گیاڕەنگ: دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک ئالان خاس، ئەندامی حدکا و چالاکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

گیاڕەنگ: دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک ئالان خاس، ئەندامی حدکا و چالاکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی ئەوە کە کوردانی دیاسپۆرا و دڵسۆزانی کورد لە وڵاتی نۆروێژ بە دژی ژنکوژی و منداڵکوژی و مووشەکبارانی بنەماڵەی شۆڕشگێرانی کورد لە باشووری کوردستان خۆپێشاندانیان دژی ڕژێمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر باڵوێزخانە (هێلانەی جاسووسی) ئێران لە ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ کرد بوو ، پۆلیسی نۆروێژ سەرەتا بەشێکی بەرچاوی لە بەشدارانی خۆپێشاندانەکەی بۆ ماوەیەکی کەم دەست بەسەر کرد و دواتر ئازاد کران.

دەگوترێ جەنابت و چەند کەس لە خۆپێشاندەران دوای زیاتر لە ١٥ مانگ جارێکی‌تر لە حەوتووی یەکەمی مانگی مای دا، سەبارەت بە خۆپێشاندانی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا و لە سەر شکایەتی باڵوێزخانەی ئێران بانگ دەکرێنە دادگا.

گیاڕەنگ: سەرەتا سوپاست دەکەم ئەگەر بە کورتی باسێک لە خۆپێشاندانەکە بکەی و هۆکارتان بۆ خۆپێشاندان چی بوو؟

سەرەتا سپاس بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگ بۆ گرینگیدان بەو بابەتە، ئێمە کۆمەڵێک لە کوردانی نۆروێژ نزیکەی دوو حەفتە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و دوای ئەو کوشتارەی ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەر وەک پیشەی هەمیشەیی لە کوردستان دەستی پێکرد و هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی باشوور، بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و پشتیوانی لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئیدانەکردنی کردەوە تیرۆریستیەکانی ئێرانی داگیرکەر ئەو خۆپیشاندانەمان بەڕێوەبرد.

گیاڕەنگ: ئایا ئێوە خۆپێشاندەران لە لایەن پۆلیسەوە ئیزنتان پێدرا بوو، ئەگەر ئیزنتان پێدرابوو بۆچی دەست بەسەر کران؟

بەڵێ، ئێمە لەلایەن پۆلیسی نۆروێژەوە ئیزنی خۆپیشاندانمان پێدرابوو و چالاکیەکە بە حزووری پۆلیس بەڕێوەچوو. دیارە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئێمە وڵامدانەوەی ئێمە بە نوێنەرانی ڕێژیم لەنێو سەفارەت یان ڕاستترە بڵێم جاسووسخانەی ئێران لە نۆروێژ بوو. نوێنەرانی ڕێژیم دەستیان کرد بە بێڕێزی و فیلم هەڵگرتن لە ئێمە بۆ شوناسایی کردنمان، هەروەها ڕۆژی پێشتری ئێرانی داگیرکەر هێرشی مووشەکی و درۆنی خۆتەقێنەری کردبۆ سەر بنکەی سیڤیلی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوانە هۆکاری چالاکی ئێمە بوون، دوای چالاکی مەدەنیانەی ئێمە ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەر شکایەتی لە ئێمە کرد و پۆلیسی نۆروێژ لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد.

گیاڕەنگ: ئایا ئێوە خۆپێشاندەران خۆڕسک کۆببوونەوە یا لە لایەن ڕێکخراوە یا کۆمەڵەیەکی کوردی کۆببوونەوە؟

خۆپیشاندەران پێکهاتبوون لە کوردستانیانی نیشتمانپەروەر و وەک خۆپیشاندانەکانی پێشوو لەسەر خواستی خۆیان و بەبێ هیچ ڕێکخستن و بەبێ داوای هیچ لایەنێک کۆببوونەوە بۆ پشتیوانی کوردستان و کورد، ئێمە بۆ دژایەتی تیرۆریزمی ئێرانی داگیرکەر و پشتیوانی دۆزی کورد و پشتیوانی ئازادی و دێموکراسی نەک هەر لە نۆروێژ، بەڵکوو لە خۆپیشاندانی وڵاتانی دیکەش لێرەوە دەچین و بەشدار دەبین.

گیاڕەنگ: بۆچی باڵوێزخانە شکایەتی لە ئێوە کردووە، هۆکارەکەی چی بوو؟
دیارە ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەر هەموو دەرفەتێک بەکاردێنێ بۆ لێدان لە کورد، ئەو هەوڵ و شکایەتەی ڕێژیمیش هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەوە، لە شکایەتی ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەردا ئێمەمانان کە ژیانمان بۆ خەبات دژی تیرۆریزمی ئێرانی داگیرکەر تەرخان کردوە، ناومان به تیرۆریست هێنراوە، گوایە ئێمە چەند ماشێنێکی ڕێژیمان شکاندوە و خەرامان کردوون. لەناو ئێمەدا هەیە کە کوڕەکەی بەدەستی ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەر شەهید کراوە، جیا لەوەی هەموومان بەشێوەیەک قوربانیی دەستی ئەو ڕێژیمە تیرۆریستی و داگیرکەرەین.

گیاڕەنگ: ئایا ئێوەش شکایەتتان لەوان کردووە و تاکوو ئێستا چیتان بۆ کراوە؟

ئەوە پرسیارێکە کە وڵامەکەی کەمێک ئازارم دەدات، نەخێر بەداخەوە ئێمە بە هێندێک هۆکار نەمانتوانیوە شکایەت لە ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەر بکەین، سەرەکیترین هۆکارەکان، بەدەنگەوەنەهاتنی ڕێکخراوە کوردیەکان و نەبوونی بودجەی پێویستن.

گیاڕەنگ: دوایین پرسیاریش ئەوەیە لە ڕۆژی دادگایی دا کوردانی دیاسپۆرا لە نۆروێژ ئاگادار کراون کە ئێوە لە پڕۆسەیی دادگایی کردن دان؟

بەڵێ کوردستانیانی نۆروێژ ئاگادار کراون و مێدیاکانی نۆروێژیش بۆ خۆیان تاریخی دادگایەکەیان باس کردوە، داگاییەکە ٤ ڕۆژی بۆ دانراوە. بۆ ڕێز گرتن لە دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات (دانیشتووی نۆروێژ) جوانە ئەوە بڵێم کە بەڕاستی جێی شانازین و بەردەوام و بەگوڕ لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن. هەرچەند دەکرێ زۆر باشتر و چالاکتریش بین، بەڵام کوردستانیانی دانیشتووی نۆرووێژ جێی دەستخۆشین.
لە کۆتاییدا پێم باشە بڵێم کە من وەک خۆم لە خەبات دژی تیرۆریزم و داگیرکاری ئێرانی داگیرکەر نەک پەشیمان نیم، بەڵکوو لە هەمیشە زیاتر کاری بۆ دەکەم، لە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی ماندوو نابین و دادگایی کردنی ئێمە لە ڕاستیدا شلمان ناکاتەوە لە تێکۆشان.

دیمانە ماڵپەڕی گیاڕەنگ