەچارەی گەیشتن بە ئامانج دەبێ و ئەو گوتارە لانیکەم بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ کاڵ دەبێتەوە و وەلادەنرێ.
• بارودۆخی نێوخۆیی دەبێتە سەرەکیترین سەرئێشە و “چەلنج”ی دەوڵەتەکانی ناوچە و دوور نیە تەنانەت حکوومەتە سەرەڕۆ و ئیستبدادییەکانیش، ناچار بن بۆ مانەوەی خۆیان بە سیاسەت و کردەوەکانیان دا بچنەوە. هێندێک جمووجۆڵ و هەنگاوی بچووک لە وڵاتانی دەورووبەر، ئەو بۆچوونە دەسەلمێنن.
• ئەو ئاڵووگۆڕانە بێهەست و بێ شووێندانەریی بە پەنای ئێمەی کوردیش دا تێناپەڕن، چەندی خۆشمان ببوێرین، دەمانگرنەوە. ناکرێ دنیا بگۆڕێ بەڵام ئێمە لە بەرانبەر ئاڵووگۆڕەکان دا “مصون” بمێینەوە!
کوردی هەر یەک لە بەشەکانیش ناچار دەبێ بە شێوەخەبات و گوتاری شۆڕشگێڕیی خۆی دا بچێتەوە و بیگۆڕێ. بەڵام ئەوجارەش ئەگەر ئەو هەنگاوە بە یەکگرتوویی هەڵنەگرێتەوە و وێژمان و خەباتی خۆی یەکگرتوو نەکا و لەگەڵ بارودۆخی گۆڕاو دا نەیگونجێنێ و داینەڕێژێتەوە، دۆڕاوی ئاڵووگۆڕەکان دەبێ. دیارە ئەوە زەوزوویەکی بێ ئارەقە و بێ ژان نابێ، بەڵام لەپێناو پاراستینی خۆی و بەرژەوەندیی خۆی دا پێویستە!
لەمێژە کاتی بەخۆداچوونەوە و خۆگورجکردن و داڕشتنی پلان و ستراتێژیی هاوبەش بۆ هاتنەئارای زۆر ئەگەر و دۆخی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو هاتووە. ڕوودا و ئاڵووگۆڕەکان نە لە سەر کوردی پڕشووبڵاو رادەوستن و نە بەزییان پێی دا دێ! ڕەنگە سبەینێ درەنگ بێت و ڕووداوەکان بەسەرمان بڕووخێن.
پرسیارەکە ئەوەی کە ئایا حیزبەکان هەروا بە شەڕەدندووکە و شتی لاوەکییەوە خۆیان دەخافڵێنن و چاوەڕوانی قەزا و قەدەر دەبن یان بەسەر ئەو پڕشووبڵاویی و بێبەرنامەیی دا زاڵ دەبن و بەرپرسانە توانا و زەرفییەتی سیاسی لە خۆیان نیشان دەدەن و لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و ستراتێژییەک بۆ خەباتی هابەشی خۆیان دادەڕێژن؟